دەنگدان بە گۆڕان ...
Thursday, 29/08/2013, 12:00
1749 بینراوە
دەنگدان بە گۆڕان ..دەنگدانە بە گوڵى گەنم لە ساڵى برسێتیدا ..دەنگدانە بە (با) لە کاتى شەنکردندا ..دەنگدانە بە بارانى پەڵە بۆ خاک ..دەنگدانە بە ئاو بۆ هاوڕێیەتى باخچەکان ..دەنگدانە بە شمشاڵ بە کەمەرى شوانەوە لە کاتى تێر بوونى مێگەلدا .
دەنگدان بە گۆڕان .. دەنگدانە بە چاوى خۆتان لە ماوەى چوار ساڵى پڕ لە چاودێرى بەسەر قوتى منداڵەکانمانەوە ..دەنگدانە بە خۆت لە بەردەم ویژدان و ڕاستى و سندوقەکانى هەڵبژاردندا ...دەنگدانە بە قۆناغى نوێ بۆ بە کلتور کردنى دەستاو دەستى دەسەڵات و کۆتاى هێنان بە قۆرخ کردن...دەنگدانە بە سەربەخۆى پێشمەرگە و گواستنەوەى لە موڵکى حزب و لێپراسراوەوە بۆ ناسنامەى نیشتمانى بون .
دەنگدان بە گۆڕان .. دەنگدانە بەو نوێنەرانەى کە بونە گیان بۆ لاشەى مردوى پەرلەمان و زیندوکردنەوەى ..دەنگدانە بەو ئازادیەى کە لە قوڕگى داینەسورەکانى دەسەڵاتدا زیندە بە چاڵ کرابوو ..دەنگدانە بەو ئازایەتییەى کە بۆ مافەکانمان بوە ڕەوە شێر و عەرشى دەسەڵاتیان هێنایە لەرزین ... دەنگدانە بە ئاشتى لە فەرهەنگى خەباتى نوێدا.
دەنگدان بە گۆڕان .. دەنگدانە بە گەڕانەوە بۆ ڕاى تاک.. دواى بە کویلەکردنى لە پاشخانى دەسەڵاتدا...بەو قەڵەمانەى کە خوێنیان ڕژایە سەر ووشەى ئازادى .
دەنگدان بە گۆڕان .. دەنگدانە بەڕژانى ئاو بۆ سەر دەشتى تینوێتیمان ..بە هەناسە بۆ بۆ پڕ کردنەوەى سییەکانمان ... بە مۆسیقا بۆ پڕکردنەوەى دەشتى بیستنمان ...بەو شیعرانەى کە پڕن لە ووشەى رەنگاڵەیى ... دەنگدانە بە فڕین بۆ ئاسۆى ئازادى .. دەنگدانە بەو فرمێسکانەى بە چاوى هەڵەبجە و ئەنفالەوە وشک بون ...بەو شەقامانەى کە خوێنى شەهیدانى 17 شوباتیان لێ دەڕوا ...دەنگدانە بەو منداڵانەى کە بەدیار وشەى خوێندنگاکانەوە چاوەڕێى خوێندنگەى تازەن ...دەنگدانە بە کەسەکانمان لە غەریبیدا کە خەو بە هاتنەوە بۆ باوەشى نیشتمانەوە دەبینن .
دەنگدان بە گۆڕان ..دەنگدانە بە گرتنەوەى مێژوویەک لە کەنارى کەوتندا ..بە چرایەک کە ماناى ڕوناکیمان فێردەکات ..بەو خوێندنگەیەى کە منداڵەکانمان دەکاتە هاوڕێى هەمیشەیى قەڵەم ...دەنگدانە بە هاوارەکانمان بۆ شکاندنى دەرگاى بێدەنگى .
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانە بە هەڵەبجە لەسەر گۆڕستانى ئەنفالەکان...بە زیندوکردنەوەى ناوەڕۆکى دروشمەکان ...دەنگدانە بۆ بەرگرتن لە واژۆ بەسەر خوێنى شەهیدەکانمانەوە ...بە گۆڕینى ئەو ساتانەى لەبەردەم ژورى مەسئولەکاندا چاوەڕێى وەڵامێکین .
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانە بەو گەنجانەى کە پڕن لە خەونى سەربڕاو ..دەنگدانە بەو کلیلانەى کە دەرگاى توڕە بونى گەنجان دەکاتەوە لە ئەمڕۆى پەراوێز بووندا .
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانەى بەو ژنانەى کە لە نێو دڵیاندا میهرەبانى دادەشارن لە تاریکدا بۆ ماناکانى ڕوناکى دەگەڕێن و لە سێبەرى خەنجەرە خۆماڵیەکاندا کاڵابونى خۆیان دەبینن ..کە چۆن جەلاد باسى ئازادیان بۆ دەکات .
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانە بە ژیان ..بەو پیرەمێردانەى شەوانە دەبنە هاوڕێ ى شەقامەکان و خەون بە ماڵێکەوە دەبینن تا ساتێک ببنە هاوڕێى ئاسودەیى .
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانە بە جوگرافیاى کوردستان ..بۆ تیگەیشتن لە تەڵەکانى دەستور ...بە ناوچە دابڕاوەکان لە سایەى دانانى نرخى نەوت و خەونى درێژى وەفدەکان .
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانە بە ئاو بۆ ئاوەدانى ...دەنگدانە بە گوڵ بۆ ڕازاندنەوەى باخچەکان ..دەنگدانە بە باران بۆ ژیانەوەى کانى گوندەکان ..دەنگدانە بە خاک بۆ نەتەوەیى بوون ..دەنگدانە بە ناسنامە بۆ شوناسى نەتەوەیەک..دەنگدانە بەو دایکانەى کە تا ئیستاش لە چاوەڕوانى ساڕێژى زامەکانیاندا پڕن لە شیرى سور.
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانە بەو باخچانەى لە ژێر پێى ئاگردا سوتان و هەتیو کەوتن ..دەنگدانە بەو گوندانەى کە یەکەیەکە سەر بڕان و تا ئێستاش خوێنیان لێ دەتکێ.
دەنگدان بە گۆڕان...دەنگدانە بە ئێستا لەبەردەم مێژوودا ..دەنگدانە بە یاسا کە ماف و ئەرکى هەموو تاکێکى دیارى کردبێت ..دەنگدانە بە مۆمێک کە ژورە تاریکەکانى دەسەڵات ڕوناک دەکاتەوە بە دروست بونى قۆناغێک کە چاوى تۆ بێت بەسەر بودجەى گشتى و بە دامەزراوەیى بونى حکومەتى نوێ.
دەنگدان بە گۆڕان ...دەنگدانە بەو باڵندانەى کە فڕینیان لێ وون بوە..دەنگدانە بەو هێلانانەى کە خاپور کران و چاوەڕێ ى گەڕانەوەى باڵندەکانن .
ببینن .. ببینن .. هاوڕێیان سەیرکەن چۆن ئەم هەرێمە یەک پارچە بووەتە دەریا ، چى تر کەشتیەکەى گەرمیانى ئەنفالم بە تەنیا نیە ئەم جارە ئەم دەریایە پڕ بووە لە کەشتى ،،کەشتى هەڵەبجە کەشتى سەوسەنیان کەشتى سۆران و بادینان ..لە هەموو لایەکەوە کەشتى هەریەکەیان چارۆکەکانیان پڕە هاوار بەرەو بەندەرى گۆڕان لەنگەر دەگرن و لێرە لەم قەڵاى گۆڕانەوە سرودێک بۆ دادپەروەرى دەڵێن ... بە قەد باڵاى قەندیل هاوار دەکەن .
دەنگدانمان بە گۆڕان...دەنگدانە بە خۆمان ..دەنگدانە بە ویژدانمان... بە دوا ڕۆژمان ..بە ئینسانى بونمان ..بە بەهاى بونمان ....نەک فرۆشتنمان ..نایفرۆشین ..نایفرۆشین...نایفرۆشین .