كێ خاوەنى ئـــەو ووڵاتەیــــــــە ؟
Wednesday, 27/07/2011, 12:00
مێژووى كوردستان ئەوەمان بۆ ڕووندەكاتەوە, كە ئەو ووڵاتە لە چەند سەردەمێك و بەچەند قۆناغێك ڕووبەڕووى سیاسەت و شاڵاوى تەعریب و بەعەرب كردنى كوردى كوردستانى ئێراق و سوریا بۆتەوە. كە بەهێزترین و دیارترینیان لە شاڵاوەكانى ئەنفال و ڕاگواستنى بە كۆمەڵ و تاكە تاكەى كوردستانیان لە ساڵانى هەشتاكانى سەدەى ڕابردوو لەسەردەستى ڕژێمى بەعس بوو لە هەرێمى كوردستانى ئێراق.كە ئێمە هەموو كات لە ووڵاتى خۆمان وەكو كوردێك لە ڕكابەرى و ململانێدابووینە لەگەڵ ئەو سیاسەتە دوژمنكاریەى ڕژێمەكانى ناوچەكە.بە جۆرێك گەیشتوینەتە ئەو ڕایەى كەهەموو هەوڵێكمان بخەینە گەڕ بۆ سڕینەوەى ئاسەوارى ئەو كردەوە بەرنامە بۆ داڕێژراوانەى كە بەچەندین قۆناغ و بە چەندین ساڵ جێ بەجێ كراون.وەلێ حاڵى حازر دەسەڵاتى سیاسى و حوكمڕانى لە كوردستان لەسەر هەمان ڕێچكە و نەهج و بەرنامەى ڕژێمەكانى پێشووتر بە بێ ئاگا لەسەر هەمان شێوە و ئاكار كاردەكەن. ئەوەتا جیا لەوەى زۆرینەى هەرە زۆرى گۆنگرە و كۆنفرانس و دانیشتنەكانى پەرلەمان و پیاوە مل ئەستوورەكانى عەرەب لە جەرگەى كوردستان بەڕێوە دەچێت. لە لایەكى تریشەوە دوو جۆر گەشتیار و موسافرى عەرەب و بیانى لە كوردستان دا هەن. یەكێكیان , ئەوانەن كە بۆ كارو كاسبى هاتونەتە ئەو 3 شارە بێ كارو كاسبیەى كوردستان.بەڵام حكومەت ڕێگەیانى بۆ خۆشكردووە لە شوێنى دەرچوانى زانكۆ و گەنجانى ووڵاتەكە
(برایانى عەرەب)بە كارەكانى كوردستان هەڵبستن و هاوبەشى خێر و بێرى ئەو ووڵاتە بن. ئەوەتا چەندین دكتۆر و مامۆستاى زانكۆ و كرێكار و بزنسمانى عەرەب شوێنى هاوڵاتیانى شارەكانى كوردستانیانیان داگیركردووە و لەگەڵ شاڵاوى هاتنى دكتۆر و مامۆسشتاى عەرەب دەتوانین بڵێین بەو هۆكارە دامەزراندنى دەرچوانى كۆلیژ و پەیمانگاكانى پزیشكى هەرێمى كوردستان وەستاوە و ئاستى خوێندنى باڵاش بە تایبەتى ماستەر و دكتۆرا مەنگى تێدا كەوتووە و كەوتۆتە ئاستى مەحاڵ و لوتكەى ئەستەمى , چونكە ئەو كەلێنانە بە پیاوە شیاوە عەرەبەكان پڕكراوەتەوە و حكومەت دەستى كارى عەرەب و كار و خزمەتەكانى ئەوانى پێ چاكترە لە هەوڵ و حەزە پەنگ خواردووەكانى خۆمان. ئەمە سەڕەراى ئەوەى كە بەهۆى ئەو رێژە زۆرەیانەوە گرفتى نیشتەجێبوون چەند ئەوەندەى جاران زەق بۆتەوە و ئێستا گەورەترین بازرگانەكانى مامەلەى زەوى و خانوو لە كوردستان ، ئەو عەرەبانەن. بە جۆرێك بوونەتە هۆكارى بەرزبوونەوەى هەتا لوتكەى نرخى خانوو و زەوى لە ناوچەكانى كوردستان. دووەمیشیان: ئەو موسافرانەن لە تاو نا ئارامى و ئاڵۆزى بارودۆخى شارەكانى ناوەڕاست و باشوورى ئێراق خۆیان خزاندۆتە ناوچەكە و لە گەشت و گوزارى كوردستان دان.بە جۆرێك ئێستا لە ناو شار و سەیرانگا و بازاڕ و كوچە و كەلەبەرەكانى ئەو هەرێمە حەشامەتى جەنجاڵى عەرەبەكانى ئەنفال و هەڵەبجە و ڕاپەڕین وات لێ دەكەن لەناو شارەكەت ,خۆت بە نامۆ و غەریبە بزانیت.هەموو شوێنێكیان لێت داگیركردووە و ئاسایش و ئارامى ناوچەكەشتیان شێواندووە. بەو بەڵگەیەى لە ماوەى مانگێكدا بە پێى ڕاپۆرتەكانى پۆلیس و ڕاگەیاندن,چەندین حاڵەتى دزى و دەست درێژى و شەڕ و گێرەشێوێنیان ئەنجامداوە.دەچیتە هەر لایەك لەبەر بوونى حەشامەتى ئەو بەناو گەشتیارانە ناتوانیت وەكو هاوڵاتیەكى شارەكەى خۆت سەر هەڵبێنى. لە كاتێك ئەوانە جگە لە زیان وبێزاركردن هیچ سودێكى دیكەیان نیە. ئەوەتا لەسەر هەمان شێوە و ئاكار و كردەوەى سەردەمى ڕژێم, بە چاوى نەزان و بێ دەسەڵات و خۆش باوەڕ و لەسەر بنەماى هاوڵاتى پلە دوو سەیرى كوردستانیان دەكەن لەنێو ماڵى كوردان خۆیان. بەجۆرێك وەكو ئەوەى كوردێك باربێت لەسەریان فەرمانمان پێ دەكەن بە عەرەبى بدوێن و چۆن دەبێت لە ئێراقى عروبەدا بژیت و عەرەبى نەزانیت قسە بكەیت.بڕۆیتە هەرشوێنێك ڕووبەڕویان دەبیتەوە,چونكە ئێستا بوونەتە خاوەنى ئەو هەرێمە بێ خاوەنە. زارت بە كوردى بجولێنیت وەڵامت نادرێتەوە و ناچارت دەكەن وەكو ئەوەى لە بەسڕە ژیان بەسەرببەیت لە ماركێت و باخچە و چێشتخانە و سەیراگا و شوێنە گشتیەكان گوێ لە میوزیك و گۆرانى عەرەبى بگریت و ئەگەر داواكارى و كارێكت مەبەست بێت بە زمانى شیرینى عەرەبى قسەبكەیت.لە ئێوە دەپرسم وەكو كوردێك ئەگەر بەهەرمەبەستێك لەو هەرێمە قاچت خزاندبێتە دەرەوە, زاتى ئەوەت كردووە بە زمانى دایكت زار بجولێنیت؟ ناچار نەكراویت لە شوێنى كار و پیشە و میواندارت بە زمانى ووڵاتە بێگانەكە گفتوگۆ بكەیت بە شێوازێكى زۆر شیرین و دروست؟ ئێمە هەموومان لەگەڵ ئەوەین جگە لە زمانە بەستەزمانەكەى كوردى چەندە زمانى دیكە بزانین ئەوەندە سەربڵندى و پڕبایەخە بۆمان, بەڵام كەس ناچار نەكرێت لەنێو ماڵ و زێدى خۆى بە زمانى بێگانە ژیانى ڕۆژانەى ڕایى بكات.وەلێ ئەوەى نوشووستى و نادروستى و كۆسپ و تەگەرەى بەردەم پێشكەوتن و سەركەوتنى كورد و كوردستانە.(بێگانە پەرستیە).
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست