مرۆڤ تەنها بە نان ناژی!
Wednesday, 11/07/2012, 12:00
سەربەستی: بەمانا فەلسەفییهکەی! نە ترسانە لە مردن، تێکۆشانه بۆ بهدهستهێنانی ئازادیی، ئەو خەباتەی کە بڕیارە لەبەر خاتری سەربەستی بیکەین، خودی سەربەستی خۆیەتی .
هەموو دەزانین گوێ ڕایەڵی کۆیلانە، جگە لە کۆیلەی هیچی تر بەرهەم ناهێنێت . بە چاو نوقانێک و گەڕانەوە بۆ سەردەمی داگیرکاری بەعس هەموومان دەمان زانی، ئێمە برسی نەبووین و لە کاتی حوکمڕانی بەعسدا کەسمان نەدی و لە کەسمان نەبیست کە مرۆڤێک لە برسا گیانی له دهستدابێت، بگرە خۆراک هێندە زۆربوو هێندە هەرزان بوو کە هەموومان بەحورمەتەوە تێمان دەڕوانی و دهستمان بۆی دهبرد. بەڵام سەربەستی چووبووه قاتی و ئێمە بۆ خودی سەربەستی لەخەباتدابووین.
ئەمڕۆ نان هێندە زۆرە منداڵ و گەورە بە بێ ڕێزێوە تێی دەڕوانن، هێندە دەخۆن هەموو هێڵنج دەدەن، دەڵێی لەئەستێرەیەکی ترەوە هاتوون، دەڵێی ئەو گەلەی رابردوونین کە بەر لە چەند ساڵێک کۆچ و ڕەومان کرد و دوای کۆچ و ڕەویش هەزاران خەڵک بەدوای کەمپاینەکاندا دەچوون و گوڵە گەنمیان کۆ دەکردەوە تا ژەمێک خۆراکیان دەستکەوێت، ئەودەم کەم بوون ئەو کەسانەی بەهاکانیان نەدەدۆڕاند و لە جێگەیەکەوە بەشداری فێڵ و فەرەجێکیان نەدەکرد و خۆیان نەگەیاندە بەر چەقۆی قاچاخچییهکان بۆ گهیشتن به مەملەکەتی پەمەیی ئەوروپا.
سەربەستی نرخی دەوێت، دەکرێ ئەم دەسەڵاتە مرۆڤەکان بکوژێت، بەڵام دەنگی مردنەکان هەر دەمێنێتەوە، ئەوە بڕیاری مێژووە و بەهیچ دەسەڵاتێک ناشارێتەوە.
باوە یانەرۆس ئەو قەشەیەی کە ئیتر بڕوای بەمەسیحیی نەرم و نیان نەمابوو لە نزاکانیدا داوای گەڕانەوەی مەسیحێکی چەکداری دەکرد خۆی ووتەنی مەسیحییهکی شێر نەک مەڕ ئاوا باسی مردن دەکات: (مەرگ تەنها هێسترێکەو بەرەو ژیانێکی هەمیشەی هەڵمان دەگرێت) ڕۆمانی براکوژی (نیکۆس کازانتزاکی).
هەمووشمان دەزانین و بێئاگا نین لەوەی کە هیچ دهسهڵاتێکی ستەمکار بێ شمشێر لاناچێت، ئەوە نییە دوێنێ مهسحود بارزانی نمایشی کوڕە جەربەزەکەیمان بۆ دەکات و دەڵێ ئیتر ئاشکراتر لەمەودوا ئازادیتان زەوت دەکەین و ناهێڵین کهس دهسهلاتمان لێبسهنێتهوه و ئهو پاره و سامانهی کورد بدهینهوه پێتان!؟
لەسەرو بەندی قسەکردن لەسەر بودجدەی ئەم ساڵدا کە ئۆپۆسیزیۆنە ناسکەکەی لەمەڕ خۆمان بۆ دەسکەوتی سیاسی چەند کەسێکی بەناو ڕۆژنامەنوسیان کۆکردەوە و ویستیان دیسان خۆیان نمایش بکەن، کەچی سەرۆکە جەربەزەکەی هەرێم ٢٠٠٠ هێزی زرێڤانی بەرەو سلێمانی ڕەوانە کرد. ئێمە نەمان دی، بەڵام سلێمانی شاری باران دیدەیە، ئێمە زەعیم سدیقەکانمان بەزاند، پوچی وەک ئێوە چییە ؟ پەشێو ووتەنی زرێڤان دەنێرن بۆ سلێمانی لە١٧ی شوباتدا بەڵام بۆ ناوچە داگیرکراوەکان بڤەیە بچن ئەوانە بەس بەخەڵکی بێچەک دەوێرن، نەمان دی خۆیان تاقی بکەنەوە بزانین ئهم زێڕهڤانانه چین و کێن و کوڕی چ دایکێکی بێژیی و زۆڵن.
کامەرانی ئەوەیە، بتوانی ئازادی فەراهەم بکەیت، ئەوەتانێ چەند جەلادێک دەیانەوێت ئەو نیشتمانە بچوکە بکەنە جەهەنەم و ژمارەی زیندانییهکان لەهەڵچوندان و زیندانیهکان خۆشیان لەهەموو جێیەکدان و سەرانی بەزۆر سەپێنراویش تەنها باسی دادپەروەریمان بۆ دەکەن کە لەڕاستیدا دادپەروەریی : پێی نییە، بەلام پێویستی بەکەسانێک هەیە بیهێنن بۆ لامان .
لێرەوەیە دەمەوێ لەسەر خودی سەربەستی و ئازادی قسەبکەم، لەکاتی حاکمێتی بەعسدا دەیان بۆنە هەبوو کە سەدام و دام و دەزگاکەی زوو زوو لێبوردنیان دەردەکرد، لێ لە زەمانی دەسەڵاتی کوردیدا نەک لێبوردن نییە، بەڵکو ئەوەی ژوانیش دەبێتەوە سوکی دەکەن و لە هەموو بەهایەک ڕووتی دەکەنەوە، ئەم دەسەڵاتە قێزەوەنترین دەسەڵاتی سەر ڕووی زەمینە، ئاخر لە دنیادا هەبوە پاشای ووڵات لە ماڵی خۆیدا حاکمێتی خەڵک بکات، مهخابن بۆ ئەو ڕۆژانەی کە گوزەشت و خەباتمان تێدا کرد
پەندێکی چینی جوان هەیە کە دەڵێت (بریا بمانتوانیایە لەکاتێکی لە باردا لەدایک بوینایە). ئێمە لەسەر دەمێکی هێندە ناشریندا دەژین و لە دایک بووین، کە ئیتر تەنها بمانەوێت مانایەک بەژیان بدەین خۆ ڕزگارکردنە لەو بێ ئابڕووچونەی ڕۆژانە ل ەسایەی ئەم دەسەڵاتە پۆخڵە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە . زۆرجار کە لەچوار دەورم دەڕوانم دەڵێم: درێژەی ئەم سیستەم و مانەوەی ئەم دەسەڵاتە بۆتە ڕاستی و دەبێ لەگەڵیا بڕۆین، بەڕاستی کاتێک ئێمە نەمان توانی جاش ڕووتکەینەوە و نەمان توانی خائین و سیخوڕ لەناو پڕۆسەیەکی شەرمهزاریدا ڕیسوا بکهین، دەبوایە بەر لە ڕۆژەکانی دوای ڕاپەڕین پێشبینی ئەم شێوە دەسەلاتەمان بکردایە، چونکە ئەمە لەسەرلاکی ئەو هەموو جاش و خۆفرۆشانە دروست بووه، کە ئیتر بۆ ئێمە جارێکی تر ڕیسوا کردنیان لە محاڵ محاڵ ترە، دەسەلاتی ترسنۆکی باشور کارتەکانیان وا تێکەڵی یەکتر کردووە نازانیت لەکوێوە دەست پێ بکەیت؟ بەڵام ڕەورەوەی ژیان ناوەستێ، بیرمە باوکم دەیگێڕایەوە کە لە یەکێک لە دۆستەکانی پریبوو لە ڕۆژهەڵات ساڵی ١٩٧٤ ئەی ئێوە کەی دەست دەکەنە شۆڕش؟ ئاشناکەی باوکم پێ ووتبوو با شاههنشا بفەرموێ ئەوسا دەست دەکەینە شۆڕش، ئەو دەم شای ئێران لەناو هەموو خانەوادەیەکدا ساواکێکی چاندبوو، بەڵام کە جامی ڕقی خەڵک پڕ بوو دیمان شا چی لێهات، بەر لەچەند ساڵێک بەسەفەرێک چوومە دیمەشق، هەرگیز باوەڕم نەدەکرد گەلی سوریا ڕۆژێک دەست بکەنە شۆڕش کردن، هەرگیز بیرم ناچێتەوە کە ڕوومان لە چێشتخانەیەک کرد کابرای خاوەن چێشتخانە هەوڵی دا دەستمان ماچ کات بۆ ئهوهی چهند لیرهیهک بهخشیشی بدهمێ؟ ووتم خودایە کەسایەتی خەڵکی سوریا چۆن تێک شکاوە ؟ بەڵام ئیستا سوریا بەدوای سەربەستیدا دەگەڕێت و خوێن بڕیار دەدات دیکتاتۆرەکان ڕاماڵێت و کەرامەت بگەڕێتەوە، ئەی ئێمە ؟ ئێمە جگە لە شۆڕش چیمان پێدەکرێت، تاکی کورد وا تێک شکاوە
کوردی باشوور نازانی هانا بۆ کوێ بەری بەقەدەر سەرمایەی شۆڕشێک بەس لە ڕێگەو باندا خەڵک گیان له دهست دهدات، ئەوە جگە لە داو دەرمان و خۆراکی ئێکسپایهر و ژاراوکردنی ژینگە و سەدان کوێرەوەری تر، پرسیارەکە لەوەوە سەر هەڵدەدات ئایا مرۆڤ تەنها بە نان دەژی ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست