ستوکهۆلم - ڕانییه و مه‌رگی دایکم!
Friday, 06/03/2009, 12:00
1504 بینراوە
کاتێ یه‌کێ له شاره مامناوه‌ندی و شارۆچکه‌کانی کوردستاندا نه‌خۆش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیه‌که‌ی له هه‌ڵامه‌تێکی سووک و سه‌رمابوونێکی که‌م زیاتر بێت ئه‌وا ڕووده‌کاته شاره گه‌وره‌کان.
له ڕانیهشدا واباوه ئه‌گه‌ر یه‌كێ نه‌خۆشیه‌کی تۆزێ قورس بگرێت ئه‌وا ڕوو له هه‌ولێر یان سلێمانی ده‌کات.
دایکم دوای چه‌ندین ساڵ له ستۆکهۆڵمه‌وه گه‌ڕایه‌وه رانیه، وه‌ک ئه‌وه‌ی قه‌ده‌ری مه‌رگ یه‌خه‌ی گرتبێت، چه‌نده‌ی هه‌وڵمان له‌گه‌ڵیدا سه‌فه‌ر نه‌کات به‌ڵام ئه‌و هه‌رسوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که بگه‌ڕیته‌وه.
دایکم پێش نزیکه‌ی حه‌فتا ساڵ له گه‌ره‌کی قوله‌ی شاری ڕانیه، له دوو هۆده‌و هه‌یوانێکی قوڕدا که نه‌نکی به‌هه‌زار ده‌رده‌سه‌ری دروستی کردبوو هاته دنیا. به‌ر له دایکبوونی ئه‌و به نزیکه‌ی 30 ساڵ باوکی دایکم له گه‌ڵ خوشکێکی له شوانه‌وه کۆچیان کردبوو بۆ ده‌ڤه‌ری بیتوێن.
دایکم و پوورم یه‌که‌مین قوتابی کچ بوون له قوتابخانه‌ی ڕانیه شانبه‌شانی موسڵمان وکوڕو کچانی جوله‌که له قوتابخانه‌یه‌کی تێکه‌ڵاوی 60 ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا ده‌ستیان دایه خوێندن.
هه‌موو جارێ دایکم ده‌یگێرایه‌وه، چۆن له‌به‌ر سه‌رمای وگه‌رمای بێئامانی بیتوێندا، سه‌رقاڵی کار‌و زه‌حمه‌تکێشی بوون، که‌م شوێنی ئه‌و ده‌شته پان و به‌رینه هه‌یه که دایکم و تاقه خوشکه‌که‌ی له ته‌ک ره‌نجبه‌رانی پیاودا له مه‌ره‌زه‌ی برنج،کێڵگه‌ی تووتن، لۆکه و گه‌نم جۆدا ئاره‌قی تیادا نه‌ڕشتبێت.
کاتێ دایکم ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕانیه، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو به‌سه‌ر مڵکهکانیدا بگه‌ڕێت، کرێ له کرێچیه‌کانی وه‌رگرێت و سه‌یری مه‌زراکانی بکات. دایکم به‌هه‌مووی 4 تا 5 مه‌تری چوارگۆشه‌ی لهڕانیهدا هه‌بوو، ئه‌و مهترانهش گلکۆی دوو شه‌هید، هاوسه‌رو کوڕه نۆبه‌ره‌که‌ی و دوو جوانه‌مه‌رگی کچی له خۆ گرتوون.
جاری پێشوو دایکم له ڕانیه گه‌ڕایه‌وه زۆر به‌سه‌رسامیه‌وه ووتی که‌که‌م که‌س ده‌ناسێته‌وه! شه‌ڕه زۆره‌کانی پ‌د‌ک و ینک، دابڕین و حه‌په‌لوشکردنی زه‌وییه به‌راوو دێمه‌کاره‌کان، تێخزانی ده‌یه‌ها هه‌زار که‌س له ده‌وروبه‌ر و نادهوروبهریشدا، وایکردووه که ڕانیه له جوغزی شارراوهو له‌بیرکراوی بیروه‌ریه‌کاندا نه‌بێت هیچ له و شاره‌ی پیش 5ی ئاداری 91 نه‌چێت.
ئه‌وه‌ی دایکمی گه‌ڕانده‌وه، گڵکۆی ئازیزان و بیرهوهرهیه تاڵه‌کانی منداڵی، بێ‌دایکی له‌ته‌مه‌نی زۆر ساوادا، بێنازی، خه‌می نان، ڕۆژه سارد‌و گه‌رمه‌کانی ته‌مه‌ن بوون.
ته‌وێڵی ئه‌و ئازاری هه‌موو ئه‌و ساتانه‌ی نیشانده‌دا که به هه‌موو کوێره‌وه‌ری ده‌رده‌سه‌ری به‌سه‌ری بردبوون.
سێ جاران هه‌وارگه‌ی دایکم به‌به‌ر تاڵانکهوت، دووجار له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌و جاری دواییش له لایه‌ن کورده‌وه، هه‌موو جارێکیش پاڵه‌وانی مه‌رگه‌ساته‌کان و شانبدهبهری کۆسته‌کان ئه‌وبوو.
له‌دوای کوده‌تای به‌عسیه‌کان له 1963 دا باوکم له ئاوه‌گردی سه‌فین پێشمه‌رگه بوو، دایکیشم له ته‌ک ژنانی چالاکی شاردا سه‌رگه‌رمی پیتاک کۆکردنه‌وه بوو بۆ باره‌گای پێشمه‌رگه، ئه‌و کاته بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له لایه‌ن جه‌لالیه‌کانه‌وه ده‌گیرێت و دواتریش له‌لایه‌ن پیاوانی زه‌عیم سدیقه‌وه له‌گه‌ڵ ماڵی سابیری کوێخا که‌ریم ماڵه‌که‌ی تاڵان ده‌کرێت و دایکم و منداڵه‌کانی به پێخاوسی ده‌رده‌کرێن.
جاری دووه‌م له ساڵی 1974 دا له‌لایه‌ن سوپای به‌عس و دراوسێکانه‌وه و دواجاریش تاڵانکاریهکی 100% کوردانه له دوای کۆڕوهدا هه‌وارگه‌که‌ی دایکمی چۆڵکرده‌وه.
ئه‌وه‌ی هه‌موو جارێ دایکمی ده‌برده‌وه ئه‌وێ، بیره‌وه‌ری ڕاپه‌رینه‌کانی 82 ، 84 و 91 بوون که ئه‌وو کچ وکوڕه‌کانی ئه‌و له‌پێشی پێشه‌وه‌ی قوربانیدهراندا بوون.
دواجار له‌مانگی ئۆکتۆبه‌ری پاردا، دایکم گه‌ڕایه‌وه ڕانیه، وه‌ک بڵێی بۆ ماڵئاوایی یه‌کجاری چووبێته‌وه، سه‌ره‌تا به‌ناو بازاڕی شاردا، ئه‌و شه‌قامه‌ی که له‌وه‌تی به‌بیرم دێت هه‌روه‌ک خۆیه‌تی، سه‌ردانی ئه‌وانه‌ی ده‌کرد که تاک و ته‌را له رانیه‌دا مابوونه‌وه‌و ده‌یناسینه‌وه. ئینجا دوا دیده‌نی له‌گه‌ڵ جێگای ئه‌و خانووه قوڕه‌ی کرد که زێدی ئه‌وبوو و ئیستاش بۆته دوکان و باڵه‌خانه، ئه‌و شوێنه‌ی که به ئاره‌قی ناوچه‌وان و ڕه‌نجی ئه‌و پێکهاتبوو، که‌چی له دابهشکرندا، ئه‌وانه‌ی بره‌و پێده‌ری بیری یه‌کسانی بوون، هه‌ریه‌که‌یان به‌رماڵێکی ده‌رهێناو ته‌زبیحێکی به‌ده‌سته‌وه گرت و گه‌ڕایه‌وه بۆ شه‌رعی خوا، تا خوشکان نیوه و برایانیش دوو ئه‌وه‌نده ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن!
دواتر به ئه‌سپایی و له دووره‌وه سه‌یری باره‌گای ئه‌و حزبه ده‌کات که هاوسه‌رو نۆبه‌ره‌که‌ی کوڕی گیانیان بۆ به‌ختکردوو ئێستاش ئاسمان و ڕیسمان له فیکر‌و پراکتیکدا له‌یه‌ک دووره، وه‌ک سه‌هۆڵی به‌ر هه‌تاو تواوه‌ته‌وه و کاوێژی ئه‌و ڕابووردوه ده‌کات که شه‌هیدان نه‌خشاندوویانه!
به‌ئه‌مه‌که‌وه قومێک له‌ئاوی پیرۆزی قوله ده‌خواته‌وه‌و ماڵئاوایی له‌و کانیه تینووه ده‌کات که ماسی و داربیهکانیش ده‌مێکه کۆچیان لێکردووه.
بۆ دواجاریش سه‌رله گۆڕستانی بناری کێوه‌ڕه‌ش ده‌دات و فاتیحای دوعاخوازی له‌سه‌ر گۆڕی هه‌ردوو شه‌هیدوو کچانی جوانهمهرگیدا ده‌خوێنێت.
له‌ئیواره‌ی هه‌مان ڕۆژدا سترۆک(جه‌ڵته‌ی مێشک) به‌رۆکی پێده‌گرێت و ئه‌و ژنه مه‌زنه له‌په‌لوپۆ ده‌خات.
له نه‌خۆشخانه‌ی ڕانیه‌ش که له‌سه‌رده‌می به‌عسدا و له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابووردودا دروستکراوه بۆ ڕانیهیهکی 30 هه‌زار که‌سی ئه‌وسا، هه‌روه‌ک خۆی به‌ڵکو زۆر خراپتر له خزمه‌تی سه‌دان هه‌زار که‌سی دانیشتووی بیتوێن و پشدهردایه! له کاتێکدا که بایی 10 نه‌خۆشخانه‌ی وا له گیرفانی گه‌نده‌ڵه‌کانی ئه‌وێدا به‌س بۆ ده‌عوه‌ت و شهوهسوورهکانیان سه‌رفکراوه.
دکتۆره عه‌ره‌به‌کان که دیاره هاتوون خۆیان له‌سه‌ر نه‌خۆشانی ئه‌و شاره فێرکه‌ن، هیچی لێتێناگهن و ئامێری ئهشیعهش که خزمه‌تی 200 هه‌زار که‌سی ده‌ڤه‌ر ده‌کات شکاوه‌و، ئهمبۆلانسیش که به واژۆی به‌رێوه‌به‌ر نه‌بێت ناجوڵیت! سوکانه‌که‌ی به‌ره‌و سلێمانی نه‌بێت بانادریت! به‌رێوه‌به‌ر له‌وێ نابێت، ئیدی ئه‌مبولانسیش بۆی نابێت بجوڵێت!
دواتر خزم و که‌سان به ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت دایکم ده‌گه‌یه‌ننه هه‌ولێر، به‌ڵام تا ئه‌وکات نه‌خۆشی کاری خۆی کردبوو..
له‌هه‌مان رۆژدا له ستۆکهۆڵمه‌وه من وبرا خوشکه‌کانم گه‌ڕاینه‌وه هه‌ولێر تا دوو درێژترین و ناخۆشترین هه‌فته‌کانی ژیانمان له به‌شی نه‌خۆشیه‌کانی هه‌سته‌وه‌ری له نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریدا به‌سه‌ر به‌رین. ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی که له ساڵانی هه‌شتادا دروستکراوه‌و له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه نه‌ک هه‌ر ده‌ستی پێدا نه‌هاتووه، به‌ڵکو زۆر جاریش کراوه‌ته سه‌نگه‌ری شه‌ڕی ینک و پ‌د‌ک. له هه‌ولێری یه‌ک ملیۆن زیاتر دانیشتوودا ئیستاش پێشکه‌وتووترین نه‌خۆشخانه‌ی شاره!
له‌و دوو هه‌فته‌یه‌دا ئێمه له ژوورێکی (تایبه‌تدا) بووین که پاشماوه‌ی نه‌به‌ردیه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی له‌سه‌ر دار‌و دیواریدا هه‌ر مابۆوه‌و سیسرکیش وه‌ک خانه‌خوێ له‌گه‌ڵماندا ژیا!
دوای ئه‌م دوو هه‌فته‌یه فرۆکه‌یه‌کی تایبه‌تی ئه‌مبولانس له فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێردا نیشته‌وه‌و ڕاسته‌وخۆ دایکمی برده‌وه بۆ ستۆکهۆڵم،کاتێ که فرۆکه‌که هات نه‌مانبیست بپرسن داخۆ دایکم چه‌ند جگه‌رگۆشه‌ی له پێناو سوێد به‌ختکردووه، یاخوود به‌چ زمانێک ده‌دوێت، یان سه‌ر به چ پارتێکی سوێدیه، ئایا که‌سی ده‌ستڕۆیشتووی سوێد ده‌ناسێت، یان خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسی ئه‌وێدا هه‌یه، نه‌خێر دایکم هاووڵاتیه‌کی ئاسایی سوێدی بوو که جگه له‌هه‌ندێ ووشه‌ی سوێدی هیچی تری نه‌ده‌زانی! به‌ڵام به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه هاتن و ئه‌و هاووڵاتیه‌ی خۆیان برده‌وه.
له‌وێش تیمێکی تایبه‌ت چاوه‌روانی ده‌کرد وله گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌ی ستۆکهۆڵمدا خه‌واندیان.
لهزۆرانێکی چه‌ند مانگی‌دا له گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌که‌یدا دڵه گه‌وره‌که‌ی دایکم له لێدان که‌وت و به‌ڕێزه‌وه له فلوتسبرۆی نزیک مالی خۆی و له گۆڕستانی موسڵماناندا، له‌گه‌ڵ ئاپۆره‌ی ئاماده‌بووان له کورد، عه‌ره‌ب، تورک، سوێدی ، ئێرانی ئهفهریقیدا له رۆژێکی به‌فراوی جوان‌دا به خاک سپێردرا.
کاتێ هه‌ندێ له‌که‌س و دۆستان لێیان پرسین داخۆ ته‌رمی دایکمان ده‌به‌ینه‌وه نیشتمان؟
به‌ڕێکه‌وت هه‌موو کچان و کوڕانی دایکم ئاماده‌بووین و به‌ڕێکه‌وتیش هه‌موومان وه‌ک یه‌ک و له‌هه‌مان کاتدا وه‌لاممان دایه‌وه.. ؟
كام نیشتمان؟