کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەسەرهاتی قڕناقاوپشتئاشان

Tuesday, 04/05/2010, 12:00


سەرهەڵدانی شوعییەت
زەرورەت زۆرکات مرۆڤ بەرەو ئامانجێک ڕێنوێنی دەکات ، لەجێگایەک کەئەقڵ ناتوانێ ئەم ڕێگایە تاکۆتایی بپێوێت . پرۆفیسۆر جهانبگلو
دەرکەوتنی بیری شوعییەت لە عێراقدا ، دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی ١٩٢٠ . ئەوکاتانەی کە پەرتوک و بڵاوکراوەکانی مارکس و ئەنگلس و لینین لە سوریاو وڵاتانی ترەوە ، بەتاک و کۆ ، دەگوازرانەوە بۆ ناوخۆی عیراق . کۆمەڵێک ڕۆشنبیر لەدەوری ئەم بیرۆکەیە کۆبونەوە و بونە یەکەم دەستەی چاندنی تۆوی شوعییەت ، لەوانە ( حسین الرحال، عونی بكر ێدقی، مێگفى علی، محمد أحمد المدرس، عبدوڵا جدوع). هەوڵی سەرەکیان بۆ بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی مارکسی و هاندانی کۆمەڵگا بۆ بەگژاچونەوەی داگیرکەری ئینگلیز بو . لە ڕۆژی ٢٨ . ئەیلولی ١٩٢٨ یەکەمین ڕۆژنامەیان بەناوی (الێحیفە) دەرکرد ، ئەم ڕۆژنامەیە مانگی دو جار دەردەچو ، بەڵام تەمەنی درێژ نەبو ، بەهۆ نەگونجاندنی بەرنامەو تێروانە فکرییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەوسای داگیرکەری ئینگلیزدا .
لەساڵی ١٩٢٧ لە شاری (بەسرا) چەند کەسێکی تر گروپێکیان دامەزراند . لەوانە (عبد الحەمید الخەگیب و زەكریا ئەلیاس و سامی نادر مێگفى و عبد الوهاب مەحمود) . لە ساڵی ١٩٢٨ لەشاری ناسرییە گروپێکی تر پێک هات کەلە : یوسف سلمان (فەهد) وغالی زوید وئەحمەد جەمال الدین ، پێك هات بو . کەبڵاوکراوەیەکیان لەژێر ناونیشانی (ئەی کرێکاران و جوتیارانی وڵاتانی عەرەبی یەکگرن) بڵاوکردەوە . ناوەڕۆکی بەیان نامەکە ڕونکردنەوە بو لەسەر ڕەوشی سیاسی عێراق و دەسەڵاتی بەریتانیای مەزن . هەمان گروپ ساڵی ١٩٣٢ بەیان نامەیەکی تریان لەژێر ناوی (حیزبی شوعی عێراق) دەرکرد . کە دەکرێت بەسەرەتای دامەزراندنی حیزبی شوعی ، هەژمار بکرێت .
لە ٣١ . ئازار .١٩٣٤ شوعییەکانی زۆربەی ناوچەکانی عێراق ، لەشاری بەغداد کۆبونەوەو یەکیان گرد ، لەژێر ناوی (لێژنەی بەرەنگاریی داگیرکەر) . وە (عاسم فەلیح) یان بە یەکەم سکرتێری خۆیان هەڵبژارد .

پەنگخواردنی حیزب لە نێوان کوردستان و باشوری عێراق دا

سەرەتای چەکەرەکردنی تۆوی شوعییەت لە عیراقدا لەباشورەوە دەستی پێکرد و هەیبەتی بونی لە کوردستانەوە بنیادنرا . زۆربەی سەرکردەو کادرو خەڵکە ناسراوەکەی ناو حیزبی شوعی یان کورد بون یان شیعە (فەهد ، بەهادین نوری یا عەزیز موحەمەد) ، سونەکان دەورێکی ئەوتۆیان نەبو لە پێشڕەوایەتی کردن و گەشەی حیزبدا . سونەکان شانسی زیاتریان لە دەسەڵات و جێگیری پێگەی ئینگلیز و دەسەڵاتی مەرکەزی دا هەبو ، جگە لەوەی کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی و ناوخۆیی هەبون دەرگای ئینگلیزەکانی واڵاکرد بەڕوی سونەدا .
سونەکان هەر لەسەرتاوە گڕوکڵپیان لاوازتر بو لەبەرامبەر دژایەتی کردنی ئینگلیز لە چاو شیعە و کوردەکان . شوعیەکان شانازی بەدوو چالاکی کۆنی حیزبەکەیانەوە دەکەن ، ئەویش : ڕاپەڕینی گاورباخی و ڕاپەڕینی ١٩٥٢ ی قوتابیانی کۆلیژەکانی بەخدای پایتەختی تاوان لەلایەکی تر پشکی شێریان لە کودەتا شومەکەی ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨دا بەرکەوت . لەهەردوو کایەکەدا کوردو شیعە زۆرینە بو .
بەرەی دژیی حیزبی شوعی
یەکەم گورز کەبەر حیزبی شوعی کەوت کودەتا شومەکەی ١٩٦٣ بو کە نزیک بە (٥٠٠٠) هەزار شوعی تیا سەرەونگون کرا ، کەلەناویاندا (سەلام عادل) سکرتێری حزیبەکەیان بو . گورزی دووەمیان قەڵاچۆکردنی (کانی ماسی) بو ، بەبڕیاری بارزانی . گورزی سێهەم ١٩٧٩ بۆجاری دووەم بەعسییەکان بەسەرکردایەتی سەدام حوسەینی کۆنە دۆستیان . گورزی یەکەم تا کۆتایی باجی هەڵەکانیان بو لە قڕاناقاوپشتئاشان و پاشان سەوداومامەڵەی پارتی بۆ کڕینی کادرو ئەندام و ڕۆحی شوعییە کوردەکان .

شوعیەکان لەسەردەمی شۆڕشی نوێ دا
لەم باسەوە تەنها پشت بە ئەزمون و زەهنی خۆم دەبەستم لەشۆڕشدا . لە سەرەتای ساڵی ١٩٨١دا لە سەرکردایەتی یەکێتی لە ( زەڵێ) گیرسامەوە . ئەو وەختانە بارەگای سەرکردایەی حیزبی شوعی لە سەر ڕێگای (قاسمە ڕەش ، ناوزەنگ) بو ، کەپێیان دەوت (نۆکان) ، لقی هەولێریان لە کۆتایی زەڵێ و لەسەر ڕێگای شێنێ بو .
نۆکان " لەسەر ڕێگای گشتی هێزەکانی یەکێتی بو ، لە ناوچەکانی سلـێمانی و کەرکوک بۆ سەرکردایەتی . لەگەڵ ئەوەشدا هێزی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن لەو ناوچەیەدا هێزەکانی یەکێتی بو .
بۆیەکەم جار بەبەردەم بارەگای سەرکردایەتی شوعییەکاندا تێپەڕیم . ئەو ڕۆژە جیاوازی لەڕوکەشدا لای من بونی نەبو . کوردایەتی سەرتاپای جیاوازییەکانی لێم ون کرد بو . هیوا بەشێک بو لەبەرچاوی . نێوبەندەکانی هێز هەسانی تیژکردنی چەقۆکان بو . ئایدۆلۆژی و گەمە سیاسی و ململانیە خۆخۆییەکان ' تیغی پارچەکردنی جەستەی کوردایەتی بو . ئەوسا وەک ئێستا لەم جنجاڵی سیاسەت و بەرژەوەندی حیزبی و دۆڕاندنی بەها جوانەکان تێنەگەیشت بوم . بۆیان گێڕامەوە لەسەرەتاکەی بێ ئاگا بوم ، وتیان : شوعییەکان پاش هەڵهاتنیان لەدەستی ڕژێم ، لەناو هێزەکانی یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی گیرسانەوە ، دابینکردنی جێگاو شوێن و چەک و ئازوقە ، ئەرکی یەکێتی بو . هیواکان ڕوەو نوێبونەوە دەچون ، پێمان وابو بڵانسی هێز دەگۆڕێت . بەعس سەرچاوەی هەمو توانا سەربازییەکانی لەو دوڵەتەوە بەدەست دەهێنا ، کە شوعییەکان ڕایەڵەکەی بون . دەکرێت ئەم سەرچاوەیەش گۆڕانکاری بەسەردا بێت . شوعییەکان سەرچاوەی ڕشتنی زۆر پڕوپاگەندە جیهانیەکەی بلۆکی وارشۆ بون . شتەکان ڕۆژ بەڕۆژ بەپێچەوانەوە گۆڕانکاری بەسەردا دەهات. ئێرانی زلهێز بە ئایدۆلۆژیایەکی دینی لەبەرامبەر سەدام و ئۆپۆزیسوێنێکی بەهێز ، وشە بریقەدارەکانی حیزبی شوعی کاڵتر دەکردەوە . دیار بو شووعییەکان ماڵئاواییان لە هۆپەیمانیە سەرەتاکەیان دەکرد و ئەڵتەرناتیڤێکی تریان بۆخۆیان دۆزیبووە . تودەی ئێران کاریگەری خراپی لەسەر بیرو سیاسەتی حیزبی شوعی جێهێشت . تودەی کۆمۆنیست چەڕورەتێکی ترشاو کردییە هاوپەیمانی ستارتیجی دەسەڵاتێکی دینی لەئێراندا . هەردو گۆشە شوعییەکە هاوکێشەیەکی دۆستانەیان بنیاد نا . سەرنجام دەسەڵاتی دینی ئێران ، بەهەوێنی ئیسلامیانەی خۆی لەڕێگای تودەی ئێرانەوە ، ماستی هاوپەیمانی لێک ئاڵاوی پارتی و حیزبی شوعی پێ گەیاند.
شوعیەکان و بەسەرهاتی قڕناقاوپشتئاشان
مێژوی خەباتی حیزبی شوعی پرە لەگیانبازی و ململانێی دەسەڵات و لێکترازان . نزیک بەسەدەیەک تێکۆشان لەپێناو ستارتیژی شوعییەتدا ، بەڵام بێ ئەنجام . لەکوێوە هەڵەکان خەباتێکی دورو درێژ بەئامانجێکی بەناکام گەیاند ؟ . خەباتی شار تا گرێبەستە سیادییەکان ، پاشان خۆگرتنەوە لە دۆڵ و چیا سەرکەشەکانی کوردستان و دیسانەوە بەهۆی ڕەوشە دروستکراوەکەی عێراقی نوێ ، گەڕانەوە بۆ ململانییە سیادییەکان ، حیزبێکی مەزنی دوینێ بە پچوکی و بە دوو قاشی لەسەر شانۆی سیاسی دەبینین .
ساڵ ١٩٨٢ بەهار جوانی خۆی لەدەست نەدا بو ، هێزەکان مڕیان بۆ جەولەیەکی شەڕ خۆش دەکرد ، زۆربەی هێزەکانی پارتی بەهاوبەشی قەرارگەی ڕەمەزانی ئێران لەگرمەی شەڕی دژ بەشۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات دا بون . جەبهەی جود کە پێک هاتبو لە (پارتی ، حیزبی شوعی ، حسک ، پاسۆک ، نوێنەرایەتی قەرارگەی ڕەمەزان) لەکۆتای ساڵی ١٩٨١ جمهوری ئیسلامی لەدژی جەبهەی حیزبی دیموکرات و یەکێتی دایمەزراند . هێزەکانی یەکێتی لە ڕۆژهەڵات بەریان بە هێزە هاوبەشەکەی پاسدارو پارتی گرت بو ، بڕسکیان لێ بڕیبون .. بەرەی جود لە مەڵبەندی سێ و شاڕباژێرو شارەزورەوە هەڵمەتیان هێنا . مەڵبەندی سێیان گرت . بۆ هەستانەوەی بڵانسی هێز ، یەکێتی هێزەکانی کۆکردەوە بۆ هەڵتەکاندنی سەرچاوەکەیان . بارەگای مەرکەزی بەرەی جود لە قڕناقاوپشتئاشان بو . هێزە ئامادەکراوەکەی یەکێتی ٢٨ /٤/١٩٨٢ لە بناری قەندیل و گوندی ڕەزگە ، کەوتنە بەرڕێژەنی تۆپەکانی عێراق ، شەش شەهیدو زیاتر لە دە برینداری لێکەوتەوە . هێزەکانی یەکێتی لەڕۆژی ١/٥ ١٩٨٢ هەڵمەتیان بۆسەربارەگاکانی بەرەی جود دەستپێکرد . سەرئەنجام زۆر بەئاسانی گیرا . لەشاڕباژێر بارەگای سەرکردایەتی کەرکوک و سلێمانی حیزبی شوعی لە گوندی حاجی مامەند بەسەرکردایەتی بەڕێز بەهادین نوری بو ، داوایان لێکرا بگوێزنەوە بۆ ناوچەی قەرەداخ و لە هێڵێ شەڕگەی شاڕباژێر دور کەونەوە . زیانەکانی حیزبی شوعی لەقڕاناقاوپشتئاشان دوکەس بو ، وە دیلگرتی زیاتر لە ١٢٠ کەس ، کەلەناویاندا بەڕێزان کەریم ئەحمەدو ئەحمەد بانیخیڵان و دەیان سەرکردەی تر .، لەپاش گەیاندنیان بەسەرکردایەتی بەبەڕێزەوە ئازادیان کردن .

هەڵای قڕناقاوپشتئاشان
کۆتایی ساڵ ١٩٨٣ بو ، هێزەکانی یەکێتی لەگرمەی شەڕی داستانی بیتواتەدا بون . شەوێک لە بارەگاکانی وەرتێ قسەمان لەسەر زۆر شت دەکرد . پێشمەرگەیەک بەسەرهاتی کوشتنی ئەو ژنە پێشمەرگەیەی دەکرد کەلەسەر هاوەنەکە کوژرا . بەم شێوەیە گێڕایەوە : کاتێک هێزەکانی یەکێتی پەلاماری هێزەکانی بەرەی جودیان دەدا لە قڕناقاوپشتئاشان ، هیچ کەسێک خۆی لەبەریاندا ڕانەدەگرت ، ئەوەی هیزەکەی یەکێتی هەراسانی کرد بو ، هاوەنێك بو کە ژنەپێشمەرگەیەکی حیزبی شوعی لەسەر بو ، چەند مەفرەزەیەک گیانفیدایانە دزەیان بۆکرد تا پێکایان ، پێکانەکە هاوکات بو لەگەڵ ئامادەباشی ژنەکە بۆ تێهاویشتنی گولەیەکی تر ، گولەکەی هاویشتە ناوهاوەنەکەو پێکایان ، لەهەوڵی خۆگرتنەوەدابو بەهەرشێوەیەک ، بەلولەی هاوانەکەوە خۆی گرتەوە . لەو کاتەدا گولە هاوانەکە تەقی و پەنجەیەکی برد . من پێکەنیم و وتم : بۆ برا ئەمە فلیمی هندییە . لەولاوە برادەرێکی تر وتی ڕاست دەکات بەخوا منیش ئاگادار بوم . بەڵام برادەری دوەمم باش دەناسی و قسەی ناڕاستم لێ نەبیست بو . بۆیە وتم : هەمو شتێک ڕودەدات . ساڵی ١٩٨٥ بۆکارێک لە گەڵ دوو هاوڕێی ترمدا کەیەکێکیان شەهید بوو ، ڕومان لە قڕنقاوپشتئاشان کرد . برادەرەکەم وتی وا بزانم گۆڕی کوژراوەکانی حیزبی شوعی لەم گۆڕەدا نێژراون ، بابزانین ڕاست دەکەن هێندە زۆرن ، چەندمان کرد کێلەکانمان بژارد نەی دەکردە ئەو ژمارەیەی کە حیزبی شوعی پڕوپاگەندەی بۆ دەکرد . پێش ڕاپەڕین لە قاسمە ڕەش لەگەڵ برادەرێکی حیزبی شوعی قسەمان دەکات ، باس هاتە سەر شەڕی قڕاناقاوپشتئاشان . من پرسیارێکم لێ کرد و وتـم : ئێوە هەر قڕاناقاو پشتئاشاندان لەسەر زمانە . بەعسییەکان پەنجا هێندەی سەرژمێر ئەمڕۆی حیزبەکەتانی کوشتووە . بارزانی ڕەحمەتی بەدەیانی لێ کوشتن . کەچی لەقڕناقادا ، تەنها دوو کەستان لێکوژراوە ، شادەماری ئەقڵ و بیرو هەستی سڕ کردون ، بۆ ؟ ، وتێ : برا دوو کەسی چی ،. منیش وتـم : ناوەکانی بڵێن . وتی : ئەوە نهێنی حیزبە . بۆ سیساڵ دەچێت کورەی پڕوپاگەندەی بەقەولی خۆیان نەکسەی قڕناقاوپشت ئاشان ، پارتیی دەیگەشێنێتەوە . زیرەکانە پارتی هەمو ڕۆژێک بەشێک لەجەستەی ئەم حیزبە دەکاتەوەو لەبەرامبەریدا ئاخ و فرمێسکی تیمساحانە بۆ ڕوداوی قڕناقاو پشتئاشانیان پێدەفرۆشێت . ئەگەر پارتی و نەزانی سەرکردەکانی حیزبی شوعی نەبونایە ، وەک ئەمڕۆیان بەسەر نەدەهات . ئەوان لە کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم دا، ٢ ملیوێن تا ٣ ملوێن ئەندامیان لەعێراقێکی ٨ ملوێنیدا هەبوو . ئێستاکە دەبینین لە عێراقێکی ٣٠ ملوێنیدا چەند هەزار کەسێکیان ماوە . هەمو کادرە بەهێزەکانیشیان لەگەڵ سیاسەت و فرمێسکی ڕاگەیاندی پارتیدا ئاودیوی قوتابخانەکەی بارزانی بون .
٢ / ٥ / ٢٠١٠
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە