دەسەڵاتی هەژار کوژ
Tuesday, 10/12/2013, 12:00
1622 بینراوە
لە هەموو دونیادا پێشڕەوی چاکەسازی وداڕشتنەوەی کۆمەڵگایەکی ئاڵۆز ووێران بەشێوەیەکی سەردەمیانە ودوور لە توندوو تیژی و دواکەوتوویی ئەرکی زانکۆکان و ئەدیب ونوسەرو مامۆستایان و پێشەسازان و.......، کە وەئەستۆی دەگرن و دەسەڵاتیش ئەگەر هەڵبژاردەی خەڵک بێ وبە ویستو خواستی ئەو کۆمەڵگایە کارەکانی بەڕێوەدەبا سیاسەتی رۆژانەی خۆی هەم بۆ دەرەوەی وڵات وهەم بۆ ناوخۆی وڵات بە لێهاتوویی دەگەیەنێتە ئامانج .
مەزنترین خەسارێک کە جەستەی کۆمەڵگاو توانای تاکی ئەو کۆمەڵگایە دادەڕزێنێ ، ئەدیب و رۆژنامەوان و نوسەری گوێ لە مستی دەسەڵاتی سەر کۆمەڵگایە . پێنوسێک کە بۆ خواستی خەڵک و بۆ بەرژەوەندی خەڵک نەنوسێ ، رۆژنامەوانێک کە چاوی لە دەستی بەرپرسێکی نەخوێندەوارو کوردکوژی ئەو دەسەڵاتە بێ و نانی رۆژانەی خۆی لەدەست وەها سیستمێک وەربگرێ هەر ئاوای لێ بەسەر دێ کە لەو رۆژانە دیتمان . کاوەکان وایان نەکرد، سەر بەرزانە ناوی خۆیان تۆمار کرد وپەیامی ژیانێکی بە شەڕەفیان گەیاندە هەموو دونیا .ئەو جرجەمشکانە ی کە ترۆریان کردۆتە پیشەی خۆیان ئەوەندە ترسەنۆکن کە توانای ئەوەیان نییە چاو لە چاوی خەڵک بکەن .
مرۆو کاتێک ژیانی هەژارانەی شەهید کاوە دەنرخێنێ، گوزەرانی رۆژانەی لەگەڵ بەرپرسێکی وەک و کۆسرەت یا قوباد تاڵەبانی یا....... چاو لێدەکا شەرم لەخۆی دەکا کە بڵێ کوردم .!؟ هاوسەری شەهید کاوە چەند رۆژی دێکە کاوەیەکی دژە فێرعەون دێنێتە سەردونیا . دەبێ هەستی ئەو منداڵە پێ بڵێی کاتێک نزیکی یەک مانگە باوکی بە دەست جەڵلادەکانی هەژار کوژ ترۆر کراوە . چەند رۆژی ماوەی کۆتایی ژنێکی دووگیان کە منداڵی دەبێ لەوپەڕی خۆشی ئارامیدا تێپەڕ ببێ بەڵام بۆ پێنوس و رایەڵی هاوسەری کاوە دێو جامەکانی سەردەم رێڕەوێکی دیکەیان تۆمار کرد .
یەکەم وشەی کە لەزاری رایەڵ دێتە دەرێ و پێمان دەڵی ئەوەیە : بێ دەنگ مەبن ، مرۆوی بێدەنگ وەک مردوو وایە .دەمهەوێ بۆ چەند ساتێک لەگەڵ پێنوسی کاوە بدوێم پێی بڵێم بەڕێز ، : خاکی سوتاوی وڵاتەکەت لە شوێنێک جەستەی خوێن نادەڵێنێ لە رۆژهەڵاتی وڵاتی تۆ لەسەردەمی ئازادیدا پێش ئەوەی قزڵباشەکانی کورد خۆر هەمیسان هێرشمان بکەنەوە سەر ، سەرکردەو حیزب وکاربەدەستی خۆماڵی بۆ ماوەیەکی کورت ئاغایەتیان لەسەر دەکردین . دڵمان بەوەخۆش بوو کە ئاغاو کوێخا هەر بۆ خۆمانین .
رۆژگار وای بەسەر هێنان کە ماوەیەکی دوورو درێژە بونەتە دەستە مۆی ئەو کەسانە کە بابی تۆیان ترۆر کرد .لە بنکەو چەقەخانەی ئەو دەسەڵاتەنو جاشکەوشیان بۆ جووت دەکەن وبۆ پارەی مانگانە سەرەیان بەستووە .کاتی خۆی کە مەستی دەسەڵات بون هەرکەس رەخنەی لێ گرتبایەن یا کەسایەتیان ترۆر دەکرد یانژی بۆ خۆیان ترۆر دەکرد .رایەڵی سەربەرز ،، کاوەی شەهیدی باوکت سەربەرزانە وانەی بوێری و غیرەتی فێری من کرد با منیش بۆت بگێڕمەوە رووداوی تاڵی سەردەمی خۆم کە هەتادەمرم لەبیرم ناچێتەوە .
دەڵێن نەتەوەی هەشیار رابوردوو دەکاتە ئەزمون بۆ داهاتوی ئێمە هەم رابوردوومان بە ،، با،، داداوە هەم خەرمانی ژیانمان بە شەختەی رۆژگار تەنراو. . هەژارترین و فەقیرترین مرۆوی شاری مهاباد بوو بەناوی ،مستەفا شاروێرانی ، ئەگەر شەهید کاوەی بابی تۆ خانوبەرەیەکی فەقیرانەی هەبوو ئەو وێڕای دایکو باوکی کە مجێوری یەکێک لەمزگەوتەکانی شار بوو دەژیا ! مرۆوێکی لاواز کە لاقێکی دەشەلی و لەهەر جێیەک توانیبای کارگەری دەکردو باوکیش دەرگا بەدەرگا بۆ نانی مجێوەرو چێشتی مجێوردەگەڕا !؟ تۆ دەزانی ؟ لە ژێر زەوەی مزگەوتدا مەقەببا وبەڕە شڕەی راخستبوو ؟ دەزانی ئەوانی ترۆریان کرد کێ بون ؟ کوڕە دەوڵەمەندی شار !؟
دەڵێن خوێن نابێتە ئاو ، هەزار ساڵی دیکەش تێپەڕێ لەبیر ناچێتەوە . لەبیرمە لایانگرانی زەحمەت کێش و دێمۆکڕات خوازی ئەوسەردەم دەیاننەڕڕاند کە جاشیکمان کوشتوە !! ئەو کەسەی نیازمەندی نانی وشک بوو بۆخۆشیان لە باشترین ژیاندا دەژیان ،دایکی پیرو باوکی پیری مستەفایان دیق مەرگ کرد ؟؟ لەرۆژهەڵاتی پێنوس ورایەڵەکان ١٢ میلیون هاووڵاتی تۆی لێ دەژین . ئەگەر قەرارە لەداهاتوودا ئەوانە بەڕێوەی بەرن هەر لە ئێستاوە بەشی من بەزیاد بێ و نەمگەرەکە .
بەداخەوە یەکێک لەو درووشمانی کە لە باشور رۆژانە دووپات دەبێتەوە ئەوەیە : دەبێ دەسەڵات سنورێک بۆ ئەو ترۆرانە دابنێ! باشە بۆ رەخنە لەو هەژار کوژانە دەگرین ئەوە نییە بۆ خۆمان دەڵێی ،، هێدی هێدی ترۆرمان کەن و لە ناومان بەرن
ئاخر لەکوێی ئەم دونیایە سنور بۆ ترۆری رۆڵەی کورد دەبێ دیاری بکردرێ ؟
********************
سرنج: ئەو کەسانەی کە مستەفا شاروێرانیان ترۆر کرد ئێستا لەوڵاتانی (سۆئێد و نۆڕوێژ دەژین) .وئیقامەتی ئەو وڵاتانەیان وەرگرتوە !
هەروەها دەبێ بڵێم بە تەمەنی دەسەڵاتی حیزبەکانی رۆژهەڵات کە ٣ساڵی خایاند زۆر کەسیان لەخۆڕا ترۆر کەرد .
جەعفەر کەریمی
جەعفەر کەریمی / ١٠/ ١٢/ ٢٠١٣