کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سۆسیۆلۆژیاى پاشەكشە لە بزوتنەوەكەى نەوشێروان مستەفادا !!

Friday, 09/10/2009, 12:00


بۆچى بزوتنەوەكەى نەوشیروان؟
ئەمە پرسیاریكە زۆر كەس دەیكات و شایەنى ئەوەیە بە وردییەوە لێبڕوانین و بگەڕێین بۆ وەڵامەكەى, لەو دەرئەنجامانەشى كە پێیدەگەین دەتوانین بڵێن بزوتنەوەكە تەنیا مۆركى نەوشیروان مستەفاى پێوەیە یان بزوتنەوەى گۆڕان هى نەشیروانە و ئەگەر ناوى ئەوى لێبكرێتەوە كەس نازانێت ئایندەى ئەو بزوتنەوەیە بە كوێ دەگا, هەندێك هەیە پێیانوایە بە غیابى نەوشیروان بەهەر هۆكاریكەوە بێت لەو بزوتنەوەیە , دەكاتە نەمان و تەفروتونا بونى بزوتنەوەكە, ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ لاى قەناعەتێك كە پێیوایە مرۆڤ لەدواى سەدەى دوازدە كە قۆناغى پاڵەوانێتى تێپەڕاند و پێى نایە قۆناغى مرۆییەوە ئیدى ئەو قۆناغە كاڵبویەوە لاى نەتەوە و كۆمەڵگە پێشكەوتوەكان و چووە ناو مێژوەوە بەڵام لاى كۆمەڵگە دواكەوتوەكان قۆناغێكى تێنەپەڕە و خەڵكى تیادەژێت , زاناى بەناوبانگى ئیتاڵى(ڤۆكۆ) بەجوانى باسى قۆناغى پاڵەوانێتیمان بۆ دەكات دەڵێت: ئەو قۆناغەى مرۆڤ كەسێك دەكاتە پاڵەوان و هەمو موقەدەسات و ژیانى خۆى دەخاتە ژێر دەستیەوە و وەكو خواوەند سەیرى دەكەن, لەچەند لایەنێكەوە سەیرى بزوتنەوەى گۆڕانەكەى نەوشیروان مستەفا بكەین دەگەینە هەمان ئەو باوەڕەى كە بەشێك لە كۆمەڵگاى ئێمە لە قۆناغى پاڵەوانێتیدا دەژین.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆلاى پرسیارى ئایا هۆى چییە بزوتنەوەى گۆڕان كە بەم دواییانە سەرى هەڵدا و حەشدێكى كۆمەڵایەتى گەورەى لەهەموو شارەكانى كوردستاندا دروست كرد, بە نەوشێروان مستەفاوە دەناسرێتەوە؟ ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك وەك:
1_كەسایەتى نەوشیروان, كەلەسەردەمى گەرمەى شۆڕش لە دژى بەعس و هەبونى چەند سەركردەو حزبێكى كوردى كە جێى ئومێدى خەڵك بونە و بە پیرۆز سەیر كراون بەڵام ئەو بێدەنگ نەبوە و ڕەخنەى لێانگرتوە و سیاسەتە چەوتەكانیانى باس كردوە و بەكەسێكى توند و ڕەخنەگر لە واقیع ناسراوە هەرچەندە بەكەسێك دادەنرێت لەبنەوە ئیشى لەسەر پیرۆزكردنى جەلالیزم كردبێت بەتایبەت دواى ئەوەى كۆمەڵەى ڕەنجدەرانى لەناو گۆنگرەى یەكدا تواندەوە و كادیرێكى زۆرى ڕەنج بەخەساربرد . بەڵام دواى ڕاپەڕینیش توانى خۆى بە دووربگرێت لەو ڕووداوانەى كە لەنێوان یەكیتى و پارتیدا ڕویاندا, بۆیە هەندێ لەیەكێتیەكان بە ئاسانى دەیسەلمێنن كە نەوشیروان دەورى نەبوە لە هەڵگیرساندنى شەڕى ناوخۆدا, كاتێ ڕەخنەى لێدەگرن و پیێدەڵێن ساحەكەى جێهێشتوە و دواى ڕاپەڕین ڕۆیشتۆتە دەروە و لەناوخۆدا نەژیاوە...
2_مەیینى واقیعى هەژدە ساڵەى فەرمانڕەوایەتى كوردى بەشێوازێكى نەگۆڕ و ستاتیك لەژێر دەسەڵاتى یەكێتى و پارتیدا كە كارەساتى زۆرى هێناوە بۆسەر كۆمەڵگەى كوردى, خەڵكى كوردستان بیرى دەكردەوە ئەم واقیعە بە شێوازێكى مەدەنیانە بگۆڕێ و بەشێك لە نەهامەتیەكانى كۆتاى پێبهینرێ, نەوشێروانیش كەسێكى خاكى بووە (هەرچەندە نەگەیشتۆتەوە سەر كورسى دەسەڵات , بەهۆى حەشدى لایەنگرانى گۆڕانەوە لەخۆى بایى بووە)لەسەردەمى دەسەڵاتدارێتى ناو یەكێتیدا واى پیشانداوە و هەوڵى داوە كەسێك بێت نزیك لە خواست و داواكانى خەڵك و وبە ئاوازى خەڵكى ڕەخنەى لە حزبەكەى خۆى و بارودۆخى سیاسى گرتوە, بۆیە لەهەنگاوى یەكەم دا ویستى لە ڕێگەى حزبەكەى خۆیەوە ڕیفۆرمى حزبى بكا و دواتركۆمەڵگە و دەسەڵاتى سیاسى بگۆڕێت, بەڵام ئێستا دەردەكەوێ بۆ هەندێك لەوانەى دیراسەتى وردیان نەبوە بۆ سەرهەڵدانى باڵى ڕیفۆرمى ناو یەكێتى بە خۆمیشەوە كە عەفەویانە لێمدەڕوانى, نەماندەزانى ئەم باڵ و ڕەوتە ئەوەندە پاڵنەریكى سایكۆلۆژى و غەریزى زاڵە بەسەرى دا ئەوەندە هەوڵیك نیە بۆ ڕیفۆرمكردنى حزب, چونكە نەوشێروان مستەفا كەسێكى بە ئەزمۆن و ڕۆشنبیرە و شارەزاى لە زانستى كۆمەڵناسیدا هەیە و بەپێى نوسین و لێدوانەكانى كاریگەرى نوسینەكانى عەلى وەردى بە دەربڕینەكانیەوە دیارە و ئەو نوسەرە عەرەبەش باش گەلانى عێراقى ناسیوە و دەزانێت چۆن دەتوانن دەسەڵاتى خۆیان بگۆڕن كە ناتوانن ئەمەش بكەن,نەوشیرۆان باش دەیزانى حزبەكەى خۆى لەسەر بنەماى شمولیەت ڕاوەستاوە و جەلالیزم لەپشت یەكێتیەوەیە , وەك شەبەحێك ڕاوەستاوە چەكوشەكەى دەوشینێتە تەوقى سەرى ئەو كەسانە ى كە دەست بۆ یەكێتى دەبەن و لەخەو هەڵیدەسێنن, چونكە یەكێتى واتا جەلالیزم و بەپێچەوانەشەوە ڕاستە, كەواتە نەوشێروان خەریكى چییە كە خۆیشى هۆكاریكە بۆ دروستبونى جەلالیەت و پیرۆزكردنى خودى مامجەلال تا ئاستێكى گەورەتر لەخۆى لە كوردستاندا و كردنى بەخاوەن یەكێتى؟ئەمە پرسیارێكە با ئەو ڕیفۆرمخوازانە وەڵامى بدەنەوە كە كاتى خۆى بۆ پشتیوانى نەوشیروان ئیمزایان كرد و دواتر بە پاترۆڵێك پاشەكشەیانكرد و ئیمزاكەیان سڕیەوە و پشتى ئەویان شكاند.
لەلایەكى ترەوە نەوشیروان باش لەوە ئاگادارە ئەمەریكا دەستدەخاتە نێو هەمو شتێكەوە لە عێراقدا, دەشزانێ یەكێتى واتا مامجەلال, خودى مام جەلالیش ئەوەندە بایەخ و گرنگى هەیە لاى ئەمەریكیەكان ڕەنگە جۆرج بۆش نەیبێت, چونكە ئەوەندە ئەو بەكەڵكى تەسفیەى حساباتى ئەمەریكا دێت لە عێراقدا كەسى تر ناتوانێ ئەوەى بۆ بكا, وەك چۆن یاسر عەرەفات ڕەمزێكى شاراوەى ئەمەریكى بو لەفەلەستین دا, دەبوایە ئێمەومانان بمانزانیبایە نەوشێروان بەپشتیوانى كام ژێرخانى فیكرى و پرەنسپخوازى دواكەوتوەكانى دەست بۆ ڕیفۆرمكردنى چ دەبات دەكات؟ لەكاتى سەرهەڵدانى لیستەكەشیدا هەندێ لەوانەى ئەو بە ڕەمزى ڕیفۆرمى دادەنا و لەسەر ئەو حساباتانە بونە خاوەن پۆست و مەكانەى باڵا لەناو حزب و حكومەتدا, باڵى ڕیفۆرمیان بۆ ڕیفۆرمكردنى ژیانى خۆیان و ماڵ و منداڵیان بەكارهێنا چیرۆكى سەیرو سەمەرەییان لێیكەوتەوە, هاوڕێیەكى نزیكى سەركردەیە باڵاى باڵى ڕیفۆرم لەدواى دەستلەكاركێشانەوەى هاوڕێكەى لەحزبدا و لەكاتى كتوپڕى و گەرماو گەرمى ڕوداوەكاندا, پشتیوانى خۆى بۆ هاوڕێكەى دووپاتدەكاتەوە و تەنانەت خۆم شاهیدى دەدەم دەیوت ئێمە هەر شاخمان لێدی و بەشاخەوە مورتاحین, وایدەزانى میللەت هەڵى قوڕاندوە لەشاخ, بەڵام كاتێك مەسەلەى بیروباوەڕ و خۆبەخشین دێتە پێشەوە بۆ لیستى گۆڕان و بۆیدەردەكەوێ پارە و دەسەڵات و پارووى چەور نەما, باى باییەكى جوان لەهاوڕێكەى دەكات و ڕوودەكاتە دێوەخانەكانى تر, وەك ئەو دێوەخانانەى پێشتر باش قەڵەوى كردبو, كەچى بەمنزیكانە وەك باسدەكرێ ئەو برا سەركردەیەى باڵى ڕیفۆرم باسى لەوە كردوە باشترە بنێردرێتە شوێن() بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕان, وەك ئەوەى ئۆباماى لێ هەڵگەڕاوەتەوە و پێشتر هەندێ پێیانڕاگەیەندبوو ئەو كابرایە نازانێ ڕیفۆرم واتاى چییە و بەكەڵكى سیستەم گۆڕین نایە, بەڵام بەڕێزى واینەدەزانى ... ئەم حیكایەتانە ناكرێ بە سادەیى لێیبڕوانین, خەڵكى مافى خۆیەتى بەتایبەتى چینى گەنجانى گۆڕانخواز گوماندەكەن لەسەركردایەتى بزوتنەوەكە,ترسیان هەیە بەهەمان شێوەى یەكێتى و پارتى ئەمانیش دەسەڵات بگرنە دەست شەفاعەت و قەبوڵخاسى نابودترین كەس بكەن, بۆیە لێرەوە پاشەكشە لە بزوتنەوەكەى نەوشێروان خاڵیكە دەبێتە دیاردە و گەنجانى گۆڕانخواز بیرى لێدەكەنەوە.

بۆ خەڵكى پاشەكشە دەكات لە بزوتنەوەى گۆڕانى نەوشێروان مستەفا
سەرهەڵدانى لیستى گۆڕان, چركەساتى چاوەڕوانییەكى دوورو درێژى زۆرینەى خەڵكى كوردستان بوو, بۆیە لەئاست شەقامى كوردیدا پێشوازییەكى باشى لێدەكرا و لە كۆ نەستى خەڵكى نادیاریشدا بەدیلیكى فریادڕەس بوو, ئەو لیستە سەڕەراى كۆمەڵێك ڕەخنەى خۆى لەئەداى هەڵبژاردنەكە توانى بە بازووییەكى بەهێزەوە بچێتە پەرلەمان و كەس نەتوانێ بەزۆر دەستى پێ بەرزبكاتەوە بۆ چەپڵە لێدان, بۆیە ژمارەیە لەو خەڵكانەى كە پشتیوانى ئەو لیستەیانكرد و دەنگیان بۆ دا تەنیا چاوەڕى بەرهەمى ئەو لیستە دەكەن لەناو پەرلەمان دا و چاویان لەهەنگاوەكانێتى تا بزانن بە كوێ دەگات, ژمارەیە لەپشتوانەكانیشى لەژێر هەڵمەتى پاكسازى یەكێتى و تەنگاو كردنیان پەشیمانبونەتەوە لە پشتیوانى كردنیان, ئەمە لەكاتێكدایە بزوتنەوەى گۆڕانیش ناتوانێ هیچ هەنگاوى بنێ بۆ ئەوانەى كەبەر هێرشى سزادانى سیاسى كەوتون, هەندێ هەنگاوى بچوكى ناوە, بەڵام ناتوانێ دەرقەتى ئەو هەمو تەنگەژە و باكگراوندانە بێت كە ڕووى تێكردوە.
بەشێكى ترى ئەو خەڵكەى بەپێى دیراستى خۆم لەبیرى پاشەكشەدان لەو بزوتنەوەیە, چینى ڕوشنبیران و بێلایەن و ڕابردو پاكەكانە, كە كاتى خۆى لەپێناو گۆڕانێكى ڕاستەقینە و سروشتیدا كاریان بۆ ئەو لیستە كردوە, بەڵام ئێستا بە پێویستى نازانن بچنە ناو بزوتنەوەیەكى بێسەر و بەر و ستراتیژ نادیارەوە, لەكاتێكدا جەختدەكەنەوە كارى ئەوان موراقەبەكردنى فراكسیۆنەكان بێت باشترە بەتایبەتى ئۆپۆزسیۆن نەك خۆ مەشغوڵكردن بە بزوتنەوەیەكەوە ئەوەندە پاڵنەرى سایكۆلۆژى و تەسفیاتى كێشەى باڵەكانى ناو یەكێتی تیادا ڕەنگدەداتەوە ئەوەندە بزوتنەوەیەك نیە بیەوێ وەڵامى ئەو حەشدە كۆمەڵایەتیە گۆڕانخوازە بداتەوە كە كاتى خۆى بۆ پشتیوانى لیستەكە دروست بوو لە زۆربەى شارو قەزاكاندا, ئەگەرسەركردایەتى ئەو بزوتنەوەیە نكۆڵى بكات لەپاشەكشەى جەماوەرەكەى ئەوا بە هەڵەیەكى كوشندەدا تێپەڕ دەبێت, چارەسەرى ئەو دیاردەیەش پێموایە كەسانى نزیكى نەوشیروان خستویانەتە پێش چاوى بەڵام تا ئێستا چركە ساتێكى بیئاكەمە و هەرواش دەمێنێتەوە, لەڕووى سۆسیۆلۆژیشەوە حەشدى كۆمەڵایەتى كاتێ دوبارە دەبێتەوە و دەبێتە گروپێ یا بزوتنەوەیەكى بەردەوام, ئامانجێكى بڕواهێنەر و ئاشكرا بێتە كایەوە, بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو ئامانجە دیاریبكرێ و ببێتە جێگەى بڕاوى جەماوەرى بزوتنەوەى گۆڕان.
خالێكى ترى پاشەكشە لەو بزوتنەوەیە هۆكارى پیرۆزكردنە, یەكێتى و پارتى ئەمەندە چووەتە ناو نەست و پێكهاتەى دەرونى تاكى كوردییەوە, بۆیە زۆر لە قۆناغەكانى گۆڕان دەترسن, مافى خۆیانە بترسن لە بزوتنەوەى گۆڕان لەڕێگەى پیرۆزكردنەوە دیكتاتۆرى دیكە بەرهەم بهێنێتەوە, بزوتنەوەى گۆڕان ئۆپۆزسیۆنە و پێدەچێت لە ئایندەدا لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە وەك خۆیان دەلێن دەسەڵات بگرنە دەست, ناشكرێ فیلتەرێك لەبەردەمیاندا دانەنرێ و خەڵكى پێى وابێت هێشتا زووە ڕەخنە گرتن لەم بزوتنەوە یە چونكەجارى نەگەشتونەتە دەسەڵات, پێموایە ئەمە ترسناكترین شتە ئێمە وا بیربكەینەوە, لەگەرمەى ڕاپەڕین و سەردەمى شەڕى پەڕۆى ینك و پدك دا كەسانێك هەبون باوەڕایان وابوو ئەو جۆرە پشتگیرى و عەفەویەتە ئەنجامى خراپى دەبێ و نابێت خەڵكى بەو شێوازانە ڕابهێنرێ, بەڵام زۆرینەى خەڵكى لەدڵگەرمى و دڵسۆزیانەوە بۆ نیشتمانەكەیان بەردەوامبون لە شەڕى پەڕۆ هەتاوەكو ینك و پدك یان كردە دیكتاتۆر,ئێستا لەبزوتنەوەكەى نەوشێروان دا زۆر شت دوبارەیە و هەمان ئەزمۆنى جارانە, وردە وردەش هەنگاوەكانى بە دیكتاتۆركردنى نەوشێروان لەلایەن دەرویشەكانیەوە خەریكە سەرهەڵدەدا و ڕێڕەوى خۆى دەگرێت, بۆیە لەمكاتانەدا ئەوەندە پاشەكشە پێویستە لەم بزوتنەوەیە ئەوەندە پشتگیركردنى پێویست نیە,لەكاتى تردا و ئەگەر نەوشێروان سود لەم جۆرە بیروڕا جیاوازانە وەرنەگرێ لەسەر بزوتنەوەكەى ئەوا پاشەكشە وەك چۆن ئاماژەكانى دەركەوتون, لەداهاتوشدا دەبێتە دیاردەیەكى گەورە و ڕێگەى لێناگیرێت. لەكاتى تردا بەوردتر لەسەر سۆسیۆلۆژیاى دیاردەى زەرورەتى پاشەكشە لە بزوتنەوەكەى نەوشێروان قسەدەكەین, ئەوەى بە پێویستمان زانى ئەم دەروازەیە بوو.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە