کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ کاک کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ

Friday, 12/02/2010, 12:00


که‌س هێنده‌ی گوندنشینه‌کانی کوردستان له‌سه‌رده‌می شاخدا گیانی لێبوردن و یه‌کتر قبووڵکردنی پیاده‌نه‌کردووه‌، حه‌واندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی هه‌ولێرو سلێمانی و گه‌رمیان باشترین نموونه‌ی ڕه‌فزکردنی گیانی ناوچه‌گه‌ریی ئه‌و جووتکاره‌ ده‌ست قڵیشاوانه‌بوون که‌ پاروی ده‌می مناڵه‌کانیان ده‌خسته‌ به‌رده‌می پێشمه‌رگه‌، با له‌م دیده‌وه‌ به‌ گوێی کاک کۆسره‌تدا بچرپێنین و پێی بڵێین: سنگ فراوانی و خزمه‌تی گوندنشینێکی دۆڵی جافایه‌تی گه‌ر زیاتر نه‌بوبێت که‌متر نه‌بووه‌ له‌ گوندێکی ده‌شتی هه‌ولێر، ئه‌ی که‌واته‌ کاک کۆسره‌ت که‌ زۆرترین ته‌مه‌نی له‌ ناوچه‌ی سلێمانیدا به‌سه‌ربردووه‌ بۆچی قبووڵی ده‌کات که‌سێکی ملخوار به‌ناوی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ بڵێت ئێمه‌ کۆسره‌تمان وه‌ک جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم قبووڵ نییه‌؟
گه‌رچی وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ لای خه‌ڵک ڕوونه‌ چ پلانێک له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام باشتر وایه‌ کاک کۆسره‌ت خۆی به‌ وه‌ڵامێکی ڕه‌قی بێ سازش دوو هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و بۆ دوا جار وه‌ڵام بداته‌وه‌ :
_ یان ده‌بێت خه‌تێکی ڕاست چه‌پ به‌ مێژووی پێشینه‌ی خۆیدا بێنیت و سه‌نگه‌ر هه‌ڵکه‌نێت دژ به‌ خواست و ویستی خه‌ڵک.
_ یان ده‌بێت پۆسته‌که‌ی بپارێزێت وه‌ک جێگری سکرتێر و مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، گه‌ر ئه‌مه‌یان هه‌ڵبژێرێت که‌واته‌ (حه‌مه‌ی مه‌لا قادر) درۆی نه‌کردووه‌ چونکه‌ ئه‌میش وه‌ک کاک کۆسره‌ت ئه‌ندامی مه‌کته‌ب سیاسی پارته‌ هاوپه‌یمانه‌که‌یه‌تی و هیچ جیاوازیه‌کتان نامێنێت‌ لای خه‌ڵک.

له‌نێوانی ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته‌دا باوه‌شی خه‌ڵك کراوه‌یه‌، یان ده‌بنه‌ خۆشه‌ویستی گه‌ل و ماچ باران ده‌کرێن یان بۆ هه‌تا هه‌تایی له‌ چاڵ ده‌نرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە