لە بارەى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە قسەیەك لە سەر قەڵەمەكانى شەڕى ناوخۆى دوێنێ و قەڵەمە توندڕەوەكانى ئەمرۆ
Wednesday, 27/05/2009, 12:00
پێش و دواى راگەیاندنى رۆژى سازدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان هێرشێكى توندو و سەرسەختانە لە لایەن راگەیاندنەكانى پارتى و یەكێتى دەستى پێكردوە بۆ سەر ئەو حیزب و لایەن و گروپانەى كە بە بڕیارى بەشدارى كردنیاندا بوو بە لیستى جیاواز، ئەو رەخنە و تەشهیرانەش لە سەر ئەو لایەنانە زیاتر زەق بوونەوە كە داواى چاكسازى و گۆرانكارى لە سیستەمى سیاسى هەرێم و جیاكردنەوەى حیزب و حكومەت و رێز گرتن لە پڕەنسیپى مافەكانى مرۆڤ دەكەن.
ئەو هێرش و شكاندن و چەواشەكاریەى راگەیاندنى حیزبى دەسەڵاتدار بۆ سەر لیستى چالاك و خاوەن دەنگەكانى گۆرەپانى هەرێم جگە تێكدانى رەوشى ئەمنى و لە كەدار كردنى سومعەى هەرێمى كوردستان و ئاراستە كردنى بارودۆخەكە بەرەوە توندوتیژى و پێشێلكارى یاساى و تەزویر هیچ بەرهەمێكى ترى نابێت، هەموو لایەكیش زەرەرمەند دەبێت، جگە لەو قەڵەم سیس و كەم مەعریفیانە نەبێت كە نانى دەمیان لەو جۆرە نووسینە تەشهیر ئامێز و توندوتیژیانە دەبینێتەوە.
ئەم نوخبە رابردوو خراپ و خاوەن " قەڵەمەكانى شەڕى ناوخۆ" بۆ مانەوە درێژەدان بە حوكمڕانى حیزبى و پاراستنى بەرژەوەندى تایبەتى و راگرتنى گەشەسەندنى پرۆسەى دیموكراسى و جێگیر كردنى چەمكى چۆڵ نەكردنى "كوڕسى دەسەڵات"، هەموو هەوڵ و توانایەكیان خستۆتەگەڕ بۆ وەستاندنى كاروانى گۆڕانكارى و نوێ بوونەوە.
ئەوانەى دوێنێ لە رێگەى نووسینە ژەهراوى و توندەكانیانەوە گەنجى كوردیان بە كوشت دەدا و شەرعیەتیان بە شەڕى ناوخۆ و هەتك كردنى كەرامەتى مرۆڤى كورد دەدا دیارە ئەمرۆش هەمان ئەو سەرو سیمایانە كە لە رابردوو سەنگەرى قەڵەمیان لە یەكتر گرت بوو بەنزینیان بە ئاگرى شەڕى ناوخۆ دادەكرد ئەمرۆ لە "هاوپەیمانیەتیەكى نا ئەخلاقى" دەستیان لە ناو دەستى یەكتر ناوە، شەڕ بە بەراست و چەپى خۆیان دەفرۆشن هەرچى بە وشەیەك ناڕەزاى لەو دۆخە نا تەندورستەى هەرێم دەرببڕێت بە هەزاران تۆمەتى بۆ دروست دەكەن لە چەشنى دەست لە پشتەوەدان لە لایەن دوژمنان كورد و كاركردن بۆ رووخانى حكومەتى هەرێم و جاسوسى بۆ وڵاتانى ئیقلمى هەزار یەك ناویترى بۆ دەدۆزنەوە.
ئەوەى لەم چەند رۆژەى رابردوو هەستى پێ دەكرێت بریتیە لە نەخشاندنى تابلۆیەكى خوێناوى كە ناونیشانەكەى بریتیە لە "توندوتیژى" و دووبارە كردنەوەى ئەزموونى شەڕی ناوخۆیە كە هەندێك گۆڤار و رۆژنامەى حیزبى دەسەڵاتدار كە لە رابردوو ئەزموونێكى ناشیرنیان لەم نێوەندە گێڕاوە ئەمرۆ هەوڵدەدەن بە هەمان ستایلى پێشوو بخوێنن دیسانەوە ئەم هەرێمە لە گۆمى خوێن بگەوزێنن.
ئەو هێرشە چڕانەى راگەیاندنى پارتى و یەكێتى بۆ سەر هەر دوو (لیستى گۆڕانى) نەوشیروان مستەفا و (لیستى خزمەتگوزارى چاكسازى) چوار حیزبەكە بە سەرۆكایەتى سەڵاحەدین بەهائەدین، جگە لە سەلماندنى نەفس كورتى ئەو دوو حیزبە لەگەڵ چەمكى دیموكراسى و هەڵبژاردن هیچى تر ناگەیەنێ.
بەڵگەیەكى حاشاهەڵنەگرە لە سەر فێرنەبوونى وانەى ئاڵوگۆڕ كردنى دەسەڵات بە رێگەى ئاشتی و دیموكراسیانە و دوور لە توندوتیژى و حیكمەتى "لوولەى تفەنگ"، ئەگینا كام لەو لایەنە سیاسى و لیستانە وەكو وڵاتانى رۆژئاوا هاتوونە كێشەیەكی بچووك زەق بكەنەوەك و بیكەنە بابەتى بانگەشە كردن بۆ كۆكردنەوەى زۆرینەى دەنگى خەڵك و هەڵگەڕاندنەوەى جەماوەڕ لە دەسەڵات ئەوەى ئەو لیستانەش دەیڵێن بەشێكى بچووكى هەزار كارى نایاساى و دژە مافى مرۆڤە، ئەگینان جگە لە شێواوى سیستەمى سیاسى بگرە بە دەیان پێشێلكارى و زەوتكردنى مافەكانى هاوڵاتى و گەندەڵى و بە هەدەردانى سامانى نیشتیمانى لەم هەرێمەو لە سایەى ئەو دوو حیزبە روودەدات.
پێویستە سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت و بەرپرسە باڵاكانى حیزبى ئەو هەڵسوكەوتە توندوتیژیانەى هەندێك لە قەڵەم بەدەستانى حیزبى دەسەڵاتدار بە جدى وەربگرن، سنوورێك بۆ ئەو كارە تەسعیدى و ئاژاوەگێڕیانە دابنێنن (مەبەستم سانسۆڕ خستنە سەر ئازادى راِدەربڕین نیە) چونكە ئەگەر ئەم رەوشە بەردەوام بێت دوور نیە شەڕێكى ترى ناوخۆ بەرۆكى ئەم میلەتە بگرێت، دیسانەوە قوربانیەكە خەڵكى هەژار و ئاسایى بیدات و ئەو بەرپرس و نووسەرانەى شەڕى ناوخۆ كە ئەمرۆ سەرقاڵى داڕشتنەوەى هەمان نەخشەى ئەو شەڕە ئەمجارەیان لە رێگەى هاندانى كەسانى ناهۆشیار و جەماوەرى حیزبەكانیان لە دژى لیستى (لیستى گۆڕانى) و (لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى)، سەرەنجام ئاراستەى ململانێ سیاسیە مەدەنیەكان بەرەوە ئاقارێك ببات كە هیچ لایەكمان ئاواتى بۆ ناخوازین رەنگە شەهادە بە ئەزموونە فاشیلەكەى مۆگابى لە زیبباۆى ببەین.
ئەو هێرشانەش جۆرێك لە سوكایەتى كردن بە خودى سەركردەى ئەو دوو حیزبەو مێژووەكەیان ئەگینا ناوبردنى توێژێكى بەرفراوان و گرینگى ئەم هەرێم بە بە (فەوزەوى) و بەشێكیتریش (بەندیخانەى عەقڵ) و میدیاى ئازاد و سەربەخۆ و ئەهلیش بە (ئەجێنداى دەرەكى لە دژى ئەزموونەكەمان) لە لایەن راگەیاندێكى حیزبى دەسەلاتدارەوە، نەك دەرچوونە لە ئەخلاقى كارى رۆژنامەوانى بگرە سوكایەتیەكى راستەوخۆیە بەو مێژوو و عەقڵیەتى ئەو دوو حیزبە و سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت، چونكە سەرۆكى هەرێم مەسعود بارزانى سەرۆكایەتى ئەنجومەنێكى دەكرد، لە كۆى 7 ئەندامى 2 لە جەماعەتى (بەندیخانەى عەقڵ) بوون و سەردەمانێكى دوور ودرێژیش لە شاخ لەگەڵ ئەو گروپە فەوزەویە (كۆمپانیاى وشە) بە قەوڵى خۆیان، خەباتتان دەكرد و بە یەكەوەش راپەڕینتان كرد، پاشانیش نیەوەى كورسیەكەى (تاڵەبانى و بارزانى) بە رەنج و تێكۆشانى ئەو گروپە بە دەستهاتووە كە ئەمرۆ بەرپرسێكى ئیعلامى توندڕەوە بە (فەوزەوى) ناویان دەبات، كەواتا بە گوێرەى تەحلیلى حیزبى سەرۆكى هەرێم پاسەوانى (بەندیخانەى عەقڵ)ە و ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانیش شوێنى كۆبونەوەى زیندانیان عەقڵن! و توێژێكى بەرفراوانى خەڵكیش كە چاویان لە (نەوشیروان)ە گۆرانكارى بكات كەسانى فەوزاچى و تێكدەرن!
بۆیە دەبێت خودى سەرۆكى هەرێم بە وەریایەوە دێر بە دێرى ئەو جوێننامەو سوكایەتیان لە راگەیاندنى ئەو دوو حیزبەوە دەردەچن بخوێنێتەوە كە بەرامبەر لیستى جیا جیاكانى هەڵبژاردنەوە دەكرێت، (لە رابردوو و ئێستاش بەرامبەر میدیاى ئازاد بەردەوام)، چونكە تف كردن بەرەوە ئاسمان هەمیشە بە رووى خۆت دەكەوێت، بۆ سەركەوتنى پرۆسەى هەڵبژاردنی و رێگر تن لە سەرهەڵدانى توندوتیژى دەبێت سەرەتا ئەو هێرشانە رابگیردرێت، چونكە ئەو دوو حیزبە پێوستە باش لەوە حاڵى بن "گردەكەى زەرگەتە" وەكو بارەگاكانى یەكگرتوو نیە لە بادینان خۆى بێ دەنگ بكات و هەموو نا حەقیەك قبووڵ بكات، بە سوڵحێكى سیاسى كێشەى خوێن ڕشتن چارەسەر بكات، ئەو دوو حیزبە دەبێ چاك بزانن ئەمرۆ (سەڵاحەدین بەهائەدین) بە تەنها نیە بەڵكو سێ باڵى بەهێزى بە تەنیشتیەوەیەتى كە دوونیان پێشمەرگەى بە هێزى دەشتى شارەزوور و هەولێرن، كە خەباتى هیچ یەكێكیان لە هى بەرێزان تاڵەبانى و بارزانى كەمتر نیە.
جا هەر بیركردنەوەیەك لە توندوتیژى دەرەنجامەكەى وەك (پەرێوز موشەڕەف و بەنەزیڕ بۆتۆ)ى پاكستان لێدێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست