حكومەتی تەكنۆكراسی یان بەردەوامبوون لە خەبات؟
Sunday, 06/03/2011, 12:00
لەباری ئێستای كوردستاندا گەلێك پێشنیار وەبەرچاو دەكەوێت وەك چارەسەرێك بۆ ئەو بارە ئابووری وكۆمەلایەتیەی كوردستانی پێدا تێدەپەرێت. یەكێك لەوانە پێشنیاری حكومەتیكی تەكنۆكراسیە لە سەرانی (گۆڕان) ەوە. ئیمەیش لیرەدا هەوڵدەدەین زۆر بە كورتی دەرگایەك بەرووی ئەو باسەدا بخەینە سەرپشت.
میژووی تەكنۆكراتەكان: زۆر بە كورتی مێژووی بزووتنەوەی تەكنۆكراسی دەگەرێتەوە بۆ دەیەی دووهەمی سەدەی بیست.
حكومەتی تەكنۆكراسی: یەكیك لە كۆنترین قوتابخانەی ئیدارەی دەولەتی نوێ، حكومەتی تەكنۆكراسیە، قوتابخانەیەك كە بە چارەسەریك دادەنرا بۆ رێكخستنی ئابووری بە باشترین شێوە. پێشنیاری تەكنۆكراتەكان ئەوە بوو كە رێكخستنی زانستیانەی ئابووریی، بخرێتە جێگای سیاسەت.
ئەمریكا وەك نموونەیەكی میژوویی: سەبارەت بە تەكنۆكراتەكان، ئەو باسەی پێویستە روون بكرێتەوە وەلامی ئەم پرسیارەیە: ئایا لە هیچ زروف وزەمانێكدا، تەكنۆكراتەكان توانیویانە بیسەلمێنن كە گوایە بۆچوونیكی بێ وێنەیان پیشكەش بە كۆمەلگا كردووە بۆ چارەسەری دەردە كۆمەلایەتیەكان؟
ئەگەر بە میژوودا بچینەوە دەبینین چەرخی زێڕینی تەكنۆكراتەكانی هەموو جیهان، سەردەمێكی ئێجگار كورتە لە سەرەتای سیەكانی سەدەی بیستەمی ئەمریكادا. ئەوكاتەو لەبەردەم گێژەڵوكەی گەورەترین ئەزمەی ئابووریدا كە هەموو سووچێكی جیهانی تەنیبووەوە، ژمارەیەكی بێئەندازە لە پێشنیار، لە تەكنۆكراتەكانەوە پێشكەش دەكرێت بۆ چارەسەری ئەو ئەزمە ئابووریەی لە بەردەوامبوون و قوولبوونەوەیدا، گەورەترین جەنگی خوێناوی وكاولكارانەی پێشكەش بە مرۆڤایەتی كرد.
هەر بەو مانایە، ئەزمەی سالانی سیەكانی سەدەی بیست وجەنگی جیهانی دووهەم، باشترین قوتابخانەی میژوویین بۆ دەرئەنجام وەرگرتن لە فەشەلی یەكجارەكیی تەكنۆكراتەكان. گەورەترین كەسادی ئابووری لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا، كە زۆرترین ژمارە لە هەژاری وبیكاری بەدوای خۆیدا بەكێش دەكات، هاوجووتە لەگەل سەردەمی پیشنیارە فاشلەكانی تەكنۆكراتەكانی ئەوروپاو ئەمریكادا. تەكنۆكراتەكان هەرگیز بۆیان نەسەلمێنرا كە باشترین پێشنیاری مێژووییان پێیە بۆ رێكخستنەوەی ئابووری لەسەر بنەمایەكی زانستی وفۆرمەلە كردنەوەی ستراكچەری كۆمەلگا لە بەرژەوەندی هەموو تاكەكانی.
سەرانی (گۆڕان) وحكومەتی تەكنۆكراسی: ئەگەر لەچاوی مێژوویەكی نزیكەوە بروانینە ڕۆڵی سەرانی (گۆڕان) هیچ بەدی ناكەین فەشەلێكی نوێ نەبێت. لە تاقیكردنەوەی یەكەمی (گۆڕان)، هیچمان نەچنیەوە تێشكان نەبێت. ئەوەی میژووی رابووردووی مرۆڤایەتیش بەدەرس بۆی جیهیشتووین دەربارەی رۆلی تەكنۆكراتەكان لە میژوودا كە پێشنیاری داهاتووی (گۆڕان)ە بۆ چارەسەری دەردە كۆمەلایەتیەكانمان، ئەویش دووبارە هیچ نیە ئامادەكاریی نەبێت بۆ تیشكانێكی گەورەتر. لەهەردوو حەڵەكەیشدا، جەماوەر رووبەرووی داهاتوویەكی چارەنووسساز دەبێتەوە، وە بە دلنیاییەوە لە راپەڕینی داهاتوودا، تەكنۆكراتەكان خۆیان دەبنە هەدەف. واتە دواین چارە بەردەوامبوونە لە خەبات. دەبا چۆنیەتی ئەو خەباتە راوێژ بكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست