میزی حوشتر
Friday, 27/05/2011, 12:00
هەنووکە باس باسی خۆ ئامادەکردنە بۆ کۆبونەوەی پێنج قۆڵی نێوان دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسێۆن. وەك ئاشکرایە لیستێکی ٢٢ خاڵی خرایە بەردەست دەسەڵات و هەر زوو خرایە تەنەکەی خۆڵەوە، کەچی ئێستا مەلا بەختیار دێت و ئەڵێ نەك ٢٢ خاڵ بەڵکو ١٢٢ خاڵیش بێ ئەشێ گفتوگۆی لەسەر بکرێ ، بەمەرجێ ٢ خاڵی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان ، ئەشێ لە جیاتیان حکومەتی بنکە فراوان و هەڵبژاردنی پێش وەخت ئەنجام بدرێ.
ئۆپۆزیسێۆن هەڵبژاردنی پێشوەختی ناوێ و پێی قەبز ئەبێ ، چونکە پاساویان ئەوەیە کە لەژێر حکومەتی حزبیدا ناکرێ هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد بەئەنجام بگەیەندرێ،، ئەمە ئەگەر ڕاستیەکی تەواوە، لێ لەڕاستیدا ، ئۆپۆزیسێۆن ناچێتە نێو هەڵبژاردنێکی ئاوهادا کە تەواو ئەزانێ شەقامی لێ ڕەنجاوەو ئەوەش بەپێی ئەوەی پشتی لە ڕاپەڕیوان کرد و خۆی نەکردە خاوەنیان.
ئەمە خاڵی سەرەکی پاشەکشەی ئۆپۆزیسێۆنەو ئەزانێ دەنگی وەك ئەوەی ٢٥/٧ ناهێنێتەوە بۆیە ناچێتە هیچ جۆرە هەڵبژاردنێکەوە. هەروەها بەشداری کردنیان لە حکومەتی بنکە فراوان ئەوەندەی تر گورزی قورسیان بەرئەکەوێ و لەهەناسە بڕکێ ئەکەون، ئەگینا لەچ سیستمێكدا هەیە حکومەت لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن پێك بێت و بەیەکەوە حکومەت بەڕێوە بەرن بەبێ بوونی چاودێری؟؟ پاشان ئۆپۆزیسێۆن مانای نامێنێ و ئەوسا دەستێکی تەڕ لەپشتیان هەڵئەسوون و لەجەماوەرەکانیان دایان ئەشۆرن و پەڕو باڵیان ئەکەن،، بۆیە هەر گفتۆگۆیەك لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە کوردکوژە تەنها بەزەرەری ئۆپۆزیسێۆن خۆی تەواو ئەبێ.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە شەقام خۆی بەدوور بگرێ و نەبێ بەبەشێك لەم ڕیسواییەی کە ئۆپۆزیسێۆن قۆڵی خۆی بۆ هەڵماڵێوەو خۆی بۆ ئامادە ئەکات.... ئەبێ شەقام لەوە باشتر بزانێ کە ئەو دەسەڵاتە ، هەمان دەسەڵاتە کە جگە لەزمانی فیشەك هیچ شتێکی تر نازانن و ئەوەی مەعرەفەو حکمەتیش بێ لەو دەسەڵاتە ناوەشێتەوە.
بۆیە بەبڕوای من ئەم دانووستانە پێنج جرتەکیە جگە لەپاشەکشێ بۆ داخوازیە ڕەواکانی خەڵك لەڕێگای ئۆپۆزیسێۆنێکی نەخۆش و لەرزۆك ، هیچی تری لێ سەوز نابێ و وەك میزی حوشتر ڕۆژ دوای ڕۆژ کێرڤی دۆڕاندنی خێراتر ئەبێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست