پەیامێ بۆ پێشمەرگە دێرینەکان
Tuesday, 19/04/2011, 12:00
ئەوەی هەموانی کردە پێشمەرگەو ناردینە چیاو کێوو شاخە سەرکەشەکانی کوردستان، تەنها ، نەبونی یەکسانی و داگیرکاری و زوڵم و زۆر بوو. ئەو کات ئەو جۆرە نایەکسانیە بەرگێکی نەتەوایەتی پێ دابڕابو لەوەی عەرەب دژ بەگەلی کوردی ئەکرد، لێ ئەمەی ئێستا ، بەناوی کوردەوە ، ئەو زوڵم و زۆرو نایەکسانیە درێژەی پێ ئەدرێ و ڕۆمەتی هەموو میلەتی کوردی پێ ناشرین و لەکەدار کردوە.
لەو کاتەی هەموان پێشمەرگەبوین و لەخەباتکردن دوو دڵ نەبووین و ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیەك ئەبوینەوە، پێمان وابوو ، دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ ئێدی کورد بەمافی خۆی گەیشت و کۆتایی بەهەموو جۆرە نایەکسانی و نادادپەروەری هێنرا. کەچی مەخابن، لەو ڕۆژەوە ، جەورو ستەم بەبەرگێکی کوردیەوە لەسەر میلەتەکەمان پیادە ئەکرێ و زۆر لەوەی زەمانی بەعس خراپتر، لەجیاتی پۆستاڵ ، ئەم جارە بەکڵاشی دۆمی و لەجیاتی تەپلە سەوز، ئێستا تەپلە سوور... بۆیە وا چاکترە ئەو پەیامەی دابومان بەمیلەتەکەمان لە دانەبڕان لەخەبات و تێکۆشان بەردەوام بین و ببینەوە بەپێشەنگ و هاوکاری ئەو گەنجانەی ئێستا بدەین کەوا خەریکە ئاواتەکانیان دێتە دی.
بەهانا چوونی ئەو گەنجانە لەم کاتەدا، جۆش و خرۆشی و تەوژمێکی بەتین و بەهێز ئەدات بەجەماوەری ڕاپەڕیوو ، لەهەمان کاتدا ، ئەبێتە هۆی کورتکردنەوەی تەمەنی ئەم دوو بنەمەڵە دزو زۆڵە کوردانەو بەچۆکدادانیان لەئاست خواست و ئاواتەکانی گەنجامان. ناکرێ هەروا بهێلێن ئەو گەنجانە بێ یارمەتی و هاوکاری ئێوەی جوامێر لەگۆڕەپانەکەدا خەڵتانی خوێن بکرێت.
لەهیچ کاتدا ، پێشمەرگە کۆن نابێ و گیانە شۆڕشگێڕیەکەی دێرین نابێ، ئەو گیانە هەمیشە زیندوەو بۆ تەنها ساتێكیش پیر نابێ،، ئەوەی پێشمەرگە دێرین ئەکا، تەنها هەڵوێست و نەبەردیەکانێتی، ئەوەی زیاتر خۆشەویستی ئەکا، خەباتکردنێتی دژ بەنایەکسانی و نادادپەروەری، بۆیە ، هەنووکە کاتی ئەوە هاتوە، جگە لەپشتیوانی کردن، بەکردار و بە چەکی شەرەفەوە جارێکی تر هەڵبکوترێتە سەر هەموو مۆڵگەو ماڵ و حاڵی بەرپرسە تاوانبارەکان و قەڵاچۆکردنیان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست