سەردەمى تەكفیر و هاندان و توندرۆیى تەواو ، چیتر رێگەنادەین تیرۆرستان بگەرێنەوە ناو مزگەوتەكان.
Friday, 16/10/2009, 12:00
لەژێر ناونیشانى (ئیهانەكردنى مامۆستایانى ئاینى و بێهەڵوێستى حیزبە ئیسلامیەكان)كەسێك بەناوى(نیاز كوردى) ، بابەتێكى لەسایتى كوردستان پۆست بڵاوكردۆتەوە وبەحساب فرمێسك بۆ حەقبێژى دەڕێژێت و پێى وایە مەلاى مزگەوتەكان ناوێرن قسەبكەن و وەزارەتى ئەوقاف بۆ لێپرسینەوە بانگیان دەكات و بەقسەى ئەو هەرەشەیان لێدەكات ،هەر لەم نوسینەدا ئەم برادەرە گلەیى لەبێهەڵوێستى حزبە ئیسلامیەكانیش دەكات تەنها لەبەرئەوەى ئێستا حزبە ئیسلامیەكانى كوردستان بەشدارى لەپرۆسەى سیاسى كوردستان و سەقامگیرى ئاینى و سیاسى و كۆمەڵایەتى دەكەن،بەڵام بەداخەوە (نیاز كوردى) بەشى هەرەزۆرى نوسینەكەى بازاڕیە و هەر خوێنەرێكى كورد زۆر بەئاسانى دەزانێت ئەم نەبرەیە شیوەنى دوورخستنەوەى تیرۆرستانە لەمزگەوتەكانى كوردستان كە (نیاز كوردى و هاوبیرەكانى)بەردەوام خەوى گەرانەوە بۆ ساڵانى(2000تا2003)ى ناوچەى هەورامان دەبینن، بۆیە دەبوو بەرپرسانى سایتى (كوردستان پۆست)رەچاوى بڵاونەكردنەوەى ئەو جنێو و دەستەواژە بازاڕی وبێبەڵگانەى بكردایە،بەهەرحاڵ من تەنها وەڵامى ئەو بەشەى دەدەمەوە كەباس لەوەزارەتى ئەوقاف و وتارخوێنى مزگەوتەكان دەكات و لەجیاتى تۆمەتباركردن و سوكایەتیكردن ئەم زانیاریانە بۆ خوێنەرانى كوردستان پۆست دەخەمەروو:
1-كاتێك تاقمەكەى مەلاكرێكار لەبیارە ئیمارەتێكیان بۆ خۆیان دانابوو زیاتر سەرقاڵى گۆڕهەڵكەندن وتێكدانى مەزارى پیاوچاكان و دەرهێنانى ئێسك و پروسكى شێخانى نەقشبەندى بوون، ژمارەى مزگەوتەكانى كوردستان (3011)مزگەوت بوو كە خەڵك لەترسى شمشێر و جەڵدە و سەربرین و تەكفیركردن، نەیدەوێرا برواتە مزگەوت بۆ نوێژكردن و وتارى هەینى ،هیچ مزگەوتێك نەبوو لەژێر دەسەڵاتى ئەواندا ناوێكى كوردى هەبێت بەڵكو لەژێر بیانووى پیرۆزى و ناوى سەحابەكاندا هەموویان بەناوى عەرەبى نابوو كە ئێستاش خەڵكى كوردستان ناوەكانیان بۆ ناوترێتەوە، بەڵام لەدواى 2003 كە ئەوانە هەڵاتن و وەزارەتى ئەوقاف سەرپەرشتى رەوشى ئاینى دەكات ،ئێستا لەهەرێمى كوردستان جگە لەناوچە دابراوەكانیش (4079)مزگەوت هەیە و لەلایەن وەزارەتى ئەوقاف و خێرخوازانى گەلەكەمانەوە دروستكراون و لە (2706)مزگەوتتدا هەفتانە وتارى هەینى پێشكەش دەكرێت،لەم 2700مزگەوتەدا زیاتر لە 600هەزار كەس هەفتانە لەوتارى هەینى مزگەوتەكاندا ئامادە دەبن و نوێژ دەكەن و لەمانگى رەمەزانى پیرۆزیشدا ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت،
2-لەشەش ساڵى رابردودا وەزارەتى ئەوقاف نزیكەى 15ملیار دینارى بۆ دروستكردنى مزگەوت و هۆڵى پرسە و نۆژەنكردنەوەى مزگەوتەكانى كوردستان خەرج كردوە و ئەو خێرخوازانەش كە مزگەوتیان لەسەر ئەركى خۆیان لەم ماوەیەدا دروستكردوە و وەزارەتى ئەوقاف زەوى بۆ دابینكردوون و مۆڵەتى پێداون نزیكەى پێنج ملیار و پێنجسەد ملیۆن دیناریان خەرج كردوە بۆ دروستكردنى مزگەوت، واتە كۆى گشتى خەرجیەكانى دروستكردنى مزگەوت لەدواى هەڵاتنى تیرۆرستانى بەناو(ئەنسار ئەلئیسلام)نزیكەى بیست ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار بووە ،
3-لەم شەش ساڵەى رابردودا هەر مزگەوتێك دروست كرابێت خانوێكیش لەتەنیشتیدا بۆ مامۆستاى مزگەوت دروست كراوە و ئێستا نزیكەى 70%ى مامۆستاى مزگەوتەكانى كوردستان لەناو خانوى مزگەوتتدان.
4- مامۆستاى ئاینى فەرمانبەرى وەزارەتى ئەوقافە و مزگەوتەكانیش دامەزراوەى وەزارەتى ئەوقافن و لەهەموو دنیا پێویستە لایەنێك ،دەستەیەك هەبێت سەرپەرشى مزگەوتەكان بكات و موچە و خەرجیان بۆ دابین بكات و ئیشوكاری ئیدارى و فەرمانبەر و كارمەندەكانى جێبەجێ بكات،بەڵام من تەحەداى (نیاز كوردى)و هەموو ناحەزانى وەزارەتى ئەوقاف دەكەم با ناوى یەك مامۆستاى ئاینی ،یەك وتارخوێنى مزگەوتم پێبڵێن كە لەسەر وتارى هەینى یان بۆچوونى لەپرسە شەرعیەكاندا دەركرابێت یان موچەى برابێت، هەر ئیجرائاتێك بەرامبەر ئیمام و خەتیبەكان كرابێت ئەوا لەچوارچێوەى ئیجرائاتى یاسایى فەرمانبەرانى حكومەت بووە و زۆر ئاساییە ئەگەر مامۆستایەكى وتارخوێن هێڵەگشتیەكانى كارى وەزارەتى ئەوقافى بەزاندبێت بانگ كرابێتە وەزارەتەكەى خۆى یان لەوتار راگیرابێت یان گوازرابێتەوە بۆ مزگەوتێكى دیكە،بەڵام هیچ مامۆستایەكى ئاینى لەسەر وتار و حەقبێژى فەێل نەكراوە و بەدەیان و بگرە سەدان بەرپرس و ئەندامى حزبە ئیسلامیەكانى كوردستان ئێستا فەرمانبەر و مامۆستاى ئاینى و كارمەندى رێزلێگیراوى وەزارەتى ئەوقافن و زۆربەشیان مامۆستا و ئیمام و خەتیبى مزگەوتەكانن و زۆربەشیان لەوتارەكانیاندا بەردەوام رەخنە لەحكومەتى هەرێم و خودى وەزارەتى ئەوقافیش دەگرن، ئەوەش تەئكید دەكەمەوە كەژمارەى ئەو مامۆستا وتارخوێنانەى كە پارتى و یەكێتین و سزادراون زۆر زیاترن لەئەندامانى حزبە ئیسلامیەكان و هەموو ئەوانە بەداتا لەوەزارەتى ئەوقاف هەیە.
5-وەزارەتى ئەوقاف لەحكومەتى هەرێمى كوردستاندا تاكە وەزارەتێكە كە هیچ دەرچوویەكى پەیمانگاو كۆلیژەكانى شەریعەى نەماوە تەعینى نەكردبێت لەكاتێكدا زۆرباش دەزانێت زۆربەى هەرەزۆرى ئەو كەسانەى دەچنە كۆلیژى شەریعە یان پەیمانگە ئیسلامیەكان ئەندام و لایەنگرى حزبە ئیسلامیەكانى كوردستانن، واتە ئەو توێژەى كە پەیمانگا و كۆلیژى ئیسلامى لەكوردستان تەواو دەكەن لەماوەیەكى كەمدا دامەزراون بەبێ گوێدانە ئینتیماى سیاسى یان ئیجتیهادى مەزهەبى و شەرعى،تەنها ئەو كەسانە نەبێت كە خۆیان نایانەوێت لەمزگەوتەكان دابمەزرێن و ببنە وتارخوێن،
6-لەماوەى 10ساڵى رابردودا چەندین جار بەهەوڵى وەزارەتى ئەوقاف دەرماڵە وموچەى مامۆستایانى ئاینى زیاد كراوە و لەدوا هەنگاویشدا توانیمان موچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتى مادى و زانستى ى هەر مامۆستایەكى كۆلیژ و پەیمانگاكانى سەر بەوەزارەتى ئەوقاف وەك موچەى مامۆستایانى زانكۆ و پەیمانگاكانى دیكەى كوردستان لێبكەین و جگە لەوەش بەدەیان قوتابى و مامۆستاى ئاینیمان لەسەر حسابى وەزارەتى ئەوقاف ناردۆتە دەرەوە بۆ خوێندنى باڵا و تەنها لەزانكۆى ئەزهەر ئێستا 25قوتابى كورد دەخوێنن.
7-زیاتر لە 3ساڵە خولى بەردەوام بۆ ئیمام و خەتیبى مزگەوتەكانى كوردستان دەكرێتەوە و بەتواناترین پسپۆر و مامۆستایانى بوارە شەرعى و زانستى و مرۆییەكان وانەیان پێدەڵێنەوە و لەهەمان كاتیشدا بەشى هەرەزۆرى مامۆستاى مزگەوتەكان لەچەندین خولى فێربوونى كۆمپیوتەر و ئینتەرنێتتدا ،فێرى بەكارهێنانى ئەم هۆكارەى پەیوەندى و زانیارى كردوە و لەم خولانەش بەردەوام دەبین هەتا هەموو مامۆستایانى ئاینى كوردستان تواناى بەكارهێنانى كۆمپیوتەر و ئینتەرنێتیان دەبێت.
8-بەهۆى سەقامگیرى ئاینى كوردستان ،ئەوە دوو ساڵە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا لەراپۆرتى ساڵانەى خۆیدا كە لەسەر ئازادیە ئاینیەكان لەجیهاندا بڵاوى دەكاتەوە،هەرێمى كوردستان لەناوچەكانى دیكەى عیراق جیادەكاتەوە ،كە ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ سیاسەتى سەركەوتوى وەزارەتى ئەوقافى حكومەتى هەرێم لەرێكخستن و خزمەتكردنى ئاینەكان و بەتایبەتیش ئاینى پیرۆزى ئیسلام.
9-لەبوارى داراییدا بەجۆرێك لەم چەند ساڵەى رابردودا موڵكەكانى ئەوقافمان لەكوردستان رێكخستوە و بەگەرخستوە كە داهاتى ساڵانەى وەزارەتى ئەوقاف لەیەك ملیار دینار تێپەرى كردوە و ساڵ لەدواى ساڵیش زیاتر دەبێت و هەموو ئەو داهاتەش لەژێر چاودێرى داراییدا لەپرۆژە ئاینیەكانى كوردستان خەرج دەكرێت و رەنگە چەند ساڵێكى دیكە وەزارەتى ئەوقاف پێویستى بەبوجەى حكومەتیش نەبێت.
10-ئێستا ژمارەى مزگەوت لەهەرێمى كوردستاندا ،لەهەر روبەرێكى جوگرافى دەوڵەتانى ئیسلامى هاوشێوەى نیە و ئەوەش جێگاى شانازیە بۆ وەزارەتى ئەوقاف و هەموو خەڵكى كوردستان دەزانن ئێستا جگە لەتیرۆر و فكرى توندرۆیى كە لەگەڵ خاوەنكانیاندا خراونەتە زبڵدانى مێژوو، هەموو شتە جوانەكانى ئاینى ئیسلام لەكوردستاندا و بەتایبەتیش لەمزگەوتەكاندا گەشەى كردوە و رۆژ لەدواى رۆژ مامۆستاى ئاینى و وتارى هەینى مزگەوتەكان دەبێتە مایەى سەقامگیرى و بەختەوەرى دانیشتوانى هەرێمى كوردستان.
لەكۆتاییدا دەڵێم:
(نیاز كوردى)كۆمەڵێك تۆمەتى خستۆتە پاڵ وەزیر و بەرپرسانى وەزارەتى ئەوقاف و تەنانەت نوسەرى ئەم بابەتە(مەریوان نەقشبەندى)بە بەرێوەبەرى گشتى ناوبردوە ،بۆیە بەباشى دەزانم سیفەت و ئەخلاق و هەڵسوكەوتى وەزیرى ئەوقافى حكومەتى هەرێمى كوردستان و بەرپرسانى دیكەى وەزارەت بۆ جەماوەرى كوردستان بەجێبێڵم و دڵنیام ئەوان لەهەموو كەس باشتر دەزانن هەڵسوكەوتى ئەوانە چۆنە و هەریەكەشیان لەهەڵسوكەوتى خۆى بەرپرسیارە ،ئەوەش راست دەكەمەوە كە(مەریوان نەقشبەندى)بەرێوەبەرى گشتى نیە ،بەڵكو فەرمانبەرێكى راگەیاندنكارە و دواى(15)خزمەتى حكومەت ئێستا پلەى(بەرێوەبەرى راگەیاندن)ە و كارى ئەوەیە سیاسەتى وەزارەت و هەنگاوەكانى ئەم وەزارەتە بەراگەیاندنەكان و خەڵكى كوردستان بگەیەنێت.ئەمە شێوازى ئێمەیە لەوەڵامدانەوەى ئەو نوسینانەى كە بەناحەق لەسەر وەزارەتى ئەوقاف و مامۆستایانى ئاینى دەنوسرێت و مامۆستایانى ئاینیش زۆرباش دەزانن وەزارەتى ئەوقاف و بەتایبەتیش وتەبێژى رەسمى ئەم وەزارەتە چۆن هەمیشە لەئامادەباشیدابووە بۆ بەرگریكردن لەزانایانى ئاینى و وتارخوێنى مزگەوتەكان و سەقامگیرى ئاینى لەهەرێمى كوردستاندا و هەرگیز بەقسەى بازارى و بوختان ،لەكار و سیاسەتى خزمەتكردن خاو نابینەوە.
*بەرێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى ئەوقاف و كاروبارى ئاینى حكومەتى هەرێمى كوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست