کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌کی ئاواڵا بۆ مامۆستا جه‌مال عه‌بدول !

Monday, 21/02/2011, 12:00


به‌ر له‌هه‌ر شتێک ده‌مه‌وێ پێت بڵێم تۆ مامۆستام بوویت، له‌ناوه‌ندی ڕۆشبیریی و که‌سایه‌تیه‌کی جوان بوویت ئه‌و ده‌مه‌، لێ به‌داخه‌وه‌ ئیستا نازانم چۆن ده‌سه‌لات توانی زه‌فه‌رت پێ به‌رێت و بتهێنه‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزۆنه‌که‌یان و تۆش په‌یامێکی کرچ و کاڵ بده‌یت، که‌بۆ خۆی جێگه‌ی سه‌ر سوڕمانه‌و، پاشانیش پێکه‌نیناوییه‌.
مامۆستای به‌ڕێز...
با له ‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، تۆی به‌ڕێز پارێزگاری سلێمانی بوویت و کارو کرده‌وه‌کانت له ‌ڕۆژگاره‌ سه‌خت و دوو بایکۆتکراوه‌که‌ی کوردستاندا جێکه‌ی سوپاس و پێزانینه‌، ئه‌گه‌ر چی لێره‌و له‌وێ هه‌ندێ شتمان ده‌بیست وه‌ک نه‌وتی به‌لاش و که‌شخه‌یی ماڵ و منداڵت له‌و رۆژه‌ ناخۆشانه‌دا، شتگه‌لی تریش، به‌ڵام ئێمه‌ گوێمان پێنه‌ده‌دا. من له‌جێگه‌یه‌ک بووم، که‌سێک که ‌ئیستا به‌رپرسه‌ بۆ نوکته‌ ووتی: مامۆستا جه‌مال عه‌بدول په‌نجه‌ره‌کان ده‌کاته‌وه‌ تامێشه‌کان ده‌ر کات نایان کوژێت، ئه‌وان هه‌موو پێکه‌نین و من ووتم شه‌رمه‌ بۆ پێده‌که‌نن؟ ئه‌و هێنده‌ ئینسانه‌ ماف به‌هه‌موو شتێک ده‌دات. کاتێ ده‌سه ڵات زانیان تۆ به‌ ویستی ئه‌وان هه‌ڵناسوڕێیت، هێواش لایان بردی.
به‌ڕێزم... شه‌رمه‌ و ناجاهیزه‌ تۆ باسی چوارپارچه‌ی کوردستان ده‌که‌یت و ده‌سه‌ڵات و باشور ی ووڵات به‌خه‌ون بۆ ڕزگار بوونی کوردستانی گه‌وره‌ ده‌شوبهێنی بۆ ڕاکێشان سۆزی خه‌ڵک، کامه‌ چوار پارچه‌ ؟ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌خه‌می چوارپارچه‌که‌‌دا بوایه‌ شه‌ڕی ناوخۆی نه‌ده‌کرد و هه‌زاران لاوی کوردیان نه‌ده‌کرده‌ قوربانی ئه‌و شه‌ڕه‌ و سه‌دانیشیان بێ سه‌رو شوێن نه‌ده‌کرد، که ‌تائیستا که‌س نازانێت گۆڕه‌کانیشیان له‌کوێدایه.
کاتێ تۆ ده‌سه‌ڵاتت هه‌بوو، که‌م نه‌بوون ئه‌و کوردانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات له‌سنوری سلێمانی که ‌تۆ پارێزگاری بویت و تیرۆر کران، .لات خۆش بێت ناوی ده‌یانت بۆ ده‌نێرم، تۆ بێده‌نگ بوویت و تاکه‌ ووته‌یه‌کت له‌زار نه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وان به‌ویستی تاڵه‌بانی سه‌رۆکت و ده‌زگا به‌دناوه‌که‌ی ئیتڵاعات و زانیاریی تیرۆرکران و لاشه‌کانیان له‌ ته‌لیس ده‌کرا بۆ کۆماری ئیسلامیان ده‌بردنه‌وه‌. پاشان ماوه‌ی سێ ساڵه‌ بایکۆتی قه‌ندیل کراوه‌ مامۆستا له ‌کوێ بوو قسه‌یه‌ک بکات؟
دوێنێ بوو هاو حیزبێکانت هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ گه‌ریلاکانی په‌ژاک ده‌کرد و ده‌یان ووت به‌بۆنه‌ی ئیوه‌وه‌ ئێران تۆپمان تێده‌گرێت. مامۆستا جه‌مال عه‌بدول بۆ هیچی نه‌وت؟ تۆی به‌ڕێز بویت به‌ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ت، من ده‌زانم تۆ مرۆڤێکی پاکییت، به‌ڵام خۆت له‌چاوپێکه‌وتنێکدا ووتت سه‌رۆکی هه‌رێم وحوکمه‌تی کوردی نایه‌وێت گه‌نده‌ڵێ بن بڕبکات، چونکه‌ هه‌موو ئۆرگانه‌کانی گه‌نده‌ڵن. پاشان کوردستانی گه‌وره‌ی چی مامۆستا گیان؟ مه‌گه‌ر تاڵه‌بانی سه‌رۆکت چه‌ند جار شه‌کری نه‌شکان، که‌ دروستبوونی کوردستان وووڵات بۆ کوردان هه‌م خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌ هه‌م له‌خه‌یاڵ خه‌یاڵتره‌، مه‌گه‌ر نازانی ماڵپه‌ڕی ویکلیکس نه‌ی ووت مه‌سعود که‌رکوکی به‌ سه‌وزی هه‌راج کردووه‌؟
مامۆستای به‌ڕێز...
هه‌فته‌ی رابردوو تاڵه‌بانییه‌که‌ی تۆ ئه‌وه‌ی ناتوانێ جوتێ گۆره‌وی له ‌پێ بکات و به ‌که‌ماڵی ئیسراحه‌ت توالێتێک بکات، که‌چێ تاجه‌ گوڵی له‌سه‌ر گۆڕی داگیر که‌رێکی وه‌ک ئه‌سه‌د دانا، شاره‌که‌ی تۆ له‌ناو خوێندا ته‌پ و تل ده‌دات و گه‌نجه‌کانی شه‌هید ده‌کرێت، تاڵه‌بانی قسه‌ناکات و مه‌سعودی کوڕی مه‌لامسته‌فاش هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات و ڕاده‌کات. په‌یامی تۆ له مێدیای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ناگه‌نه‌ ئێمه‌، تۆ جێگه‌ت به‌ر ده‌رکی سه‌رایه‌، تۆ ده‌بوو ده‌وری عه‌وله‌سیست بدیایه‌، یان ڕۆحی بێکه‌س له ‌تۆدا بوایه‌ و به‌رۆکت دادڕایه‌ بۆ گه‌نجی شاره‌که‌ت.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی تۆ ئه‌م شه‌هید بوونه‌ی سورکێو و ڕۆژوان و گه‌نجه‌که‌ی تر سلێمانی به‌ده‌ستی جاشه ‌کلک زه‌رده‌کان، ڕامان ده‌گرێ له‌به‌ر ده‌م هه‌ڵوێستی تۆدا داخۆ کاتێ به‌عسیه‌کان هیوا فایه‌ق فرس و ئارام و سه‌رداریان له‌به‌ر ده‌م ناوه‌ندی ڕۆشبیردا شه‌هید کرد مامۆستا، چۆن هه‌ڵوێستێکی هه‌ببووبێ؟ ئه‌مه‌ ته‌نها پرسیاره ‌و هیچی تر.
خۆزگه‌ من له ‌حیکمه‌تی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یشتم ئیوه‌ به‌ر له‌ماڵئاوای له‌ژیان به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌، بۆچی واخۆتان ناشرین پیشان ده‌ده‌ن، بۆ نابێ ئێمه‌ ماندێلایه‌کمان تێدا هه‌بێت له‌مێژووماندا، مه‌لامسته‌فا بۆ سێ ساڵ ژیانی ڕیسوای سه‌ر قه‌ره‌وێله‌ی خه‌سته‌خانه‌کانی واشنتۆن میلله‌ته‌ی جێ هێشت، تاڵه‌بانی له‌ناشرین ترین مردن ده‌مرێ، ئه‌گه‌ر ئیستا نه‌مردبێ، مه‌سعودیش به‌پاره‌ی دزراو خه‌ڵاتی ئاشتی مافیاکانی ئیتاڵیا وه‌رده‌گرێ.
ببوره‌ مامۆستا، له‌ مه‌و دوا هه‌موو ئه‌و زانسته‌ی له‌تۆوه‌ فێر بووم، له‌بیر خۆمی ده‌به‌مه‌وه‌. هه‌سته‌که‌م تۆ تاوانت به‌رامبه‌ر خۆت و شاره‌که‌ت و کوردستانیش کردوه‌ که‌ له ‌باوه‌شی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ قسه‌ده‌که‌یت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە