ئیجا 2 ملیۆن دۆلار چیە و بەشی چی ئەکا
Tuesday, 20/09/2011, 12:00
سەردانەکەی فەخامەتی سەرۆکی فیدڕاڵی عێراق،شێخ حوسامەدین تاڵەبانی(خوا ڕاوێستاو کاو دەست وە عومریەوە بگرێ)، لەتەك شاندی یاوەریەوە ڕووەو نیویۆرك هاتە ڕێو لەوێندەرێ و لەتەلاری (UN) خیتابێکی گەلێ مێژوویی و گرنگ پێشکەش بەهەموو سەرۆکەکانی جیهان ئەکا و ئەوانیش هەریەك لەلای خۆیان بەو پەڕی دیقەتەوە گوێ قوڵاغ ئەبن و بایەخی پێ ئەدەن. لەڕاستیدا سەرۆکی عێراق لەم ساڵدا باس لەو هەموو گۆڕانکاریە مەزنانە ناکا کە بەهۆی ڕۆلێ مێژوویی و گرنگی ئەمەوە خەڵکانی ئەم ووڵاتە سەرفراز ئەژین و لەخێرو بێری ئەم ووڵاتە بێ بەش نەبوون و هەریەکەیان جگە لەوەی ڕۆژانە لەژێر موکەیف و سپلیت گەرمای عێراق وەك زەڵاتەی لێهاتوە، بەسەر ئەبەن و هەر هاوڵاتیەك هیچ ئیشیان نیە جگە لەوەی خەریکی (ئایفۆن و بلوبێری و ویندۆ سیڤنن) ، ئەمە جگە لەوەی هەموو کاتەکانیان بە فەیسبوکەوە کشتوەو تا وای لێهاتوە گەر کارێکی بەسەرۆکی هەریمە فوول دیموکراسیەکەی شمالی وەتەن بێ ، ئەوا کاك مەسعود خۆی ووتەنی لەفیسبووك ئەیدۆزمەوەو چەلە حانێ و دەردەشەیەکی لەگەڵ ئەکەم.
من حەز ئەکەم تەنها باسی دیاردەیەکی گرنگتان بۆ بکەم کە ئەویش (شەفافیەتە)، لەڕاستیدا ئەم خیتابە پێش ئەوەی ڕووی لەئێوەی سەرۆکەکانی دونیا بێ، ڕووی لە پەرلەمانتاری عێراق بەگشتی و برادەرانی گۆڕانە. ئەگەر چی لەپێشدا ڕازی نەبوون دەنگم بدەنێ بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەم، بەڵام لەدوا جاردا هەر خۆیان مەجبوور بونەوەو جارێکی تر دەنگیان دامێ. جا لەبەرئەوەی ئەم مەسەلەی ٢ ملیۆن دۆلارەیان وا قەبە کردوە، وا ئەزانن هەموو سەروەتی عێراق هەر بەو ٢ ملیۆنەی من تەواو ئەبێ،، بفەرموون لەگەڵ ووردەکاری چۆنێتی سەرفکردنی ئەم ٢ ملیۆن دۆلارەو جا بەچاوی خۆتان ببینن کە ئەم پارەیە هەر هیچ نیەو بەدووری مەزانن گەر بۆشی قەرزبکەم تا بتوانم ئەهدافی ئەم زیارەتم بەباشی بپێکم.
وەك لای هەموان ئاشکرایە کە دروست کردنی دەوڵەتی کورد چەندە لای بەندەی موخلیستان گرنگەو هەموو ژیانی خۆمم لەسەر داناوە، هەموو گەنجێنیم لەپێناویدا سەرف کردوە، بۆیە پێتان سەیر نەبێ کە بۆ هاتنی ئەم جارەم هەر چی شتی کوردەواریە لێرە قووتم کردۆتەوەو وویستومە پێتانی بناسێنم . جا بفەرموون لەگەڵ لیستێ بەناوی ئەو شتە کوردیانەوەو بڕی پارەی خەمڵێنراو و سەرفکراو.
0- بایی 10 دەفتەر شیرینی ئامەی جۆڵا بۆ خواردنی لێرەو بردنەوەی بۆ ووڵاتەکانتان(وەك دانسقەو دیاری) تا بزانن (کولیچەو برمەو پاقلاوەی پڕ فستقی) ئامەی جۆڵا بە بۆنی گوڵاو چەند خۆش و بەتامە.
1- بایی 10 دەفتەر دۆلار برنجی بازیان . تا بزانن برنجی کوردی چەند بۆن خۆش و بەلەزەتە .
2- بایی 10 دەفتەر دۆلار توتنی دۆڵی جافایەتی و خەلەکان. گەر لەهی دیمۆری و ڕۆسمەن خۆشتر نەبوو چی ئەڵێن بیڵین.
3- بایی 10 دەفتەر دۆلار ڕانك و چۆغە و شاڵی هەورامان، ئەوسا بزانن لەجیاتی ئەو جلی ئەفەندی و دیسداشەو عەگاڵانەی لەبەرتانە چەند فەریحترە.
4- بایی 10 دۆلار ماستی مەڕی خولاسەی لای هەولێر. کەیەکاو یەکە بۆ هەموو ئازارو ناوپێچی سك و باشترین دەرمانە بۆ خەو لێکەوتن لەوپەڕی جدیات و کۆبونەوەکاندا.
5- بایی 10 دەفتەر دۆلار کڵاشی دۆمی کەچی تر لەخەمی پێڵاوی تاکەو تاك بەدوورتان ئەگرێ و لەگەڵ هەموو جلێك ڕێك ئەکەوێ.
6- بایی 10 دەفتەر دۆلار حەڵواو گەزۆی تۆفیقی حەڵواچی.. کە قیمەتی قەت تەواو نابێ.
7- بایی 10 دەفتەر دۆلار جامانەی سوور کە زۆر لەو تەپلەو شەبقەو کڵاوانەی سەرتان جوانترەو چەندین بەکارهێنانی تریشی هەیە.
8- بایی 10 دەفتەر دۆلار پەرتووکی (ڕێباز و قوتابخانەی بارزانی)نەمر کە پێوستە هەموو جیهان لەجیاتی کفاحی و پەرتووکەکانی سارتەر و جیڤارا و پەرتووکی هەزار میلی نیلسۆن ماندێلا ، بدرێتە دەست هەمووتان و تا خەڵکی لەسەر ئەو ئاوازە پەروەردە بکەن.
جا باش بزانن کە لە عێراق چەند شەفافیەت هەیەو بشزانن کە ئەو بڕە پارەیە هیچ نیەو ئێشتا زۆری تر ماوە کەباسی لێ بکەم، بەڵام لەبەرئەوەی پارەکە بەشی نەکرد، بۆیە حەزم کرد ئاوا بەکوردی و بەکورتی بۆتانی بخەمە ڕوو.
برای زۆر بچووك و چەماوە بۆتان
مام جەلال
سێپتمبەری /٢٠١١
٢٠ شەووال/١٤٣٢ هجری
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست