کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


منیش عاشقی جزدانه‌که‌ی سه‌رۆکم

Friday, 07/01/2011, 12:00


ئه‌م خاڵه‌‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ دێڕێكێ به‌تاڵه‌، داوخوازی شه‌هیدی سه‌رکره‌ی قه‌ڵه‌مه‌، هیواداریشم سه‌رجه‌م ئه‌و قه‌ڵه‌م له‌ شانانه‌ی که‌ چاره‌نووسی گه‌له‌که‌یان ناگۆڕننه‌وه‌، به‌ هه‌موو زێڕ و زیوی جیهان، ئه‌و خاڵه‌ فه‌رامۆش نه‌که‌ن
.
من ئاشقی جزدانه‌که‌ی سه‌رۆکم
سه‌رۆک ئه‌و پیاوه‌ی کڵاوه‌که‌ی سووره‌ وه‌ک ‌کڵاوه‌که‌ی بابه‌نوئێل.
سه‌رۆک ئه‌و پیاوه‌ی کڵاوه‌که‌ی ‌ سووره‌ به‌ خوێنی هه‌زران هه‌زار لاو و گه‌نجی کورد‌.
سه‌رۆک ئه‌و پیاوه‌ی کڵاوه‌که‌ی بگوشی ڕوحیانه‌تی 40 ملێۆن مرۆڤی کوردی تێدا به‌ بارمته‌گیراوه‌‌‌.
سه‌رۆک ئه‌و که‌سه‌ی کوڕه‌‌زایه‌کی هه‌یه، که‌ سه‌ری له‌هه‌موو پێداگۆکه‌کانی جیهان شێواندوه‌و له‌ 5 ساڵییه‌وه‌، مشتووڕێکی گه‌لێکی سته‌مدیده‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، چونکه‌ هه‌موو پێداگۆکه‌کان ئه‌ڵێن ئه‌و 5 ساڵیه‌ په‌ڕجوه‌(معجیزه‌) ی خوایه‌ و خوا ناردویه‌تی، ڕه‌نگه‌ پێغه‌مبه‌رێکی تازه‌ بێت، هه‌موو پێداگۆگه‌کان ئه‌ڵین، ئه‌و 5 ساڵیه‌ ته‌نها له‌ ئه‌فسانه‌، یا په‌ڕجوه‌کاندا، ڕویداوه‌ و هیچ زانستێکی په‌روه‌رده‌ی ئه‌وه‌ ناسه‌لێنێت، که‌ 5 ساڵیه‌ک بتوانێت، به‌و شێوه‌ بیربکاته‌وه‌
http://en.wikipedia.org/wiki/Pedagogy

چونکه‌ ئه‌گه‌ر 5 ساڵییه‌ک یا ته‌نانه‌ت نه‌ک 6 ساڵی، به‌ڵکو 7 ساڵیش بڵێ بابه‌ که‌رکووک هی خۆمانه‌ نه‌یده‌یت، به‌که‌س، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و منداڵه‌5 ساڵییه‌، پێشتر مشت و مڕی زۆری کردوه‌ له‌و باره‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ ئه‌م منداڵه‌ 5 ساڵیه‌ پێشتر زانیویه‌ که‌ که‌رکووک شارێکی کوردییه‌ و عه‌ره‌بێندراوه‌ و له‌ کوردیان زه‌وت کردوه و هه‌ڕه‌شه‌ له‌‌ باپیری واته‌ مه‌سعود بارزانی ده‌کات، که‌ هه‌وڵێ فرۆشتنی نه‌دات، ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێت، که‌ پێشتر باپیری سات و سه‌ودای فرۆشتی که‌رکوکی کردووه‌، ئه‌م که‌ نێچێره‌ڤانه‌ وشیاری داوه‌تێ، که‌ ئه‌و کاره‌ نه‌کات، ئه‌گینا بۆ هه‌ره‌شه‌ له‌ باپیری ده‌کات و ئه‌ڵێ: ها نه‌ی ده‌ی به‌که‌س!

به‌ڵام نازانم من چۆن بچم بۆ داوای جزدانه‌که‌ی جه‌نابی سه‌رۆک خه‌ڵکی پێم ئه‌ڵین: ته‌ها نه‌که‌ی، چونکه‌ شه‌هیدی سه‌رکرده‌ی قه‌ڵه‌م به‌ خه‌یاڵ داوای کچه‌که‌ی کرد، تیرۆریان کرد، هه‌مووشمان ده‌زانین له‌وه‌ته‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ ده‌ست، شه‌ڕێکی ماڵوێرانیان له‌سه‌ر جزدان به‌رپا کردوه‌، ‌ بۆته‌ هۆی ڕژانی خوێنی سه‌دان هه‌زار گه‌نج و پیری کورد، ئێستا چۆن جزدانه‌که‌ی ده‌دات به‌ من؟!
هاوڕێیه‌کی دیکه‌م گووتی: ته‌ها دانیشه‌ به‌ده‌ردی پێشه‌وای قه‌ڵه‌مت ده‌به‌ن، ئه‌و خێڵه‌ ماخۆلانی تیرۆریان، گرتووه‌.
به‌ هاوڕێکانم گووت: نامه‌ترسن،‌ ده‌ستیان به‌من ناگات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جیاوازی نابینم له‌ نێوان ژیان و مردندا کاتێک ده‌بینم، مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی ئه‌ڵێ4500 ده‌روێش مووچه‌ وه‌رده‌گرن، که‌چی که‌سیشیان ده‌وام ناکه‌ن، که‌سیش نازانێت ئه‌و ده‌روێشانه‌ کێن!
مردن و ژیان جیاوازی چییه‌، کاتێک ده‌بینی مانگانه‌ 600 دۆلار له ‌هه‌موو پێشمه‌ریه‌ک ده‌دزن و که‌سیش ده‌نگ ناکات (مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌غداد 900 دۆلاره‌، که‌چی له‌کوردستان،300 دۆلار وه‌رده‌گرن).



دۆستێمک گووتی: ئه‌و کاره‌ به‌ ویکلیکسه‌کان ده‌کرێت، مه‌گه‌ر بچیته‌ لای مسته‌ر ئاسانج و پێی بڵێی بانکی سویسرات بۆ هاک بکات و ناوی سه‌رۆک بگۆڕیت و بیکات به‌ناوی تۆوه‌، یا ئه‌وه‌تا هه‌رچۆن بێت بن لادن بدۆزیته‌وه‌، له‌کاتێکدا که‌ خه‌ریکی بۆمب دروست کردنه‌، خۆت بکه‌یت به‌ژێر عه‌باکه‌یداو ده‌ستی ماچ بکه‌یت و تۆبه‌ بکه‌یت، پاشان داوای لێبکه‌ی، که‌ سه‌ری ڕه‌شت به‌ دوو بۆمب، بۆ بدات به‌هه‌وادا. یا ئه‌وه‌تا بڕۆ بۆ هیندستان و له‌ غانده‌یه‌وه‌ فێربه‌، که‌ بتوانی وه‌کوو ئه‌و خۆت بکه‌یت به‌ ده‌زوویه‌ک و وه‌کوو ته‌زبیحێک به‌ کوونی یه‌که‌ به‌یه‌کی که‌لله‌ سه‌ری گه‌لکه‌ماندا، ده‌نگ و بیرکردنه‌وه‌ی هه‌موویان، بکه‌یت به‌یه‌ک، و نه‌هێڵێت، هیچ کامیان به‌ هه‌ڵه‌ بیر بکاته‌وه‌.
یان بڕۆ میکاجێکی زۆر زۆر باش بکه‌، به‌ڵکو کچه‌ ژه‌نه‌ڕاڵێکی تورک حه‌زت لێبکات، ئیتر له‌ ڕێگای باوکی ده‌سگیرانه‌که‌ته‌وه‌، هه‌موو کاره‌کانت له‌ لای بارزانی بۆ ‌جێبه‌جێ ده‌بێت.

یا بڕۆ، ڕغده‌ و حه‌لای کچی سه‌دام حسێن هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌، ئه‌و ده‌توانێت، دڵی سه‌رۆکت بۆ نه‌رم بکات.

ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتنم به‌ده‌ست هێنا، نازانم چی له‌ پاره‌که‌ بکه‌م، چونکه‌ من نازانم پاره‌ خه‌رج بکه‌م، ئاخر کاتێک خه‌ڵکی شاری شنۆ دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپه‌ین، جامانه‌ سووره‌کان له‌ جیاتی پاسداران ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران کرد، به‌ سه‌رکردایه‌تیی حه‌میده‌ فه‌ندی 17 گه‌نجی شاره‌که‌یان تیرۆرکرد، پاشان مه‌سعود به‌رزانی و ئیدریس به‌رزانی له‌ مزگه‌وته‌که‌‌ی شاری شنۆ داوای سوڵحیان له‌ خه‌ڵکه‌که‌ کرد، که‌ پاره‌ بده‌ن، به‌ خاوه‌ن شه‌هیده‌کان.


مامه‌ پیره‌یه‌ک، که‌ باوکی یه‌کێک له‌ شه‌هیده‌کان بوو، که‌ ته‌نها ئه‌و کوڕه‌شی هه‌بوو، فه‌رمووی: ئێوه‌ پاره‌تان له‌کوێ بوو؟
ئێمه‌ پاره‌مان ناوێت، نازانینن پاره‌ خه‌رج بکه‌ین ، هه‌ڵیگرن بۆ خۆتان، به‌س ئێوه‌ ده‌زانن‌ پاره‌ خه‌رج بکه‌ن.
به‌ڕاستی منیش ئه‌گه‌ر ده‌ستم به‌ جزدانه‌که‌ی جه‌نابی سه‌رۆکدا بگات، نازانم ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ چی لێبکه‌م، چونکه‌ وه‌ک مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت، سامانی سه‌رۆک خۆی ده‌دات له‌ ده‌یان ملیارد دۆلار، ئه‌و پاره‌ زۆر زۆره‌، خۆ منیش که‌سێکی ئابووریناس نیم، یه‌ک ڕاست ڕاده‌ستی ئابووری ناسێکی ده‌ست پاکی ده‌که‌م.
که‌سوکاره‌که‌م، جانتا هه‌ڵگری مام جه‌لال و پاره‌ی منیان ناوێت، باوه‌ڕ بکه‌ن، سه‌رپۆشێکیش بۆ دایکم ناکڕم، چونکه‌ ته‌له‌فۆنم بۆیکرد و گووتم: چی ده‌که‌یت، دایه‌؟
گووتی وه‌ڵا کوڕم یه‌گرتووی ئیسلامی خێریان کردوه‌، ده‌چم تۆزێک گوشت ده‌هێنم، خواردنی خێره‌، که‌چی خانوه‌که‌ی دایکم هێنده‌ی خانوه‌که‌ی فیرعه‌ون گه‌و‌ره‌یه ‌و تیڕناخوا!

شه‌رم ناکه‌م و نایشارمه‌وه‌،‌ ڕه‌نگه‌ ده‌رزه‌نێک له‌ ئاوه‌تاڵکه‌ی پێبکڕم که‌ موسڵومانه‌کان ده‌ڵێن ئه‌و ئاوه‌ حه‌رامه‌ مه‌یخۆره‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ یه‌ک دوو کارتۆن جگه‌ره‌ و هه‌مووی فت ده‌که‌م، به‌ ده‌نگی به‌هه‌شتی ئه‌حمه‌د شه‌ماڵدا، تا له ‌گۆ ده‌که‌وم، به‌ڵام خه‌ونێکی جیڕال بۆڵانه‌م هه‌یه‌، (جیراڵ بۆل، فیزکدانی که‌نه‌دی بوو، له‌ نه‌مسا تیرۆر کرا)

http://en.wikipedia.org/wiki/Gerald_Bull

فیزیکدانی که‌نه‌دی خه‌ونێکی هه‌بوو، که‌ گه‌وره‌ترین تۆپی دوور هاوێژ دروست بکات، له‌ جیاتی تۆپ، مانگی ده‌سکردی پێ بهاوێژێته‌ ئاسمان، بۆل، هه‌موو رۆژێک به‌ سه‌دام حسێنی ده‌گووت: که‌ ئاسمان بۆ پڕ ده‌که‌م له‌ مانگی ده‌ستکرد. به‌ڵام سه‌دام حسێن خه‌ونێکی دیکه‌ی هه‌بوو، ئه‌و چاوه‌ڕێ بوو، به‌ بۆڵ تۆپێکی وای بۆ دروست بکات، که‌ ئاسمانیش بڕۆخێنێت.
منیش به‌ جزدانه‌کی سه‌رۆک خه‌ونه‌که‌ی خۆمم ده‌هێنایه‌ دی و ئاسمانم پڕ ده‌کرد، له‌ مانگی ده‌سکرد، هه‌زاران تێڤی ئاسمانیم پێ ده‌خسته‌ گه‌ڕ.
ئه‌وسا بۆ هه‌ر ڕشته‌یه‌ک تێڤیه‌کی ئاسمانیم، هه‌ڵده‌دایه‌ ئاسمان و هه‌وڵم ده‌دا تاک به‌تاکی کورد، ئاستی ووشیاری بگه‌یشتایه‌ته‌ ئاستی فه‌یله‌سووفه‌کان.

به‌و پاره‌یه‌ی سه‌رۆک هه‌زران هه‌زار چاپخانه‌م داده‌نا، دوا په‌ڕتووکی بیانم وه‌رده‌گێڕا بۆ کوردی، دوا شانۆم له‌ کوردستاندا نمایش ده‌کرد، باشترین سینه‌مام ده‌هێنایه‌ کوردستان، ئه‌و بست به‌بسته‌ی خاکه‌ی گه‌رمیان که‌ به‌ده‌ست خه‌لیفه‌کانی به‌عسه‌وه‌ کرا به‌ بیابان، هه‌‌موویم، ده‌کرد به‌ دارستان.
باشترین پسپۆڕی دنیام ده‌هێنایه‌ کوردستان، تا تاک به‌ تاکی کانیه‌ کوێره‌وه‌ بووه‌کان، که‌ به‌ده‌ست خه‌لیفه‌کانی به‌عس کوێرکراوه‌ته‌وه‌، بیان بوژێنینه‌وه‌.
به‌ جزدانه‌کی سه‌رۆک ده‌ست به‌جێ هه‌رچی برینداری چه‌کی کیمیاویی و ئه‌وانه‌ی ئالوده‌ی خوارده‌مه‌نی ئێکسپایه‌ری تورکی بوون، ده‌مناردنه‌‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ر.
یه‌ک ده‌رزه‌ن کارمه‌ندیشم له‌ سه‌ر سنوره‌ ده‌ستکرده‌کانی کوردستان ده‌خسته‌ کاره‌وه‌، تا نه‌هێڵن چه‌پکه‌ که‌وه‌ر‌ێکی تورکه‌ فاشسته‌کان و ئاخونده‌ کێویه‌کان...هتد بگاته‌ خاکی کوردستان.
هه‌زاران نووسه‌رم ده‌خه‌سته‌‌ کاره‌وه‌، ویکیپیدیایه‌کم پێ دروست ده‌کرد، که‌ هیچی که‌متر نه‌بێت، له‌ وه‌کیپیدییای زمانی ئینگلیزی.

دڵنیام، دوای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو کێشه‌کانی کورد و کوردستانم به‌ جزدانه‌که‌ی سه‌رۆک چاره‌سه‌رکرد، هێشتا، جزدانه‌کی سه‌رۆک هێنده‌ی تێدا ده‌مایه‌وه‌، که‌ به‌شی برسییه‌کانی سۆماڵ و سودانیشی لێ بده‌ین. به‌ڵام دیاره‌ ژێر جامانه‌که‌ی سه‌رۆک دنیایه‌کی تره‌، زۆر له‌م زه‌وییه‌ گه‌وره‌تره‌، که‌ نه‌ک هه‌زار، به‌ڵکو به‌و پاره‌یه‌ به‌ ملیارد جامانه‌ سووری پێ تێر نابێت. جه‌نابی سه‌رۆک خه‌می نه‌وه‌کانی ئه‌و هه‌زار بارزانییه‌یه‌تی بۆیه‌ پاره‌یان بۆ کۆ ده‌کاته‌وه‌.‌‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە