داعش هۆكارێكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان
Wednesday, 11/06/2014, 12:00
ئەوەى لە ئاوارەبوون و دەربەدەری هاونیشتیمانیانى شاری مەسڵ بەرەو ناوچەكانى هەرێمى كوردستان لەهەردوو شاری هەولێر و دهۆك دەخوێندرێتەوە كە بە هەار كەس لەترسی گیانى خۆیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت، دیمەنەكە دەق ڕووداوەكانى كۆڕەومان دێنێتەوە یاد، ئەمەیش لەڕووى مرۆڤایەتیەوە جێی هەڵوەستە لەسەر كردنە كە دەبێ سەركردایەتى سیاسی كورد بەوردى چاودێری ڕەوشە بكات و هیچ هەنگاوێك بەبێ دیراسەت نەنێ كە دوو ڕۆژیتر پاشگەزبوونەوەى لێ بفامرێ.
هەڵبەتە شاڵاوى كۆچی بەكۆمەڵی ئەو خەڵكە كارەساتى مرۆیی بەدوای خۆی دادێنێ كە ڕەنگە لەو قات و قڕی و بێ بازاڕییەى چەند مانگى ڕابردوو لە نەناردنى مووچەى فەرمانبەران لەلایەن مالیكیەوە بۆ هەرێمى كوردستان ئەو دۆخە دڵەڕاوكێ و دوو دڵی لەناخى تاكى كورد بڕسكێنێ بەجۆرێ كاریگەریەكان وابكات خەڵك بە گومانەوە تەماشای ئەو ڕەوشە بكەن و هەموو ئامادەگیەكانیان بۆ هەر كارەساتێكى نەخوازراو وەربگرن، بەكڵۆجێ ئەوەى هەستى پێ بكرێ جووڵەى بازاڕ گەرم و گوڕی نەماوە و خەڵك ئەوەندەى لەخەمى هەڵگرتنى دوو قرووشدایە، ڕەنگە پەرۆشی ئەوەنەبێ پێداویستەكى ماڵەوەى دابین بكات.
لەتەكتیكى شەڕدا ورە ڕووخان بەر بە سوپایەكى زەبەلاح دەگرێ كە مەقاوەمەى چەند كاژێڕێ شەڕكردن نەگرن، لەنموونەیەكى زیندوودا، لە كۆڕەوى بەهاری91 هەر واتە وات و دەنگ و دۆی خەڵك وای كرد حكومەتی بەعس هێشتا نەچووبووە ناو شاری كەركوك، خەڵكەكە لەترسی دووبارەبوونەوەى كیمیاباران و ئەنفال و قەتل و عامی كورد وای كردبوو خەڵكەكە لەحاجی ئۆمەران و سنوورەكانەوە ئاودیوی توركیا و ئێران ببن.
داعش لەپێشڕەویدایە و تەمویلكردنى لەلایەن وڵاتانى دراوسێوە وایكردووە ڕۆژ بەڕۆژ بەهێز ببن و سوپای ئێراقیش سەرباری بوونى ئەو هێزە زەبەلاح و چەك و تەقەمەنیەى هەیەتى ئەوجا ناتوانێ بەرگری بمات و پێگەكانى بپارێزێ، كە لەم ڕووەوە ئەگەری ئەوە هەیە ڕوو بكەنە كەركوك و شوێنەكانى دیكەیش ئەگەر لە هەڵمەتەكەیان سەركەوتن بەدەست بێنن.
ئەم دۆخە نەخوازراوە یەكڕیزى كوردی گەرەكە و لەم نێوەندە دەرفەتێكى زێڕین بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە تا لەتەك پاساوەكانى جەنگان و بەرەنگاربوونەوەى ئەو گروپە هێزەكانى بباتە ناوچە جێ ناكۆكەكان و لەتەشەنەسەندن و بەردەوامى شەڕو پێكدادانەكان و لاوازبوونی حكومەتى ناوەندی هەلی زێڕین بۆ كورد دەڕەخسێ تا سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێ و بەرەنگاری هەموو ئەو هێرشانە بداتەوە كە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هەرێم. لەوەشدا بوونى كورد بەیەك گوتار و یەك هەڵوێست و یەك دەنگ وادەكات هەموو ئەو هەوڵانە پووچەڵ بكەنەوە كە ببنە مەترسی بۆ ئەمن و ئاسایشی هەرێم و سەربەخۆییەكەى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست