کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مانگرتن بە ئامانج گەیشت یان ئۆجەلان شكستی پێهێنا؟!

Sunday, 25/11/2012, 12:00





چالاكی مانگرتنی زیندانیانی دۆزی پارتی كرێكارانی كوردستان"پەكەكە"و پارتی ئازادی ژنانی كوردستان"پاژك" لە زیندانەكانی دەوڵەتی تورك لە باكوری كوردستان و توركیا كە بە ئامانجی جێبەج
ێكردنی مەرجەكانی تەندروستی، ئاسایش و ئازادی رێبەری گەلی كورد لە باكوری كوردستان عەبدولڵا ئۆجەلان و پەسەندكردنی مافی خۆپاراستنی گیراوانی كورد بە زمانی كوردی و لابردنی سەرجەم تەگەرەكانی بەردەم پەروەردە بە زمانی كوردی لە رۆژی (12)ی ئەیلولەوە زیاتر لە (700) كەس دەستیان بەو مانگرتنە كرد و دواتریش سەرجەم زینداندانیەكانی دۆزی كورد كە ژمارەیان دە هەزاركەسە لە زیندانەكانی توركیا بەشداری چالاكیەكە بوون. مانگرتنەكە (68) رۆژی بەردەوام كرد، هەڵبەتە ئەو شێوازە چالاكییە تا دواڕادە دیموكراسیانە و مەدەنیانەیە و كەسی چالاكگەر زیان بە هێچ كەسێك ناگەیەنێت لە پێناو بە دەستهێنانی ئامانجەكانی خۆیدا و كەسانی تر ناكاتە قوربانی، بەڵكو جەستە و گیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە و بەوشێوازە خەبات دەكات بۆ گەیشتن بە داواكاریەكانی و ناڕەزایەكانی دەگەیەنێت بە لایەنی بەرامبەر. بێگومان ئەم جۆرە چالاكییە مژارێكی تازە نییە لە مێژوی تێكۆشانی بزاڤی ئازادیخوازی باكوری كوردستاندا. لە سەرەتای هەشتاكاندا بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی شۆڤینیانەی دەسەڵاتی عەسكەرتاریەتی رژێمی توركیا كە لە بەرامبەر ئازادیخوازانی كورد لە باكوری كوردستان پیادە دەكرا و هەروەها بۆ تێكشكاندنی سیستەمی ئەشكەنجەی دڕندانەی ناو زیندانەكان كە لە ئەنجامی كودەتای دوانزەی ئەیلولی (1980) بەشێوەیەكی نامرۆڤانە گەلی كورد و ئەندامانی بزاڤە سیاسیەكەی كرابوو بە ئامانج، ژمارەیەك لە ئازادیخوازانی كورد كە لە ڕێبەرانی بزاڤی سیاسی باكوری كوردستان پێكهاتبوون دەستیان بە مانگرتن لە خواردن كرد، دوو لەو كەسانە كە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان بون تامردن دەستیان لە مانگرتن هەڵنەگرت، كەمال پیر و محەمەد خەیری دوورموش پێشەنگایەتی ئەو چالاكیەیان دەكرد، ئەوان بەگیانی خۆیان توانیان كۆتایی بەو سیستەمی ئەشكەنجە و هەوڵی تەسلیمیەتە بهێنن و ورە و مۆراڵی هاورێكانیان بگەیەنن بە ئاستێكی بەرز، ئەوان بە ئیرادەیەكەوە لە بەرامبە دوژمنانیان وەستان و تا كۆتایی ژیانیان سازشیان نەكرد، كەمال پیر لە دوا ساتەكانی تەمەنیدا لە ئەنجامی مانگرتنەكەیدا هەردوو چاوی نابینا دەبیت، بەڵام هێشتا نایەوێت ئەو ڕوداوە بە هەڤاڵەكانی بڵێت بۆ ئەوەی ئیرادەیان تێكنەشكێت، محەمەد خەیریش دواوتە و وەسێتی ئەوە بووە كە دەڵێت:"ئەگەر مردم لەسەرگۆڕەكەم بنوسن قەرزاری نەتەوەكەم بوم و نەمتوانی هیچی بۆ بكەم". بێگومان مانگرتنی زیندانیانی كورد جارێكی تر لە دوانزەی ئەیلولی (2012) گوزارشت لە دوو ڕەهەند دەكات:
یەكەم: ئەو ڕاستیە ئاشكرا دەكات لە دوای سی و دوو ساڵ لە كوشتن و "ئاسمیلا"كردن و نكوڵی كردن و بەكارهێنانی هەموو شێوازەكانی قڕكردن و پاكتاوكردن، دەسەڵاتدارانی تورك خاوەنی هەمان ئاوەز و لۆژیكی نەتەوەپەرستی و تاكڕەوی و فاشستیانەن. ئەو دەسەڵاتە بەناو ئیسلامیە میانڕەو و ڕیفۆرمخوازەش؟! هەر هەمان خوێندكار و پەیڕەوكاری كەمالیستەكانە و جگە لە پۆشینی دەمامكێكی ساختەكارانە بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆی هیچ جیاوازیەكی تر سەبارت بە چارەسەركردنی ڕیشەیی دۆزی ڕەوای گەلی كورد بەدی ناكرێت.
دووەم: چالاكی مانگرتن لە خواردن ئەو پەیامەی گەیاند بە دەسەڵاتدارانی توركیا و هەموو جیهان كە ئازادیخوازانی كورد لە دوای خەباتێكی دوور و درێژ ئێستاش بەهەمان ئیرادە و باوەڕی و لەخۆبردوییەوە داكۆكی لە مافی نەتەوەكەی خۆیان دەكەن و لەسەر هەمان ڕێچكەی كەمال پیر و محەمەد خەیری درێژە بە تێكۆشان دەدەن، بۆیە دەسەڵاتدارانی تورك كەوتنە ژێر بەرپرسیاریەتیەكی گەورەوە.
چالاكی مانگرتوانی كورد دەنگدانەوەی زۆر كاریگەری هەبوو لە كوردستان و جیهان بەگشتی، بەتایبەتی لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا و ئەسكەندەناڤیا چەندین پارت و سیاسەتوان و ئەندام پەرلەمان دەنگی خۆیان خستە پاڵ داواكاریەكانی مانگرتووانی كورد، جگە لەوەی ئەو مانگرتنە بوو بە هۆكاری بزاوتێكی گەورەی نەتەوەیی لە چوارپارچەی كوردستان و تەواوی ئەو شۆێنانەی كوردی تێدا دەژی، ئەو یەكێتیە نەتەوەیە كە بەرهەمی ڕەنجی مانگرتووەكان بوو پەیامێكی گرنگ بوو بە سەرجەم نەیارانی كوردستان، بەشێوەیەكی گشتی مانگرتنەكە زۆر بەسەركەوتویی كۆتایی هات.
لە راستیدا پەیامەكەی ئۆجەلان هۆكاری سەركەوتنەكەبوو بە پێچەوانەی ئەو بۆچونانەی پیان وایە ئۆجەلان شكستی بە چالاكییەكە هێناوە، هەموو كەس ئەو ڕاستیە دەزانێت ژیان لە دەستدانی مانگرتوویەك كارەساتی گەورەی بەدوای خۆیدا دەهێنا و كاردانەوەی زۆر خەراپ و پڕ لە توندوتێژی دەهاتە ئاراوە، دواجار ڕەوشەكە بەرەو ئاقارێكی ترسناك ئاراستەی دەگرت و ئاسایی كردنەوەشی زۆر ئاستەم دەبوو، بەڵام ئەوەی ئۆجەلان كردی تا دواڕادە مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی بوو، ئەو بۆچونەش كە پێیوایە بە مردنی چەند كەسێك لە مانگرتووەكان چالاكیەكە بە سەركەتن دەگەیشت، بە بڕوای من بۆچونێكی هەڵەیەوە و تەنها حەز و ویستێكی مەرگ دۆستیەوە هێچی تر نییە. ئەگەر ڕاستەوخۆش نەبێت ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارانی تورك بەشێك لە داواكانی مانگرتوانیان جێبەجێ كردووە، وەك "میناك" نمونە بەرگری كردن لە دادگا بەزمانی كوردی یاساخ بوو، حكومەت بڕیاریدا لە ئێستا بەدواوە زیندانیەكان دەتوانن بەزمانی كوردی بەرگری لە خۆیان بكەن و گۆشەگیری توندی سەر ئۆجەلان وەكو پێشتر نەماوە جگە لە سەردانی كردنی محەمەدی برای وەزیری دادی توركیاش سەردانی كردووە، ئێستاش هەوڵدانێك لە ئارادایە هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی سەردانی ئیمرالی بكات، هەروەها ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەكات پێویست بكات دیدارەكان لە گەڵ ئۆجەلان دەست پێدەكەینەوە، خاڵێكی سەرنج ڕاكێشی تر ئەوە بوو لە كاتێكدا لەسەر ئەوەی خەڵك دەیوت بەرێز ئۆجەلان پۆلیسی تورك دەستگیری دەكردن، بەڵام لەو رۆژەدا پەیامەكەی ئۆجەلان گەیشت لە كۆڵان و شەقامەكانی شاری ئامەد گەل ڕووبەڕووی پۆلیس ببۆوە، لە (17 11 2012) لە شاری ئامەد بەدرێژایی رۆژ چالاكییەكان بەردەوام بوو، لە دوای رایگەیاندن و بڵاوبوونەوەی هەواڵی چاوپێكەوتنی ئیمراڵی پۆلیسی تورك بە بڵندگۆ بانگەوازی لە گروپە چالاكگەرەكان كرد بۆ كۆتایی هێنان بە چالاكیەكەیان. جێگای سەرنج بوو كە پۆلیسی تورك بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە شەقام بە شەقام، كۆڵان بە كۆڵان دەگەڕان و بانگەوازیان دەكرد كە (ئۆجەلان وتویەتی كۆتایی بە مانگرتنەكان بێنن).
لە ڕاستیدا ئەوە بۆ خۆی سەركەوتنێكە، پۆلێس بەزریپۆشی دەوڵەتەوە بانگەوازی ئۆجەلان بڵاوبكاتەوە، هاوكات چەندین نوسەر و رۆژنامەوانی ناوداری توركیا پەیامەكەی ئۆجەلانیان بەرز نرخاند. هەوڵئەدین بەشێك لەو بۆچونانە بخەینەڕوو، ئەوەشمان لە یاد نەچێت ئۆجەلان نەیوتووە دەستبەرداری چالاكیەكانتان بن، بەڵكو ئەڵێت ئەركی خۆتان مەخەنە سەر شانی زیندانیەكان، ئەمەی خوارەوە ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجەلان و بەشێك لە بۆچونەكانی نوسەرەكانی توركیایە سەبارەت بەو ڕەوشە.
پیامی بەرێز عەبدوڵائۆجەلان؛ ئەوانەی دەستیان بە مانگرتن كردووە (واتا مانگرتووانی زیندان) كاری پێویست و بەرپرسیارێتی كاری ئەوانەی دەرەوەیان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان. با ئەوانەی دەرەوە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان نەخەنە سەر شانی ئەو زیندانیانەی كە لەناو هەلومەرجی زەحمەت، نەخۆشی و چوار دیواردان. لە گەڵ‌ ئەوەی كە مانگرتن وەكو چالاكی بە تەرزێكی راستی نابینم، ئەگەر مانگرتن دەكرێت، ئەوە پێویستە نەك ئەوانەی لە ژوورەوەدان، ئەوانەی دەرەوە بیكەن. چالاكی مانگرتن زۆر واتادارە. ئەم چالاكییە جێگەی خۆی گرتووە و بە ئامانجی خۆی گەیشتووە. بێ هیچ دوو دڵییەك، با دەستبەجێ كۆتایی بە مانگرتن بهێنرێت. لێرەوە سڵاو لە هەموو مانگرتووێك و یەكە بە یەكەی مانگرتووانی گرووپی یەكەم و دووەم دەكەم"، لای‌ خۆیشیەوە سەعدوڵڵا ئەرگین سەرۆكی‌ دادی‌ توركیا هەواڵی‌ چاوپێكەوتنی‌ لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتڕاستكردەوە و ووتی:"‌لە كاتی‌ مانگرتنی‌ زیندانیان چاوی‌ بە ئۆجەلان كەوتووە، ئەوەش شتێكی‌ نوێ‌ نییە، چونكە هەركاتێك پێویست بكات، چاوپێكەوتن لە گەڵ ئۆجەلاندا ئەنجامدەدەن" ئەردۆغان دەڵێت " هەر كاتێك پێویست بكات چاوپێكەوتنەكانیان لە گەڵ ئیمڕاڵیدا دەستپێدەكەنەوە" محەمەد عەلی بیراند ڕۆژنامەوان‌ و شرۆڤەكاری سیاسی بەناوبانگی توركیا، ئەڵێ "بە ڕای من ئۆجەلان سیاسەتوان ‌و ڕێبەرێكی زۆر بەهێز و بەتوانایە و تەنها ئەو دەتوانێت كێشەی كورد لە توركیا بۆ هەمیشەیی چارەسەر بكات، لە دوای ساڵی‌ (2015) دەرفەتی ئەوە هەیە كە ئۆجەلان وەكو سەركردەی پارتێكی سیاسی‌ و نوێنەری خەڵك بڕواتە پەرلەمانی توركیا" ڕۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری كەناڵی خەبەر تورك ڕایگەیاند "من هەقم بەو قسانەوە نییە كە ئەڵێن ئۆجەلان سەرۆكی رێخراوێكی تیرۆرستییە ئەوەی من ئەمەوێ بڵێم و ڕاستییە ئەمڕۆ ئۆجەلان ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە توركیادا هێزێك ئەگەر هەبێت بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەوە ئۆجەلانە و بە دووەم و بەكاریگەرترین كەس دێت لە توركیا لە دوای ئەردۆگانەوە، زۆر بانگەشەی ئەوە كرا كە ئۆجەلان لە زیندان بێكاریگەر بووە ئەوەش ڕاست نییە ئێمە بەچاوی خۆمان شتەكان ئەبینین و ئەوەشمان بیر نەچیت ئۆجەلان لەنێو چوار دیواریشدایە". ئەحمەد ئاڵتان نوسەری ناوداری توركیا لە نوسێنێكیدا ئەڵێ:" هەرچەند سەردەمی پێغەمبەرەكانیش بە سەر چوو بێ، موعجیزەكان هەروا بەردەوامن لە ساتەوەختی شكانەوەی كێشەی كورد بۆ كێشەیەكی هەرە خوێناوی و گەورە لە توركیا، كەسێك لە دوایین چركەكاندا بە موعجیزەیەك گەڕایە و حكومەت كە وادیارە قیبلەنمای ئەقڵی شۆپاندوە، رێگەی بۆ موعجیزە خۆشكرد، بۆیە دەبێ هەموومان شوكرانە بژێر بین، بەڵام ئەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو موعجیزەكەی بەدی هێنا، ئەگەر ئەم مانگرتنە كۆتایی نەهاتبایە و ببوایە هۆكاری گیان لە دەستدانی مرۆڤێك، ئەوا هیچ كەس نەیدەتوانی پێش بە دەرئەنجامەكانی بگرێت، ئەمڕۆكە لە رووی چارەسەركردنی مەسەلەی كوردەوە، هیچ كام لە سیاسەتمەدارانی تورك، سیاسەتمەدارانی كورد و بەڕێوەبەرانی پەكەكە لە قەندیل، خاوەنی ئەو هێزە نین كە ئۆجەلان هەیەتی، بێ بوونی ئۆجەلان ئەشێ شەڕ رووبدا، بەڵام بێ بوونی ئەو ئاشتی بەدی نایەت بۆ جارێكی دی، ئۆجەلان ئەم راستیەی نیشانی هەموو لایەكدا دەبێ دان بەوەشدابنێین كە ئۆجەلان لە مەیدانی سیاسەتدا سەرۆكێكە رۆڵی ئەستێرە‌ی هەیە" دەرئەنجام ئەو ڕاستیە بەڕونی بەدی دەكرێت دۆست و دۆژمن ڕۆڵی كاریگەری ئۆجەلان باش دەزانن، بەڵام ناهەقیەكی گەورە بەرامبە بەو مرۆڤە مەزنە دەكرێت كە لە دورگەیەكی دوورە دەستدا گۆشەگیریان كردووە، لە كاتێكدا دەزانن بە بێ بونی ئەو كارەساتی گەورە لە توركیادا ڕوودەدات، بەهیوای ئازادی بۆ ئۆجەلان و ئاشتیەكی هەمیشەیی بۆ كوردستان، ئەو وڵاتانەش كە شەڕ بەبنەما دەگرن دواجار دەبێت مەلكەچی ئاشتی بن، دڵنیام لەوەی ئەمڕۆ یان سبەی ئۆجەلان ئازاد دەبێت و وەك كەسایەتێكی جیهانیش دانی پێدا دەنرێت، چونكە تێكۆشانی ئۆجەلان نەك تەنها بۆ گەلی كورد بۆ تەواوی مرۆڤایەتییە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە