کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ له‌ چ ئاشێک لێده‌کاو ده‌ڵاڵی بۆ کێ ده‌کا!

Friday, 13/11/2009, 12:00


ئه‌وه‌ی تۆزێک کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ بناسێ یان هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵدا کردبێ یان شاره‌زای بێ، زۆر باش ده‌زانێ که‌ ئه‌م پیاوه‌ له‌ پێناوی چی دا هه‌وڵ ده‌داو بۆچی تێده‌کۆشێ، هه‌ربۆیه‌ هیچ کاتێک به‌ لایانه‌وه‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ نییه‌ که‌ ئاکارو کرداری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌شی لێ ببینن. له‌ ڕاستیدا ئێستا کارته‌کانی کۆسره‌ت نه‌ک هه‌ر لای دۆست‌و که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆی به‌ڵکو لای زۆربه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی سه‌روکاریان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا هه‌یه‌ به‌ ته‌واوی ئاشکرا بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و کارتانه‌ی به‌ کاریشیان دێنێ نرخێکی نه‌ماوه‌.

له‌لایه‌که‌وه‌، له‌ لایه‌ن نزیکترین هاوکاره‌کانی خۆیه‌وه‌‌و به‌ تایبه‌تیش له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مێک دۆست‌و‌ براده‌رو پشتیوانی ئه‌و بوون یان بڕوایان پێکردووه‌و‌ له‌ خۆشی‌‌و ناخۆشیدا له‌گه‌ڵی بوون‌، متمانه‌ی له‌ ده‌ستداوه‌و که‌سیان ئێستا حسابێکی وای بۆ ناکه‌ن. ئه‌مه‌ش وه‌نه‌بێ له‌ خۆڕا هاتبێ، به‌ڵکو ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی حه‌قیقه‌تی ئه‌و پیاوه‌ی بۆ ده‌رخستوون که‌ چۆن ته‌نها‌و ته‌نها له‌ بیری به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆی‌و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن دایه‌ له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان‌و خوێنی شه‌هیدانی گه‌له‌که‌مان.

هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێکی بۆ هه‌ڵکه‌وتبێ به‌ په‌له‌ قۆستویه‌تیه‌وه‌و بستێکی به‌ فیڕۆ نه‌داوه‌ تا زۆرترین ده‌سکه‌وت‌و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ست بکه‌وێ. کاتێک له‌ ساڵی 2004 دا له‌ ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا، له‌ پێناوی چاکسازیدا، ئیمزا دژی تاڵه‌بانی کۆکرایه‌وه‌، ئه‌و له‌ پێشی ئه‌و که‌سانه‌وه‌ بوو که‌ ئیمزای کردو کاتێکیش تاڵه‌بانی هه‌ندێ پاره‌و ده‌سکه‌و‌تی کاتی پێبه‌خشی پشتی له‌ هه‌ڤاڵه‌کانی کردو که‌وته‌ دژایه‌تی کردنی ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌یانویست یه‌کێتی بێننه‌وه‌ سه‌رشاڕێی خه‌باتی خۆی‌.

کاتێکیش چوار ئه‌ندامه‌که‌ی باڵی ڕیفۆرمی ناو یه‌کێتی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌دا ویستیان یاداشتێک بده‌نه‌ تاڵه‌بانی‌و داوایان ده‌کرد ئه‌گه‌ر ڕیفۆرم له‌ ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا نه‌کرێ ئه‌وا ئه‌وان ده‌ست له‌کار ده‌کێشنه‌وه‌، ئه‌و خۆی به‌ چه‌مه‌له‌غه‌که‌یانه‌وه‌ هه‌ڵواسی‌و خۆی کرده‌ شه‌ریکیان، کاتێکیش تاڵه‌بانی بانگی کرد بۆ به‌غداو بڕێ پاره‌ی دایه‌‌، ئیتر وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی له‌ داواکه‌ی پاشگه‌زبۆوه‌و جارێکی تر پشتی کرده‌ براده‌ره‌کانی‌و ده‌ستی بڕین‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناو باوه‌شی گه‌رمی دۆلارو قۆنته‌راته‌کان‌. ‌هه‌موو ئه‌وانه‌و بێ هه‌ڵوێستی ئه‌و و هه‌ر جاره‌ له‌ ئاوازێک خوێندن، ماهیه‌تی ئه‌و پیاوه‌ی لای هه‌موو که‌سێک ئاشکرا کردووه‌و ئیتر ناتوانێ وه‌ک جاری جاران ده‌مامکی خۆی بکاو ناخی خۆی بشارێته‌وه‌.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌، کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ لای تاڵه‌بانی‌و داروده‌سته‌که‌ی گڵۆڵه‌ی که‌وتۆته‌ لێژیی‌و پشتگوێ خراوه‌و دژایه‌تی ده‌کرێت، چونکه‌ ئه‌وانیش به‌ ته‌واوی بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئه‌م پیاوه‌ جگه‌ له‌ خۆی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بیر له‌ هیچی تر ناکاته‌وه‌ بۆیه‌ بڕوای پێ ناکه‌ن‌و نایانه‌وێ ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌کی که‌میش بێ قه‌ناعه‌ت به‌ خۆیان بکه‌ن که‌ بڕوا به‌م پیاوه‌ بکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ داروده‌سته‌که‌ی تاڵه‌بانی له‌ دوا پیلینۆمی یه‌کێتی که‌ له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا به‌سترا نه‌یانهێشت جێگه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌رکردایه‌تی پڕ بکرێته‌وه‌ که‌ وازیان له‌ پۆسته‌کانی خۆیان هێنا بوو‌، یان پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان کردبوو نه‌بادا کۆسره‌ت سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌ربگرێت‌و که‌سانی خۆی یان کوڕه‌که‌ی بۆ ئه‌و پۆستانه‌ پێشنیار بکا‌، وێڕای ئه‌وه‌ له‌ پێکهێنانی وه‌زاره‌تی نوێ دا هیچ پۆستێک نه‌دراوه‌ته‌ که‌سێک که‌ گومانی ئه‌وه‌ی لێ بکرێ له‌ کۆسره‌ته‌وه‌ نزیکه جگه‌ له‌ دکتۆر مه‌جید ، که‌ سه‌رجاوه‌یه‌کی نزیک پییراگه‌یاندم که‌ نه‌ک هه‌ر تاله‌بانی و هیرۆ دژی دکتۆر مه‌جید بوون ببێ به‌ وه‌زیری ته‌ندورستی ، به‌لکو هیرۆش بریاریدابوو ،که‌ پیاوه‌کانی کۆسره‌ت نابیت وه‌زاره‌تێکی گرنگ وه‌ربگرن. ‌.

وه‌ک ده‌ووترێ ئه‌م پیاوه‌ ئێستا له‌ هه‌ردوو دینه‌که‌ بووه‌، نه‌ تاڵه‌بانی‌و داروده‌سته‌که‌ی باوه‌ڕی پێده‌که‌ن‌و نه‌ که‌سانی ڕیفۆرمخوازی ناو یه‌کێتی‌و نه‌ ئه‌وانه‌ش که‌ له ‌ده‌وری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆبوونه‌ته‌وه‌‌و نه‌ خه‌ڵکی ساده‌ی ناو بازاڕیش چونکه‌ ده‌زانن ئه‌م پیاوه‌ باری بۆ که‌س نییه‌‌و ناشێ متمانه‌ی پێبکرێ. ئه‌مه‌ وای له‌ کۆسره‌ت کردووه‌ خۆی زۆر به‌ په‌روێزکراو بێته‌ به‌رچاو که‌ نه‌ ده‌سه‌ڵاتی فعلی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌و نه‌ دۆست‌و پشتوانیشی ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ که‌ پشتیان پێ ببه‌ستێ، هه‌ر بۆیه‌ ئێستا که‌وتۆته‌ ئه‌نجامدانی یاریه‌کی ترسناک‌و ئابڕووبه‌ره‌ تا بتوانێ متمانه‌ی تاڵه‌بانی‌و داروده‌سته‌که‌ی به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌‌و به‌زه‌یی‌و مه‌رحه‌مه‌تی ئه‌وانی به‌ نسیب ببێ.

ئه‌وه‌ی تۆزێک کۆسره‌ت بناسێ، ده‌زانێ ئه‌و پیاوه‌ نه‌ له‌ ڕووی سیاسی‌و نه‌ له‌ ڕووی فکرییه‌وه‌ هیچ شتێکی پێ نییه،‌ له‌ ڕاستیدا له‌م بوارانه‌دا ئه‌وه‌نده‌ هه‌ژاره‌ هی ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ به‌زه‌یی پێدا بێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ که‌ خه‌ڵک بکڕێ‌ به‌ پاره‌، به‌ پێدانی پۆستی حزبی یان حکومی، به‌خشینی پارچه‌ زه‌وی، ئاسانکاری له‌ وه‌رگرتنی قۆنته‌رات‌و شتی تر... ئێستاش که‌وتۆته‌ هه‌وڵی ته‌فره‌دانی هه‌ندێک له‌وانه‌ی سیاسه‌تی نانبڕین‌و برسیکردنی تاڵه‌بانی پرزه‌ی لێبڕیون‌و ناچاریکردوون سه‌رشۆڕ بکه‌ن. کۆسره‌ت ده‌یه‌وێ هه‌موو که‌سێک خۆی ئاسا زه‌لیلی ده‌سه‌ڵات‌و پاره‌ بێ. به‌ خه‌یاڵی خۆی ده‌یه‌وێ تاڵه‌بانی له‌ خۆی ڕازی بکا تا بیکاته‌ شه‌ریکه‌ به‌ش له‌ قۆنته‌رات چ بۆ خۆی یان بۆ کوڕه‌که‌ی هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش به‌شیکی نه‌وتی شیواشۆکی ده‌ست بکه‌وێ‌و بزنێسه‌کانی ئیمارات‌و له‌نده‌نی زیاد بکات‌و هه‌وڵیش ده‌دا له‌ داهاتوودا پۆستی سه‌رکردایه‌تی بۆ کۆڕه‌که‌ی مسۆگه‌ر بکا. هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ کۆسره‌ت بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنه‌‌و هه‌ر بۆیه‌ به‌ لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ کورد چی لێدێ‌و یه‌کێتی چی به‌سه‌ر دێ، چونکه‌ ئه‌و ته‌نها ئه‌وه‌ی لا گرنگه‌ چ ده‌سکه‌وتێکی بۆ خۆی ده‌بێ. ئه‌و له‌ دڵه‌وه‌ ده‌ڵاڵی بۆ تاڵه‌بانی‌و داروده‌ستاه‌که‌ی ده‌کا به‌ڵام پێناچی ته‌نانه‌ت به‌و هه‌وڵانه‌شی به‌خت یاری بێ‌و سۆزی ئه‌وان مسۆگه‌ر بکا، چونکه‌ ئه‌وان هێشتا دڵنیا نین که‌ ئه‌م ده‌ڵاڵی‌و به‌ربووکیه‌ی کۆسره‌ت بۆ خۆی‌و کوڕه‌که‌یه‌تی یان بۆ ئه‌وانه‌.

ئێستا کۆسره‌ت له‌ هه‌ولێرو کۆیه‌ که‌وتۆته‌ گه‌ڕان به‌ دوای ئه‌وانه‌ی پشتگیری گۆڕانیان کردوو‌ه‌ تا په‌شیمانیان بکاته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ هۆی نانبڕینه‌وه‌ گوزه‌رانیان خراپه‌. ئه‌و هه‌وڵانه‌ی کۆسره‌ت له‌و هه‌وڵانه‌ ده‌چێ که‌ وه‌ختی خۆی هه‌ندێ سه‌رۆک عه‌شیره‌ت‌و هۆزو تایه‌فه‌ ده‌یانکرد تا پێشمه‌رگه‌ ساردبکه‌نه‌وه‌و ته‌سلیمی به‌عسیان بکه‌نه‌وه‌ تا سه‌رنجی پیاوه‌کانی به‌عس‌و ئه‌من به‌ لای خۆیاندا ڕابکێشن‌و هه‌ندێ پاره‌و قۆنته‌راتان بده‌نێ. ده‌بێ که‌سوکاری ئه‌وانه‌ی کۆسره‌ت بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن‌و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی کۆڕه‌کانی به‌ کوشتی دان بڵین چی‌و ڕایان له‌سه‌ر کۆسره‌ت چۆن بێت؟ هه‌موو نیشانه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ کارته‌کانی ده‌ستی کۆسره‌ت لای هه‌موو لایه‌ک ئاشکار بووه‌و پێناچێ دواڕۆژێکی ڕوون چاوه‌ڕونی بکا.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە