لە سەروبەندی خۆپیشاندانەكانى قوتابیان: شوفێر نە وەزیرە و نەچارەسەری كێشەكانى پێ دەكرێ
Monday, 02/12/2013, 12:00
1626 بینراوە
قوتابی مەشخەڵهەڵگری ئایندەییەكی گەش و بنیاتنەری داهاتووییەكی ڕەوشەنە كە لەژێر ساییە و سێبەریدا كۆمەڵگا بە وەرچەرخانێكی مێژوویی گوزەر دەكات و بەكڵۆجێك لە هەمبەرپێشڤەچوونەكان بەرجەستە دەبن بۆ ئەوەى جەهل و نەزانى لەگۆڕنێن و بەختەوەری و خۆشنوودی بۆ هەموو لاییەك بكەنە پەیامى ژیان.
جا كۆڵەگەییەكى تۆكمە و گرنگى لەخۆگرتنى نەوەییەكى داهاتوو ئەوەندە بەرز و پیرۆزبێت، دەبێ ئەو توێژە بە ڕەنگ و بۆییەكى ئەوتۆ پەروەردە بكرێت و گۆش بكرێ تا لە داهاتوودا بتوانێت بنەما سەرەكییەكانى هاوڵاتی بوون و هاونیشتیمانى بوون بەتەواوى هەرس بكات كە لەڕووى ئەرك و مافەەوە هەموو ئەو ڕیزبەندیانە لەخۆی بێنێتەدی بۆ ئەوەى ببێتە نموونەییەكى زەق و زیندووى ئەو كارگەی تیایدا كەسایەتییەكى دروست و ساغلەمى لێ دێنێتە بەرهەم، لەوەشدا بەپێی ئەجینداییەك هەڵسووكەوت بكات،كە لەو ژینگەى تێیدا دەژێت، بە شانازییەوە ناوى بێت و ژێوانى لەو ڕابردووە نەكرێت كە بەپێی قۆناغەكان چ جای گۆشكردنى، هیچی لێ چاوەڕوان نەكرێت، ئەوەش خۆی لەو ڕەهەندە دەدۆزێتەوە وەكو مامۆستا هەوڵ و تواناكانى لەمەڕ پەروەردە و پێگەیاندنەوە چڕ كردۆتەوە.
مرۆڤ بە سیفەتى خۆی لە ڕووى غەریزەوە، بێ هەڵە و پەڵە نییە، كەم تا زۆر هەڵە دەكات، وەلێ گرنگى ئەو بابەتە و بایەخی درككردن بەهەڵە لەوەداییە هەڵەكان بكرێتە فاكتەرێك بۆ بەخۆداچوونەوە و گرتنەبەری ڕاستەشەقامی ئەو دۆخەى بۆ هەموومان ماییەى هەڵوێستە لەسەركردنە و دەبێ لە ئاقاریدا بووەستین.
قوتابی ئەو شاگردە گورج و گۆڵەى دەستى وەستاییەكى كارامەییە، لەپیادەكردنى ئەو ئامۆژگارییانەى پێی دەدرێت تا بۆ ئایندە ببێتە پەیامهەڵگر و گرتنەدەستى چرای ڕووناكى ئەو ڕێچكەییەى باوەڕی پێییەتى و بە تاسەوە كار بۆ هێنانەدی دەكات.
هەڵبەتە ئەوەى ماییەى سەرنج و تێڕامانبێت، ماوەییەكە لێرە و لەوێ ژمارەییەك لە قوتابییان لەخانەى گلەیی و گازەندە و ڕەخنەگرتن دەرهەق بەهەندێك لەو بڕگە و بابەت و ئەو سیستەمەى ئەمڕۆ لە هەرێمى كوردستان پەیڕەو دەكرێت، بێ لەبەرچاوگرتنى ڕەوشى پەروەردە و خوێندن و ئەو پرۆسەى بەڕێوە دەچێت. چەند كەسێك كۆدەبنەوە و ڕێك دەكەون بەوەى گروپێك ڕابگەییەنن،ئەوەش وەك ناڕەزاییەك بەرنامەى خۆپیشاندان دادەڕێژن و دێنە سەر شەقام، لەوەشدا ڕێگە لە هاتووچۆی ئەو سەیارانە دەگرن كە بۆ ئەو ئان و ساتە بەو دەرە تێدەپەڕن.. شەقام گرتن بووەتە دیاردەییەكى زەق و لاساییكەرەوە بێ ئەوەى هەست بەوە بكەن ئاخۆ گوناهى ئەو خاوەن شوفێرانە چییە و چییان كردووە كاتێك بەهەڵكەوت بەو شوێنە دەڕۆن، كەچی كت و پڕ ڕێیان لێدەگیرێت و دەرفەتى ڕۆیشتنیان پێ نادەن كە لە ڕووى شارستانییەتەوە ڕێگەگرتن لە سەیارە دیاردەییەكى ناشیرینە.
هەڵبەتە مافی هەموو كەسێكە بۆ بەجێگەیاندنى داخوازییەكانى ڕوو بكاتە ئەو شوێنەى سەرچاوەییە بۆ گوێگرتن لە كێشەكان و چارەسەركردنیان، خۆ ئەگەر هزركردنمان وابێت بەو دیاردەییە بە مافەكانمان دەگەین، لەوەدا بەهەڵە ناچین و ئامانجمان پێكاوە، خۆ بە پێچەوانەوە ئەگەر واتێبگەین بابای شوفێر وەزیر و كاربەدەستە، دەتوانێ ئەو كێشانە چارەسەر بكات كە دوور و نزیك پەیوەندی بەوەوە نییە.و هیچیشی لەدەست ناییەت كێشەكان چارەسەر بكات، لەوەدا هەڵەین.
لەو ڕوانگەوە هەقە توێژێكى ئاوا گرنگ و هەستیار و كاریگەر، چاوساغ و دەمڕاستى دواڕۆژ كە لە زۆر ڕووەوە لە كەسی سادە و عەوام جیادەكرێتەوە، بژاركردنى ڕەش و سپی، چاكە و خراپە و هەنگاونان بۆ هەر كار و پیشەییەك ژیربێژانە پێ هەڵبنێین،هەوڵەكان بەئاكام دەگات، نەك ڕێگەگرتن لەو شوفێرانەى نەهیچیان پێدەكرێت و نە بەو كارەیان وەكو هیچ لە مەسەلەكان ناگۆڕێ، ئەمەش دیاردەییەكە پێویستە هەموومان لەسەری بووەستین و ڕووى سپی ئەو دیموكراسییە ڕەش نەكەین كە لەم ڕۆژگارەدا هەموومان لە ساییدا ئازاد و بوێرانە خۆپیشاندان دەكەین و سەربەستانە دروشمەكانمان بۆ لایەنى پەیوەندیدار بەرز دەكەینەوە.