سجن بۆ فاروق رەفیق، ژورى دیوەخان و پارەو پاسەوان بۆ سەرۆك جاشە ئەنفالچیەكان
Sunday, 17/04/2011, 12:00
هەردەم وتومەو دەیڵێم كێشەى دەسەڵات لە باشورى كوردستان لە گەڵ حزبێك یان كەسایەتیەك یان كۆمەڵێك خەڵك نییە، بەڵكو كێشەى ئەم دەسەڵاتە لە گەڵ كۆمەڵگەى مەدەنیدایە، ئەو كۆمەڵگە هۆشیارەى كە دەیەوێت گیرفانى حكومەت لە گیرفانى كەسەكان و حزب جیا بكرێتەوە، بەرپرسانى ئەم وڵاتە فرعەون ئاسا نەژین، ئەم وڵاتە بە موئەسەسات بكرێت و هەر كەسەو بە پێى لێهاتوویى و تواناى خۆى پێگەى خۆیى پێ بدرێت و خزمەتى وڵاتەكەى بكات و ئەم وڵاتە هى هەموان بێت، جیاوازى چینایەتى كەم بكرێتەوەو عەدالەتى كۆمەڵایەتى بەرقەرار بێت، بێ گومان عەدالەتى كۆمەڵایەتى نەك بە قسەو دروشم بەڵكو بە شێوەیەك خەڵك هەستى پێبكات و تێیدا بژێت، گەندەڵى بنەبر بكرێت و لێپرسینەوەو سزادان هەبێت.
ــ ئەگەر دەسەڵاتێك تا ئێستا یەك وەزیر یان یەك بەرێوەبەرى گشتى لە ماوەى (20) ساڵدا دادگایى نەكردبێت لەسەر گەندەڵى، ئایا ئەو دەسەڵاتە كێشەى لە گەڵ كۆمەڵگەى مەدەنیدا نییە؟.ـ
ــ ئەگەر دەسەڵاتێك تەنها لە گەرمیاندا (4) دادوەرى بە نایاسایى دامەزراندبێت ، ئایا ئەو دەسەڵاتە كێشەى لە گەڵ كۆمەڵگەى مەدەنیدا نییە، كە ئەمەش ناوى دادوەرەكانە(1 ـ نزار حسن كە بە (5) ساڵ بووەتە ئەندامى داواكارى گشتى.2 ـ جاسم كاكەیى كە لە تاقى كردنەوە راسب بووە3 ـ تارق جبورى و فریدون كە كوردى نازانن. هەروەها گومان لەسەر هەندێكى دیكەیان هەیە كە خزمەتیان كامڵ نەبووە وبە تزویر پریان كردووەتەوە. ئایا ئەو دەسەڵاتە كێشەى لە گەڵ كۆمەڵگەى مەدەنیدا نییە؟.ـ
ــ ئایا خەڵك نەزانێت ئەم دەسەڵاتە چى لە پارەى داهاتى نەوت دەكات و چۆن دەیفرۆشێت ، ئایا ئەو دەسەڵاتە كێشەى لە گەڵ كۆمەڵگەى مەدەنیدا نییە؟.ـ
ــ بەرپرسێكى سەربازى كە لە دووى ناوەندى راسب بووە ئێستا شەش بزنى هەیە دوو پاسەوانى بۆ ئەو شەش بزنە لەسەر بودجەى حكومەت داناوە، ئایا ئەو دەسەڵاتە كێشەى لە گەڵ كۆمەڵگەى مەدەنیدا نییە؟.ـ
ــ ئەگەر دەسەڵاتێك داڵدەى ئەو كەسانە بدات كە بوونە دەڵاڵى بەعس و ژن و منداڵى كوردیان لە گەڵ بەعسدا لە بیابانەكانى خوارووى عێراق زندەچاڵ كرد، ئەگەر دەسەڵاتێك ئێستا موچەو پاسەوان بۆ ئەوانە دابین بكات و بیانپارێزێت، ئایا ئەو دەسەڵاتە كێشەى لە گەڵ كۆمەڵگەى مەدەنیدا نییە؟.ـ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست