كێ نیشتیمان....... گەل.......؟!
Wednesday, 17/02/2010, 12:00
+ كورە بۆ ئەوەنە بیرى لێ ئەكەیتەوە كێ دەرەچێ، كێ دەرناچێ؟! كەى ئەوە موشكیلەى من و تۆیە؟! باوەڕت بێ سەرى قوتووى لگاوەكە بە دەست ئەمریكایە و سێ دەبڵەكەش هەر بۆ خۆیەتى!
- كوڕى باش چۆن موشكیلەى من و تۆ نییە، وا بۆ 18 ساڵ ئەچێ لە دواى خواردنى ئەو كنگر و ماستەى كە لەو بەهارەدا بە نرخى ئازادى و دیموكراسى خواردمان، لەو وەختەوە بیر ئەكەینەوە، چۆنى هەڵبژێرین؟! كێ هەڵبژێرین؟! لە پێناو چى هەڵیبژێرین؟! بەڵام هەرچى نەخشەیەك دائەڕێژین وەك یارى حەمامۆكێ یا خۆمان تێكى ئەدەیەن! یا لەولاوە ئاغاى ئەمریكا لێمان تێك ئەدا! ئەمە جگە لەوەى لە دواى كوشتارى ناوخۆیى، تۆزێ شعورمان پەیاكرد و ئاشتیەكمان سازدا، بەڵام لەبەر ئەوەى لە مێژوەوە برا كوشتەى یەكین، هیچ كاتێ لە رووى ناخەوە بەرامبەر بە یەك گومانەكانمان نەڕەویوەتەوە! هەربۆیە هەمیشە لە پاڵ دروشمى ئاشتەوایى و ستراتیژیدا بەردەوام خەریكى پاشقول و مزایەدەى سیاسین بەسەر یەكتردا.
+ برا تۆ واز لەم قسانە بێنە، باوەڕت بێ ئەم وەزعە هەروا بە ئاسانى چاك نابێ و ناگۆڕێ، بەڵام ئەوەى لەسەر ئێمەیە ئەركى ئەخلاقى نیشتیمانى خۆمان بێنینە جێ، ئەویش كە بچین دەنگ بدەین.
- ئەوەیان پەیوەندى بە خۆتەوە هەیە، بەش بە حاڵى خۆم نە دەنگ كۆ ئەكەمەوە! نە دەنگیش ئەیەم.
+ نا.. نا ئەوە بیركردنەوەیەكى خراپە، چونكە هەر هیچ نەبێ بۆ ئەوەى قەوم و قیلەى خوارووى سەر بە عەشیرەتى عەنتەر و عەبلەى شارى ئەبو جەعفەرى مەنسورمان پێخۆش نەبێ لە كەلى شەیتان وەرە خوارەوە و بیكە بە خاترى گۆڕى مردوەكانى ئەم هەرێمە و ئەو ئاڵایەى كە تاكو ئێستا هیچ وڵاتێ بە رەسمى نەیناسوە و زۆرجاریش خۆمان سەر بەرەو خوار لە دژى یەكتر هەڵى ئەواسین و هیچ وڵاتێكیش تاكو ئێستاكە لە بەرنامەى كەش و هەوایاندا ئەم سێ پارێزگایەى ئێمە ناخەنە شەستە و رەهێڵە و هەتاوى تین كە سەرى كەچەڵ ئەسوتێنێ، لەبەر خاترى ئەم رووداوانە هەر چۆنێ بێ ئەمجارەش نوكە قەڵەمێك بۆ حەمەتاڵى بانە لێدە.
- باشە بۆ ئێمەى نەگبەتى هەژار و داماو كە پێمان ئەوترێ (گەل، هاووڵاتى، میللەت) دەبێ هەمیشە هەڵخەڵەتاوى دەستى پڕوپاگەندەى لایەنى سیاسیى بین و هەرگیز وەك ئایندە بۆ نەتەوە بیر نەكەینەوە!
+ بۆ هەڵخەڵەتاوین؟!
- ئەى ئەوە نییە جەنابت وەك پڕوپاگەندەیەك هەر ئەڵێى لەبەر خاترى خاتران نوكە قەڵەمى لێبدە؟! ئەى باشە ئەوان بۆ ئەو شعورەیان لامیوان نییە رێزى سۆزى پێنج هەزار شەهیدیان نەگرت و فرۆكەوانێكى تاوانباریان لەبەر خاترى موزایەدەى سیاسیى و عەشیرەتەكانى عەنتەر و عەبلەى خواروو رەوانەى ئەوروپا كرد؟!
+ دەبەسە توخوا ئەڵێى پیرەژنى دۆ لێڕژاوى كاى كۆن ئەوەنە بە با مەكە و وەرە سەر دینى من و ناوى خواى لێ بێنە و بەڵێن بدە كە دەنگ ئەدەى! - كام دینە؟! دینێ مەڕۆ دینێى حەسەن زیرەك؟! یا ئەو دینەى كە تا دوێنێ هەندێ لە راگەیاندنەكان بە زمانێكى نەرم هەمیشە شاتە شات و شیڕە شیڕیان بوو و دەیانوت (ساڵح موتڵەگ) پەروەردەى حەبلى مەشنەقە و حەوزى تێزاب و تەقینەوە و كودەتا و...هتد، كەچى ئەمڕۆ لەبەر خاترى خاتران هەر ئەو موتڵەگە لە كونفە هەواڵێكى موزایەدەى سیاسییدا بوو بە مانیفێستى دیموكراسى هەڵبژاردن و زۆریشیان لێ بكەى ئەوا لە رووى قانوونى ئەمڕۆوە شاهێدیەكى تەزویر ئەیەن بە ملى خۆیاندا تەنها لەبەر ئەوەى پێگە و مەقامى شەخسى سەلامەت بێ، جا ئەوكاتە میللەت چى لێ بەسەر یەت ئەوا پەیوەندیەكانى نێوان ئەمریكا و موتڵەگ و حیزبی بەعسى نوێ و لایەنێكى كوردى خۆشبێ.
+ جا وا ئەوانەش روویدا ئێمە هیچمان پێ ئەكرێ؟!
- بەڵێ ئەگەر بۆ تەنها جارێك بە جورئەتەوە بڵێین نەخێر و ملكەچى داواكاریەكان نەبین ئەوا دەتوانین!
+ ئاخر دوایى پێمان ناڵێن ئەوانە دەستێك لە پشتەوەیانە؟!
- ئەى 18 ساڵە چ دەستێك لە پشت ئەمانەوەیە؟! ئەم گەلە لە سایەى ئەواندا تووشى نەهامەتى و دەردەسەرى بووە! ئەبێ خەتاى ئەمریكا بێ؟! یا زەعامەتى سیاسیى ناوخۆى خۆمان و مزایەدە كردن؟!
+ بەخوا من سەرم لەمانە دەرناچێ مەگەر هەر خۆت قفڵى كەیت!
- كاكە هیچ چارێك نەماوە هەر ئەوە نەبێ كە بڵێین كێ نیشتیمان ئەفرۆشێ و گەل ئەخەسێنێ؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست