من کچە شەرڤانیم!
Friday, 10/10/2014, 12:00
بۆ كچە ئازاکانی نیشتیمان
من کۆبانیم
قەدەر هەموو دەرگاکانی لێداخستم
مردن نەبێت، مردن!
دەستەکانم پڕ لە گوڵ
پێکانم لە سەر میمی خۆکوشتنە
قاچ هەڵبرم!
هەپروون هەپروون دەبم
سەر هەڵبرم!
تەوێڵم نیشانەیە بۆ قەناسی دووژمن
دووژمن پێم دەڵێت:
یان پێکانت یان نیشانەی دەستی من
یان تەسلیم بوونت یان قەفەزی ئاسنینی من
کۆبانی دەڵێت:
تا شەرەڤانییەکم مابێت من کۆبانیم!
تا کچانی چاو ڕەشی نیشتیمانم مابێت
من کۆبانیم، کۆبانی!
گەر شەڕەڤانیەکیش نەما گەریلایەک دەستم دەگرێتو
دەمخاتە سەر قاچەکانم
من کۆبانیم، کۆبانی!
ئەگەر ئەویشم نەما پێشمەرگەیەک
ڕۆحم پێدا دەکاتو دەمخاتە سەر هەنگاوێ ڕێێ
ئەگەر ئەویشم چوو
من لە سەروەری مێژوویەک
بۆ ئەم سەدە نەگلیسو درۆزنە تۆماردەکەم!
من کۆبانیم، کۆبانی!
تەمەنم بە قەد پەنجەکانی هەردوو دەستم نابن
دووژمن پڕی کردووم لە ڕق
پێکانم لەسەر میمی خۆ کوشتنن
چاوەکانم کامێرایی ئەم سەدە نەگریسەیە بۆ دیموکراسی
قاچ هەڵبڕم هەپروون هەپروون دەبن
سەر هەڵبڕم تەوێڵم نیشانە بۆ دووژمن
من کچە شەرڤانیم!
دڵم پڕە لە حیکایەتی پەرەسێلکە و
کەنەسمە پەڕ ڕەنگینەکانی نیشتیمان
پەنجەکانم پڕ لە گوڵو
لێوەکانم بە ماچی یار سوور کردووە
من لەوەتەی هەم
خەون بە ئاو و گوڵ و
ئازادی و عەشقەوە دەبینم
نیشتیمان بە منەوە جوانە
ئێوارە بە منەوە جوانە
عەشق بە منەوە جوانە
هەر چۆنێک بڕوانم
دڵم پرە لە خۆشەویستی ئێوارە
دڵم پڕە لە نیشتیمان
من کچە شەرڤانیم لە ژووان دەگەرامەوە
دڵم وەک کانی هەڵدەقوڵا
دەستەکانم بەم پایزە
بۆنی ڕیحانەو گوڵی گرتبوو
لێوەکانم بە ماچی ژووان تەڕکردبوو
کە هاتمەوە، کە هاتمەوە!
ئای کەهاتمەوە!
ویستم حیکایەتی عەشق بۆ هاورێیانم بگێرمەوە
لێوەکانم بە ماچی یار سوور کردبوو
پێکانم لە خۆشیدا زەوی نەدەگرت
ئای! چەند خۆشبەخت بوو تەمەن
ئاێ! چەند جوان بوو عەشق
چاوەکانم پڕ بوون لە خۆشەویستی
ڕۆحم وەک پەرەسێلکە سەمای دەکرد
ویستم حیکایەتی عەشق بۆ دایەو باوە بگێرمەوە
ویستم خوشکە بچکۆلانەکەم لەباوەشبگرم
توند بینوسێنم بە خۆمەوە
ویستم بە دایکم بڵێم:
دایە گیان سوپاس بۆ تۆ کەمنت خستە ئەم دنیایەوەوە
ویستم دەستەکانی باوکم تێر ماچ بکەمو پێی بڵێم:
بابە گیان تۆ چەند مەزنیت!
بابە گیان تۆ چەند میهرەبانیت!
ویستم، ویستیم زۆر شت بۆ ماڵە درواسێکان بگێرمەوە
ویستم پێیان بڵێم عەشق چەند مەزنە
ماچی کورە شەرڤانی مەزنترە!
کەهاتمەوە، ئای کەهاتمەوە!
دایەو باوە لەباوەشی خوێندا هەڵکێشرابوون
دەستم برد بۆ لێوەکانم هەمان خوێن بوون
کە لێوەکانمی پێ سوور کرابوون
ویستم باوەشکەم بە خوشکە بچکۆلانەکەمدا
ئەو پێش ئەوان ئەنفال کرابوون
هاورێکانم هیچیان لەوێ نەبوون
کۆڵانەکان پڕ بوون لە بۆنی باروودو پۆستاڵ
شار یەک پارچە بۆنی مەرگی لێدەهات
شمشێر بەدەستەکان ، تارمایی پیاوە تاریکەکانی دۆزەغ
ماشینە ئاسنینەکانی جەنگ
هەمووی لێرە بوون
هەرچی کەرەسە مرۆڤ کوشتنە لێرە بوون
بەس خودا نەبێت!
لێرەوە زەنگی مردن لێدەدراو
لەسەر سنوریش کامێرای ئەم سەدە نەگلیسە
بە دووربین و ساتەلایت وێنەیان دەگرتین!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست