کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


شانازی به‌ چ رابوردوویه‌کی تاله‌بانییه‌وه‌ بکه‌ین!؟

Tuesday, 01/01/2013, 12:00


له‌ نوسینێكدا که‌سێک به‌ ناوی هاوڕێ فەرەیدون باسی خاڵە تاریك و ڕوناكەكانى ژیانی جەلال تاله‌بانی ئەكات نازانم ئەو خاڵە ڕوناكانە كامانەن ئەم پیاوە هەیبوە ...ڕاستە لە سەردەمى مێرد منداڵیەوە زۆر چالاك و بە هەڵپە بووە, ئیشی زۆر كردوە ,خۆی زۆر ماندو كردوە ... بەڵام هەمو ماندو بون و تێكۆشانەكەی چ بەرهەمێكیان بۆ کورد هەبوە؟!.....
نەریتێكی سەیر لای ئێمە هەیە, که‌و زۆر که‌س شانازی بە حیزبایەتى و شەڕی چەكدارى و جرت و فرتى سیاسەت نامەدارەكانی ده‌کات، له‌ راستییدا كورد سیاسەتمەداری تیا نەبووه‌، به‌ڵکو جاش و خائینمه‌داری زۆری هه‌بووه‌ ..باشه‌ بۆ له‌ خۆمان ناپرسین هەموو ئەو كارانەى سەركردە و سیاسەت مەدارانى كورد كردویانە بە درێژایی مێژو لە شكست زیاتر چ بەرهەمێكى بۆ ئەم میللەتە بەد بەختە هەبووە؟ . ڕاستە هەندێكیان بە پاكی و میللەت پەرستی و دڵسۆزی هەوڵی داوە و گیانى خۆی بەخت كردوە , وەك شێخ مه‌حمودی نه‌مر و قازى محمد ... هەندێكیشیان هەرچییه‌كیان كردبێت بۆ بەرژەوەندی و گیرفانى خۆیان بووە ...تەنیا دوو سەركردەى كورد توانیویانە بگەنە ئەنجامێك و دەسەڵات بە دەست بێنن ... سەلاحەدینی ئەیوبی و كەریم خانی زەند .. ئەوانیش هەمو ئەزانین بۆ كورد نەیان كرد, وەك کورد ئیشیان نەكردوە, سەلاحەدین بۆ ئیسلام كردی ئەوروپاییەكانیش ڕێزی لێ ئەگرن ..شەقامێكیان لە فەرەنسا بە ناوی ئەوەوە ناو ناوە .. كەریم خانیش وەك ئێرانیەك ئیشی كرد ... دەسەڵاتی بە سەر هەمو ئێراندا هەبوو , پایتەختی لە شیراز بوو .. ئەگەر نەتەوە وەك ئامانج لە مێشكیاندا هەبوایە ده‌یانتوانی دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكه‌ن .. جگە لەو دوو كەسە سەر كردەكانى تر نەیانتوانیوە هیچ بەرهەمێك بە جیبێڵن جگە لە شەڕی ماڵ وێرانى و ئاوارەیی و هەندێك جار خۆبەخت كردنى خۆشیان ئامانجێکی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.
برای بەڕێز شانازى هه‌موو مێژووی کورد نه‌یتوانیوه‌ سەركردەى وەك جەنگیز خان , تەیمورى لەنگ , ئەسكەندەرى مەكدۆنی , نادر شای ئەفشار، كەمال ئەتاتورك ....تاد له‌وانه‌ به‌رهه‌م بهێنێت، ده‌بوو کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌ له‌و جۆره‌ که‌سانه‌ی به‌رهه‌م بهێنایه‌ ..
ئێستا ئەوترێ دوژمنەكانى كورد لە چوار لاوە , باری نێو دەوڵەتى و بێكەسی كورد لە لایەكى ترەوە ناهێڵێ كورد بە ئامانج بگات!! ئەى زەمانى ئەسكەندەر و كورش و جەنگیز خان و ..لەو سەر دەمانەدا چی نەیهێشت ؟!! سەركردەیەكى وەك كورش یا تەیمورى لەنگ پەیدابێت و ڕاپەڕێ و دەوڵەتێك بۆ كوردان دروست بكات ...جگە لەوەى سەركردەیەكى زیرەك و بە توناى تیا هەڵ نەكەوتوە ..
ئەگەر جەنگیز خان زیرەكى و ئازایەتى خۆی نەبوایە مەغۆلەكان چی بوون لەو سەردەمەدا؟ ! كورد زۆر لەوان شارستانى تر بووە .. ئەوان فێری خانو دروست كردن و كشت و كاڵ نەبون .. دەشتەكی بون .. تەنیا لێهاتویی و زیرەكى جەنگیز خان توانى زۆربەى كیشوەرى ئاسیا داگیر بكات و نەوەكانیشی تا 500 ساڵ فەرمانڕەواییان كرد .. ئەگەر جەنگیز خان یەك هەڵەى بكردایە لە هەمو ژیانیدا نەئەگەیشتە ئەو ئەنجامە .. بگرە لە منداڵیشدا هەڵەیەكى بكردایە زوو تیا ئەچو و نەئەگەیشتە ئەو پایەیە ...

برای بەڕێز
کورد لە سەد ساڵ لەمەو بەر و بۆ دواوە حاڵی لە زۆربەی میللەتانى ناوچەكە باشتر بووە , بەڵام نەبونى سەركردەیەك . تەنیا سەركردەیەك نەى توانیوە هیچ بە هیچ بكات.. ئیتر ئێمە شانازى بە چیی سەركردەكان و سیاسەت مەدارەكانی كوردەوە بكەین ..وەك وتم شانازی بە كورشی گەورە و سوڵتان مەحمودى غەزنەوى و قەیسەرى ڕۆمەوە ئەكرێت نەك بە مەلا مستەفا و جەلال تاله‌بانی!!
ئەوە بچوك كردنەوەى خۆمانە شانازی بە سڵێمان پاشای بابان و سەردار ڕەشی ئەردەڵان و مامەوە بكەین و مەغۆلەكانیش شانازی بە جەنگیز خانەوە بكەن ..
من لە كارگەیەك ئیشم ئەكرد لە وڵاتێكى ئەوروپی , كاتى پشو لە كافتریای كارگەكە دانیشتین كۆمەڵێك بوین ..لە سەر مێزێك , بە ڕێكەوت لە هەمو نەتەوەكانى تیا بو .. هەر یەك باسی وڵاتەكەى خۆی و میللەتەكەى خۆی ئەكرد ..گەنجێكى مەنگۆلیایی شانازی بە جەنگیز خانەوە ئەكرد .. ئێرانیەك شانازی بە كورشی گەورە و نەوشیروانی كیسراوە كرد .. عارەبێكمان تیا بو شانازی بە محمد  و هارونە ڕەشیدەوە كرد.. هیندیەك شانازی بە غاندیەوە ئەكرد كە چۆن ئینگلیزی لە هیندستان دەركرد و ئەو وڵاتە گەورەیەى بە بێ چەك ڕزگار كرد .. ڕوسیەك شانازی بە لینین و ستالینەوە كرد کە كیشوەرێكى گەورەى وەك یەكێتی سۆڤیاتیان دروست كرد ... من زۆر شەرمەزار بوم ..نەمزانی شانازی بە كێوە بكەم !! باسی مەلا مستەفا بكەم؟!! ..هەستم بە بچوكی خۆمان كرد ئێمە چەند بچوكین لە چاو میللەتانى تردا .. شانازی بەوە بكەم سەركردەكەم توانیویە جەمال عبدالناسر بناسێت ؟! بۆ سەر كردەكەى من هێندە بچوكە شانازی بەوە بكات جمال عبدالناسری ناسیوە؟!! ئەى بۆ سەركردەكەی من وەك جمال عبدالناسر نەبێت ؟!!
ئەگەر باسی شیعریان بكردایە شەرمەزار نەئەبوم ..ئەگەر ئێرانیەكە باسی فیردەوسی و خەیامی بكردایە ..منیش باسی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانیم ئەكرد ... ڕوسیەكە باسی پوشكین ى بكردایە منیش باسی  زۆرم ده‌کرد، گەر عارەبەكە باسی موتەنەبی بكردایە من باسی مەولەوىم ئەكرد تەنیا لە شیعر ا ئەتوانین شانازى بكەین هیچمان لە میللەتانی دنیا كەمتر نیە ...بەڵام لە سیاسەت و سەركردەدا ..بە داخەوە سفر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە