کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

درامای تورکی و لەشکرکێشی سوپای تورک

Monday, 03/05/2021, 21:42

966 بینراوە


بێ هەڵدانەوەی خۆڵەمێش پشکۆ دەرناکەوێت. 
هەر گەلێک بەرامبەر بە دوژمنەکەی لە جەنگدا بێت، بایکۆتی ئەدەب و هونەرەکەشی دەکات، لەو روانگەیەوە دەتوانم بڵێم، کە ئێمە هەرگیز بۆ ئازادیی نەجەنگاوین، بەڵکو بۆ دیلکردنی خۆمان لە شەڕداین. 
ترسێک هەموومانی گیرۆدە کردووە، لەو نەعامانە دەچین، کە سەردەکەن بەلمدا تا ڕووداوەکان نەبینین. لای نەعامەکان وایە کە کاتێک سەریان کرد بە لمەکەدا ئیتر لاشە زەبەلاحەکانیان لە بەرچاوان وون دەبێت و کەس نایان بینێت. 
 هەموو ڕۆژێک نیشتیمانەکەمان هەتک دەکرێت. خۆشمان سەرگەرمی شەربەتی مێوژ و سەرگەرمی ڕۆژووگرتن و درامای تورکین. هەموو ڕۆژێک لاشەکان دەسوتێت، ژنەکان دەکوژرێن، منداڵەکان هەتیو دەکرێن، گەنجەکان خۆکوژی دەکەن، کۆچ دەکەن بۆردێلێک دەکرێتەوە، مەلای مزگەوتەکان سوکایەتی بە دایک و خوشکمان دەکەن و بە ژنان دەلێن : گەر پیاوەکەت نوێژ ناکات، ئەوە تۆلەگەڵ زیناکەرێکدا ژیان دەکەیت. 
ڕۆژانە بە بەرچاومانەوە تورک، فارس و عەرەب لەژێر ناوی دین و کفردا نیشتمان و خاکمان لاقە دەکەن و دەمانکوژن، سوکایەتیمان پێدەکەن، لە مزگەوتەکاندا فتوای قڕکردمان بۆ دەردەکەن، حیزبە ئیسلامێکانیش بەیعەتی خۆیان بە تورک دەدەن، دەڵێن ئێمە لەگەڵ تورکیادا دۆست و هاوڕاین. 
ئیتر ئێمە دەبێت شوێن سەرەڕۆیەکانمان بکەوین، دەنا بە هیچ شوێنێک ناگەین. لەم نیشتمانەی ئێمەدا کە یاسای تێدا نییە، بە یاسای خۆیان دەمانگرن و سوکایەتییمان پێ دەکەن. بۆیە قەدەر زۆرە و تێکشکانی کەسایەتییمان بەشەقامەکاندا لەگەڵماندا هەنگاو دەنێت. 
 هەموو ساڵێک کە ڕەمەزان دێت، شانۆکار و هونەرمەندەکان، گۆرانیبێژەکان، بازاڕیان گەرم دەبێت، بە گۆرانی بێتام و بە شانۆگەری بێمانا دێنەوە ناو ماڵەکانمان سەرودڵمان دەگرن. گۆرانیبێژەکان بۆ پاکبوونەوەیان لەو هەموو لیکاوەی پیاندا ڕژاوە، بە بێدەسنوێژیی گۆرانی دینی دەڵێن، یان ڕیشێکی تورکی یان حیجابێک لەوەی ژنە کەی ئەردۆغان لەسەردەکەن و خۆیانی پێوە بادەدەن. 
 دراما و نواندنەکانیش خۆیان نمایش دەکەن، هەموویان دەم لە کۆمێدیا دەدەن، ئەوان نەک لێیان نایەت، بەڵکو کۆپی کۆمێدیای تورک و خلیجییەکان دەکەن، بێئاگا لە نیشتمانی ئێمەدا تاکە جێیەکە کە کۆمێدیا تێیدا هەتک کراوە، ئاخر ئەم هونەرمەردانە، ئەم دەرهێنەرانە کە دەڵێیت زەردێنەی هێلکە بە سرنج دەردەهێنن، ناوێرن یان بۆیان نییە، بابەتێک لەسەر لەشکرکێشی تورک، تۆپبارانی ئێران و سوپای عێراق، پەرلەمان، وەزیر و گریز، سەرۆک کۆماری کارتۆنی کورد لە بەغدادی تاواندا بکەن، چونکە ئەوانە بڤەیە... !
دەڵێیت ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە کۆمێدیایەکی بێتام، بێئەرزشمان بۆ نمایش بکەن، ئەی سەد ساڵی تر چۆن مێژووی ئەم قەشمەریاتانە بخوێنرێتەوە ؟
بەڕاستی شەرمە مرۆڤ هەست بە شەرم نەکات، لایەنی کەم لە یەکێک لەو نواندنانەدا ماستێکی تورکی فڕێدەنە زبڵخانەیەکەوە، هەر بەڕاستی شەرمیش دەکەم لە مێژوویەکی وادا ژیان دەکەم کە گەلەکەم نەرم نەرم دەخەسێنرێت. 
نەفرەت لەو هونەرە بێت کە ترسنۆکی نمایش دەکات. لەوانەش کە بە دەم و لەوسی ئەو نمایشکارانە پێدەکەنن. 

پەیامی رۆژی ئەمجارەمان لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە