دکتۆر به‌رهه‌م به‌مووچه‌ی سه‌رۆک وه‌زیری کوردستان قایل نابێت!

Tuesday, 23/02/2010, 12:00




هه‌ڤاڵیکی نزیکم له‌ به‌غدا، بۆی گێڕامه‌وه‌ که‌ کاک به‌رهه‌م نیگه‌رانه‌ له‌ مووچه‌که‌ی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیری کوردستان وپێ که‌مه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت من گه‌ره‌کمه‌ موچه‌ی خانه‌نشینیه‌که‌م وه‌ک جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌غداد وه‌ربگرم، ئه‌و به‌خۆڕایی وا ناڵێت چوونکه‌ مووچه‌که‌ی به‌غدادی چوار هێنده‌ی موچه‌که‌ی ئێستایه‌تی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی کوردستان. من خوازیارم هه‌ندێک سه‌رنج له‌م باره‌یه‌ بخه‌مه‌ڕوو.
1- کاک به‌رهه‌م ساڵح که‌ خۆی مردووی مووچه‌ وه‌رگرتنه‌! با لاف وگه‌زافی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیمان به‌سه‌ردا لێنه‌دات و بیکات به‌ شانازی که‌ له‌یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیری کابینه‌ی شه‌شه‌م بڕیاری که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله‌ تایبه‌تیه‌کانیدا، بێگوومانیشم کاک به‌رهه‌م بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌یدا چوونکه‌ خۆی ناگرێته‌وه‌. ئاخر ئه‌وداماوه‌ ته‌قاعودیه‌که‌ی له‌ به‌غدایه‌.
2- به‌پێی یاسا هه‌ر که‌سێک له‌ وه‌زیفه‌یه‌کی فه‌رمی حکومیدا خانه‌نشین بکرێت، کاتێک پۆستێکی تری حکومی وه‌رده‌گرێت ڕاسته‌وخۆ خانه‌نشینیه‌که‌ی ڕاده‌وه‌ستێت و مووچه‌ی پله ‌تازه‌که‌ی وه‌رده‌گرێت، به‌جۆرێک مه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست کار له‌گه‌ڵ حکومه‌تدا بکات، تۆ بڵێیت کاک به‌رهه‌م به‌ عه‌قد سه‌رۆک وه‌زیربێت؟!
3- من ده‌پرسم مسته‌ر ساڵح، ئه‌دی لۆ کاتێک له‌ به‌غداد بوویت یه‌ک جاریش ده‌رباره‌ی مووچه‌ عیملاقه‌کانی ئه‌وێ ئه‌لفازت نه‌کرد؟
4- به‌ڕێز ساڵح له‌کاتێکدا که‌خۆت به‌ده‌یان هه‌زار مووچه‌ی مانگانه‌ ڕازی نابیت، چلۆن ڕووت هه‌ڵدێت، له‌ میدیاکانه‌وه‌ خۆت به‌وه‌ هه‌ڵکێشیت که‌ مووچه‌ی مانگانه‌ی که‌م ئه‌ندامێکی داماوت له‌ 30 هه‌زاره‌وه‌ کردوه‌ به‌ 50 هه‌زار دیناری عێراقی که‌ ده‌کاته‌ پانزه‌ بیست دۆلارێک.
خوازیارم بڵێم هه‌تا سه‌ر ئێسقان شوره‌ییه‌ بۆ سه‌رۆک وه‌زیرێک هێنده‌ لاوازبێت، مشه‌ مشی ڕاتب وه‌رگرتن بکات.
موژده‌ بێت گه‌لی کوردستان ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی داهاتوودا هه‌موو دوونیاش بڕیاربده‌ن به‌ تورکیاشه‌وه‌ که‌ کورد جودابێته‌وه‌ له‌ عێراق وده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ پێکبهێنێت، کاک به‌رهه‌م ڕازی نابێت چوونکه‌ مووچه‌که‌ی له‌ به‌غدایه‌!
جێگای سه‌رسوڕمانه‌! ئاخر سه‌رۆک وه‌زیرێک مانگانه‌ چاوی له‌ ده‌رگای مالیکی بێت ڕاتبه‌که‌ی بۆ بنێرێت چۆن جورئه‌ت ده‌کات، مناقه‌شه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌ ناوه‌ندیه‌ نیمچه‌دیکتاتۆره‌ بکات له‌سه‌ر که‌یسه‌ چاره‌نووس سازه‌کانی میله‌ته‌که‌ی؟
خوێنه‌ری ئازیز جیاوازی جه‌وهه‌ری نێوان سه‌رۆکی کابینه‌ی پێنجه‌م وبه‌رهه‌م ساڵح له‌وه‌دایه‌، کاک نێچیرڤان له‌ ساڵی 2003 بڕی 300 هه‌زار دیناری سویسری دا به‌ مالیکی و هه‌ندێک پاسه‌وانیشی پێدا بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌وه به‌غدا ده‌ست به‌کاری سیاسی بکات و هه‌تاهه‌تایه‌ قه‌رزداری کوردبێت، کاک به‌رهه‌م ساڵحیش چاوه‌ڕوانه‌ مالیکی مانگانه‌ ته‌قاعودیانه‌که‌ی بۆبنێرێت!.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە