مێزگرتێک بۆ گفتوکۆکردن (باسی دووەم)
Wednesday, 16/07/2014, 12:00
1948 بینراوە
کوردستانپۆست ئەم مێزگرتەی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ دانا، تێیدا کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنین، تایبەتن بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کوردستان، هەرچەندە رووداوەکان بە پەلە بەسەرماندا دەگوزەرێن، کارەساتەکان لە ناکاودا روودەدەن، بە جۆرێک کەس نازانێت ئەوەی ئەمڕۆ روودەدەن بەیانی چی بە دوادا دێت، تەنانەت کەسایەتی و چاودێرە سیاسیییەکان بۆ خۆشیان ناتوانن بڕیار لەسەر هەنگاوی بە دوای پێشووتردا بدەن، لێرەدا بە پیویستمان زانی دەرفەت بە نووسەر و کەسایەتییەکانی ئەو بوارەش بدەین، کە بە ئەزمون و تاقیکردنەوەی خۆیان، ئەگەر بتوانن بە شێوەیەکی زانستیانە لەسەر ئەو رووداوانە قسە بکەن، بۆچوون و وەڵامیان بۆ ئەوە پێ بێت، رێگایەک بدۆزنەوە چارەسەری ئەو مەترسییانەی، لە پاشەڕۆژدا دێنە بەردەممان، کۆمەڵگاکەمان لە کارەسات دوور بخاتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە کوردستانپۆست وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی، وەک راگەیاندنێک هەوڵ دەدەین لێرەوە بەو کارە هەڵبستین، بە پێچەوانەی میدیا ئەهلییەکانی کوردستانەوە، رووی خوێنەر بەلای ئەم باسانەد وەربچەرخێنین، وەک ئەوان نەکەین بۆ گەوجاندنی خوێنەر، دووریان بخەینەوە، سەرقاڵیان بکەین بە باس و هەواڵی ئەکتەری نێو زنجیرە پەرپوت و بێکەڵکەکانی تورکی و هیندی و کۆرییەکان. ئێمە وەک کوردستانپۆست بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدەین چاوی خەڵکیی و خوێنەر بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بەرین و بیانخەینە سەر هێڵێکی راست وشیاریان بکەینەوە.
بۆ ئەمجارە ناسک قادرمان میوانداریی کردووە، تا پێکەوە گفتوگۆ بکەین.
تێبینی:
ئەم تەوەرە بریتییە لە شەش باس، کە بە دوای یەکتردا دێن، هەر نووسەر و کەسایەتییەکی تر، پێی خۆش بێت دەتوانێت لەسەر هەمان تەوەر بنووسێت و قسەی خۆی بکات.
*************************************
باسی دووەم
قسه‌کردن له سه‌ر نه‌هامه‌تییه‌کانی کورد له هه‌رێم و ناوچه وازلێهێنراو و داگیرکراوه‌کان، هەروەها ئەو هه‌موو سوکایه‌تیانه‌ی به کورد ده‌کرێت، ئایا له‌و پرۆسه‌یه‌دا وێنه‌یه‌کی ناته‌واومان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستای عێراق ناداتێ؟ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بچێته سه‌ر سایت و په‌یجی ئه‌و عه‌ره‌به شۆفێنیانه‌ی که قسه له‌سه‌ر کورد ده‌که‌ن هه‌ست به توڕه‌ییه‌کی زۆر ده‌کات که بۆ ده‌بێت ئێمه له سه‌ر خاک و زێدی خۆمان بژین به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی ئه‌م هێزه گیرفان په‌رسته بێ دونیابینی و نا نیشتمانیانه بکه‌وینه به‌ر هێرشی ئه‌م "خوشک و برا عیراقیانه" ی سه‌رکرده کورده‌کان؟
سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی کورد له بونیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ‌دا و چونه پای چه‌مکی له جۆری نیشتمانی هاوبه‌ش و شه‌راکه‌ی نیشتمانی کوردی گه‌یاند به قه‌یرانێکی گه‌وره که ده‌توانین بیشوبهێنین به مارو په‌یژه کاتێک له سه‌ره‌وه‌ڕا ماره‌که ده‌تخوات و ده‌بیت له سفره‌وه ده‌ستپێبکه‌یته‌وه. دوژمنایه‌تی عه‌ره‌ب وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بۆ کورد پێی نایه قۆناغێکی مه‌ترسیدار له مێژووی عێراقدا له کاتێکدا ئه‌گه‌ر له 2003 سه‌رانی کورد به‌ره‌و به‌غدادی عروبه به‌ڕێ نهکوتنایه، ده‌کرا ته‌بایی له نیوان ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه وه‌ک دوو هاوسێ بپارێزرایه، له خه‌یاڵی چ مرۆڤێکی کورددا بوو پاش نه‌مانی ڕژێمه تۆتالیتاره شۆڤێنیه‌که‌ی سه‌دام حسین سه‌رانی کورد به‌م شێوه هه‌ڕه‌مه‌کییه خۆیان فڕێبده‌نه‌وه باوه‌شی عه‌ره‌بی دابه‌شکراو به سه‌ر شیعه‌و به سه‌ر سونه‌دا ؟ به‌داخه‌وه بانگه‌شه‌ی ئه‌م هێزه کوردیانه بۆ عێراق وه‌ک نیشتمان ئه‌و به‌رئه‌نجامه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه که شوناسی کوردبوون تا ئاستێکی باڵا لاواز ببێت، هه‌ر به‌هۆی مهنتاڵتی هه‌ست به‌که‌می له به‌رامبه‌ر "ئه‌وی دیکه‌دا" سه‌رانی کورد به ئاگا یان نائاگا کاری جدیان بۆ له باربردنی خه‌ونی کورد بۆ بوو به سه‌روه‌ری خۆ له سه‌ر خاکی خۆ کردوه.
بیهێننه به‌رچاو له سیناریۆیه‌کی جیاواز له‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا و له ڕێگای ده‌ستگرتن به سنوری کوردستانه‌وه و مانه‌وه‌ی هێزه کوردیه‌کان له‌و سنوره‌دا پێگه‌ی کوردی به‌هیزتر ده‌کرد و ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب هه‌ر هه‌ڵوێستێکی دژ به کوردی هه‌بوایه کورد هه‌ڵوێستی داکۆکی کردنی له خۆ ده‌گرته به‌ر و به سه‌ربه‌رزی و شه‌هامه‌ته‌وه له قه‌یرانه‌که ده‌رده‌چوو، یان ئه‌گه‌ر پاش یه‌ک ساڵ له ده‌رچوونی ده‌ستوری عێراقی عروبه و جێبه‌جێنه‌کردنی به‌نده‌کانی ماده‌ی 140 که له‌و کاته‌دا پاره‌ی خۆیان خستبوه ته‌نکه‌ی باخه‌ڵیان پاشه‌کشه‌یان بکردایه، ئاسان تر بوو به بێ ڕشتنی خوێنی کورد تای ته‌رازوو به لای کورددا بشکایه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ڕی ناسه‌قامگیری عێراق به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عێراق دروستکراوه‌ته‌وه و سه‌رباری دوژمنایه‌تی هێزه سونی و شیعه‌کان بۆ یه‌کتر، له دژایه‌تی کردنی کورددا هه‌موویان هه‌مان ڕایان هه‌یه، ئه‌مڕۆ یه‌ک سیاسی عه‌ره‌ب به شیعه و سونه‌وه نابینین ڕه‌وایه‌تی به مافی چاره‌ی خۆنوسین بۆکورد بدات و سه‌رجه‌میان باس له یه‌کگرتوویی خاکی عێراق ده‌که‌ن، له ده‌ی حوزه‌یرانه‌وه ده‌بینن که چۆن هێرشێکی سیستماتیکی بۆ سه‌ر کورد به ڕێگا خراوه، ئێمه‌ش ده‌بێت ته‌حه‌مولی سوکایه‌تی و بێحورمهتیهکانی عه‌ره‌بی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بکه‌ین و باجی قورسی ئه‌م هه‌ڵانه‌ی سیاسیه‌کان بده‌ین، به‌ڵێ ئه‌م حیزبه کوردیه عێراقچیانه به ده‌ستی خۆیان له ماده‌ی 140دا یه‌کگرتوویی باشوری کوردستانیان خسته مه‌زادی سیاسیه‌وه، به ده‌ستی خۆیان ته‌عریبی ناوچه داگیرکراوه‌کانیان کرده‌وه، له شاره‌کانی هه‌رێم زه‌ویان به‌سه‌ردا به‌خشینه‌وه، میوانداریان کردن، سوڵحی عه‌شایه‌ریان بۆ کردن، ویلایه‌تیان بۆ تازه‌کردنه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه له سه‌ر حسابی ژیانی خه‌ڵکی هه‌رێم کران له پێناو چه‌ند پۆستێکی حکومی که سه‌رجه‌میان ڕۆڵی سه‌ره‌کیان گێڕاوه له به عه‌ره‌ب هێشتنه‌وه‌ی عێراقدا. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستیانه ده‌توانین ڕاشکاوانه بڵێین ئه‌م حیزبه کوردیانه تا ئێستا جگه له حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی که له ماهیهتیاندا نیه نوێنه‌رایه‌تی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی کورد بکه‌ن و هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی به‌رچاویان نهداوینهتی بۆ سه‌لماندنی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕاستیه.
هه‌رکه‌س خوازیاره له سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی کورد له عێراقی پاش سه‌دام حسین تێبگات با بڕوات نوسراوه ئه‌مریکیه‌کان بخوێنێته‌وه که سه‌رجه‌میان باس له‌و ڕاستیه ده‌که‌ن که چۆن دۆزی کورد به‌کارهێنراوه بۆ به‌ده‌ستهینانی ده‌ستکه‌وتی مادی. ته‌نها ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی پۆڵ بلهیمهر له عیراقدا کافیه بۆ ناسینی ماهیه‌تی ئه‌م سه‌رکرده کوردانه که به‌یه‌ک وه‌جبه یه‌ک بلیۆن و چوارسه‌د ملیۆن دۆلار له ئه‌مریکیه‌کان وه‌رده‌گرن وه‌ک برا دابه‌شی ده‌که‌ن به سه‌ر بارزانی و تاله‌بانیدا، برێمه‌ر ده‌نوسێت: "له‌گه‌ڵ ڕوخانی سه‌دام به مسعود بارزانی و جه‌لال تاله‌بانیم ووت من مێژووی کوردم خوێندۆته‌وه و ده‌زانم گه‌لێکی سته‌م لێکراون مه‌رجی ئێوه چیه و چیتان ده‌وێت تا هه‌فته‌یه‌کی تر وه‌ڵامم بده‌نه‌وه؟ کاتێک له ڕۆژی دانیشتنه‌که نزیک بومه‌وه له‌گه‌ڵیان زۆر شپرزه و قه‌له‌ق بووم چونکه ده‌ترسام داوایه‌کی زۆر قورس بکه‌ن وه‌ک سه‌ربه‌خۆیی و جیابونه‌وه له عێراق و یان داوای که‌رکوک بکه‌ن و بڵێن بێته‌وه سه‌ر هه‌رێم یان بڵێن ئێمه بۆ خۆمان ده‌بین به ده‌وڵه‌ت!! به‌ڵام کاتێک دانیشتین جه‌نابی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاله‌بانی قسه‌یه‌کیان کرد هه‌رگیز بیرم بۆی نه‌ده‌چوو ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو داوای بودجه‌ی زیاتریان کرد که مه‌رکه‌ز بۆیان بنێرێت واته له سه‌دا سیازده بۆیان بکرێت به له سه‌دا حه‌ڤده، ئه‌وسا زانیم به‌رپرسانی کورد زیاتر بۆ پاره ده‌ژین نه‌ک بۆ ئازادی"
کورد وه‌ک گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه له خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌نددا که خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نیه، سه‌روه‌ری ماڵی خۆی نیه، خاکی به سه‌ر کۆمه‌ڵێک وڵاتی نا دیموکرات‌دا دابه‌شکراوه و نزیکه سه‌ده‌یه‌که ڕووبه‌ڕووی چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی که‌م وێنه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بۆته‌وه، پێویسته جیاواز له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه هه‌ڵگری دونیا بینی نه‌ته‌وه‌یی بێت له فۆرمی داکۆکیکردن و هه‌وڵدان بۆ دادپه‌روه‌ری که ئامڕازی خه‌باته‌که‌ی پێویسته ئامڕازی خه‌باتی هاوچه‌رخ و مه‌ده‌نیانه و کۆکردنه‌وه‌ی هاوپشتیبێت بۆ دۆزه ڕه‌واکه‌ی به‌بێ خۆ تێوه‌گلاندن له توند‌و تیژی و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها به بێ سازش کردن له سه‌ر یه‌ک خستنه‌وه‌ی خاک و بونیاتنانی ده‌وڵه‌تی خۆ.
بۆ ئه‌وه‌ی کورد بتوانێت هه‌ڵگری ئه‌م په‌یامه بێت و له ئاستی ئه‌و لێپرسراوێتیه سه‌خته‌دا بێت به‌ر له هه‌ر شت پێویسته ماڵی خۆی ڕێکبخات له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و له په‌یوه‌ند به دۆزی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ببێته خاوه‌ن گوتاری یه‌کگرتوی خۆی...
گوتاری یه‌کگرتووی کوردی نابێت به‌ر بنه‌مای زۆرینه و که‌مینه یان هه‌ژاری مادی و ده‌وڵه‌مه‌ندی یان فراوانی خاک یان ته‌نانه‌ت به‌ربنه‌مای خه‌باتی سیاسی یان شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی بێت، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ربنه‌مای که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئاوێته بوونی یه‌کتر و خۆشویستنی خاک و نیشتمان و مرۆڤه‌کان و به‌ها مرۆییه باڵاکان بێت. ده‌بێت کۆژانی نه‌ته‌وه له نێو هه‌ر چوار پارچه‌که وه‌ک هاوبه‌ش چاولێبکرێت، بیرکردنه‌وه و قسه‌کردن و بڕیار له سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نوس سازه‌کان ده‌بێت بهربنهما ئارگومێنتی عه‌قڵی و کۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی بێت. دروستکردنی ئه‌م کۆده‌نگیه نه‌ته‌وه‌ییه پێویستی به هۆشیاری سیاسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، ئه‌م کاره دروستکردنی زه‌مینه‌ی کلتوری پێویسته که به‌ر له هه‌ر شت پێویسته له جیاتی حیزب و هێزی سیاسی پێویستمان به بونیاتنانی تاکی کورد هه‌یه که هه‌ستی کورد بوون بۆ ئه‌و یه‌کسان بێت به مرۆڤ بوونی و خه‌باتی ئه‌و بۆ گه‌یشتن بێت به خۆی وه‌ک مرۆڤ که سه‌روه‌ری ژیان و ماڵی خۆی بێت. ئه‌گه‌ر بڕوانینه ههلو مه‌رجی ئێستای کورد ده‌بینین زه‌مینه‌که شتێکی ته‌واو جیاوازه، کۆمه‌ڵێک حیزب هه‌ن سه‌رباری جیاوازیان له مێژووی دروستبونیان و تا ڕاده‌یه‌ک شێوازی خه‌باتیان، هه‌مویان وه‌ک حیزبه شمولیه‌کان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دۆزی کورد له پارچه‌کانی تر و له‌گه‌ڵ تاکی کورد کردوه، هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی خۆیان خستۆته پێش به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌وه، هێنده‌ی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون دونیابینی خۆیان بسه‌پێنن به سه‌ر دۆزی نه‌ته‌وه‌ییدا هێنده له خه‌می ڕێکخستنی ماڵی خۆ و دروستکردنی کۆده‌نگی نیشتمانی و بونیاتی تاکی کورد و گوێگرتن له ڕاو بۆچونه جیاوازه‌کانی خه‌ڵکدا نه‌بوون، هێنده‌ی سه‌رقاڵی په‌رچه‌کرداری شه‌رمنانه بوون له به‌رامبه‌ر کرداره‌کانی ڕژێمه‌کانی که کوردستانیان به سه‌ردا دابه‌ش بوون، هێنده هێزی ئاکتیڤ نه‌بوون بۆ دروستکردنی دونیا بینی و خاوه‌نی ده‌ستپێشخه‌ری نه‌بوون، هێنده‌ی سه‌رقاڵی کێشمه کێشه ناوخۆییه‌کانی نێو حیزبه کوردیه‌کان بوون هێنده خاوه‌نی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوون و هێنده‌ی کاریان بۆ ته‌قدیس کردنی حیزب و سه‌رکرده کردوه هێنده ئاوێته‌ی کۆژانی نه‌ته‌وه نه‌بوون و هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه سه‌رمایه‌گوزاری مه‌عنه‌وی له سه‌ر ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌وه بکه‌ن، هێنده‌ی وابه‌سته‌ی جێبه‌جێکردنی ئه‌جێندا سیاسی و ئابوریه‌کانی ڕژێمه‌کانی ناوچه‌که بوون، هێنده خاوه‌ن دیدی سه‌ربه‌خۆی خۆیان نه‌بوون و هه‌میشه نه‌ک خۆیان به‌ڵکو تامه‌زرۆیی خه‌ڵکیشیان بۆ ژیانێکی باشتر کردۆته قوربانی و خۆبه‌خشانه و به بێ هیچ به‌رامبه‌رێک خزمه‌تی پته‌وکردنی پێگه‌ی سیاسی و مادی دراوسێ داگیرکاره‌کانیان کردوون.
ئه‌مڕۆ له باشور له پاڵ غیابی ئه‌م دیده نه‌ته‌وه‌ییه و له په‌یوه‌ندیه پڕ له گومانه‌کانی پارتی له‌گه‌ڵ تورکیا له لایه‌ک و ئێران و یه‌کێتی له لایه‌کی تره‌وه که کوردانی ئه‌و وڵاتانه له ساده‌ترین مافه‌کانی جیاواز بوونیان بێبه‌ش کراون، ئاسۆیه‌ک بۆ بونیاتی ئه‌م دونیابینیه نیشتمانی و یه‌ک گوتاریه له ئارادا نیه، ناڕۆشنی سیاسه‌تی ئه‌م پارتانه به‌رامبه‌ر کوردانی ڕۆژئاوا که ڕۆژانه له لایه‌ن هێزه تیرۆریستیه‌کانی ئه‌و وڵاته لێیان ده‌کوژرێت ئاسۆی بونیاتنانی یه‌کگوتاری کوردی خستۆته به‌ر مه‌ترسیه‌کی گه‌وره و هه‌میشه‌یی.