بۆ ڕێگا گرتن لە تەزویرات و ساختەكاری پێویستە خەڵك هەموو بچن بۆ دەنگدان
Friday, 19/02/2010, 12:00
لە گەڵ كەم كردنەوەی كورسیەكانی كورد لە كاتی دەرچونی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لەسەر دەستی هەندیەك ئەندام پەرلەمانی بێسەری هاوپەیمانی كرا. لە وتاریكدا لە كوردستانپۆست بە نا ئومێدیەوە لە دواڕۆژی كوردم ڕوانی بوو لە عێراقدا، داوام كردبووە كە خەڵكی كوردستان بایكۆتی دەنگدان بكات. بەڵام پاش ئەوەی بۆم دەركەوت كە بایكۆتكردنی دەنگدان لە قازانجی یەكێتی و پارتیدایە و باشترین هەلیشە بۆ تەزویركردنی ئیرادەی خەڵك لە لایەن ئەو دوو حیزبەوە، گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت هەموو هەوڵێكی خۆمان بخەینە گڕ بۆ بەژداریكردنی خەڵك بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان، چونكە نەچوونی خەڵك بۆ دەنگدان گەورەترین خزمەتە بۆ دەسەڵاتی میلیشیای تاڵەبانی و بارزانی. بۆ نمونە ئەگەر لە سەدا پەنجای خەڵك بچیتە سەر سندوقی دەنگدان و نیوەشی دەنگ بدات بە حیزبە ئۆپۆزسوێنەكان، هیچ سودێكی نابێت، لە بەر ئەوەی یەكێتی و پارتی سەدا پەنجاكەی تر تەزویرات دەكەن، ئەوكات لیستەكەی یەكێتی و پارتی دەبنە خاوەنی لە پەنجا 25 دەنگی حەڵاڵی خۆیان و لە پەنجا پەنجاكەی تر بە دەنگی تەزویرات دەبەن، لە حاڵەتەدا ئەو دوو حیزبە بنەماڵەیە دەبنە خاوەنی لە سەدا حەفتاوپێنجی كورسیەكانی پەرلەمانی داهاتووی كورد لە بەغداد. جا بۆیە دەبێت بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین هیچ نەبێت لە سەدا هەشتا و پێنجی خەڵك بچنە سەر سندوقی دەنگدان، بۆ ئەوەی ئەگەر یەكێتی و پارتی تەزویراتیانكرد نە توانن بەڕێژەیەكی بەرز تەزویرات بكەن ، لەو حاڵەتەدا تەنها لە سەدا پازدا مەجالیان دەبێت تەزویرات بكەن.
بۆیە داوا لە هەموو ڕۆشنبیران ڕۆژنامەنووسان و هەموو تاكێكی هوشیار دەكەم كە خەڵك هان بدەن بچنە سەر سندوقی دەنگدان بۆ ڕێگە گرتن لە تەزویركردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان لە لایەن یەكێتی و پارتییەوە.
ئەو ترس و تۆقاندن و كوشتن و ڕفاندنەی كە یەكێتی و جەلالیەكان دەستیان داوەتی، بۆ ئەوەیە كە خەڵك بێزار بكەن و نەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ئەمانیش بۆ خۆیان بە كەیفی خۆیان تەزویرات بكەن. بۆ ئەوەی بتوانن وەكو پارتی كە بە تەزویرات قورسای خۆی ڕاگرت لە هەڵبژاردنی 25/7/2009 ئەمانیش بە هەمان شێوە بە تەزویرات دەسڵاتی ڕزویان ڕابگرن.بەڵام ئەوەی جێگای خۆشبەختیە لە پارێزگای سلێمانی و كەركوك خەڵك زۆر هوشیارەو بە ترس و تۆقاندن ناترسن و دەچنە سەر سندوقی دەنگدان. بە هیوام كە خەڵكی پارێزگای هەولێرو دهۆكیش نەترسانە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و تۆڵەی خۆیان بە پەنجەمۆریەك بكەنەوە لەو دەسڵاتە دیكتاتۆرانەی یەكێتی و پارتی.
ئەوتا دوای هەوڵێكی زۆری هێزە ئۆپۆزسوێنەكانی كوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە تەزویرات، توانیان فۆرمی(111) نەهێڵن كە لە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان باشترین تەزویراتیان پێ ئەنجامدا، بەڵام ئێستا یەكێتی و پارتی فێڵێكی تریان دۆزیوەتەوە بۆ تەزویركردن و ساختەكاری. ئەویش ئەوەیە كە داوایان كردووە لە كۆمسیون كە سندوقی زیاتر دابنێنن بۆ ئەو كەسانەی كە ناویان نیە. ئەگەر ئەوە سەربگرێت ئەوە لە پارێزگایەكی وەكو سلێمانیدا یەكێتی و پارتی دەتوانن دوو كورسی بە تەزویرات ببەنەوە و لە پارێزگاكانی تریش بە هەمان شێوە. بۆیە دەبێت هێزە ئۆپۆزسوێنەكانی كوردستان نەهێڵن بە هیچ شێوەیەك ئەو فرتوو فێڵەییەی یەكێتی و پارتی سەربگرێت. ئەگەر سەربگرێت ئەوە چەند كورسیەك بە تەزویرات و ساختەچێتی دەبەن. هیوادارم لە بەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە هەموو خەڵك بە جۆش و خرۆشەوە بچنە سەر سندوقی دەنگدان. بۆ ڕێگاگرتن لە ساختەچێتی یەكێتی و پارتی.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست