سوێند بە گۆڕی دەخوات و سەنگریشی چۆڵ دەكات
Wednesday, 18/09/2013, 12:00
1821 بینراوە
لەم دونیا سیاسیە سەیرو سەمەرەیەی كوردستانی خۆماندا زۆر كاری نارەوا دەبینرێت كە بە خۆێی چێَشتیش بێت لە هیچ كون و قوژبنێكی ئەم كەونە نایدۆزیتەوە و نابینرێت . زۆر جار لە كاتێكدا و لە شوێنێكی تایبەتدا كە وەسف و مەدحی كەسێك دەكرێت و بەشان و باڵیدا هەڵدەدەن و دەیكەن بە پاكیزەترین تاكی ئەم گەلە، بەڵام بۆ چركەساتێكیتر و لە شوێن و جێیەكی جیاواز ئەوەی خودا حەزی لێ نەبێت بە هەمان كەسی دەڵێن .
لەهەمان كاتدا كەسی سیاسی واهەیە بەخۆی لە هەڵوێستیكدا لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا قسە و راوبۆچونێكی وا دەردەبرێت لە چركەساتیكیتردا و لەسەر هەمان مەبەست بەجۆرێك بای دەداتەوە كە واهەست دەكەی قسە لە مرۆڤێكی ترەوە دەبیستیت و كارێك بە نەیارەكانی ئەمرۆ و دۆستەكانی دوێنێی دەكات گەردەلولیش بە پوش وپەڵاشی نەكردبێت .
لەم هەموو دووفافی و بێ راستگۆییەدا، قسە و هەڵوێست و راوبۆچونی وا دەبینیت، نەك بێ متمانەیی دروست دەكات بەڵكو سیاسەت لەپێش چاوی هەموان وا قێزەون دەكات كە نەتوانرێت بە زانستیانە لەم دونیا فراوانەیدا بروانیت و وابەباشتر دەزانیت خۆت لێی دورخەیتەوە .
كەس هەیە رۆڵ و بیر و پیرۆزی شەهید نەزانێت كە لە پێناو چ ئامانجێكدا خۆی قوربانی كردوە، تەنانەت رۆژانێك خەڵكێكی فیداكار بۆ مەبەستێك گیانیان بەخت كردوە ئەگەر ئێستا لە دونیادابایەن و هاورێیانیان ببینیایە هەڵوێست و بۆچونێكی تریان هەیە چ بۆچونێكیان دەبوو، بەڵام ئەوان هەتاهەتایە بە پیرۆزی خۆیان دەمێننەوە .
لەم ساتەوەختەی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگو قسەو باسو هەڵوێستی وا دەبینیت ، شەرم داتدەگرێت كە بیر لە ناوەخنەكەی دەكەیتەوە و حەقیقەتی كەسی خاوەن هەڵوێست و بۆچونەكەش دەبینیت و دەبیستیت، ئەگینا كەس هەیە لەناخیدا باوەری بە بنەما و پرەنسیپ و بیروباوەرێًك نەبێت و بە دەیان ساڵ خۆی هەڵبخەڵەتێنێت و بە روحی فیداكارانەوە ئیشی بۆ بكات، كە لەم كوردستانە دەیبینین.
هەر لەم ساتەوەختەدا، زۆر جار وەك چۆن لە تورەییدا شتی راست دەردەكەوێت، ئاوهاش لەم ماوەی پروپاگەندەیەی هەڵبژاردنەدا زۆر شتی ژێر بەڕە بەدەردەكەون، ئەوەتا خەڵكانێك دەبینیت لە گردبونەوە تایبەتیەكاندا قسەی وا دەڵێت لە كیسەی هیچ عەتارێكدا نیە، ئەگینا چ ویژدانێك قبوڵی ئەوە دەكات كەتا دوێنی تۆ لەهەمان سەنگری خەڵكانێك بیت و كتومت لەگەڵ بیروباوەریاندا بیت و ئاوێتەی یەكتر بن و تەنانەت لەپێناو ئەو مەبدەئە هاورێیانت شەهید بوبن و تۆش سوێند بە گۆریان بخۆیت و ئێستا بۆ بەرژەوەندیەكی تەسكی كاتی نكوڵیی لێ بكەیت و، نەك سەنگەر گۆركێ بكەیت بەڵكو لەعنەت لەرابردوی خۆت بكەیتوە، بەڵێ ئەمە لە كوردستان و لەم هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنە روودەدات، ئەمەش زۆڵمێكە لە رابوردو و خودی شەهیدان دەكرێت . بۆیە حەق وایە ئەو خەڵكانەی لەناو مەسەلەكان بون حەقیقەتەكان بۆ خەڵك روون بكەنەوە و راستیەكان ئاشكرا بكەن و رووی راستەقینەی فرتوفێڵبازان كە بەناوی سیاسەتەوە دەیكەن بۆ خەڵك دەرخەن . بەو شێوەیەش دەتوانین بڵَێین سیاسەت لەم هەرێمەدا رێچكەی راستی خۆی دەگرێت و خەڵكیش لەپێناو ئامانجەكان كاری راست و دروستی خۆیان دەكەن .