هۆلۆکۆستی تێکۆشەران
Friday, 31/05/2013, 12:00
مەسعود بارزانی ٢٥-٥-١٩٧٦ ی بە دەستپێکردنەوەی شۆرش تۆمارکرد دوای ئاشتبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ ، ئەمە ووتەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستانە لە هەولێری پایتەخت لەیادی ٣٧ ساڵەی ئەوەی ئەو ناوی نا دەستپێکردنەوەی شۆڕش ، گەرچی ئەم بەروارە گەورەترین غەدری لە هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی کرد کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە ، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژوەندیەکانی خۆیان کەسێکی دێرین لەو حیزبەدا نە لە مەکتەبی سیاسی نە لەسەرکردایەتی نە کادرێکی پێشکەوتوو نە پێشمەرگەیەکی دێرینیش لەسەر ئەو هەڵە میژوویە نەهاتنە زمان و پێی بڵێن:
- ئەی بکوژەکەی عەلی عەسکەری و شێخ حسێنی بابە شێخ و دکتۆر خالیدو سۆلاقە تۆماو زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگە لە کارەساتی هەکاری کێ بوون؟ کاتێک ئەم دەستە تێکۆشەرە بانگەوازی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ بوون ، مستەفا بارزانی باوکت فەرمانی دەرکرد (سەرکردەی مەزن دەبێت بە چەكی مەزن بکوژرێت).
- باشتر وابوو مەسعود لە یادی دەسپێکی ئەو شۆڕشەی کە من ناوی دەنێم (گرووپی هۆلۆکۆستی تێکۆشەران) باسی ئەوەی بکردایە بە چ زەنبێک نەقیبی موهەندسین برایم عەزۆ و ٣٦ هاوڕێی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانتان لە بادینان شەهید کرد ؟ وا چاوەڕێم دەکرد لەگەڵ منی پێشمەرگەی دێریندا سەدان هاوڕێی دێرینم بهاتنایە سەر خەت و بەدەیان بابەتی چەکوش ئاسایان بناردایە بەڵام سەد مخابن بوێریان نیە و ترسی لەدەستدانی مووچەکانیان هەیە .
بەدەیان کەس هەن لەناو ستافی مەکتەب سیاسی وسەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بە هێرۆخانی خێزانی مام جەلایشەوە گەورەترین سوکایەتیان پێکراوە لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و کۆیلەکانیانەوە و کەچی لە گۆڕینی مێژووی دەستپێکردنەوەی شۆڕشدا لەلایەن مەسعود بارزانیەوە زاتی ئەوە ناکەن بڵێن ڕۆژی ١-٦-١٩٧٦ ڕۆژی حەشری مێژوو بووە لەگەڵ بەعس و شۆرشی چەواشە بەڕابەرایەتی بنەماڵەی بارزانی .
هەفتەیەک زیاترە ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیان کردوە بە یادکرنەوەی ٣٧ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی، دەی با وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە بە ڕێکخستنەکانیان و ئەوانەشی تا ئێستا وەک سۆزو دروشم وەدوویان کەووتون:
- کاک ئارام بەدەستی خائین عاسی ڕەئوف شەهید کرا ، کێ عاسی ڕەئوفی هاندا ببێتە جاش و ئەو سەرکردەیە لە تەنگیسەر شەهید بکات ؟
- شەهیدحەمە غەفور ئاغەجەلەری و هاوڕێکانی کێ شەهیدی کردن، قالە فەرەج و تەحسین شاوەیش نەبوون ؟
- شەهید حەمەومینی خەیاتە بەرزە کێ شەهیدی کرد؟
- ٩ شەهیدەکەی بەندەنی گۆڕەدێم کێ شەهیدی کردن؟
- کێ بوو لە گووندی زێڕینۆک سیروان تاڵەبانی و حەسەن خاوێی و حاجی چاوشین و عەلی چەلەبی و هاوڕێکانی شەهیدکردن؟ حەمەخانی حاجی دارای سەرەک جاش نەبوو کە ئێستا بە پلەی ئامرلیوا خانەنشینە لە وەزارەتی پێشمەرگە؟
- شەهید مامۆستا پێشڕەو کێ شەهیدی کرد؟ سەرۆک جاشەکەی هەواداری پارتی نەبوو لە ناو بەعسی داگیرکەردا؟
- مامە ڕیشە و هاوڕێکانی بەدەستی کامە جاشی سەر بە پارتی لەناو موخابەراتی بەعسدا شەهید کران؟ تەحسین شاوەیسی کوڕی بارزانی نەبوو؟ کە ئێستا لە وەزارەتی پێسمەرگە بە پلەی ئامرلیوا خانەنشینە.
- کێ بوون بۆسەیەیان بۆ ١٧ شەهیدەکەی قڕگە داناو خۆشیان ئێستا بە پلەی سەربازی بەرز بەرز وەک پێشمەرگەی دێرین خانەنشین کراون.
بۆ یادی ٣٧ ساڵەی شۆڕشی نوێ من لە کوردستان پۆستەوە سەر دادەنەوێنم بۆ ئەو شەهیدانەی هیچیان شک نەدەبرد تەنها ڕۆحیان نەبێت و بەخشیشیان.
هەموو ئەوانەی تەمەنی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئازادی تەرخان کرد (دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی) یان بۆ خۆیان تۆمارکرد. بێجگە لە (گەل) هیچ کەسێک خاوەنی ئەو شەهیدانە نیە.
ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا ئەنیشخەدە
٣٠-٥-٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست