شاخەوان حەسەن: حەز دەکەم شەلەل لێم بدات نەمگەڕێننەوە بۆ کوردستان
Tuesday, 13/04/2010, 12:00
ناردنەوەی کوردەکان لە ووڵاتانی ئەوروپاوە بۆ کوردستان ناڕەزایەکی زۆری لای کوردەکان دروست کردووەو هەردەم هاواری خۆیان بۆ سەرووی خۆیان دووپات دەکەنەوە، زۆرێك لە ڕێکخراوە مەدەنی و هەتا حوکمیەکانیش بەیاننامەیان زۆرجار لە دژی بە زۆر گەڕاندنەوە دەربڕیەوە, بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش هەندێك جار وەسف کراوە، لای کوردان ئەوە جێگیر بووە ئەگەر بێت و حوکوومەتی هەرێم ناڕەزابێت و کوردان وەرنەگرێتەوە ئەوا هیچ کات ووڵاتانی ئەوروپا ناتوانن بەزۆر ڕەوانەیان بکەنەوە، گەرچی نەك نا ڕەزای بەڵکو زۆرجار باس لە ڕێکەوتنیش دەکرێت لە نێوان حکوومەتی هەرێم و ووڵاتانی ئەوروپا بۆ ناردنەوە کوردەکان, هەربۆیە کوردان زۆر زیاتر تووڕەن بەرانبەر حکوومەتی هەرێم و سەفەرکردنیان بۆ ووڵاتانی ئەوروپا ئەوانیان بە هۆکار زانیوەو ئێستەش هەر ئەوان دەبنە هۆکار بۆ گەڕانەوەیان، بۆیە دەبینین زۆرێك لەوانە کە دەگەڕێنرێنەوە کوردستان کەسانێكی دەستەوسان و نا کارا لە کوردستان دەردەکەون, ئەویش بەهۆی ئەو تەنگژە دەرونیەی کە تێی کەوتوون, هەربۆیەش هەندێك جار پەنا بۆ خۆ کوشتن دەبەن.
لەم دوایەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە کە گوایە 70 کوردیان ڕەوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی کردووە لەلایەن بەریتانیاوەو لە سلێمانی وەرنەگیراون و کوردەکانیان دەیسان ڕەوانەی بەریتانیا کردووەتەوە. ئەمەش بوو بە مایەی خۆشحاڵی زۆرێك لە کوردانی بەریتانیاو وەسفی ئەو هەنگاوەیان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە ڕۆشتینە ناو گرتووخانەی ئۆکسفۆرد یەکێك لەو 70 نەفەرە کە گوایە ڕەوانەی کوردستان کراوەو گەڕێندراوەتەوە لەوی دیتمان و ئەو هەواڵەی بە درۆ خستەوەو ووتی ئێمە هەر ئەسڵەن سواری تەیارەش نەبووین بە بیانوی ئەوەی تەیارەکە خراپ بووە, ئێمەش ووتوومانە بۆ جگە لەو تەیارە تەیارەی تر دەست نەکەوت، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی حەز بکەن بیان نێرنەوە بەڵکو بە پلان سەیری بڕیارەکەیان کردووە.
شاخەوان حەسەن یەکێك لەو کەسانەی کە لە گرتووخانەی ئۆکسفۆردەو چارەنووسی لە دوو ڕیانی ناردنەوەو ئازاد کردندایە، زۆر بە غەمباریەوە چیرۆکی خۆی بۆ گەڕاندینەوە دوای ئەوەی سەردانمان کرد لە بەرواری 12.04.2010 سەرەتا لە پرسگە هەندێك پرسیارمان کرد لە چارەنووسی ئەو کەسانەی کە و لە گرتووخانەدان ئێستە کە ژمارەیان 11 کورد بوون، ئەوانیش هیچ وەڵامێکیان پێمان نەدا کە چیان بەسەر دەکەن تەنها ئەوەندەیان دەووت ئەوە شتێکە لە نیوان خۆیان و هۆم هۆفیسدایە ئێمە تەنها کارمەندین و خزمەتیان دەکەین لەم گرتووخانەدا کە باشترین گرتووخانەیە، لە میانەی چاوپێکەتنەکەمان لەگەڵ شاخەوان حەسندا لە گرتووخانەکە نا ڕازی نەبوو دەیووت هەموو شتمان هەیەو ڕۆژی سێ ژەم خواردنمان پێ دەدەن هەرچەند ڕازی نەبوو لە جۆرێتی و کەمێتی خواردنەکە بەڵام دەیووت ئیتر سجنە چی بکەم.
بەڵام ئەوەی زۆر شاخەوان حەسەنی ئازار دەدا کەوا هیچ تاوانێکی نەکردووەو بۆ ئیمزا کردن ڕۆژشتووە بۆ بنکەی پۆلیسی سۆلیهۆڵ هەر بە گەشتنی بەوێ و خوێندنەوەی ژمارەی تکتەکەی دەستگیر کراوەو لە ژوورێکی تاکە کەسیدا بۆ ماوەی شەش کاتژمێر هێڵراوەتەوەو دوای ڕەوانەی گرتووخانەی ئۆکسفۆرد کراوە، ئەوەی کە لەو گرتووخانە مولاحەزە دەکرێت بەناوی ناردنەوەوەیەو هەتا پۆلیسەکانیش دەیانووت ئەوەی دێتە ئێرە بۆ ناردنەوەیە بەڵام ئیتر ئەوە لە نێوان هۆم ئۆفیزو کەسەکەدایەو ئەوان زانیاریان نەدەدا.
شاخەوان حەسەن زۆر نیگەرانی ئەوە بوو کە بۆ بەبێ ڕەزامەندی خۆی و بەبێ هەبوونی هیچ تاوانێك بەم شێوەیە دەستگیریان کردووم و دەمنێرنەوە, بۆ دەبێت حکوومەتی ڕەزامەندی هەبێت لەم جۆرە ناردنانەوە، من بەرگەی ئەم ناڕەحەتیانە چون بگرم بەبێ تاوان دوای 7 ساڵ مانەوە لە چاوەڕوانیدا ئێستە بەزۆر بۆ کوردستانم بنێرنەوەوە لەوێش خەڵکی بەچاوێکی ترەوە سەیرم بکات و بە تاوانباریشم بزانن! تاوانی من چی یە کە مۆڵەتی مانەوەم پێ نەدراوە لە کاتێکدا زۆرینەی هاوڕێکانم هەروەك من بوون و ئەوان ئێستە ڕەگەزنامەی بەریتانیاو مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەییان پێ دراوە، لەگەڵ گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیدا دەیووت حەز دەکەم شەلەل لیمبدات بەڵام نەمگەڕێننەوە کوردستان چونکە ناتوانم بەرگەی قسەی خەڵكی بگرم, لە کاتێکدا من بێ تاوانم و بەتاوانبارم بزانن، ئەگەرچی توانیوویەتی پارێزەرەکەی ببینێت بەڵام زۆر بڕوای بەوە نەبوو کە بتوانرێت کارێکی لەو ڕێگەوە بۆ بکرێت و تاوانەکەی دەگەڕاندەوە بۆ حکوومەتی هەرێم و دەیگووت ئەگەر ئەوان ڕەزامەندیان لەسەر نەبێت ئەگەر من پارێزەریشم نەبێت ئەوا نامنێرنەوە.
لەم ماوەیەدا زۆر ناڕەزای لەسەر ناردنەوەی کوردان دەربڕاو هەتا یەکیەتی زانایانی ئاینی کوردیش لە بەریتانیا دەنگی خۆیان خستە پاڵ ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کەوا ناڕازین لە ناردنەوەی کوردەکان بە زۆر.
گەرچی ووڵات لە شەکر شیرنترە وەك ووتراوە، وە لەسەر هەموو هاوڵاتیانیەتی کەوا هەوڵی پێشخستن و پێشکەوتنی بدەن بەڵام بە بڕوای زۆرێك لە کوردانی دەرەوە دەتوانن لە دەرەوە زیاتر دەستیان لەو یارمەتیەدا هەبێت وەك ئاشکرایە بەشێکی زۆری بوژانەوەی کوردستان بە دەستی کوردانی دەرەوە بوو بە تایبەت ئەوروپا کە بە کار کردن و شەونخونی توانیوویانە ئاگایان لە کەس و کاریان بێت و توانا مادیەکانیان لە کوردستاندا بخەنە گەڕ.
لە کۆتایدا هەر ئەوەندە دەڵێین بەناردنەوەی کوردان بۆ کوردستان بە زۆر لە بەرژەوەندی کوردستاندا نی یەو ئەوکەسەی کە بەزۆر دەنێردرێتەوە تێیدا هەیە خۆی دەکوژێت تێیدا هەیە جارێکی تر هەم دیسان ڕێگەی هات و نەهات دەگرێتەوەبەر، کە ئەویش زیانێکەو بە کوردستان دەگات چونکە ئەو پارەی کە لەو ڕێگەیەدا سەرف دەکرێتەوە گەر وا نەبێت لە بوژانەوەی کوردستان و یارمەتی دۆست و هەژاراندا سەرف دەکرێت، جگە لەوەی ئەو کەسانەی کە بەزۆر دەنێردرێنەوە تێیاندا هەیە لە ئەوروپا خەریکی خوێندن و پرۆژەی بەسودی بە دەستەوەیەو بە گرتنی لە پرۆژەکەی دادەبڕێت و بەمەش لە سودەکە دوا دەکەوێت.
تێبینی. ڕێگەیان پێ نەداین بەهیچ شێوەیەك وێنە لەناو گرتووخانەکەدا بگرین و هەتا موبایلەکەشمان لێ سەندرا تا گەڕاینەوە، بەڵام زیاتر لە 3 کاتژمێرمان لە گرتووخانەی ئۆکفسۆرددا بەسەر برد.
www.omarali.info
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست