کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سێ سوار چاکەکەی سلێمانی

Sunday, 06/11/2011, 12:00







ڕەنگە زۆربەمان ڕۆمانی (٣ سوار چاك)کەی ڕۆمانووسی فەرەنسی(ئەلکسەندەر دۆما)مان خوێندبێتەوە وەیان لەشێوەی فلیمدا بینیبێتمان، کەوا چۆن باس لە گەنجێك ئەکا ئەیەوێ لەگەڵ ئەو ٣ سوارچاکەی شاری پاریسدا بژی و بیەوێ وەك ئەوان ڕۆژێ ببێ بە سوارچاك. لەکاتێكدا ئەو ٣ سوارچاکەی پاریس یەك بیروباوەڕیان هەبوو، ئەویش: یەك بۆ هەموو، هەمووش بۆ یەك.

ڕەنگە ئەوەی ئەم ٣ بەناو میدیای ئازاد و سەربەخۆوە کۆکردبێتەوە و چوونیان بۆ لای ئاغای تاڵەبانی لە هاوینە هەواری دوکان، هەر هەمان دیدو بۆچوون و بیروباوەڕی ئەو ٣ سوارچاکەی شاری پاریس بێ ، لەوەی کە هەریەك لە (هاوڵاتی، ئاوێنە و لڤین) هەمان بۆچوونیان هەیەو هەر سێکیان کۆکن لەسەر ئەوەی یەك بن بۆ هەموو، وە بەپێچەوانەوەش.

بەپێی هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی لەناوەوەو دەرەوەی کوردستانەوە دەرئەچن،جا ئەو ڕاپۆرتانە هی ڕێکخراوی مەدەنی بن وەیان هی ڕێکخراوی نێو دەوەڵەتی ، ئەوا کوردستان بۆتە گۆڕستان بۆ ئازادی وکاری ڕۆژنامەنووسی . ئەوەی دەنگی ئازادی بێ لەوێ نابیسترێ، ئەوەی نەختێ دەنگ بەرزبکاتەوە، دەنگی ئەنووسێنن و زمانی ئەبڕن، ئەوەی تۆزێ باس لەئازادی و سەربەستی بکا، بەڕۆژی ڕووناك ئەڕفێندرێ و دواتر تەرمەکەی لەشوێنێك فڕێ ئەدرێ، ئەوەی یەك تۆزقاڵ لەو هێڵانەی حزب بۆ کۆمەڵگاو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کێشاوە، دەربچێ، جگە لەقامچی و فەلاقاخەنەی حازر بەدەست ،نابێ چاوەڕوانی هیچی تر بکا،،، ئەی کەواتە چۆن ئەو بەناو ٣ دەزگا و میدیا ئازاد و سەربەخۆیە هەروا ئەچن بەدەم کۆبونەوەیەکی کەسێ کە تا دوێنێ ڕۆژنامەنووسانی ئەشوبهاند بە (وەڕینی سەگ) و خۆی بە(مانگە شەو).

هەریەك لە هاوڵاتی،لڤین و ئاوێنە، پێشبڕکێی ئەوە ئەکەن کامیان زیاتر لە کێکی دەسەڵات بخۆن و لەکەلاکی تۆپیوو ڕزیوی مافیاکان بپچڕن،، لەبەرئەوەی ئەمان کۆکن لەسەر ئەوەی کامیان زۆرترین و زیاترین خزمەت بەو دوو پارتە دزو مافیایەی کورد بکەن. ڕەنگە بڵێن ، ئەوە نیە ئێمە زۆرترین غەرامە ئەکرێن و ئەبرێنە بەر دادگا و ڕۆژانە سەرانەمان لێ ئەستێنن، بۆیە ڕەنگە خۆیان وەك قوربانی نیشان بدەن، لێ لەڕاستیدا ، ئەم بەناو دەزگا سەربەخۆیانە، تەنها دەستکردی دەسەڵات و سێبەری خۆیانە. ئەگەر نا،بەچ پێوەرێك (لڤین) کەسایەتی وەك عیماد ئەحمەد خەڵات ئەکا، وەیان چۆن(ئەسەرلان بایز) هەر ئەمڕۆ لەسایتی هاوڵاتی ، ستایشی هاوڵاتی ئەکا و بە دەزگایەکی سەربەخۆو ئازادی ناوزەند ئەکا!!

تاڵەبانی ئەوڕۆ خەڵاتی ئەو ٣ سوارچاکەی سلێمانی ئەکا بەوەی لەکاتی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و دواتر، توانیان شەقام لەئاستی توڕەیی و توندیدا بەرەو دۆخی ڕەوینەوەو ئارامکردنەوە بەرن و دواتریش لەتەك شەقاوەکانی خۆیان تەواو کپ و قڕو قپیان پێکردن،، ئەوەی بینرا لەو کاتەدا سوخرەجیەکانی ئەم بەناو دەزگا سەربەخۆو ئازادانە کەوتنە وێزەی شەقام وتوانیان تەفرەیان بدەن،، بۆیە تاڵەبانی وەك دەم راستی مەسعود سەرو یەك ڕەشکە دۆلاری دا بەو میدیا بەناو ئازاد و سەربەخۆیانە. بۆیە لەداهاتووشدا هەمان کار بۆ دەسەڵات ئەکەن و پێوستە لە گەنج و لاوی کورد ئەمانە باش بناسن و خۆیان لە تەڵەو فێڵی ئۆپۆزیسیۆن و ئەم بەناو میدیا ئازادانە بەدوورکا.

بەداخەوە ئێمە چیرۆکی ١٢ سوارەی مەریوانمان هەیەو چۆن ئازایەتی و قارەمانێتی ئەو سوارچاکانەمان بۆ ئەگێڕنەوە کەوا توانیان بەسەر دوژمناندا سەربکەون و داستانی مەردایەتی و کوردایەتی تۆمار بکەن، کەچی هەنووکە لە سلێمانی چیرۆکی ٣ سوارچاکی دەسەڵات ئەبیستین کەوا چۆن بەناوی ئازادو سەربەخۆوە شەقام تەفرە ئەدەن و خەڵکی لەخشتە ئەبەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە