وەزارەتی پێشمەرگە
Tuesday, 12/08/2014, 12:00
2352 بینراوە
حزبی گۆڕان لەخۆشیدا شاگەشە بوون بەوەی چەند وەزارەتێك لە حکومەتە بنکە فراوانەکە وەرئەگرن. گۆڕان لەسەرەتادا وا خۆی نیشاندا کەوا بزووتنەوەیەکی جەماوەری بێ چەکن و باوەڕیان بە بەکارهێنانی هێزو بارود نیە. زۆربەی سەرکردەکانیان لەجیاتی جلوبەرگی کوردی ، بەچاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخەوە ئەبینران و لەجیاتی تاقم و تفەنگ،پاندان و ئایفۆنیان بەکار هێنا. تا کار گەیشتە ئەوەی وا لەخەڵکیان گەیاند ئەمان جارێکی تر بەلای چەك و جلی کەتافی و کڵاشینکۆفەوە ناچن.
لەهەمووی سەیرتر، گۆڕان هات و داوای وەزارەتی پیشمەرگەی کرد. کە لەسەرەتاوە ئەم تایتڵە هەڵەیەو پێوستە ناوی وەزارەتی بەرگری بوایە. لەهیچ ووڵاتێکی جیهاندا نیە وەزارەتێك ناوی وەزارەتی میلیشیا وەیان چەکدار وەیان سەرباز بێ، کەچی ئەمان بەس بۆ ئەوەی پێمان بڵێن کەوا ناوی پێشمەرگە ئەوەندە لایان پیرۆزە و ئەوەندە بەتەنگ نیشتمان و خاك و نەتەوەوەن، ئەوا نابێ پێشمەرگە تەنها کەسێکی چەك لەشان و کەتافی لەبەربێ. بەڵکە لەوە زیاتری قابیلەو ئەبێ وەزارەتێکی بەناوەوە بێ. لەوەتی مەسعود هەیە گەر دوو قسە فڕێ بدا،ئەوا یەکێکیان ناوی پێشمەرگەیەو باسی خۆی وا ئەکا کەوا لەوەتی هەیە هەر پێشمەرگە بوەو کەچی بەچەکدارەکانی خۆی ئەڵێ(زێڕەڤانی).
دوای ئەوەی هەریەك لە پارتی و یەکێتی ڕەزامەندی خۆیان لەسەر کاندیدکردنی (مستەفای سەید قادر) دەربڕی و پۆستی وەزیری پێشمەرگەی پێدرا، ئێدی لەو ڕۆژەوە ئەوەی ئەم بەڕێزە ئەیکا گەلێ جیاوازە لەوەی پێوست بوو بیکا. لەکاتی سەرهەڵدانی بەزمەکانی داعش و گەر بێتو پەکەکە و کوردانی ڕۆژئاوا نەبوونایە ئەوا نەك هەر ناوچە دابڕاو جێناکۆکەنمان لەکیس ئەدا، ڕەنگ بوایە ئێستا ٣ شارە گەورەکەشمان بکەوتایەتە ژێر مەترسی و داگیرکردنیان لەلایەن چەکدارەکانی داعش و ئیسلامیە تووند ڕەوەکان. ئەبێ کاکی وەزیر هەتا ماوە نانێك بکا بەخێر بۆ ئەو کارە جوامێرانەی پەکەکە وهاوپەیمانەکانی،دەنا ئەبوایە ئێستا خۆشی بەشەڕواڵێکی کورت و ڕیشەوە بسووڕایەتەوە.
ئەم بەڕێزە کاری هاتۆتە سەر ئەوەی کەتەنها بەشداری پرسەی شەهیدان و نانخواردنی لاکۆڵانەکان بێ. خوا هەڵناگرێ لەوەتەی کاکە نەوە دەوامی لەگردەکەوە گۆڕاوە بۆ گردەکەی سەری ڕەش،کاری ئەم وەزیرەش ئاسان بوەو بەجلی کەتافیەوە بەشداری پرسەکانی ناوچەی بادینان ئەکاو بە شەهید و ئەوانی تریشەوە. کەچی ئەم بەڕیزە نەمان بینی سەرکردایەتی شەڕێك وەیان چاوێك لە داعش سوور بکاتەوە.
نازانین ئەم بەڕێزە وەزیری کێیە و کێ گوێی لێ ئەگرێ! ئەوەتا لەهەر بەرەیەك هەر پارتەو چەکدارەکانی خۆی وەك مەڕ پێش خۆی ئەدا و بە کڵاوێکی کابۆیانەو عەینەکی ڕەش و بەسواری جاکوار و ئۆتۆمۆبیلی درعەوە دێن و یەکی سەرو یەك تۆپەڵ وێنە ئەگرن و لەگەڵ شەویش داهات، ئەچنەوە بۆ دار و ئیستراحەو خەریکی کاری شەوانەی خۆیانن.
هەنووکە ئەم بەڕێزە بەتەمایە چەك بکڕێ و بەشکو ئەمیش لەشیرینی ئەو کۆنتراکتانە هەڵتۆقێ و ببێ بەیەکەمین کەس لە حزبی گۆڕاندا کە ملیاردێرە. بۆ نا؟ پارتی و یەکێتی لەڕێگای نەوتەوە بوون بە ملیاردێر. دەی با گۆڕانەکەی کاکە نەوەش لەڕێگای کڕینی چەکەوە ببنە خاوەن پارەو کۆمپانیا.
هەر کەسێکی تر بوایە لەجیاتی ئەم وەزیرە هەر خێرا دەستی لەپۆستە کارتۆنیەکەی هەڵئەگرت و ئەچوو کارێکی تری ئەکرد. ئەم کەسە وەزیرە بەڵام چۆن وەزیرێك، بێ چاوێنی بێ و خوا نەیبڕێ. کەسێ جێگر و ڕاوێژکارو وەزیری ژێر دەستی مەسعود و نێچرەڤان بێ، ئەوا پێوست ناکا هیچی لەسەر بووترێ.