پەڵەیەك بەناوچاوانى وەزارەتى پەروەردەوە
Sunday, 10/03/2013, 12:00
چیرۆكى "لەخەوما" یەكەم چیرۆكى كوردییە بەشێوەزارى كرمانجى خواروو(سۆرانى) نوسرابێت و خاوەنەكەى جەمیل سائیبە، ناوەڕۆكى ئەم چیرۆكە بریتیە لەرەخنەگرتن لەسەردەمى دەسەڵاتدارێتىو حكومەتەكەى شێخ مەحمود.
پێش ئەم چیرۆكەش شاعیرانى ئەو كاتە هەم هۆشدارییان داوەتە شێخ مەحمودى نەمر، هەم رەخنەیان لێگرتووە، دیارترینى ئەو شاعیرانەش پیرەمێردى نەمرە كە لەشیعرە بەناوبانگەكەیدا دەڵێت(ئەبێ بەخشندە مل كەچكا لەئاستى موچەخۆرى خۆى/ سوراحى سەرفرود دێنێ لەبۆپیاڵە كەتێكابۆى)
بەكورتیەكەى لەم شیعرەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پێویستە گەورەودەسەڵاتداران وەكو سوراحى وابن كە بەو گەورەییەوە مل شۆڕ دەكات بۆ ئەو پیاڵە بچوكەى بەردەمى،لێرەدا سوراحى كینایەیە لەدەسەڵات و پیاڵەش مەبەستى میللەتە.
هەروەها شاعیرى بەناوبانگ "شوكرى فەزڵى"، رەخنەگرتنى لەگەرمەى دەسەڵاتدارێتى شێخ مەحمودا دەگاتە ئەوپەڕى چڵە پۆپە كەبەشێخ مەحمود دەڵێت:
(ئیش كە ئێستە رووى لەهەورازە سەرەولێژى نەكەى/
بیرى وردیشى ئەوێ هەر بەدوعاونوێژى نەكەى/
گێرەشێوێنێ كە كاى كۆنى بەبادا لەكنت/
چاكە هەر لێیخوڕى سەیرى دەم و كاوێژى نەكەى/
شا وەكو شایەكى شەترەنجە لە عالەمدا ئەمڕۆ/
گەورە قانونە قسەى كورت، ئەمەیە درێژى نەكەى)
هەرچەندە شێخ مەحمودى نەمر، گەورەیى و دڵسۆزى ئینكار ناكرێ، كەلەوسەردەمە تاریكەدا برینداركراوە بەسجنى براوەتەوە هیندستان و دواتر هێنراوەتەوەوحكومەتى باشورى كوردستانى دروستكردۆتەوە، هاوكاتیش ئەركى روناكبیرێكى سەردەمەكەى خۆى(شوكرى فەزڵى) نابێت نادیدە بگیرێت كەوتویەتى هەر بەدوعاو نوێژى نەكەى، كە ئاماژەیە بۆ نزیك بونەوەو پەیوەندى شێخى نەمر لەدەسەڵاتدارێتى عوسمانیەكان كە ئەوكاتە لەكۆتاییەكانى دەسەڵاتیاندا بوون، هەر ئەو پەیوەندیەش بەراى زۆرێك لە مێژووناسان یەكێك بووە لەهۆكارەكان بۆ رووخاندنى حكومەتەكەى شێخ مەحمود.
(جەمیل سائیب)یش لەچیرۆكى لەخەومادا ئاماژەیەك بۆ كەموكورتى یەكانى سەردەمى حوكمڕانى شێخ مەحمود دەكات، كەبەراى زۆرێك لە نوسەران بەچیرۆكێكى سەركەوتوو دادەنرێت، كەچى لەكتێبى زمان و ئەدەبى كوردى،پۆلى دەیەمى ئامادەیى لە لاپەڕە 184ـ185لەبارەى ئەم چیرۆكەوە دەڵێت(چیرۆكەكە لەرووى بیرو ناوەڕۆكەوە بەسەركەوتوو دانانرێت)
هەروەها ئاماژە بەوە دەدات كە گوایە جەمیل سائیب سەردەمى شێخ مەحمود بەخەوێكى ناخۆش وەسف دەكات و ئەمەش لەگەڵ راى زۆربەى خەڵك ناگونجێت،
خوێنەرى بەڕێز تۆ تەماشاكە دەسەڵاتى ئەمڕۆى حكومەتى هەرێمى كوردستان كێ دەستنیشان دەكات بۆ ئەوەى پرۆگرامى خوێندنى بۆ بنوسێتەوە!
هیچ شتێك لەوە خەتەرتر نیە كە پرۆگرامى خوێندن كەسانێك بینوسنەوە كە لایەنگرى دەسەڵات بن، بەتایبەتى ئەگەر پەیوەندى بەمێژووى كوردو ئەدەبى كوردییەوە هەبێت، ئەمە ئەو ترسەمان لا دروستدەكات كەمێژووى حوكمڕانى ئەم سەردەمەش هەروا بەچەواشەیى بنوسرێتەوە، چۆن چیرۆكى لەخەوما بۆ پرۆگرامى خوێندن لەكەداركراوە، ئاوەهاش ئەوانەى رەخنە لە حكومەتى هەرێم دەگرن لەكەداركرێن و لەكاتێكدا هەموومان ئەو راستیە دەزانین، نەك سەردەمى شێخ مەحمود، بەڵكو هەموو سەردەمێك قابیلى رەخنەیە.
بۆیە پێویستە هەرچى زووترە نوسەرانى كورد لەم ئاوەژووكردنەوەیەى مێژووى چیرۆكى كوردى بێدەنگ نەبن و پێویستە پرۆگرامەكانى وەزارەتى پەروەردەش بەم هەڵەیەدا بچێتەوەو لەچاپى نوێدا ئەو لەكەیە بسڕێتەوە كە ئێستا بەناوچاوانیەوە دیارەو زۆریش ناشرینە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست