کردار و قسەکردن، شۆڕش
Saturday, 25/06/2011, 12:00
٦
حەتمیەتی گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە لایەن هێگڵ، مارکس و سپێنسەرەوە بە جۆری جیاجیا و لە ڕوانگەی جیاوازەوە بانگەشەی بۆ کرا، لە بەشەکانی پێشوودا کورتەیەکم باسکرد بەڵام نەچوومە ناو قوڵایی تێڕوانینەکانیانەوە. هێگڵ ئایدیایانە و مارکس دژەئاینیانە، واتە ماتریالیزمانە، و سپێنسەر ئۆرگانیانە بیری لێدەکردەوە، واتە کۆمەڵگەی وەکو زیندەوەرێک دەبینی کە لە دایک دەبوو، گەشەی دەکرد و، دادەتەپی و دەمرد.
شۆڕش گەر خاڵی کوڵانی گۆڕانکارییە سیاسیەکان بێت زۆر گرنگە کەمێک ڕونکردنەوەی لەسەر بدرێت.
شۆڕش چییە؟
دەکرێت پڕۆسەیەک بێت زەمەنەکەی کورت یان درێژخایەن بێت، لەو ماوەیەدا پرۆسەی هەڵگێڕانەوەکە ئەنجام دەدرێت، بکەرەکانی پرۆسەکەش بەشێوازی جۆراوجۆر ئامادەیی و بەشدارییان تیایدا هەیە.
شۆڕش بۆی هەیە ئاشتییانە و بۆی هەیە توندوتیژ بێت.
بەشداربووەکان بۆی هەیە تەنیا قسەبکەن و، بۆی هەیە بە لاشە ببنە نیشانەی هێرشە جەستەیی و دەرونیەکان و، بکەونە بەر فشارە قورسەکانی لایەنی داکۆکیکار لە حاڵەتی ئامادە و پارادیمی چەقبەستوو یان لەو وەزعەی شۆڕشەکەی بەرانبەر دەکرێت.
لە مێژوودا دوو شۆڕش هەیە بە گەورەترین شۆڕشەکانی جیهان دادەنرێن ئەوانیش شۆڕشی زانستی و شۆڕشی پیشەسازین. بابەتی ئەم نوسینە ئەو دوو شۆڕشە نییە بەڵکو شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە.
لە کوردستان تێگەیشتن لە شۆڕش و، لە جۆری بەشداربوون تیایدا دووچاری بیرکردنەوەی گەندەڵیی بووە، بە ئانقەست، لە لایەن جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانییەوە، دەرەبەگەکانی شۆڕشی کوردییەوە چەواشە کراوە. پێناسەی شۆڕش لای ئێمە بە شۆڕشی یەکێتی و پارتی هاوتا کراوە. لە ئەنجامی ئەوەدا کۆمەڵێک گوتەزای هەڵەی بە باڵا بڕدراوە، لە وانە شەهیدی سەنگەر و شەهیدی تر و، تەقەکردن و تەقە نەکردن و، کردار و قسەکردن و شتی تر.
ئەوانەی ئەم جۆرە تێگەیشتنانە بە سەر شۆڕشدا دەسەپێنن بە مەبەست بەو کارە هەڵدەستن.
تەقەکردن یان نەکردن لەشۆڕشدا وامان لێدەکات شۆڕش تەنیا بە بەرەنگاربونەوەی چەکدارییەوە ببەستینەوە، لە هەمان کاتدا بچوککردنەوەی شۆڕشە بۆ ژمارەی ئەو کەسانەی تیایدا چالاکانە بەشداریان کردوە و، دابڕاندنێتی لە بەشی زۆری میللەت.
کە دێتە سەر باسی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر سەرانی گەندەڵی شۆڕشە کۆنەکانی یەکێتی و گوڵان خێرا میللەت بەوە چەواشە دەکەن کە لەبەر ئەوەی ڕەخنەگران لە شۆڕشدا بەشدارییان نەکردووە و تەقەیان نەکردووە بۆیان نییە ئەو ڕەخنانە بگرن یان داوا بکەن تاڵەبانی و بارزانی دەست لە کورسی بەربدەن. کە دێتە سەر ئەوەی پێیان بوترێت شەرعیەتیان نەماوە، بەو مانایەی میللەت تەئیدیان ناکات و لە ڕووی یاساییەوە بۆیان نییە لە کورسیەکانیاندا بمێننەوە بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن کە شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتیان هەیە و، ئەوان بۆ میللەت شۆڕشیان کردووە و تەنیا میللەت دەتوانێت ئەو شەرعیەتەیان لێبسەنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە لە کاتی شۆڕشدا کەس شەرعیەتی پێنەداون و هەڵینەبژاردوون چەک هەڵبگرن.
یەکێتی و پارتی حیزبەکانی خۆیان کردووە بە دامەزراوەی تۆکمە، کە پێکهاتووە لە لەشکری چەکدارەکانیان و لە ئیعلامیەکانیان و لە ئیداریەکانیان و لە تیۆریزەکارانیان و هەتاد، کەچی میللەتیان بەوە چەواشە کردووە کە شۆڕشکردن تەنیا تەقەکردنە و تەنیا بەشداری جەستەییە. بۆ ئەمە دەکەن؟ لە بەر ئەوەی ئەمەشیان بەشێکی کاریگەرە لە خۆیان، بۆ مانەوەی خۆیان.
با بێینە سەر شۆڕش لە کوردستان بە مانای شۆڕشکردن یان پرۆسەی شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی.
پارتی و یەکێتی هیچ جۆرە شەرعیەتیەکیان نییە تا ببنە حاکمی کوردستان، تەنانەت پێش ١٧ ی شوباتیش ئەو شەرعیەتەیان نەبووە. لە کوردستان حکومەتێک نەبووە، پەرلەمانێک نەبووە و سەرۆکێک نەبووە تا باسی شەرعیەت بکرێت. ئەوەی ناویان ناوە حکومەت ڕوکەشێک بووە بۆ پارێزگاریکردن لە حیزب و دەستی درێژکراوەی مەکتەب سیاسیەکان بووە بۆ چەواشەکردنی جیهانی دەرەوە بە مەبەستی مانەوەی خۆیان لە کورسیدا. پەرلەمانەکەیان تەنیا کۆمەڵێک معاشخۆری کاسەلێس بوون و سەرۆکایەتیش تەنیا مەسعود بارزانی خوازیاری بووە، جارێک دەبێتە سەرۆکی پارتی و جارێک سەرۆکی بنەماڵە هەزار پیاویەکە و جارێکیش سەرۆکی کوردستان کە سنوری دەسەڵاتەکەی تەنیا سەری ڕەشە.
میللەت گەر باوەڕیشی بەو سێ دەسەڵاتە نەبووبێت، پێش ١٧ ی شوبات بەڵێیەکی کردووە بە هیوای ئەوەی وڵات باش ببێت و، ئەو دیموکراتییە کارتۆنییەی باسی لێکراوە ببێتە ڕاستی.
دوای حەڤدەی شوبات ڕاستییەکان هەمویان دەرکەوتنەوە و، درۆی گەورەی ئەو سێ دەسەڵاتە و سنورداریەتیان و، تەسکبونەوەیان بۆ مەکتەب سیاسیەکانی پارتی و یەکێتی دوبارە ئاشکرابوەوە.
بۆ ئەوەی خۆمان لەو تێگەیشتنە هەڵانە ڕزگار بکەین کە یەکێتی و پارتی لە سەر شۆڕشکردن و شۆڕش مێشکی ئێمەیان پێ تەنیوە، باشترە باسی شۆڕش بە گەرمی بێنینە بەر باس.
شۆڕش ئامادەکارییە بۆ خاڵی وەرچەرخان لە ڕووی کۆمەلایەتی و سیاسییەوە. گۆڕین و لابردنی ئەو کەسانەیە کە هۆکاری گەشەنەکردن و، نادادپەروەرین. لە کوردستان شۆڕشکردن بۆ لابردنی مەسعود بارزانی و تاڵەبانییە نەک تەنیا وەک شەخس بەڵکوو وەکو تێگەیشتن بۆ حوکمداریش.
دەبێت شۆڕشێک بکەین زۆرترینمان تیایدا بەشداربین، بە نوسین یان بە کردار، بە یارمەتیدانی مادی یان بە ئامادەبوون بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان. ئامادەبوون تەنیا ئەوە نییە لە سەنگەردابین لە شوێنێکی سنورداردا یان لە مەیدانی ئازادیدا یان لە کوردستان بین. ئەم شۆڕشە دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا و لە هەموو کون و کونجێکی جیهاندا کاری بۆ بکرێت. هەموو شەرەفی بەشداریکردنیان تیایدا هەبێت بە کەم یان بە زۆر. دەبێت دڵنیایی ببەخشێت بە هەموو لایەنێک کە شۆڕشی گۆڕانە بۆ باشتر و هیچ بەشێکی کاریگەری میللەت نەترسێنێت.
بەڵام گرنگە لەوەش تێبگەین کە گەرمەساتی پرۆسەی شۆڕشکردن پێویستی بە دەستوبردی و بە کار ڕاپەڕاندن هەیە، پێویستی بە کەسانێک و ئەقڵیەتێک هەیە مسقاڵەزەڕەیەکیش لە ڕەوایەتی سۆرشەکە دوودڵ نەبێت.
لە ڕاپەرینی حەڤدەی شوباتدا دەنگی زۆر دەبیسترا، لەوانە هەبوو:
شۆڕشێکی نەشتەرگریانەی دەویست، بەو واتایەی کە تەنیا ئەوانە بەشداری تیادا بکەن کە پاکن یان پاک بوون و لە گەندەڵیدا پاشەڵیان پیس نەبووە.
کە دەبێت بە جەستە لە سەرا بن، و لە پشت کۆمپیوتەرەوە دانەنیشن.
کە دەبێت بە ئارەزووی خۆیان قسە بکەن، کاریگەریی ئەو جۆرە قسە و گوتارانە لەسەر شۆڕشەکە هەرچۆنێک بێت گرنگ نییە، نابێت ڕەوایەتی شۆڕشەکە ڕێگر بێت لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕیندا. لە گەڵ هەندێک ئاڕاستەی تردا.
ئێستاش لە دوای نەمانی خۆپیشاندانەکان دەنگی خەتابارکردن دەبیسترێت لە دژی مەلا و نوسەر و فەیلەسوفەکان.
ماویەتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست