کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


2011 و چەند سەرنجێك

Thursday, 24/11/2011, 12:00




ئەگەر چێ ئێشتا ساڵ کۆتایی نەهاتوەو مانگێکی ماوە و ڕووداوی تریش لەبەردەمدایە، لێ ئەتوانین بڵێین ئەم ساڵە، ساڵی زۆرترین پێشلێکردنی مافی مرۆڤی کورد لەلایەن کوردەوە بینراو ، زۆرترین سوکایەتی و بێڕێزی بەیەك بەیەکی تاکی کورد ، چ لەناوەو چ لەدەرەوە کرا... دەسەڵاتی خۆسەپێن، هەرچی قسەی درۆو دروشمە قەبەکانی سۆشیال دیموکراتەکەی جەلال و دیموکراتەکەی خێڵە هەزار پیاوەکەی مەسعود کردیان، وەك بڵقی سەر ئاوی لێهات و جەماوەرو شەقامیان توشی ئازارو کوشتن و زیندان کردەوە. هەر لەم ساڵەدا، زۆرترین کاری توندو تیژی دژ بەڕۆژنامەنوسان کرا، زۆرترین فشار و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا حزبیەکان و دادوەرە سەرشۆڕو سفرە ڕاخەرەکانیان بەدی کرا.. ڕەنگە بەو ئەندازەیەش زۆرترین چالاکوان ڕووبەڕوی ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە لەلایەن دەزگا بەناو ئاسایش و دەمامك کراوەکان و خزاندنیان لەزیندانەکان و دواتر فەلاقە کردنیان جێبەجێ کرا.

دەسەڵات جگە لەوەی ئازادیەکانی سەرکوتکرد و مرۆڤە ئازادەکانی تیرۆرو زیندانی کرد، توانی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕام و دەستەمۆی بکا،، ئەم ساڵە ئەوەندەی ساڵێکی نەهات بوو بۆ ئۆپۆزیسیۆن و شەقام ، ڕەنگە دوو ئەوەندەش ساڵێکی یەکلایی کەرەوە بوبێ بۆ ئەوەی هەریەك لەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و شەقام باشتر یەکتریان ناسیبێ و لەم ودوا چی تر دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نەتوانن یاری بەچارەنووسی جەماوەربکەن،، ئەوەندەی ساڵێکی پڕ مەترسی و خوێناوی بوو بۆ گەلەکەمان، ڕەنگە ئەوەندەش بەکەڵکەو بەبەرژەوەندی گەلەکەمان بشکێتەوە لەوەی چی تر شەقام پەنا نەبەنە بەر هێزو توانای پەرلەمانێکی پیرو پەکەوتەو حکومەتێکی بەناو تەکنۆکرات.

هەر لەم ساڵەدا ، دەسەڵات؛ هەموو کارتە سووتاوەکانی خۆی بەکار هێناو هەرچی هێزی سەربازی و هەواڵگری و سیخوڕی هەیبوو دژ بەگەلەکەمان بەکاری هێنا،، لێرەدا ئاماژە بۆ هێزی دەمامك کراوەکان و پاراستنەکەی بنەماڵە لەمامەڵەی لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوو کەچۆن هەڵیان کوتایە سەرخەڵکی بێ چەك و لەجیاتی بەکارهێنانی شێوازی مەدەنیانە، ئەوپەڕی ناشارستانی و دژ بە بەهاکانی مرۆڤ کەوتنە وێزەی خەڵکی و بەچەك و فیشەکی زیندوو خەڵکیان تیررۆر کرد، لەم لاشەوە پاراستنەکەی مەسروری تیررۆریست خەڵکی شاری هەولێریان بەگشتی و زانکۆی هەولێریان کڵۆم داو نەیان هێشت کەس خۆپیشاندان بکەن.

بەداخەوە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لەم ساڵەدا ئەوەندە نێگەتیڤانە دەرکەوت کە شەقامی تووشی شۆك وگومڕانکرد، چاوەڕێی ئەوەیان لێئەکردن ببنە پاڵپشت و نەخشە داڕێژەری ڕاپەڕینەکەیان، کەچی تەواو ئەوەی ڕوویدا لەقازانجی دەسەڵات کۆتایی هات،نەك هەر ئەمەش، داوای سیاسی شەقامیان کردە داوای کۆمەڵایەتی و چاکسازی،، ئەبوو ئۆپۆزیسیۆن وەك بەقسەی خۆیان، داوای گۆڕانی سیستمی سیاسیان بکردایە، نەك چاکسازی، هەروەك ئەوەی لەجامی ڕەشی ئۆتۆمبیەلەکانەوە دەستی پێکردوو جامی ئۆتۆمۆبیلی سەرۆکە تەزوویرەکەی نەگرتەوە. بەم کارەی ئۆپۆزیسیۆن چەند ساڵێکی تری خستەوە سەر تەمەنی دەسەڵاتی تیرۆر و کوردکوژ.

لەم ساڵەدا زۆرترین بودجەی سێبەر و پەناو پاسار دیار نەمان، زۆرترین گرێبەستی وەهیمی و بەتاڵابردنی نەوت هاتنە جێبەجێکردن. ڕێژەی قوربانیانی ڕێگەو جادەو بانەکان لەهەڵکشاندایەو ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد. باری تەندروستی هاوڵاتیان و بڵابونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەو ئایدز وەك کۆکەو هەڵامەتی لێهاتوەو زۆرترین مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتی کورد دروست کردوە، دەسەڵات لەهێنانی مادە هۆشبەرەکان و ئاڵدەبوونی بەم کارانەوە و تێکدانی ڕەوشی خێزانی کورد و هەڵتەکاندنی سەراپای کۆمەڵگای کوردەواری و کەلتوورەکەی هیواو ئامانجی دوژمنانی دژ بەگەلەکەمان بەتەواوی ڕەچاو کرد.

لەم ساڵەدا حکومەتەکەی دکتۆر کردار شەرتە، لەجیاتی دادکۆکی لەمافی مرۆڤی کورد، لە ڕاپەڕینەکانی مانگی شوبات و دواتر، زۆرترین پێشێلکردن و سووکایەتیان بە شەقامەوە کرد و فەلاقەخانەیان بۆ هەڵواسین و کەوتنە ڕاوەدوونانی چالاکوان و لەجیاتی جێبەجێکردنی یاساکانی خۆیان دەرهەق بەوانەی تاوانکاربوون لەم ڕووداوانە، کەچی (برایمی کاکە ئەحە)یان ڕەوانەی زیندان کرد.

لە ٢٠١١ دا ، مافە نەتەوایەتیەکان و دەست درێژی هەردوو حکومەتی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان لە برەودایەو ڕۆژ دوای ڕۆژیش کورد لە عێراق پاشەکشەی بەرچاو لە مەسەلە نەتەوەییەکان ئەبینێ و کوردی ناوچە دابڕاوەکانیش زەرەمەندی یەکەمن.

لەکۆتاییدا هەر ئەوە ماوە بڵێم کەبەداخەوە ئەم ساڵە ساڵی پاشەکشەی بەناو میدیای ئەهلی و گەڕانەوەی کەمال سەید قادر بۆ باوەشی بنەمەڵەی بارزانی بوو،هەروەك چۆن لەووتارێکمدا هەر لەکوردستانپۆست بڵاوم کردەوە لە پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ ی کوردستان کەچۆن پەردەم لەسەر ئەو کارەی ئەم بەناو ڕۆشنبیرە هەڵماڵی و ئەو کات سیناریۆکەیم بۆ خوێنەران کەشف کرد کە خۆی پیاوی پارتی و پاراستنە کە ئەو کات خۆی وەك پارێزەری کوردستانپۆست هەژمار ئەکرد ، لەهەمان کاتدا نابێ ئەوەش نەڵێین کە ئەم ساڵە وەك هەموو ساڵەکانی ڕابردوو، سایتی کوردستان پۆستی بوێرو خوشەویست توانی هەموو ئەو گەندەڵ و گەندەڵییەی دەسەڵات واڵا بکاو چینێکی تری دیواری وەهم و ترسی دەسەڵاتی ڕماندو بەردەوامیشە لەو کارە،،بۆیە لێرەدا پێوستە دەسخۆشی لەهەموو ستاف و کادیرە چاونەترس و نوسەرە بوێرەکان بکەینەوە بەگشتی و بەتایبەتی ئەوانەی بەبێ ترس و بەناو وێنەی خۆیان ڕوبەڕوی ئەو دەسەڵاتە نادیموکرات و ناشارستانیەتە بونەتەوەو خەوی لەچاوانیان زڕاندوون.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە