بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.

مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


بەشێک لە بیرەورییەکانم لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (به‌شی سێیه‌م)

Sunday, 19/08/2012, 12:00


هەڤاڵ عاکیف ڕۆێشت، تا هەفتەیەکیش نیوەڕۆیان بەخەیاڵ دێتەوەو چاوەڕێمان دەکردبۆ نان خواردن، هەموو شوێنێک لەماڵ بۆنی ئەوی لێدەهات، وردە وردە مەیلی ئەومان داناو، هەڤاڵ حاجی هاتە شوێنی سەرەتا کەمێک قورس بوو ڕاهاتن لەگەل هەڤاڵ حاجیدا، بەڵام دواتر هەمان تاس و حەمام لەگەڵ ئەویش ڕاهاتین و ئەویش وەک یەکێک لەئەندامانی خێزانەکەمان، زۆرجار خواردنەکەمان دوا دەخست بەڵکو ئەویش فریا بکەێت خواردنەکەمان لەگەڵ بخوا! تەنانە زۆر جار بە پێکەنینەوە یەکێک لەماڵەوە دەیوت ئەرێ کوڕەکەی ترمان دیار نییە.

هاتنی گروپی میزۆپۆتامیا لەهەولێرەوە
لەگەڵ هەڤاڵ حاجی و شەهید سیرواندا قسەمان لەسەر ئەوە کرد،کە بۆ ئەوەی سێبەری شەڕی ناوخۆ لە ناو دڵ و دەروونی خەڵکیدا لابەرین، ئاهەنگێک ساز بکەین. کە تیپی ناو براو بێن کۆمەڵێک ئاهەنگ و چالاکی بکەن ، سەرەتا لە ڕانیەو پاشان بچنە قەڵادزێ.
دوای نیوەڕۆیەک هەڤاڵانی هونەر مەندو مۆسیقا کار هاتن کە ژمارەیان نزیکەی ٢٣ کەسێک دەبوو، ئەوشەو ماڵی ئێمە هەرایەک بوو، نەخواردن بەر دەکەوت، نەنوێن بۆ خەوتن
بەهەرحاڵ سبەی خەریکی دابین کردنی مۆلیدەی کارەباو ڕێکخستی شوێنی ئاهەنگە بووین لە بناری کێوە ڕەشی ڕانیە،
هەرچەندە هەر لەسەرەتای ئاهەنگە کێشەی سوتانی یەکێک لە ئامیرەکانمان بۆ دروست بوو، بەڵام هەرچۆنێک بوو ئاهەنگەکەمان بەڕێ کرد،ئامادە بوان بەجۆش و خرۆشێکی کەم وێنەوە سرودی گەریلا ڕۆژ باشیان لەگەڵ گروپی مۆسیک دەوتەوە، بۆ وەبیر هێنانەوە ئەو ڕۆژانە فەرمون لەگەڵ هەمان سرود


گه‌ریلا رۆژباش

بۆ ڕۆژی دواتر چووین بەرەو قەڵادزێ نیوڕۆکەی لەماڵ کاک وەتمانی جوتیاران بووین، کەئەوسا وەک بنکەی سەرەکی بزوتنەوەی جوتیاران وابوو. بەشیک لەهەڤاڵان سەرقاڵی شانۆو شوێنی ئاهەنگەکە بوون، دەیان پێشمەرگەش لە هێزی بزوتنەوەی جوتیارانیشمان وەک پارێزگاری ئاسایش لەشوێنی ئاهەنگەکە دانابوو، هەر لەسەرەتاوە هەستمان کرد کەجۆرە ناڕەحەتیەک لەلایەن برادەرانی یەکێتیەوە هەیە، بۆیە خۆم بۆ داوەت کردنیان سەردانی کۆمیتەی ڕێکخستنی قەڵادزیم کردو، بەڕەسمی داوەتم کردن..
برادەرانی یەکێتی وتاریکی ئاگراویان ئامادە کردبوو، کە هەمووی هێرش بوو بۆ سەر پارتی، بەڵام ئێمە پێمان ووتن کە وتار خوێندنەوەی تێدا نیە، تەنانەت وتاری تیپی مۆزۆپۆتامیاو پەکەکەش!
ئەوان هەر پێیان دادەگرت لەسەر ڕای خۆیان، خەریک بوو کێشە دروست دەبوو، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتە کە بەداخەوە ناوەکەیم بیر نەماوە، بەزمانێکی هەڕەشە ئامێز قسەی لەگەل یەکێک لەو هەڤاڵانە کرد کەلە هەولێرەوە هاتبوون، دەیووت چۆن دەبێت ڕێگا بە ئیمە نەدرێت قسەی خۆمان بکەین و وتار نەخوێنینەوە،ناچار خۆم چووم بۆ لایان و پێم ووت وتار خوێندنەوە بۆ کەس نیە، ئەوە شەڕ ی ناوخۆ نیە، بەڵکو ئاهەنگێکە، پێشەمەرگەکانی جوتیاران کەبینیان خەریکە بارودۆخەکە تێک دەچیت، هاتنە نزیک ئێمەو ئابڵۆقەی برادەرانی یەکێتیان دا وەک وەڵام دانەوەیەک بۆ برادەرانی یەكێتی، زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەی جوتیاران لەو ناوە بوون، تەنانەت چەکی بیکەی سی و ئارپیجیان پێ بوو پاشان برادەرانی یەكیتیکەزانیان قسەکانیان ناچیتە سەر ناچار پاشەکشەیان کرد، ئەمجا کەوتنە پیلانێکی تر کە دەیانویست ئەندام و دۆستانی خۆیان ئاهەنگەکە جێ بهڵێنن، بەڵام جۆش و خرۆشی مۆسیقاو ئاهەنگەکە شکستی بەم هەوڵەش هێنا،، ئاهەنگێکی سەرکەوتومان پێشکەش کرد..ئەوەی پێویستە بوترێ گەر هێزی جوتیاران نەبوایە، بێ شک ئاهەنگەکەیان تێک دەداو خەڵکیان لەم کەمە خۆشی و کات بەسەر بردنە بێ بەش دەکرد..
ئێوارەکەی گەڕاینەوە ڕانیە بۆ ماڵی خۆمان، شەو باسی ئەو هەڵوێستەی یەكیتیمان کرد، یەکێک لەو هەڤاڵانە ووتی:
پارتی وەک هیزێکی عەشایەرو حوکمی بنەماڵە و گرێداوی داگیرکەران، وەک دوژمن سەیر دەکەین، بەڵام تا ئیستاش بۆمان یەکلایی نەبۆتەوە کە یەکێتی دۆستە یان دوژمن.

ورەی پۆڵاینی کچە گەریلایەک کە هەردوو قاچی لەدەست دابوو!
دوای نیوڕۆیەک هەڤاڵ جومعەو پۆلیک گەریلا هاتن بۆ ماڵمان، سەرەتا بەپەلە ئاوی ساردو دواتر چاحازر بوو، هەڤاڵ جومعە یەکەمجار بێتە ماڵمان، بە پێکەنیەوە ڕووی تێکردم و ووتی:
هەڤاڵ مستەفا لای ئێمە لە باکور کاتێک بتەوێت نان نەدەیتە میوانەکەت یەکەمجار ئاوی ساردو دواتر چای گەرم بۆ ئەوە نانی بۆ نەخورێت، بەڵام ئێوەش هەور ئاواتان کرد!!
ووتم هەڤاڵ دەزانم ، بەڵام ئیمە نانمان پێش ئێوە خواردووە ، ئەوا خەریکن خواردنتان بۆ ئامادە دەکەن، بەڵام ئەو وتی ، هەڤاڵ زۆرمان برسیە ، ووتم هەر ئیستا دەنێرم خواردن لەدەرەوە بێت، ئەوەی خۆمان بۆ ئێوارە بێت، بەپەلە خواردن مان لەدەرەوە بۆ هێنان ، بەڕێکەوت ئەو ڕۆژە کوڕەکەمان زۆر نەخۆش بوو، ماڵەوەمان لەلایەک خەمی خوارد حازر کردنی میوانەکانی بوو، لەلایەک خەمی کوڕەکەی، تادەهات تەندروستی کوڕەکەمان بەرەو خراپی دەچوو، بۆیە بەپەلە گەیاندمانە لای دکتۆر ئیبراهیمی هاوڕێی قوتابی و منداڵیم، باش بوو دەرزیەکی لێداو هەندێک دەرمانی بۆ نوسی..گەڕاینەوە ماڵەوە.
هەڤاڵ جومعە وەک کەسێکی سادەو میوانێکی ڕوح سوک کەوتە یاری کردن لەگەڵ کچەکەماندا کە ئەوسا تەمەنی ٤ ساڵان بوو، یاریەکەیان تا دەهات گەمتر دەبوو، هەڵبەتە منداڵیکی چوار ساڵە چۆن دەزانێت کەئەمە هەڤاڵ جومعەیەو نابێت پێ لەقەی لێبدات یان سواری کۆڵی بێت بیداتە بەر زلە، هەڤاڵ جومعە لەدڵەوە دەتریقایەوەو گەریلاکاینش بەلایانەوە سەیر بوو ئەم یاری کردنە، یەکێکیان چی تر خۆی پێ نەگیراو ووتی:
هەڤاڵ مستەفا چۆن دەبێت کچەکەت ئاوا بکات، ئەوە هەڤاڵی مەزنە، منیش ووتم هەڤاڵ گیان هیچ نیە، هەڤاڵ جومعە خۆی حەزی لەم بەزمەیە..دیار بوو هەڤاڵ جومعە دەمێک لەو جۆرە یاری منداڵ و خێزانە دابڕا بوو..
ئەوەی سەرنجی هەموونانی ڕاکێشا ئەو کچە گەریلا لاوە بوو کەهەردوو قاچی لەدەست دابوو لە ، جارێکیان لەشەڕداو جارێکیان لە ڕوداوی لوغم دا لەکاتی بڕینی سنوری دەستکردی باشورو باکور، ئەم کچە گەریلایە قوتابی زانکۆ بوو،سەرەڕای لەدەستدانی قاچەکانی بە ورەیەکی بەرزەوە بەدیار هاوسەرەکەموو کوڕە نەخۆشەکەمەوە دانیشتبوو قسەی دەکرد، باسی ئەو شەڕانەی دەکرد کە بەشداری تێدا کردبوو..
هاوسەرەکەم پرسی: هەست بەپەشیمان بوونەوە ناکەی کەتۆ هەردوک قاچت لەدەست داوە؟
ئەویش لەوەڵامدا ووتی: من لە پێناو ئێوەدا، دەبینیم تۆ وەکو دایکێک سەرەڕای ئەوەی کە کوڕەکەت نەخۆشە، بەڵام دەتەوێت خوارد و بۆ ئیمە دروست بکەی و خزمەتێک پێشکەش بە ئێمە بکەیت، ئاخر من بۆیە چەکم کردۆتە شانو قاچەکانم لەدەستداوە بۆ ئەوەی چی تر دایک و ژنی کورد ئاوا نەبینم، من لە پێناو ئازادی ئێوەدا ئەم ڕێگایەم هەڵبژاردووە، نەک هەر پەشیمان نیم بەڵکوو ، شانازی پێوەدەکەم.
قسەکانی ئەو شێرە گەریلایە بێ قاچە زۆرن بەڵام داخەکەم بیرم نەماون، هەر ئەوەند نەبێت،کەهەموو هەڤاڵە گەریلاکانی لە ئامێزیان دەکردو پێویستیەکانیان بۆ داین دەکرد.
ئەم شەوە سەدان قسەو باس هاتە گۆڕێ، بۆ بەیانیەکەی هەڤاڵ جومعە لەگەڵ ئەم پۆلە گەریلایە کە زوربەیان نەخۆش و پێوستیان بەچارەسەر هەبوو بەروە سنوری ڕۆژ هەڵاتی کوردستان چوین..ئەوسا بنکەی سەرەکیان لە شاری ئورمیە بوو.

ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە