کام سیسته‌می په‌روه‌رده و کام ڕیفۆرم
Tuesday, 16/10/2012, 12:00
له کوێن ئه‌وانه‌ی که باسی ڕیفۆرمیان له سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندن ده‌کرد له کوردستانی باشووردا و ده‌یانووت سوودیان له سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی سوید وه‌رگرتووه و چه‌نده‌ها ڕیفۆرمیان له سیسته‌می خوێندن دا کردووه و شانازیان ده‌کرد و خۆیان له خه‌ڵک کردبوو به داهێنه‌ر و ووتاری درێژیان ده‌نووسی له کوردستانی نوێ دا و له‌شاشه‌ی ته‌له‌فیزێنه‌کانه‌وه خۆیان ده‌رده‌خست و به‌رگریان له ده‌سته‌ڵاتی دز و جه‌رده و مافیای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌کرد.
ده‌بابێن به چاوی خۆیان بیبن که چۆن لاوێکی خوینکاری کورد بەناوی (دانا جەمال حەمە عەزیز) به‌هۆی ڕووخانی دیواری قوتابخانه‌وه کۆتایی به‌ژیانی دێت ، ده‌فه‌رموو سه‌یری شێوه‌ی ئه‌م قووتابخانانه بکه‌ن و بزانن له چ ووڵاتێکی دنیادا شتی واهه‌یه..
به‌ڕاستی شه‌رمه‌زاریه بۆ حوکمه‌تی هه‌رێم که داهاتی هێنده‌ی چه‌ند ووڵاتێک ده‌بێت ، ئه‌مه سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ی بێت ، و شه‌رمه‌زاریشه بۆ ئه‌وانه‌ی له سوید و ووڵاتانی تر جارجار ده‌گه‌ڕێنه‌وه و باسی خۆیان ده‌که‌ن که ده‌ستیان هه‌یه له ڕیفۆرمی سیسته‌می په‌روه‌رده له کوردستانی باشووردا و به‌رگری له ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مانه مووچه و زه‌وی و شوقه‌یان پێدراوه و هه‌ر بۆیه که‌وتوونه‌ته پینه‌وپه‌ڕۆکردنی ده‌سته‌ڵات و زۆرجاریش لۆمه‌ی قووتابیان ده‌که‌ن که له مانای ڕێفۆرمه سویدیه‌که‌ی ئه‌مان تێناگه‌ن و خۆپیشاندانی قووتابیانیان به دژه ڕیفۆرم و ده‌ستی ده‌ره‌کی تاوانبار ده‌کرد..
ئایا مافیاکانی ده‌سته‌ڵات ، مناڵه‌کانی خۆیان له‌و قووتابخانانه ده‌خوێنن؟ ، که زۆبه‌یان مناڵه‌کانین له ئه‌وروپا ده‌خوینن یان له قووتابخانه تایبه‌ته‌کانن...
فه‌رموو سه‌یری ئه‌م ڤیدیۆیه بکه‌ن و تا بزانین کامه‌یه ئه‌و ڕیفۆرمه‌ی له سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا باسیان ده‌کرد:
ئه‌وه‌تا نێ ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی حکومه‌تی هه‌رێم له یاداشێکیدا بۆ سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگره‌که‌ی ئاوا باسی سیسته‌می خوێندن ده‌کات:
به‌ڕێزان سه‌رۆک و جێگری حکومه‌ت
تكایه فریای په‌روه‌رده بکه‌ون
له‌هه‌موو ولاتێکدا پێوه‌ری کۆمه‌لگه‌ی ته‌ندروست بوونی په‌روه‌رده‌یه‌کی ته‌ندروست و کامل و بێ کێشه‌یه، ئه‌لێن دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی کاتێک چه‌رچل پیاچوونه‌وه‌یه‌کی به‌دام و ده‌زگه‌و وه‌زاره‌ته‌کانیدا کرد و پرسیاری له شاره‌زایان کرد، پێیان وت که‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کانی داته‌پیون و له فه‌وزاو گه‌نده‌لیه‌وه گلاون، ته‌نها وه‌زاره‌ته‌کانی په‌روه‌رده‌و داد نه‌بن، له‌به‌رامبه‌ردا چه‌رچل دڵخۆشیی خۆی ده‌ربڕی به‌وه‌ی که وتی مادام په‌روه‌رده‌مان بێ کێشه‌یه ئاسۆمان روونه‌و نه‌وه‌یه‌کی هۆشیارو دلسۆز به رێگه‌وه‌یه‌و ولات ئاوه‌دان و پاک ده‌کاته‌وه‌و به‌ره‌و پێشی ده‌بات.
به‌لام به‌داخه‌وه له‌کوردستاندا به‌م جۆره نیه و په‌روه‌رده له گرفتایه‌و پڕه له که‌م و کوڕی، ئه‌گه‌ر وا بڕوات ئاسۆی په‌روه‌رده روون نابینم.
به‌ڕێزان جه‌نابی سه‌رۆک و جێگری حکومه‌ت...
ئایا ئێوه ئاگاداری ره‌وشی په‌روه‌رده هه‌ن له ولاتدا؟ خۆ ئێوه هه‌شیارن و ئاگاداری خشه‌ی مارو مێروون و ده‌زانن له‌م هه‌رێمه‌دا چی روو ده‌دات، ئه‌ی بۆچی بێده‌نگن و مشورێکی ناخۆن و له‌م هه‌موو قه‌یران و گرفته‌ی تێی که‌وتووه ده‌ربازی ناکه‌ن؟!
خۆ ئه‌گه‌ر ئاگاداریش نین ئه‌وا لێره‌دا به‌چه‌ند دێرێک ته‌نها یه‌ک دڵۆپتان له‌و ده‌ریای کێشه‌یه ده‌خه‌مه به‌رچاو به هیوای ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ک چۆن له‌خه‌می مناله‌کانی خۆتاندان و مشوری داهاتوویان ده‌خۆن، ئاواش خه‌مێک له مناڵه چاوگه‌شه‌کانی ئه‌م وڵاته بخۆن و به‌ته‌نگ داهاتوویانه‌وه بن.
به‌ڕێزان سه‌رۆک و جێگری حکومه‌ت، ئایا ئێوه ئاگاداری پیس و پۆخلی و ژینگه‌ی خراپی قوتابخانه‌کان هه‌ن؟ ئایا ئاگادارن که شوێنی ئاو خواردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌کان چۆنه؟ ئاگاداری ته‌والێت و ده‌ستشۆره‌کانیان هه‌ن؟ له‌کاتێکدا که نه‌خۆشیی کۆلێرا بڵاو بۆته‌وه و هه‌ره‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر مناڵه چاوگه‌شه‌کانمان، ئایا ئاماده‌ن مناڵه‌کانتان له‌م جۆره قوتابخانانه‌دا بخوێنن؟
به‌ڕێزان ئێوه‌ش مناڵه‌کانتان له قوتابخانه‌کاندا ناو پۆل و گۆڕه‌پانه‌کانیان پێ گسک ئه‌ده‌ن؟ ئایا ته‌والێتی قوتابخانه‌کان به مناڵه‌کانی ئێوه پاک ئه‌که‌نه‌وه؟ ئایا هه‌رگیز بووه یه‌کێک له مناڵه‌کانتان له تینوێتی و بێ ئاویا، یا بۆ حاجه‌تی ته‌والێت به‌سه‌ر دیواری قوتابخانه‌دا رابکات بۆ ماڵه‌وه؟ چونکه له قوتابخانه گشتییه‌کاندا ئه‌م دیارده‌یه هه‌یه.
به‌ڕێزان... ئایا مناڵه‌کانی ئێوه هه‌رگیز ترساون له‌وه‌ی له‌کاتی ده‌رس خوێندنا بیناو دیواره‌کانی مه‌کته‌به‌که به‌سه‌ریانا بڕوخێت؟ ئه‌ی به‌ڕێزان هه‌رگیز خۆتان له دڵه راوکێدا بوون تا مناله‌که‌تان له‌مه‌کته‌ب ده‌گه‌ڕێنه‌وه هیچیان به‌سه‌رنه‌یه‌ت له‌و بینا داڕزییوانه‌دا؟ چونکه حاڵه‌تی له‌م چه‌شنه زۆرن، به‌ڕێزان ئه‌گه‌ر پێم باوه‌ڕناکه‌ن با یه‌که‌یه‌که‌ی ئه‌و مه‌کته‌بانه‌تان پیشان بده‌م که خه‌ریکن ده‌ڕوخێن و پڕن له مناڵی چاوگه‌ش.
به‌ڕێزان ئه‌ی مناڵه‌کانی ئێوه کتێبیان وه‌رگرتووه؟ کتێبیان هه‌یه تیایدا بخوێنن؟ چونکه مناڵانی تر کتێبیان نیه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ساڵانه ده‌یان ملیار دینار له بودجه‌دا بۆ چاپکردنی کتێب ته‌رخان ده‌کرێت، به‌لام منالانی ئه‌م وڵاته بێ کتێبن! ئایا ئێوه ئاگادارن؟ هه‌رگیز مناله‌کانتان بۆ کتێب گریاون و پاره‌شتان نه‌بێت بۆیان بکڕن؟ چونکه خه‌لکی له‌م شێوه‌یه زۆرن، و زۆرن ئه‌و منالانه‌ی بۆ کتێب ده‌گرین به‌لام باوکیان توانای نیه بۆیان بکڕێت! له‌کاتێکدا هه‌رچی کتێبێکی ئه‌تانه‌وێت که وه‌زاره‌ت چاپی کردوون له‌بازار ده‌ست ئه‌که‌ون.
به‌ڕێزان جه‌نابی سه‌رۆک و جێگری حکومه‌ت... هه‌رگیز خۆشه‌ویستێکتان هاتۆته لاتان گله‌یی بکات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که چیتر ناتوانێت بخوێنێت چونکه حکومه‌ت مه‌کته‌به‌که‌ی داده‌خات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانای نیه کرێی بیناکه‌یان بدات؟ خۆ ئێوه ده‌لێن که‌س و کاری ئه‌نفاله‌کان که‌سی ئێمه‌ن! به‌لام ئه‌وه‌تا مه‌کته‌ب به‌ڕووی ژنان و کچانی پاشماوه‌ی ئه‌نفالدا داده‌خرێت چونکه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بودجه‌ی نیه بۆ کرێی بینای خوێندنه‌که‌یان.
به‌ڕێزان... هه‌رگیز رۆژێک مناله‌کانتان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵ و ده‌رسیان نه‌خوێندبێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی مامۆستایان نه‌بێت؟ چونکه به‌ڕێزان قوتابخانه‌ی بێ مامۆستا‌و بێ میلاکی له‌م جۆره‌مان زۆرن! هه‌ر بۆ زانیاری به‌ڕێزتان قوتابخانه‌شمان هه‌یه ژماره‌ی مامۆستاکانی ئه‌گه‌ر به‌قه‌د خوێندکاره‌کانی نه‌بێت هیچی وای که‌متر نییه! ئه‌مه‌ش له‌سایه‌ی ته‌داخولی که‌سانێک به‌ناوی حزبه‌وه که به‌ڕێوه‌به‌رێتی په‌روه‌رده‌کان ناتوانن سه‌رله نوێ به‌یه‌کسانی و وه‌ک پێویست مامۆستاکان دابه‌ش بکه‌نه‌وه.
به‌ڕێزان کاک نێچیروان و کاک عیماد... ئه‌وانه‌ی باسم کردن ته‌نها دڵۆپێکن له ده‌ریایه‌ک، ئه‌گه‌ر ئاگاداری ئه‌م ره‌وشه نین ئه‌وا عه‌رزی جه‌نابتانم کرد و ئاماده‌م هه‌موییتان به به‌لگه‌وه بخه‌مه به‌رده‌ست، رۆژێک دابنێن بێم له‌گه‌لتانا بۆ یه‌که‌یه‌که‌ی قوتابخانه‌کان تاکو به‌چاوی خۆتان بیبینن.
به‌ڕێزان ئه‌گه‌ر فریای نه‌که‌ون و زوو چاره‌ی نه‌که‌ن داهاتوویه‌کی باش چاوه‌ڕێی نه‌وه‌ی دووا رۆژمان ناکات و هه‌مووشمان لێی به‌رپرسیارین، هه‌رکێی گه‌وره‌تریش بێت به‌رپرسیارێتی ئۆباڵی زیاتری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ, بۆ مێژوو ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ به‌ڕێزتان نوسی، چونکه له یاداشت نوسین و کۆبوونه‌وه بێزار بوین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوێمان لێنه‌گیراوه‌و وه‌لاممان نه‌دراوه‌ته‌وه، هیوادارم ئه‌مجاره‌یان له‌م رێگه‌یه‌وه گوێی لێبگیرێت، هیوادارم ئه‌م ئه‌رکه پیرۆزه له‌ئه‌ستۆ بگرن و وه‌ک مناڵه‌کانی خۆتان مشورێکی مناڵه چاوگه‌شه‌کانی کوردستان بخۆن به گشتی.
له‌گه‌ڵ رێزمدا
د.سه‌روه‌ر عبدالرحمن عمر
ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا
له په‌رله‌مانی کوردستان
14/10/2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست