جیاوازى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن
Sunday, 03/11/2013, 12:00
2943 بینراوە
ئەو بودجە خەیاڵیەى كە بۆ پەرلەمانى كوردستان تەرخانكراوە لە بودجەى پەسەندكراوى ساڵانەى هەرێمى كوردستاندا ، هێندە زەبەلاحە سەرۆكایەتى پەرلەمان نازانێت چۆن خەرجى بكات هەربۆیە لە نێوان ئەندامەكانیدا بەناوى پاداشتەوە وەك برا تەخشان و پەخشانى دەكات.
ئەو هەڵڵایەى كە ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندنەكاندا لەسەر 49 ملیۆن دینارەكەى پەرلەمانتاران دروست بوە، ئەوە لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنەكانیان و ئەندام و لایەنگرانى ئەوانى لە پشتە، جیاوازى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمى كوردستان لەوێدایە، لایەنەكانى دەسەڵات بە ئەندام لایەنگر و ڕاگەیاندن و تا زانا ئاینیەكانیشیان ، وەرگرتنى ئەو 49 ملێۆن دینارە بە مافی ئاسایى و یاسایى پەرلەمانتارەكانیان دەزانن بۆیە هیچ هەڵوێستێكى ئیجابى نابینیین لە بەرامبەریدا، كەچى ئەوە لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆنن بە سەركردایەتى و ئەندام و دۆست و لایەنگر و ڕاگەیاندن و تادەگاتە زانایانى ئاینیشیان هاتونەتە دەنگ و وەرگرتنى ئەوبڕە پارەیە بە نایاسایى و ناتەندروست و تەنانەت بەناشەرعیش دەزانن.
نایشارمەوە باوەڕم وایە ئەگەر ئەو هەڵڵا ئیعلامیە لەسەر وەرگرتنى ئەو 49 ملێۆن دینارە دروست نەكرایە و پرۆسەكە بەنهێنى ئەنجام بدرایە ئەوا تێكراى پەرلەمانتارانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ئەو بەناو پاداشتەیان وەردەگرت.
نەیارانى بەهەدەردانى ئەو بەناو بەخشینە ناحەقیان نییە، بەهەدەر دانەكە هیندە زەبەلاحە، كە بەهەدەردان نەبێت ناتوانرێت هیچ پێناسەیەكیترى بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە تێكڕاى ئەو بەهەدەردانە دەكاتە 5439000000 دینار، ئاخر جیاوازى لە غەمخۆرى و دڵسۆزى بۆ گەل و وڵات و قوتى خەڵك لاى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە شتێكى ئاوادا دەردەكەوێت.
كۆتا قسە بۆ سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت و پەرلەمان ئیتر لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و ئابورى ناسان و چاودێران و رۆژنامەنوسان و خەڵكى ناحەقیان نیە كە هەردەم بە گومان بوون لە پرۆژە پێشنیاركراوەكانى بودجە لە ساڵانى ڕابردوودا. چونكە چەندین بەهەدەردانى ئاوا دەبینن لە بودجەدا، جیاوازى ئێوە و ئەوان لێرەدا دەردەكەوێت.