کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌نگی كه‌سێك شۆڕش به‌رپا ئه‌كات

Thursday, 16/02/2012, 12:00



 

ئه‌وه‌ی شۆڕشی تونسی جوڵاند و بوویه‌ هه‌وێنی ڕزگاری ملیۆنان كه‌س له‌و وڵاته‌ و دواتر شوێن و وڵاتانی تر،زاده‌ی جوڵانه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری چه‌ند ملیۆنی نه‌بوو،به‌ڵكو بڵێسه‌ی ته‌نها یه‌ك لاو بوو كه‌ هه‌ستی به‌و‌ نادادگه‌رییه‌ كردبوو كه‌ بێ خۆڵه‌مێش و له‌ ژێر په‌رده‌ی بێ ده‌نگیدا ڕۆژانه‌ ژیانی هه‌زارانی وه‌ك ئه‌وی ده‌سوتاند. ئه‌و به‌ خۆڵه‌میشی جه‌سته‌ی په‌ڕه‌یه‌كی نویی له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا تۆمار كرد و دیواری بێ ده‌نگی شكاند. هه‌مان دیوار له‌و وڵاته‌نه‌ی كه شه‌پۆلی دوكه‌ڵی ئه‌م پێی ڕاگه‌یشت به‌ شێواز و ڕه‌نگی جیاواز ڕوخێنراو به‌رده‌وامیان به‌ قوربانی ئه‌و دا.


خۆ گه‌ر بێت و له‌ كرۆكی ڕوداوه‌كانی ساڵی ڕابردوو بڕوانرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان،ئه‌وا ده‌بینرێت كه‌ لاوانی ئه‌م وڵاته‌ سه‌ره‌تا تاك له‌ دوای تاك سنگیان به‌ گوللەی میلیشیاكانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌نا،دواتر له‌ نێو ئاپۆرای خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ تاكه‌كان له‌ لایه‌ن جه‌لاده‌كانی ئه‌و دوو پارته‌ جیا ئه‌كرانه‌وه‌،یه‌ك له‌ دوای یه‌ك شه‌هید و ده‌ستگیر و بریندار ئه‌كران. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تاكه‌كان چ به مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌ست ،چ له‌ناو ئاپۆرای خۆپیشاندانێكی چه‌ند هه‌زار كه‌سیدا بن وه‌ یاخود به‌ ته‌نها،ئه‌وا دواجار هه‌ر وه‌ك تاكێك كۆمه‌ڵێكی ناڕه‌زایه‌تی پێك دێنن،هه‌ر وه‌ك تاكێكیش پاداشتی ده‌نگ هه‌ڵبڕین وه‌ر ئه‌گرن،كه‌ له‌م وڵاته‌ سه‌ره‌تا ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆ و ده‌ست له‌ جیی وه‌ها ده‌نگ هه‌ڵبرینێكه‌،به‌ڵام به‌رهه‌مه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ی بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگا ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كۆی تاكه‌كانه‌ و یه‌كه‌م ده‌ستكه‌وتی ئازادی ده‌بێت،ئازادی ڕاده‌ربڕین و كۆبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندان و نا وتن و چه‌نده‌ها به‌رهه‌می به‌سودی تر كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها ناون و به‌س!


ڕاسته‌ یه‌ك كه‌س شۆڕشی پێ ناكرێت،به‌ڵام ئه‌توانێت شۆڕشێك ده‌ست پێ بكات،به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ شۆڕشی تونس دژ به‌ دیكتاتۆری و شۆڕشی ڕه‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكا دژ به‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی له‌و وڵاته‌ كه‌ ئافره‌تێكی ڕه‌شپێست ته‌نها به‌ یه‌ك نا وتن ده‌ستی پێ كرد، تا ده‌گاته‌ بڵند گۆی نا وتنی گاندی دژ به‌ ئیمپراتۆرییه‌تی ئه‌وكاته‌ی به‌ڕیتانیا. هه‌موو ئه‌مانه‌ یه‌ك "نا" بوون،كه‌ بوونه‌ سه‌دان و ملیۆنان نا،خۆ گه‌ر "نا"ی یه‌كه‌م نه‌بووایه‌،ئه‌وا ئه‌و كات هه‌موو خاڵیان له‌ ژێر پیته‌كان ده‌نوسی و ئاوازی " با " وتنیان ئه‌هۆنییه‌وه‌. "با"یه‌ك كه‌ ته‌نها و ته‌نها زنجیره‌ی له‌ یه‌ك نه‌پچڕاوی ده‌سه‌ڵاتی باوك كوڕ كوڕه‌زا به‌رده‌وامی پێ ئه‌دات و پۆسته‌كان به‌ "ده‌ست ماچ كردن"ێكی "زاوا" بۆ "خه‌زوور" یه‌كلایی ئه‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا "برازا"ی بێت!


بۆیه‌ گه‌ر ئومێد و ئاسۆیه‌ك بۆ ئازادی له‌ كوردستان پێشبینی و به‌دی بكرێت،گه‌ر خواستێك بۆ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری هه‌بێت،ئه‌وا ده‌بێت هه‌ر تاكێك هه‌ست به‌ قورسایی ده‌نگی خۆی بكات و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌زاران،به‌ڵكو سه‌دان هه‌زار ده‌نگی تر دژ به‌ "باوك" و "كوڕ"ه‌كان،دژ به‌ "خه‌زوور" و "زاوا" و ده‌یان جۆری تر له‌ خزمایه‌تی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە