نامەیەكى كراوە بۆ بەرێز فەهمى مەحمود ئەندامى پەرلەمانى سوێد لە پارتى مۆدێرات
Tuesday, 16/03/2010, 12:00
كورد وەك نەتەوەیەكى ژێردەستەى داگیركەرانى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى , هەمیشە نەتەوەیەكى چەو ساوە بوەو مێژوەكەى لەلایەن ئەو داگیركەرانەوە هەر لە دەسەڵاتى عوسمانى و ئینگلیزى و فارس و عەرەبەكانەوە پڕكراوە لە لەكارەسات و ئەو هێزانەى كەباڵادەستبون و خاكى كوردانیان داگیركردوە هەرگیز نەبوە , بەبێ كوشتن و ئاوارەكردنى خەڵكى كوردستان خاك بەجێبهێڵن و هەمیشە كورد قوربانى یەكەمى سیاسەتى دوژمونكارانەى ئەو هێزو ووڵاتانەبوە كە كوردستانیان داگیركردوە .
ئەنفال و كیمیابارانكردنى هەڵەبجەو سێوسێنان و گوپتەپە و عەسكەر و بۆردمانكردنى قەڵادزەو شارەكانى ترى لەباشورى كوردستان و كۆمەڵكوژى دەرسیم و سەركوت كردنى شۆِرشەكەى شیخ سەعیدى پیران لە باكورى كوردستان و كۆمەڵكوژیەكانى شارى عامۆداو قامیشلۆو حەسەكە و كوشتنى شۆڕشگیڕانى كورد لە ڕۆژئاواى كوردستان و كۆمەڵكوژى شارەكانى مهابات و زەردەشت لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان بەشێكى كەمى ئەو تاوانانەن كە دوژمونانى كورد لەسەر خاكى كوردستان بەرامبەر بەخەڵكى كوردستان ئەنجامیان داوە .
كۆى نەهامەتیەكان و كوشتنى بەكۆمەڵى كوردان , لە كۆتاى سەدەى ڕابردودا سەرەڕاى بەرگرى كردن لە بەرژەوەندیەكانى خۆیان و بێدەنگ بونیان لە ئاوارەكردن و كوشتنى كورد و چاوپۆشى كردن لەتاوانى داگیركەرانى كوردستان , ووڵاتانى ڕۆژئاوا لەئاكامى گەورەبونى كارەساتەكان و قڕكردنى نەتەوەیەك تاڕادەیەك بەشێك لەویژدانى خۆیان بەخەبەر هێناو توانین تاڕادەیەگ بە هەوڵ و خەباتى خەباتكارانى كورد لەناوەو دەرەوەى كوردستان , ببنە بەربەست لە دوبارەكردنەوەى تاوانى داگیركەرى و قڕكردنى نەتەوەى كورد
لە هەوڵێكى لێبڕاوانەى خەباتكارانى كورد لە دەرەوەى كوردستان و لەڕێگەى پەیوەندیە كانى ڕێكخراو هەندێك گروپى ترى كوردیا لە وڵاتى سوید , پەرلەمانى سوید لە دانیشتى دوهەمیدا لە ڕۆژى 11 ى ئازار مەسەلەى ناساندنى (ئەنفال) ى بۆ بەجینۆساید ناساندنى دواى مشتو مڕێكى زۆر خستە دەنگدانەوە , بەڵام بەهۆى بیرتەسكى چەندین پارتى سویدی و ئەندام پەرلەمانەكانییەوە تەواوى ئەو هەوڵانە بەهەدەرچون و (ئەنفال) بە جینۆساید نەناسێنرا لەكاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانەكانى عێراق ئەو پرسەیان بە جینۆساید ناساندو ئەوەش لە مێژووى گەڵاندا دەگمەن و بیێ وێنەیە كە دادگایەكى باڵاى وڵاتێك قڕكردنى هاوڵاتیانى خۆى لەلایەن حكومەتەكەیەوە بەجینۆساید بناسێنێت و تەنها بۆ ئەوە نمونەى (كۆسۆڤۆ و ڕوندا) مان هەیە .
ئەوەى لێرەدا مەبەستى سەرەكیمە و جیگەى سەرنج و تێڕامانە دەنگ نــە دانى پەرلەمانتاریكى كوردى باشورى كوردستانە لەسەر پارتى (مۆدێرات) ى سویدى بەناوى (فەهمى مەحمود) كە لەگەڵ 94 ئەندام پەرلەمانى هاوڕێدا لەهەمان پارت بە بەرژەوەندى پرسى ناساندنى ئەنفال بەجینۆسیاد ؟!
دەنگ نەدان بە جینۆساید ناساندنى ئەنفال , واتە ئەنفال تەنها كردەیەكى سەربازى بوو , واتە كۆمەڵكوژى نییە , قڕكردن ناگەیەنێت , واتە هێشتا لە دیدگاى ئەو پەرلەمانتارانەوە دەبوو ژمارەیەكى زۆرتر زیندەبەچاڵ بكرابان ئینجا ویژدانیان دەجوڵاو دەنگیان بەوە ئەدا كە ئەنفال لە پەرلەمانى سوید بە جینۆساید بناسینرێت وەك چۆن لەهەمان پەرلەمانى سویدا تاوانى دەوڵەتى توركیا یان بەرامبەر بە (ئەرمەن) ەكان بەجینۆساید ناساند .
بەرێز (فەهمى مەحمود) ئایا بەڕاى بەڕێزتان تاوانێكى گەورەى پڕلەشەرمەزارى لە مێژوى مرۆڤایەتیدا بەو حەجمە گەورەیەى خۆى ناڕواتە خانەى جینۆساید كردنەوە ؟ ئایا ئێوە دەزانن جینۆساید چى مانایەكى هەیەو چى دەگەیەنێت , وا بەو شێوەیە تۆى كوردى خەڵكى باشورى كوردستانى ئەنفالكراو بەوە ڕازى نابیت كە لەپەرلەمانى وڵاتی دوو هەمدا (ئەنفال) بەجینۆساید بناسێنرێت ؟ ئایا ئەوەى بەناوى ئەنفال كردنەوە زیاتر لە سەدو پەنجا هەزار كوردى وڵاتەكەى خۆتى بەزیندوى خستە ژێر گڵەوە چی بوو ؟ هەر تەنها ناوى ئەنفال بوو ؟ هەرتەنها كۆشتنێكى خوێن ساردانەبوو ؟ هەرتەنها پرۆسەیەك بوو ڕویداو كۆتاى هات ؟؟ ئایا حكومەتێك دەسڵاتى بەسەر تەواوى كایە جیاجیاكانى سنورى دەسەڵاتى خۆیدا بكات و لەهەمان كاتیشدا خەڵكەكەى خۆى بەوشێوەیە لەناو ببات , بەڕێزتان بەو پرۆسە نەخشە بۆداڕێژراوە دەڵێن چى ؟ ناوى دەنێن (ئەنفال) ؟ ئایا ئەى ئەنفال چى بوو جینۆساید نەبوو ؟؟ ئەگەر جینۆساید نییە دەبێت بۆچى ئەندام پەرلەمانەكانى ترى وڵاتەكەت (سوێد) كە كورد نین و كورد بووە بە كێشە بۆخۆیان و پارتەكانیان (ئەنفال) بەجینۆساید دەناسێنن و ئێوە لەدژى دەوەستن ؟؟
بەڕێز فەهمى مەحمود ئێوە كوردن و ئەنفال بە جینۆساید ناناسن , بەڵام لەهەمان كاتدا ئەندام پەرلەمانێكى ترى كورد لەسەر (فۆلك پارتى) بەناوى (گولان ئاڤچى) وەك كوردێك داكۆكى لە پرسیى ئەنفال دەكات و بە دڵ و گیانى لە نێو پەرلەمانى سویدا كە تەنها چەند مەترێك لە بەڕێزتانەوە دوربوو پڕبەدەم هاوارى كردوو وتى بەڵى (ئەنفال) جینۆسایدە , ئەنفال (قڕكردنى نەتەوەیەكە) و بەوشێوەیە مێژووى كوردو پرسە نەتەوەى و سیاسیەكانى و میژوى مرۆڤایەتى ڕێز لە (گولان ئاڤچى و هاوڕێ) كانى دەگرێت و بەداخەوە (تۆش و هاوڕێ) كانت لەو لاپەڕە جوانەى مێژووەدا جێگاتان نابیتەوە دەچنە پەڕەكەى ترى مێژوەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست