کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیستقالە - وازهێنان لەهەڵسووڕانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان

Saturday, 17/10/2009, 12:00


کاتێ بزووتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیم لێکرد، لەفینلاندیش ژمارەیە کۆنە یەکێتی کەهەریەکەیان زۆر و کەم لەگەڵ حیزبەکەیان بەهۆی گەندەڵی و کاری ناشیرین، یان بەهۆی مەسەلەی شەخسی لەگەڵ ئەم تاک و ئەوتاک یان بەهۆی بێبەشییان لەم ئیمتیاز و لەو پارچە زەوییە، و شتی لەو جۆرە وازیان هێنابوو، سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، دەروازەیەک بوو بۆ ئەوانە تا لەم ڕێگایەوە هەقی خۆیان بەجۆرێک لەجۆرەکان بکەنەوە و عەرزی عەزەڵات پیشانبدەن! کەواتە گۆڕانی بوونی ئەوانە، بۆ شتێکی ترە نەک ئەوەی ئەمانە لەیەکێتی و پارتییەکان شۆڕشگیرتربن و بووبێتن! و باش لەچەمکی گۆڕان گەیشتبێتن! بەدوای بەرژەوەندی و دەستکەوتەوە نەبن!

سەرەڕای زانینی ئەو ڕاستییانە، بڕیاری جەنتلمانانەمدا و هەوڵم بۆ بەهێزکردنی ئەو گرووپەی فینلاند خستەگەر، بۆ ئەوەی لایەنی کەم لەسەر ستایلێکی نوێ و بنەمای ڕاستگۆیی و شەفافییەت و سەراحەت و جەرائەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوخۆ و دەرەوە ڕابێت و لەکارکردندا شێوە ناشیرینەکەی یەکێتی و پارتی بخەنە پشتسەر.
وێرای بەربەستە دەرەکییەکان کە ئەم تاک و ئەو تاک دروستیان دەکرد و دەیانویست کارەکە بەسەرکەوتن نەگات، تا ئێستا درێژە بەکاری خۆیداوە. بەڵام پێدەچێت لەبەر خاتری عەقلییەتی هی من و من دامەزراندووە، گوایە تاپۆی ڕەشەکەی عوسمانلی لەلای ئەم تاک و ئەو تاکی گرووپەکە هەیە! هەر ئەم تەسەرفە نابەرپرسانەیە بوو، ژمارەیەک کۆنە یەکێتی دوای وازهێنانیشیان، سڵەمینەوە و دوور کەوتنەوە، تەنانەت گۆڕانیشیان لەبەرچاوکەوتووە.

بێجگە لەوە، لەبەر بێلیاقەتی و بێـ .... و بێـ ....و سیفەتی زیگزاکی چەند دانەی تریش، ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک هەر لەدوورەوە دەڕوانن، ناوێرن ڕیشی خۆیان تەسلیم بکەن! وردەوردە کارەکەیش بەرەو جۆرێک لە پیسبوون و پاشقول لەیەکترگرتن و گرووپ گرووپێنەی ئەم شار و ئەو شار و یەکتر نەخوێندنەوە و پێشێلکردنی پرینسیبی کاری دەستەجەمعی دەچێت! بەڵام، لەو بڕوایەدام عنسرە گەنجەکان وەفادار بەگەنجێتی خۆیان دەبن و خڵتەوخاشاکی ناو بزووتنەوەی گۆڕان ڕادەماڵن، لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت، ناهێڵن ئیستغلال بکرێن.

بۆیە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٠٩.١٠.١٤ دوای هەڵسەنگاندنێکی باشی ڕەوشەکە بۆ ئەوەی کێشەکە نەچێتە قۆناغێکی نە خوازراوی واوە، ببێتە ڕووشاندنی کەسایەتیەتی ئەم تاک و ئەوتاک، دیارە بەخۆشمەوە، و تا ڕێزێکی تێدابمێنێتەوە، بڕیاری وازهێنانم لەگروپی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕانی لەفینلانددا.
بەو شێوەیە لەدایلۆگی بێزەنتی و کات بەفیڕۆدان ڕزگارم دەبێت، بەویژدانی ئاسودەوە، دەچمەوە خەلوەتگەی خۆم، پەشیمان نیم، فرەخۆم سەرقاڵ کرد و لەزەتم لێبینی و ماندووبوونێکی خۆشبوو..
هەوڵم ئەدا جیاوازییەکانی خۆم لەتێگەیشتن بۆ گۆڕان و بزووتنەوەکە بشارمەوە، و سەرکوت بکەم، بەڵام خۆشبەختانە زوو بێداربوومەوە، لەمەودوا بە ڕێگای تایبەتی خۆم وەک چۆن دەیەها ساڵە کردوومە، درێژە بە گۆڕان دەدەم..
ئێوەش شاد و سەرفراز بن ٢٠٠٩.١٠.١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە