کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌سعود چاک بوو واتنه‌کرد گه‌ر واتبکردایه‌ ئێمه‌ی کورد چیمان ده‌کرد؟!

Sunday, 04/07/2010, 12:00


یه‌کێک له‌ ووته‌ به‌نرخ و به‌ پێزه‌کانی لینین ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت (ئه‌قڵی گه‌وره‌، گه‌وره‌ بیرده‌کاته‌وه‌، ئه‌قڵی بچووکیش، بچووک بیرده‌کاته‌وه‌) هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ووته‌یه‌ش ده‌توانین بڵێین پیاوه‌ مه‌زنه‌کان و سه‌رکرده‌ لێهاتوو مه‌زنه‌کانیش هه‌رده‌م مه‌زنانه‌ بیر ده‌که‌نه‌وه‌و کاری مه‌زنیش له‌ دژی زۆرداران و داگیرکه‌ران، ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ پێناو ڕزگار کردنی نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی خۆیان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆو ئازادو دیموکراسی. ئه‌م چه‌شنه‌ سه‌رکرده‌و پیاوه‌ مه‌زنانه‌، تا دوا ساته‌کانی ته‌مه‌نیان که‌سانی له‌ پێشه‌وه‌و داهێنه‌رو خۆبه‌ختکارو راستگۆن له‌گه‌ڵ خۆیان و میلله‌تی خۆیاندا. وه‌ یه‌کێک له‌ خوو ڕه‌وشت و پرێنسیبه‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌کانیان ئه‌وه‌یه‌، که‌ دزو تاڵانچی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان و کۆمه‌ڵگاکانی خۆیان نین. بۆیه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ مێژووی میلله‌تانی خۆیاندا، به‌ڵکو له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیشدا، له‌ دوای مه‌رگیان و وونبونیان به‌ جه‌سته‌ زیندوومانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی خۆیان سه‌ربه‌رزانه‌ به‌ده‌ست دێنن. پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی بۆچی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکه‌ خۆسه‌پێنه‌ره‌که‌ی ئێمه‌ وه‌کوو پیاوێکی مه‌زن و سه‌رکرده‌یه‌کی لێهاتوو، مه‌زنانه‌ بیرناکاته‌وه‌و کاری مه‌زنانه‌ش له‌ هه‌مبه‌ر داگیرکه‌رانی کوردستان ئه‌نجامنادات؟ بۆچی هه‌رده‌م خۆی به‌ بچووک و بێده‌سه‌ڵات نیشانده‌دات له‌ هه‌مبه‌ر دووژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان؟! بۆچی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ ئاست به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌کانی کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکانی کوردستان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هیچ سنورو هێلێکی سووریان نیه‌؟! بۆچی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌رده‌م جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌ ئابووریه‌کانی خۆیان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ولاوه‌ هیچی تریان پێ گرنگ نیه‌؟ بۆچی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ڕیزیان نیه‌ بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی و تاکی کوردو هه‌رده‌م به‌ ڕق و سووکایه‌تی سه‌یری خه‌ڵکانی جیا له‌ بارزانی ده‌که‌ن؟! کاک نه‌وشێروان مسته‌فا له‌ به‌شی چواره‌می یاداشته‌کانی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا به‌ ناوی (خه‌ون یان مۆته‌که‌) کاتێک که‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی شاندێکی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ تارانی پایته‌ختی کۆماری ئیسلامی ئێران بووه‌، ده‌ڵێت (له‌ کاربه‌ده‌ستێکیانم پرسی: " بۆچی ئێران هه‌میشه‌ پێوه‌ندیه‌کی باشی له‌ گه‌ڵ پارتی هه‌بوه‌، که‌چی له‌ گه‌ڵ یه‌کیه‌تی له‌ زیگزاگ دا بوه‌؟ " له‌ وه‌ڵامدا به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ وتی: " پارتی هه‌رچه‌نده‌ تینی بۆ به‌رین سنورێکی بۆ خۆی دیاری کردوه‌ لێی تێ ناپه‌ڕی، به‌ڵام یه‌کێتی که‌ زۆری بۆ بێنی سنووری نیه‌." هه‌ر له‌ میانه‌ی ئه‌م قسانه‌دا یه‌کێکی تریان وتی : پارتی له‌ پێوه‌ندیه‌کانی له‌ گه‌ڵ ئێراندا نه‌گۆڕه‌، له‌ زه‌مانی شاوه‌ تا ئێستا له‌ سه‌ر یه‌ک خه‌ت هێناویه‌تی، به‌ڵام یه‌کێتی زو زو ئه‌یگۆڕێ. ئێوه‌ له‌ زه‌مانی جه‌نگدا شه‌ڕی زۆرتان له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی عێراق کردوه‌، ئازایه‌تی زۆرتان نواندوه‌، پارتی له‌ شه‌ڕدا دژی عێراق کارێکی ئه‌وتۆیان نه‌کردوه‌، به‌ڵام له‌ شه‌ڕی زدی ئینقیلاب دا 600 شه‌هیدیان له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ داوه‌، له‌ کاتێک دا ئێوه‌ یارمه‌تی زدی ئینقلابتان ئه‌دا." ئێوه‌ بیری دروستکردنی کوردستانی گه‌وره‌تان له‌ سه‌ردایه‌ نه‌خشه‌ی کوردستانی گه‌وره‌تان له‌ باره‌گاکانی خۆتان دا هه‌ڵواسیوه‌. داڵده‌ی دیمۆکرات و پ ک ک تان داوه‌ ..."). ئه‌م چه‌ند ووشه‌و دێره‌ کورتانه‌ له‌ یاداشته‌کانی کاک نه‌وشیروان زۆر به‌ زیاده‌وه‌ به‌سه‌ بۆ مرۆڤی ئاقڵ، بۆ هه‌موو تاکێکی کورد، بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ خۆیان به‌ کوردو نه‌ته‌وه‌ په‌روه‌ر ده‌زانن. ئه‌م زانیاریه‌و ڕاستیه‌ی که‌ کاک نه‌وشیروان باسی کردوه‌ هیچ گومانێک له‌ سه‌ر ناپاکی نا کوردایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نا هێڵێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی بارزانی خۆشیان له‌ ئاستی ئه‌م ڕاستیه‌ ناتوانن چاویان به‌رزکه‌نه‌وه‌. به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر شتێکی تر بڵێم خۆزگه‌یه‌ک ده‌خوازم، هه‌رچه‌نده‌ کورد گوته‌نی داری خۆزیا بۆ که‌س به‌ری نه‌گرتووه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ر حاڵ شتی خۆش به‌ خۆزیاش بێت هه‌ر خۆشه‌، خۆزیاکه‌م ئه‌وه‌یه‌ " که‌ ته‌نها بۆ یه‌ک کاتژمێر ببومایه‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌موو تواناو ده‌سه‌ڵاتێکی بێپایانم ببوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بمتاونیایه‌ به‌شێک له‌و جورئه‌ته‌ی کاک نه‌وشێروان ببه‌شمه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رکرده‌و که‌سانه‌ی که‌ زانیاری گرنگ و هه‌ستیاریان له‌ لایه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ بڵاو کردنه‌وه‌و ده‌رخستنی ڕاستی و هه‌قیقه‌تی زیاتریان، که‌ به‌ڕاستی سه‌ره‌تانی جه‌سته‌ی کوردو کۆمه‌ڵگای کوردین، خۆزیا ئه‌م خۆزیایه‌م ده‌هاته‌دی." له‌م یاداشته ی کاک نه‌وشێروان ده‌رده‌که‌وێت که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی پته‌وو دورمه‌وداو ستراتیژی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر به‌ چاکی تێکه‌ڵیانکردوه‌و لێکیان گرێداوه‌، وه‌ به‌ به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان له‌ سه‌ر بنه‌مای (شین و شایی به‌ ده‌سته‌وایی) هاوکاری یه‌کتریانکردوه‌و یارمه‌تی یه‌کتریشیان داوه‌ له‌ کاته‌ هه‌ستیارو پێویسته‌کانی به‌رژه‌وه‌ندیاکانیان. نمونه‌ شۆڕشی ئه‌یلول ، شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ری و ئومێدێکی زۆر گه‌وره‌ بوو، ده‌کرا ده‌سکه‌وتی زۆر زۆر زیاتر و گه‌وره‌تری پێ به‌ده‌ست بهێنرێت، ده‌کرا ئه‌م شۆڕشه‌ ببێته‌ هۆکاری زیاتری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و بوژاندنه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ڕوێکه‌وه‌، ده‌کرا شۆڕشی ئه‌یلول ببێته‌ ڕێگرێکی پته‌و له‌ به‌رده‌م زیاترنه‌ سووتان و کاولکردنی کوردستان، به‌ ده‌ستی داگیرکه‌ران و ڕیگرتن له‌ قوربانی دانی زیاتری مرۆڤی کورد، ده‌کرا به‌ شۆڕشی ئه‌یلول بۆ هێنانه‌ دی خه‌ونی میلله‌تی کورد له‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌خۆ زۆر قۆناخی دور تر ببڕدرێت و نزیک بینه‌وه‌ له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی. به‌ڵام وه‌ک بینیمان سه‌رۆک و سه‌رکرده‌ی شۆڕشی ئه‌یلول مه‌لا مسته‌فا بارزانی ئه‌و سه‌رکرده‌ لێزان و لێهاتووه‌ نه‌بوو که‌ له‌ ئاستی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشێکی له‌م چه‌شنه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول دابێت، ئه‌و سه‌رۆکه‌ نه‌ خوێنده‌وارو بوو، بیر تیژو زیره‌ک و ستراتیژزان نه‌بوو، که‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی هه‌بێت بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون و هه‌ڵکشان و داکشانی ڕووداوه‌ ستراتیژی و سیاسیه‌کان.هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین ڕێکه‌وتن و موساوه‌مه‌ی نێوان داگیرکه‌رانی کوردستان له‌ ساڵی 1975 دا له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد. مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌یه‌ک ڕسته‌ (کاری ما ته‌مام شود) به‌ خۆڕایی و سووک و ئاسانی هه‌ر هه‌مووی له‌ ئاو کرد و چۆکدادان و ئاشبه‌تاڵێ ڕاگه‌یاند.هه‌قیش وایه‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ سه‌ر هه‌ر هه‌موو به‌ردێک و شاخه‌کانی کوردستان هه‌ڵکه‌نێن و به‌ئاوی زێڕیش بینووسینه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ شاکاره‌ فه‌لسه‌فی و فکریه‌ و سیاسیه‌کانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، بمانه‌وێت یا نه‌مانه‌وێت ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ مێژووی له‌که‌داری ئێمه‌، که‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌و ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م ڕه‌وتی خه‌بات و بیناکردنی کوردستان، چارمان نیه‌ ده‌بێ لێی تێبگه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بکه‌ین. مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌کو سه‌رۆکێکی نه‌مر که‌لتورێکی شۆڕشگێڕی و خۆ به‌ گه‌وره‌ زان و به‌ شه‌هامه‌ت و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌و به‌رخۆدان و گیان فیداکاری له‌ پێناوی کوردو کوردستان بێنێته‌ ئاراوه‌، که‌لتوری خۆ به‌ بچووکزان و بێ متمانه‌و باوه‌ڕ به‌ خۆ نه‌بوون و چۆک شلی و ده‌ست به‌خۆ به‌ردانه‌وه‌ی داهێنا. که‌لتوری گیان پارێزی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی داهێنا، له‌ پێناو ڕزگار کردنی گیانی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی و ئه‌و دزی و تاڵانییه‌ی که‌ کردبوویان له‌ میلله‌تی کورد. ئاشبه‌تاڵی کردو تێیان قوچان. قسه‌ی خۆشمان بێت هه‌رچه‌نده‌ تراژیدیاشه‌ به‌ڵام زۆر باش بوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی نه‌بوو به‌م جۆره‌ سه‌رکرده‌یه‌. خۆ گه‌ر هاتباو له‌ جیاتی (کاری ما ته‌مام شود، بی ووتبایه‌ نه‌خێر به‌رده‌وام ده‌بین له‌ شۆڕش و تێکۆشانی خۆمان) خۆ لێمان ده‌بوو به‌ پاڵه‌وان و ئێستا ده‌بوایه‌ هه‌رچی کوردو تاکی کورد هه‌یه‌، هه‌ر یه‌که‌ی به‌ جووتێک جامه‌نه‌ی سوور سه‌ری خۆمان گرێ بده‌ین و ڕێگری پێ بکه‌ین له‌ بیرکردنه‌وه‌ی مێشکمان، وه‌ کوو مانگاش به‌رده‌وام سه‌ر بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بله‌قێنین. ئۆخه‌ی که‌وا ده‌رچوو. ئه‌وه‌تا هه‌مان مێژوو به‌ نه‌سلی ئه‌سڵی هه‌مان سه‌رۆک بارزانی،، سه‌رۆک بارزانی مێژووه‌که‌ به‌ گاڵته‌جاڕی تر له‌ جاری پێشوو تر دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌، له‌ دژی شۆڕشی کوردی زدی تورک و تورکیای فاشیست 3000 شه‌هیدیان داوه‌، کاتێک سه‌رۆک مه‌سعود بارزانیش ته‌بلیغ و په‌لکێشی تورکیای ده‌که‌ن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ نێوانی چوار دیواره‌که‌و دوور له‌ چاوی کامێرای تی ڤی سوکایه‌تی زۆریان پێکردوه‌و ملکه‌چی خۆشی بۆ لێدانی پ ک ک، دووپاتکردۆته‌وه‌، ئینجا له‌ سه‌ر شاشه‌کانی تی ڤێه‌کان هه‌رچی سووکایه‌تی هه‌یه‌ دووباره‌ پێیانکرده‌وه‌ به‌ ئاشکرا به‌ر به‌ر چاوی دونیاوه‌. کاتێک ده‌رباره‌ی دانه‌نانی ئاڵای کوردستان لێی ده‌پرسن له‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی شه‌رمنانه‌ ڕووی ده‌کاته‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌کان و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی زه‌رد ڕوی خۆی ده‌گه‌شێنێته‌وه‌. باشه‌ هۆکاری چی بوو مه‌سعود بارزانی ته‌قه‌ی سه‌ری هات و هیچ هه‌ڵوێستێکی نه‌بوو؟ ئایا له‌به‌ر به‌ژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشی کوردو کوردستان بوو؟ ئایا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بوو تورکه‌کان ڕازی بکات بۆ ئه‌وه‌ی تۆپبارانی ناوچه‌ سنووریه‌کان و هێرشی تورکه‌ فاشیسته‌کان بۆ سه‌ر خوشک و برا گه‌ریلا کانمان ڕابگرێت؟!! یان مه‌سعود بارزانی له‌ترسی گیانی خۆی و پاراستنی په‌یوه‌ندیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌گه‌ڵ فاشیسته‌ تورکه‌کان، هه‌لوێستی له‌ سه‌ر ئالای کوردستان نه‌بوو؟ ئایا بێ هه‌ڵوێستی مه‌سعود بارزانی له‌ سه‌ر ئاڵای کوردستان بۆ پاراستن و گه‌شه‌ پێدان و به‌رده‌وامیه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووری ستراتیژیه‌ تایبه‌تیه‌کانی ته‌نهاو ته‌نهای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بوو؟!! کاک نه‌وشێروان گوته‌نی یه‌ک خه‌تیان گرتووه‌و لێی لا ناده‌ن، هه‌مان ڕیبازی نه‌مرو زیندوی مه‌لا مسته‌فا بارزانیه‌ به‌رده‌وامه‌. دیسان قسه‌ی خۆمان بێت باشه‌ گه‌ر مه‌سعود بارزانی کاتێ ئاوورێ دایه‌وه‌، له‌ روو وه‌رسوڕانه‌که‌ی خۆ ته‌نها بی ووتبایه‌ من ئه‌و کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌ ناکه‌م چونکه‌ ئاڵاکه‌م ئاڵای نه‌ته‌وه‌که‌م دانه‌نراوه‌، وه‌ تا ئاڵای نه‌ته‌وه‌که‌م که‌ به‌خوێن دروستکراوه‌ دانه‌نێین ئاماده‌نیم قسه‌ بکه‌م. خۆ ته‌نها به‌مه‌ مه‌سعود بارزانی له‌به‌ر چاوی هه‌موو کوردی سه‌رتاسه‌ری کوردستان ده‌بوو به‌ پاڵه‌وانی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ بێ کێشه‌ش 50 ساڵی تری ده‌سه‌ڵات و دزی و تاڵانی خه‌ڵکی کوردستانی بۆ خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی دابین ده‌کرد. گه‌ر هاتباو وای کردبا ئه‌وکات ئێمه‌ی کورد خاکی کوێمان به‌سه‌ری خۆمانده‌کردو چیمان ده‌کرد؟ مه‌سعود بارزانی زۆر چاکی بۆ هه‌ڵکه‌وتبوو که‌ پاڵاوانه‌تیه‌ک له‌ مێژوو بۆخۆیان تۆمار بکه‌ن، به‌ڵام باوکی ئاسا ئه‌و ڕاو چیه‌ نه‌بوو. ئۆخه‌ی که‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌رچوو. به‌ڵام ئه‌مه‌ تاکه‌ی؟ لایه‌نێکی تری گرنگیش له‌م هاوکێشه‌ سیاسیه‌ ناسروشتی و سه‌قه‌ته‌دا هه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی ڕێبازی بارزانیه‌ت، ئه‌ویشیان به‌ڕێز مام جه‌لال و یه‌کیه‌تی نیشتمانیه‌، وه‌کوو حزبێکی سۆسیال دیموکرات، که‌ ناکرێت باسیان لێوه‌ نه‌که‌ین و پرسیاریان لێنه‌که‌ین. باشه‌ خه‌ڵکینه‌ خوێنه‌ری به‌ڕێز مام جه‌لال هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ یه‌کێک بووه‌ له‌و که‌سانه‌ی سه‌رسه‌ختانه‌ دژایه‌تی فکرو سیاسه‌تی مه‌لا مسته‌فای کردووه‌، له‌ سه‌ر دیکتاتۆریه‌ت و نه‌ بوونی ڕای جیاوازو قورخکردنی ده‌سه‌ڵات دیموکراسیه‌ت و چه‌ندین پرسی تری سیاسی و ستراتیژی، ئه‌مه‌ له‌کاتێک دابووه‌ که‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ ترۆپکی ده‌سه‌ڵات و خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ر دابووه‌، له‌ کاتێک دابووه‌ که‌ نه‌ ته‌کنه‌لۆژیا، وه‌ نه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئێستاش کۆمه‌ڵگاو تاکی کوردی ووشیارو به‌ ئاگاو ڕۆشنبیر بووه‌، که‌ چی مام جه‌لال به‌ره‌ی گه‌لی هه‌ڵبژاردوه‌و به‌ بێ سڵه‌مینه‌وه‌، له‌سه‌ر پرێنسیبه‌ ڕاسته‌کان دژی مه‌لا مسته‌فاو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی که‌وتۆته‌ ململانێ.... به‌ڵام دوای ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌ هاتووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان فکرو سیاسه‌ت و بنه‌ماڵه‌ ده‌چێته‌ په‌یوه‌ندی ستراتیژی..!! ئه‌مه‌ چ سیاسه‌تێکه‌؟! باشه‌ به‌ بڕگه‌ی چ تیورێکی فکری و فه‌لسه‌فی و لۆژیکی و سیاسی مام جه‌لال وه‌کو سه‌رکرده‌یه‌کی سۆسیال دیموکرات، ناسراو له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی و ته‌واوی دونیا و ئه‌ندام له‌ سۆسیال دیموکراتی نێو ده‌وڵه‌تی، دێت له‌گه‌ڵ حزبێکی تا سه‌ر ئێسقان ئه‌قڵ و فکر خێڵه‌کی و دوا که‌وتوو دژ به‌ته‌واوی پرێنسیبه‌ دیموکراتی مه‌ده‌نیه‌کان، گرێی ده‌ده‌ن له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی ستراتیژیدا؟؟! باشه‌ تۆ بڵێی ئه‌مه‌ داهێنانی تیورێکی فکری و سیاسی نوێ بێت له‌ کوردستان بۆ ته‌واوی سۆسیال دیمه‌کراته‌کانی دونیاو ئێمه‌ لێی تێنه‌گه‌ین؟ ده‌بێ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌ی نێوان یه‌کیه‌تی و پارتی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بێت؟ که‌ چی ئێستا ڕۆژ به‌ ڕۆژیش به‌ره‌ی گه‌لی کوردستان به‌ حوکمی برسیه‌تی و نه‌بوونی ئازادی و دیموکراسی و ڕاده‌ربڕین و نه‌بوونی داد په‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌سه‌ر بوون و گه‌شه‌ سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و دزی و تاڵانی سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ترو فراوانتر ده‌بێت. هه‌ر هه‌مووشمان به‌ مام جه‌لال و یه‌کیه‌تیشه‌وه‌ چاک ده‌زانین که‌ یه‌کیه‌تی ئێستا له‌م په‌یوه‌ندیه‌ ستراتیژییه‌ی له‌گه‌ڵ پارتیدا، به‌لاواز بوونی به‌رده‌وامی خۆی و به‌هێز بوونی پارتی به‌ره‌وپێش ده‌چێت. هه‌وه‌ک چۆن فیلمی کارتۆنی (پا پای) که‌ سه‌رچاوه‌ی هێزی پا پای سپێناخه‌که‌یه‌، ئێستاش یه‌کیه‌تی وه‌کوو هه‌مان سپێناخ، به‌ڵام سپێناخێکی ستراتیژی، بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی. ئه‌مه‌ بۆچی؟ ئایا مام جه‌لال به‌و په‌یوه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ مێژوو خه‌باتی ڕابوردوی خۆی له‌ دژی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بکاته‌وه‌؟ ئایا مام جه‌لال ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ نا ووشیاری سیاسی ئه‌و کاتی جه‌ماوه‌ری کوردستان بکاته‌وه‌؟ ئایا مام جه‌لال به‌و په‌یوه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌ ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌و که‌سانه‌ بکاته‌وه‌ که‌ هاوڕای بوون و باوه‌ڕیان پێی هێنا،پاشانیش له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکانی کوردستان و ڕاستیه‌کان، به‌ فیشه‌کی تاوان و غه‌دری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی شه‌هید کران و ماڵیان کاول بوو؟ ئه‌و قۆناخه‌ له‌ مێژووی شۆڕشی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی به‌ خۆێن نووسراوه‌ته‌وه‌ و خوێنی تیا ڕژاوه‌ له‌ پێناو به‌رگریکردن له‌ نه‌ته‌وه‌و کوردستان له‌ دژی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا، خوێنی تیا ڕژاوه‌، خۆ ئاوی خێراتی تیا نه‌ڕژاوه‌، ئێستا بێن به‌ په‌یوه‌ندیه‌کی ستراتیژی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی پێی لێ بخشێنن و به‌ فوو لێکردن ووشکی که‌نه‌وه‌.!!! قسه‌و پرسیاری زۆریشمان ماوه‌، به‌دوای دا دێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە