کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كۆمەڵەی خوێندكاران و سوكایەتی بە مامۆستا بەڕێزەكان

Thursday, 07/06/2012, 12:00





هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵگا كە فێری ئەلفوبێی خوێندن بوو بێ یان خوێندنی تەواو كردبێ، ‏قەرزارباری مامۆستایانن... كەواتە بۆچی كۆمەڵەی خوێندكاران سوكایەتی بە مامۆستایان ئەكات؟.‏
لە لاپەرە 4ی ژمارە 166ی رۆژی 20ی 5ی رۆژنامەی گۆڕانی كۆمەڵەی خوێندكاران، بابەتێ لەژێر ناوی ‏‏(چۆن مامۆستا كچان ئیستیغلال ئەكات) بڵاوكراوەتەوە و بە مانشێت نوسراوە كە مامۆستاكانی ‏كوردستان هەوڵی تیرۆركردنی جەستە و شەرەف و ئەخلاق و كەسایەتی خوێندكارە كچەكان ئەدەن!.‏
ئەم راپۆرتە كە لە ئامادە كردنی ئارام شەمێرانیە، بە كۆمەڵێ پەرەگراف سوكایەتی راستەوخۆی بە ‏هەموو مامۆستاكانی كوردستان كردوە و بەوە تاوانباریان ئەكات كە هەوڵ ئەدەن پەیوەندی سێكسی ‏لەگەڵ خوێندكارەكانیان ببەستن و گوشاریان ئەخەنەسەر!.‏
لە پەرەگرافێكدا بەناوی كچە خوێندكارێكی شاری دەربەندیخانەوە نوسیویەتی: چەند جارێ لەلایەن ‏مامۆستاكەمەوە هەوڵی تیرۆركردنی جەستە و شەرەف و ئەخلاق و كەسایەتی منی داوە.‏
لە پەرەگرافێكی تردا بەناوی كچە خوێندكارێكی سەیدسادقەوە نوسیویەتی: ئەمە لە حاڵەت دەرچوە و ‏بووە بە دیاردە... رۆژانە چەندین كاری ئیستیغلالی دەبیسترێت لەلایەن مامۆستاوە دەكرێت.‏
‏ لە چەندین پەرەگرافێكی تردا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە مامۆستاكانی ئەمرۆ داوای ماچ و سێكس لە ‏خوێندكارەكانیان ئەكەن ئەگینا هەڕەشەی ئەوە لە كچەكان ئەكرێ كە دەریانناچێنن و لە ڕیزكردنی ‏هەفتانەشدا بە بیانووی تەمەڵی ئەیانهێننە دەرەوە!.‏
دڵنیام ئەم پەرەگرافانەی سەرەوە، سوكایەتی راستەوخۆی رۆژنامەی گۆڕانە بە مامۆستایان، بەڵام لێرەدا ‏چەند پرسیارێ ئەخەمە ڕوو:‏
‏- ئارام شەمێرانی كە ناوی كوڕە بەناو رۆژنامەنووسێكی ئەو رۆژنامەیەیە، چۆن ئەم كچانەی لەم ‏شارۆچكە و ئەو شارۆچكانە دۆزییەوە؟ چۆن ئەو كچانە ئامادە بوون ئەو نهێنیە خەتەرناكانە بۆ ئەو ‏بدركێنن؟
‏- ئایا هەڵە و لادان لە رەفتاری مامۆستایەتی، بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەم رۆژنامەیە هێرش بكاتە سەر هەموو ‏مامۆستایانی كوردستان؟. ‏
من دڵنیام ئەم راپۆرتە تەنها زادەی خەیاڵی رۆژنامەنووسەكەیە و هەر خۆی بە خەیاڵ دایڕشتوە تا بازاڕی ‏رۆژنامەكەی پێ گەرم بكاتەوە، داواش لە یەكێتی مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانی كوردستانیش ‏ئەكەم هەڵوێست لە ئاست ئەم سوكایەتیەدا وەربگرن و دوای تۆمار كردنی سكاڵای یاسایی، شەخسیەتی ‏مەعنەوی ئێمەی مامۆستا لەكەدار نەكرێ بەهۆی بابەتێكەوە، داواش لەو رۆژنامەیە بكرێت دەنگی ئەو ‏كچانە بە تۆمار كراوی بگەیەنێتە یەكێتی مامۆستایان تا كەس بوختان بۆ كەسایەتی بەرزی مامۆستا ‏نەكات.‏
‏ ‏

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە