هاوڕێم سەردەشت عوسمان
Tuesday, 11/05/2010, 12:00
دوێنێ تیری دەستی ڕوانگە ڕەشەکان ، وەک گورگی برسی کۆترێکی بە خاوەنی نێوباخچە خەوتوەکانی وڵاتی ڕەشپۆشیان لەپەلوپۆخست ، هەرچەند کردیان و کۆششیان کرد پەڕەی تەمەنیان لە دەفتەری ڕەوشت و هزری خەڵکدا بسڕنەوە ، بەڵام سەرکەوتو نەبون .
بەردەوام بون لەکۆڕدا ، ورتە ورتیان چرکە و ساتەکانی بیری لەرزۆکیان ، بەفێرۆ نەدەداو بەدوای قەپاڵێکی تر و لەجێگەیەکی تردا دەگەڕان ، چۆن بتوانن کۆترێکی سپی بێ خەل و خیشی تری (خەش) وڵاتی ڕەشپۆش لەتەمەن بتارێنن .
دوێنی لە تەنیشت گڵکۆی پەیامبەری کچەجوانەکانی مەملەکەتی ئەنفالدا ، بابەگورگوڕ نوێژی بۆ سۆرانەکان دادەداو بەهەنسکی گریانەوە سڵاوی لەخوای پەروەردگار دەدایەوە . بەدەم خوڕمەی گریان و پاڕانەوە هەردو دەستی بۆسەروخۆی بڵند دەکرد و دەیوت : گەر تائێستا زمانم لەئاست ناحەقییەکانی سەدای باوەقوژی گۆشەکانی تاوان هەڵنەبڕیبێت ، ئەوا لەئاست ئەم ناحەقییەدا کەجەستەم بۆ هەزاران جاری تر زامدار دەکاتەوە ، بێ دەنگ نابم .
چیتر ناهێڵم بەناوی وشەی بریقەدارو مەدرەسەکانی کوردایەتی و ڕستە ڕزیوە زەرورییەکانی سەرکردەی ناسەرکردەو فرمێسکە تیساحاوییەکان ، ڕۆڵەکانمان بۆ کورەی شەڕی ناوخۆو سەنگەری حیزب و قوتی بونی سەرکردە بەرن و زەنگی دەسەڵاتی تاک ڕەوی لێبدەن . بێدەنگی هەڵنابژێرین .
چەند ڕۆژێکە چاوم لەسەر سین ناوەکانە ، خەندەکانم ، فرمێسکەکانم ، هەنگاوەکانم ، هەستم لەگەڵ ئەندێشەمدا ئاڵاوە . پەرییەکانی وڵاتی سین ' ناوەکان (لە سۆرانەوە تا سەردەشت و سەردارەکان و سیروانەکان) لەگەڵ خۆیاندا ڕۆحم هەڵ دەفڕێنن ، لێرە سەرم سوڕماوە ' پەرییەکان هەمویان ڕەشن و بەقوڵپ دەگرین ، ماتومەلورن ، خەندەی سەرلێویان بەئاهو وەیلەو وەیلاوە هەڵفڕیون و بەدەوری بەهەشتییەکاندا خەرمانەیان داوە . لەلایەک لەجوانی کارەکتەرو شێوەو باڵای سین' ناوەکان سەریان سوڕاماوەو لەلایەک لەوەتەی هەن ئەوان میراتگری پۆشاکی سپین و ئێستابەبەری ئەوان بڕاوە .
ئاخ کە کۆست گرانە ، ڕەبی کۆستی ئەوانە کەوێت کەکۆستی دایکانی جوانسالاری بەموڕاڵ و داوێن پاك و دڵسۆزانی بارەگای گەل دەخەن . کۆستیان کەوێت وەچەی نوێ لە دوای خۆیان جێنەهێڵن . کۆستیان کەوێت نەک بۆخۆیان ، بەڵکو مێژووە پڕشەرمەزارییەکەشیان کۆتایی پێ بێت و ئاسەواریان نەمێنێت .
ڕۆڵە کوڕە جوانسالارەکانی وڵاتی قەتماخەدراوی تیرۆری خۆماڵی ، ئەوانەی تۆیان کوشت ، ڤایرۆسی وشەی جوان و باڵای جوان و نێتی جوان و جوانی ناوجوانانن . ئەمانە ناوەڕۆک بۆگەن و دەم بۆگەن و جەستە بۆگەنن ، بۆیە لەئاست جوانییەکاندا ، دڕندەو ئاژەڵێکی ترسناکن .
ڕۆڵە ئێستا لەخەمی تۆدا خۆم دەخۆمـەوە ، تارمایی بەرپێڵوی چاوانم مێژوی ئازایەتی سین ناوەکانم بۆدەگێڕێنەوە . سەرداری سەرداران لە تەنیشت (قەرا) دا دەمانچەکەی لە سەر سنگی پیاوەکانی ئەژدیهاکی سەدەی بیسدا خاڵی خاڵی کردەوە و هەر بەپێوە شەهید کرا .
کوڕە ڕۆڵە سۆرانی کوڕەزای بابەگوڕگوڕ پەیامی سەردارەکانی لەئەستۆ گرتو لەنوکی قەڵەمەکەیەوە وەک عەساکەی موسا ڕەشبیرو ڕەشڕەفتارو ڕەش ڕوانگەی وڵاتی تۆیان بەرهۆزی ڕەخنەو توانج دەداو پاشان پەڕە شەرمەزارییەکانی مێژوی ڕەشی ڕەفتار و ژیانیانی هەڵدەدایەوە .
کوڕە ڕۆڵە سەردەشت ، تۆ سمبولی بوێری و هەڵگری دبلۆمی ئازادیت ، لە بوێریدا ئازادی هەڵدێت ، ئەوانەی لە ئازادی مرۆڤەکان دەترسن کەسانی ترسنۆک و هیچ لەباردا نین . تۆ هەڵگری ئاڵای گەلێکی بوێرو میراتگری پەپولەکانی ئەنفال و بەرگ سپیەکانی ولایەتی شارەزوریت ، تۆ سەنگەری ویژدان و داینەمۆی بەرهەڵستکاری ناحەقیت .
لای ئەوانەی تۆیان شەهید کرد ، نەمانی تۆ زەرورەت بو . خاڵی ویستگەی پەیامیان بو ، زۆر لەمێژ بو باهۆزی ناحەقی و نامرۆڤانەیان هەڵکردو دوا تیریان سەرسنگی تۆ ئاراستەیان بو . هەر ئەم زەرورەتە دوا پیلانیان لەبین دەبات . سلێمانی بووە واقیع و لەدەستیان چو . بەنەمانی پەیامبەری مرۆڤی ئازاد ، هەولێر لە سەرلێواری لەدەست چونە ، ئەوان لە قەیرانی سیاسی و موڕاڵی و ئیداریدان تەنها ، بەتیرۆرو جیهانی شەر بۆ ماوەیەک خۆدەگرنەوەو هەنگاوی شەرمەزاری دەنێن .
کونجــرینی
١٠ /٥/٢٠١٠
[email protected]هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی میژوی پەنجا ساڵی ڕابردو ، یەکەم پیت تا دوا وشەی باسی شەرمەزاری گەلێک دەکات . خۆشبەختانەی ئەم مێژووە مۆرکی کوردی پێوە نییە ، بەڵکو هی بارزانی و تاڵەبانییە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست