کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ته‌لاره‌كه‌ی مامه‌و هێرۆ له‌ ده‌باشان له‌ سه‌ر گۆڕی شه‌هیدێكی نه‌ناسراو بنیاتنراوه‌

Thursday, 19/03/2009, 12:00


رۆژو مانگ و ساڵم له‌ یاد نه‌ماوه‌ به‌ ڵاام ئه‌وه‌نده‌م له‌ یاده‌ كه‌ له‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شانه‌ی ساڵانی حه‌فتاكان بو كاتێ‌ مقۆ مقۆی داخستنی بازاڕه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگای زۆره‌ملێی قه‌ڵاچوالان كه‌وتبوه‌ سه‌ر زمانی دانیشتوانی شارو له‌ولاشه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی تێكدان و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و گۆمه‌ڵگایانه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می تێكدانو چۆڵكردنی لادێكانی سه‌ر سنور هاتبوه‌ ئاراوه‌ ، ئاله‌و كاته‌دا له‌ سه‌ر داخوازی منداڵان و دایكیان پاشنیوه‌ڕۆیه‌كی كه‌مێ دره‌نگ به‌ نیازی سه‌ردانی بازاری قه‌ڵاچوالان كه‌وتینه‌ رێ به‌ره‌و ئه‌زمه‌ڕ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مزانی هاتوچۆ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌مبۆته‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و ته‌نگو چه‌ڵه‌مه‌یه‌ی كه‌ كه‌م و زۆر له‌ ڕێگه‌ی چونو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ شوێنانه‌ هاتونه‌ته‌ كایه‌وه‌ .
كاتێك له‌ شار چۆینه‌ ده‌ره‌وه‌ و رۆمانكرده‌ یه‌كه‌م پێچ و هه‌ورازی ده‌باشان كه‌ ئه‌و كاته‌ شه‌قامه‌كه‌ ته‌سك و پێچاوپێچ بو ، كاتێ هه‌ستمكرد لاندكرۆزه‌رێك و پیكاپێك له‌ دوومدان و به‌ هۆڕن لێدان و ده‌ست ڕاوه‌شاندن داوام لێده‌كه‌ن رێگایان بده‌م ، منیش كه‌ دیم چه‌ك به‌ده‌ستن لامداو ورد ورد ڕێگه‌ی خۆمم گرت كاتێكیش ئه‌وان گه‌یشتنه‌ ئه‌و پێچه‌ی ئێستا ئه‌كه‌وێته‌ خوار ته‌لاره‌كه‌ی مامه‌و هێرۆ ڕاوه‌ستان و به‌ زله‌و شه‌ق وپاڵ و قۆناغه‌ كڵاشنكۆف گه‌نجێكیان له‌ به‌رگێكی كوردی به‌ كڵاوو جامانه‌وه‌ له‌ پیكاپه‌كه‌ داگرت و به‌ره‌و قوڵایی شیوه‌كه‌ برده‌ خواره‌وه‌ و به‌ ده‌ست و قیژه‌قیژیش له‌ منیان داواكرد به‌ خێرایی ئه‌و شوێنه‌ تێپه‌ڕكه‌م ، منیش له‌ ترسی گیانی خۆم و خیزانه‌كه‌م به‌ شپرزه‌ییه‌كه‌وه‌ پێمنا به‌ به‌نزیندا و له‌ شوێنه‌كه‌ دوور كه‌وتمه‌وه‌ .
هه‌ر به‌و په‌شۆكاوی و خه‌مه‌وه‌ بۆ چاره‌نوسی ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ ده‌ست ئه‌و دڕندانه‌وه‌ ، به‌ كپی و ماته‌می و په‌ژاره‌وه‌ به‌ره‌و قه‌ڵاچوالان كه‌وتینه‌ ڕێ و له‌ وێش به‌ په‌له‌ ئه‌وه‌ی ویستمان كڕیمان و ڕوه‌و شار گه‌ڕاینه‌وه‌ .

كاتێك گه‌یشتینه‌ نزیك شوێنی ئه‌و ڕوداوه‌ ، به‌ هاوسه‌ره‌كه‌م وت نیازم وایه‌ بوه‌ستم و بزانم چیان له‌و گه‌نجه‌ كردوه‌ ، ئه‌ویش كه‌وته‌ ئه‌یه‌ ڕۆو چه‌مۆڵه‌ نان له‌خۆی ، به‌ڵام بێسودبو ، وه‌ستام و ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و قوڵایی شیوه‌كه‌ داگه‌ڕام كاتێكیش گه‌یشتم دیم كڵاوو جامانه‌و دوو پێڵاوی لاستیكی ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ له‌و شوێنه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شپرزه‌ به‌ جێماوه‌ دوو قه‌وانی به‌تاڵیش له‌و شوێنه‌ كه‌وتبون و له‌ قوڵایی چه‌مه‌كه‌شدا به‌ درێژایی زه‌لامێك خۆڵ هه‌ڵدرابوه‌وه‌ .

هه‌ر له‌ ژێر باری گرانی ئه‌و دیمه‌نه‌ سته‌مناكه‌دا به‌ به‌رزایی لاشانی چه‌مه‌كه‌دا هه‌ڵگه‌ڕامه‌ سه‌ره‌وه‌و كاتیكیش چومه‌ ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌م هه‌ستم پێكرد پاژنه‌ی یه‌كێ له‌ پیڵاوه‌كانم لێبۆته‌وه‌ .كاتێكیش كه‌وتینه‌ ڕێ به‌ ره‌و ماڵه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌دیم بۆ هاوسه‌رو منداڵه‌كانم گێڕایه‌وه‌ و هاوسه‌رو كچه‌كانم كه‌وتنه‌ گریانو منیش چاوم پڕبو له‌ فرمێسك كوره‌كانیشم ماته‌می دایگرتن .

ئێستاش وا به‌ هۆی هاتنه‌ كایه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ گیانیان بۆ به‌ختكرد ، ئه‌و شیوه‌ی جێگه‌ قه‌بری ئه‌و گه‌نجه‌ خێر له‌ خۆ نه‌ دیوه‌یه‌ پڕكراوه‌ته‌وه‌ به‌ گڵی پانكردن و چاككردن ڕێگاكه‌و دروستكردنی ته‌لاره‌كه‌ی مامه‌و هێرۆ و ئه‌و ته‌لاره‌ش كه‌وتۆته‌ سه‌رو گوڕی ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە