کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌نێوان شلبوون و داته‌پین و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌دا، نه‌وشیروان مسته‌فا، هه‌ڵه‌ناکات. (به‌شی چواره‌م و کۆتایی).

Thursday, 21/04/2011, 12:00


حیزبه‌کانی کوردستان، ته‌ژین له‌ درۆ و بوختان و ڕێکه‌وتنی ژێربه‌ژێر و دووڕوییدا. ئه‌وان، ته‌ژین له‌ به‌ڵێنی جێبه‌جێنه‌کراودا. حکومه‌تێکیشیان به‌رهه‌م هانیوه‌، که‌زاده‌ی هه‌موو ئه‌و چه‌واشه‌کاریانه‌ن که‌ به‌کۆی ده‌زگا هه‌ڵخه‌تێنه‌ره‌کانیه‌وه‌ مێژوویه‌ك له‌ بێمتمانه‌ییان دروست کردووه‌.

بێمتمانه‌بوونی خه‌ڵك، به‌م حکومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌ی که‌له‌چاوگی بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رۆك و پیاوماقوڵه‌ حیزبیه‌کانیه‌وه‌ سیسته‌مێکیان ئاخنیوه‌ته‌ ناو هزری به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ که‌ به‌ره‌و خه‌ره‌ندی دواکه‌وتویی و پوکانه‌وه‌ی هێواشی مه‌عریفه‌ت و مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کانی تاك به‌تایبه‌تی و کۆمه‌ڵگاکانی کوردستان به‌گشتی، ده‌بات.

ئه‌م حکومه‌ته‌، به‌و هه‌موو لاوازیه‌وه‌ که‌هه‌یه‌تی و به‌بێتواناییه‌که‌یه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پۆلیسێکدا ناڕوات، چۆن ده‌توانێت چاکسازی بکات؟. یان سه‌ره‌تاییترین ئه‌رکی که‌هه‌یه‌تی چۆن ده‌توانێت جێ به‌جێ ی بکات؟.

ئه‌م حکومه‌ته‌ی هه‌نوکه‌، گوایه‌ موڵك و ماڵی حکومه‌ت له‌ حیزبه‌کان وه‌رده‌گرێته‌وه‌، ئایا ده‌توانێت هاوینه‌هه‌واری دوکان که‌ له‌لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌ داگیرکراوه‌، بگێڕێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و حکومه‌ت؟. ئایا ده‌توانێت سه‌ری ڕه‌ش و هاوینه‌هه‌واری سه‌ڵاحه‌دین، له‌پارتی وه‌ربگرێته‌وه‌ و بیداته‌وه‌ به‌ خه‌ڵك و حکومه‌ت؟. ئایا ده‌توانێت ئه‌و هه‌زاران دۆنمه‌ زه‌وییه‌ی له‌لایه‌ن پیاوه‌ ناودار و ده‌ستڕۆیشتوه‌کانه‌وه‌ داگیرکراوه‌ و موڵکی خه‌ڵكن، بگێڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌کانیان؟. ساده‌ترین کار له‌م داگیرکاریه‌ی حیزبدا، ئه‌و موڵکانه‌ی له‌شه‌ڕی یه‌کێتی پارتیدا له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ناو حیزبه‌کانه‌وه‌ داگیرکران، بۆ نمونه‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر و سلێمانی له‌ناوچه‌کانی ژێر ڕکێفی یه‌کێتیدا و خه‌ڵکی ئه‌و دوو جێگایه‌ له‌ناوچه‌کانی ژێر ڕکێفی پارتیدا، داگیریان کردووه‌، بگێڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌کانی خۆیان؟

ئایا ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت زه‌ویه‌کانی خێڵی زێباری له‌ بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فا بارزانی وه‌ربگرێته‌وه‌ و بیانگێڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌کانیان؟.

ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت، ته‌واوی ئه‌و کارگه‌ و کارخانانه‌ی له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ داگیرکراون، بگێڕێته‌وه‌ بۆ خۆی؟. ئایا ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت پرسی نه‌وت و پێشمه‌رگه‌، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزب ده‌ربهێنێت و بیخاته‌وه‌ ژێر ڕکێف و ده‌سه‌ڵاتی خۆی؟.

ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت ته‌نده‌ره‌کان له‌هه‌ردوو کۆمپانیاکه‌ی پارتی وه‌ربگرێته‌وه‌ و بیداته‌ کۆمه‌ڵێك به‌ڵێنده‌ری سه‌ربه‌خۆ؟.

ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت کاری گه‌یاندن و فڕین و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و ئینته‌رنێت، له‌کۆمپانیاکانی حیزب و که‌سه‌ حیزبیه‌کان وه‌ربگرێته‌وه‌ بیداته‌ خه‌ڵکی تر یان بیگێڕێته‌وه‌ بۆ خۆی؟

ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت هه‌ڵبژاردنێکی په‌رله‌مانی به‌بێ ته‌زویر ئه‌نجام بدات؟

ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت به‌و یاسایانه‌ش که‌خۆ دایناوه‌، به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌ حیزبیه‌کاندا بسه‌پێنێت؟

ئه‌م حکومه‌ته‌، ده‌توانێت گیانی ڕۆژنامه‌وانان له‌ هێرشی پیاوه‌کانی حیزب و سه‌رۆك و ده‌ستڕۆیشتوه‌کانی حیزب بپارێزێت؟

ئه‌م حکومه‌ته‌، به‌و سیسته‌م و ئه‌دای کارکردنه‌یه‌وه‌ چی ده‌توانێت پێشکه‌شی خه‌ڵکه‌که‌ی بکات، نه‌ك هه‌نوکه‌، به‌ڵکو به‌مانه‌وه‌ی له‌دوورمه‌وداشدا، ئایا هیچ ده‌توانێت بکات؟. ئایا ده‌توانێت هه‌نگاو به‌ره‌و چاکسازی بهاوێت؟

نه‌وشیروان مسته‌فا، هه‌وڵه‌کانی، له‌دوتوێی ڕوخان و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م حکومه‌ته‌دا چڕ نه‌کردۆته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌و، ئازایانه‌، باس له‌گۆڕینی سیسته‌می حوکه‌مڕانی ده‌کات. ئه‌و، کار بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و یاسایانه‌ ده‌کات که‌ له‌ناوئاخنی ئه‌م سیسته‌مه‌ حیزبیه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و داڕێژراوه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا، هه‌ڵه‌ناکات. له‌ گفتوگۆ و دانوساندنه‌کانیدا، خۆی ناخاته‌ ژێرباری ئابڕوچوونه‌وه‌. مل نادات بۆ به‌رده‌وامبوونی گه‌نده‌ڵی. ئه‌و، له‌ناوکرۆکی داواکارییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌، له‌سه‌ر راسته‌هێڵێکی سیاسی، له‌ناو گه‌رووی خۆپیسانده‌رانه‌وه‌، پرۆژه‌کانی، له‌ئه‌جندایه‌کی هاوبه‌شدا، بڵاوده‌کاته‌وه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌کات.

خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ر و ناڕازی، که‌نزیکه‌ی دوومانگه‌ به‌رده‌وامن، هه‌موو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان له‌برچاوه‌ و متمانه‌یان پێیه‌تی. ئه‌ویش، متمانه‌ی به‌خه‌ڵکه‌. بوونی ئه‌م متمانه‌یه‌، هۆکاری سه‌رکه‌وتنی شۆشی گۆڕانکارییه‌.

ده‌سه‌ڵات، یه‌کێتی پارتی، له‌فواره‌ی ئه‌م لافاوه‌ گه‌یشتوون. نه‌پارتی ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌ به‌ربه‌ست دانان بدات و نه‌ یه‌کێتیش ده‌توانێت، هێنده‌ له‌به‌رده‌م هاواری گۆڕانکاریدا خۆی بگرێت. هێنده‌نه‌ماوه‌ و ته‌نها هه‌نگاوێکی که‌م و کاتێکی که‌ممان ماوه‌ که‌ به‌ ئه‌نجامه‌که‌ بگه‌ین. ته‌نها هه‌واڵی ڕاکردن و به‌جێهێشتنی سه‌رۆك و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ حیزبیه‌کان ماوه‌ که‌ بڵاوبکرێته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە