ڕونكردنەوەیەك بۆ ڕاى گشتى
Sunday, 03/04/2011, 12:00
لاى دەستەڵات ڕۆژمێر هێشتا هەڤدەى دووە، دەستەڵات هەمان دەستەڵاتى ئەو ڕۆژە و بیست ساڵى ڕابردوە، هەر ڕۆژەو شەقامێكى شار سورتر دەكات بە خوێنى هاونیشتمانیانى. ئێمە وەك هاونیشتمانیانى كوردستان ئیلتیزامى ئەخلاقیمان و دەنگى ویژدانمان بوو كە ئێمەى بردە سەر شەقام. لە بەر ڕۆشنایى ڕوداوەكانى 45 ڕۆژى ڕابردودا كە هەموان هەڵوێستى دەستەڵاتمان بینى، پێویستە شێواز و ئامانجى خەباتى مەدەنیمان پێبنێتە قۆناغێكى نوێوە .
تازەبەتازە ئەندامێكى مەكتەب سیاسى پارتى دەڵێت " هیچ ئیجرائاتێك بەرامبەر بەرپرسی لقى چوارى پارتى ناكەین"، ئەمەش یەك ماناى هەیە ئەویش ئەوەیە كەدەسەڵات ئەوە بەتاوان نازانێت كە لە 17ى شوباتو رۆژانى دواترى روویانداو بەردەوامە لەسەر پاراستنى تاوانباران. لەپەیوەند بەیەكێتیشەوە ئەمیش بەهەمان شێوە تا ئێستا هیچ كام لەتاوانبارانى تەسلیم بەدادگا نەكردووە وە نەچونەتە پاى جێبەجێكردنى هیچ كام لە داواكاریەكانى خۆپیشاندەران، لەكاتێكدا كەفەرمانى دادگا بۆ دەستگیركردنى سەرجەمیان دەركراوە. ئەم دەستەڵاتە بە ئاشكرا حوكمى یاساشى فەرامۆشكردوە.
پاش چلو پێنج رۆژ لەخۆپیشاندانى جەماوەریى و خەباتى مەدەنیانەى هاونیشتمانیان، دەسەڵات لەرێگەى نواندنى خەمساردیى لە ئاست داواكارییە جەماوەرییەكانو سەپاندنى ئابڵۆقەى سەربازیى بە سەر شارو شارۆچكەكانداو بەردەوامى لە هێرشى ژەهراوی میدیاكانیان بۆ سەر ئەم بزووتنەوە ئاستیخوازانەیەو دەستگیر كردنى خۆپیشاندەران و هەڵكوتانە سەر ماڵان و دوكانەكان نیشانیداین كە ئیرادەیەك نیە بۆ چاكسازى و جێبە جێكردنى حوكمى یاسا.
ئێمە وەك ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى ڕایدەگەیەنین كە سبەینێ كاتژمێر3 ى پاشنیوەڕۆ هەڵوێستى یەكلاكەرەوەمان ڕادەگەیەنین لە ڕێگاى خستنە ڕووى نەخشەڕێگایەكى نیشتمانى سەرتاسەرى. لە 4/4 ئیًمە نەخشە ڕێگاى دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسیەى كوردستان ڕادەگەیەنین كە تێیدا پڕۆژەیەكى ستراتیجى چارەنوسساز دەخەینە ڕوو كە بە هۆیەوە نەك تەنها داواكاریەكانى خۆپیشاندەران جێبەجێدەبن، بەڵكو نەخشە ڕێگایەكە بۆ دەربازبوون لە قەیرانى سیستمى حوكمڕانى هەرێمى كوردستان، لەو پڕۆژەیەدا كۆمەڵێك داواكارى نوێو شێوازى جێبەجێكردنى سەرجەم داواكاریەكان دەخرێنە ڕوو. ئەم نەخشە ڕێگایە دەستبردنە بۆ گۆڕینى بنەڕەتى لە سیستمى حوكمڕانى هەرێمدا.
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
3/4/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست