بنبڕکردنی گەندەڵی بێزەمانەت، سوودی نابێت؟
Saturday, 02/01/2010, 12:00
حکومەتی هەرێم ئەوەی راگەیاندووە کە هەر کەسێک گەندەڵییەک ئاشکرا بکات، ئەوا %5 وەرئەگرێ ئەگەر پارە بێ. بڕی 500 هەزاریش ئەدرێتە ئەو کەسانەی کە ساختەکاریی نوسراوی رەسمی ئاشکرا ئەکەن.
وەک هەنگاو بەدەر لەوەی بۆ چ ئامانجێکە، ئەگەر هاتوو تەنها و تەنها بۆ ڕاگەیاندنیش بێت، خراپ نییە. هەموو داوا دەکەین با گەندەڵی نەمێنێت ئەوە حکومەت بەری پێگرتووین بیانووی بڕیووین، دەبێت چی بکرێت؟ چی لەسەرمانە؟ زۆرن ئەوانەی جۆرێک ترسی و خۆدزینەوە و گومان نیشان دەدەن! لەوانەشە ناهەقیان نەگیرێت، کاتێک کارێک خۆشە کە چەرمەسەری کۆمەڵایەتی بەدوادا نەیەت، هەر لەدوورەوە بۆڵەبۆڵ بێئەوەی لەسەرت بکەوێت، بیکەیت. کێشەی گەندەڵی لەخوارەوە تا سەر گەر مرۆڤ درۆ لەگەڵ خۆیدا نەکات هەیە و هەر تاکێکی کۆمەڵگا گەورە بێت یان بچووک دەیکات و کردوویەتی، یان فەرزیان کردووە بەسەریدا!
بڕیارێکی وا دوور و نزیک سەروچاوی ئۆپۆزسیۆن و هەموو تاکێکی کۆمەڵاگا دەگرێتەوە، حکومەت بەمە بەرەی لەژێر پێیان دەرهێناوە. مرۆڤ دەبێت لەوە بگات بۆ نموونە کەسێک گەندەڵی کەسێکی دی ئاشکرا دەکات، بزانە کەسی لێدراوی گەندەڵکار بەسەد ڕێگا هەوڵ ئەدات هەقەی خۆی لەئاشکراکەرەکە بکاتەوە، بۆیە ئەم بڕوبیانووانە لەلایەن کەسانێک دەهێنرێتەوە کە بەدگومانی دەنوێنن و دەهێننەوە، نەچنە پای بڕیارەکە و جێبەجێی بکەن، گوایە ئەم مەملەکەتە وڵاتی دەرکردنی بڕیار و یاساکانە کە لەئەرزی واقیعدا جێبەجێ ناکرێت! باشیان وتووە دەستی لێمەدە با خراپتر نەبێت.
بۆ بەرگرتن لەو سڵەمینەوەیە، خەڵکی کوردستان ئەزموونی ئاسایشییان هەیە، بەوەی چۆن دەزگاکانی ئاسایش موخبرە جۆراوجۆرەکانیان ئاشکرا ناکەن، کە نازانیت کێ کێیە و کی کێ نییە، بەو هاوکارییەی پێشکەشی دەکەن، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نابێت. لەبەرنگاربوونەوەی ئەم هەنگاوەشدا دەبێت حکومەت ئالیەتێکی وا دابنێت کە ئاشکراکەرانی گەندەڵی لەئەنجامی کارەکانیان نەکەونە ژێر فشاری جۆراوجۆر.
ئەم هەنگاوە ڕووسپیکردنەوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانە، کە تاوانبارن بەگەندەڵی، ئەویش بەڕاوێژی ژیرانی دەرەوە ئەم هەنگاوەی ناوە و لەو بڕوایەدام کەسانێکی زۆر پێوە دەبن. جا بۆ ئەوەی کەسانی ڕۆژنامەنووس و دەیەهای تر بچنە پای مەسەلەیەکی گرنگی لەم شێوەیە، وا پێویست دەکات جوان وردی بکەنەوە، زەمانەتی ئەوە بکرێت، مەترسی بەرەوڕووی ئاشکراکەرانی گەندەڵی نەبێتەوە و ڕوو نەدات. ئەوکات بێگومان هەنگاوێک دەبێت بەئاراستەیەکی باش.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست