ئێمه دژی هه‌ر سیاسهتێکین، ره‌وا به ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانی بدات
Tuesday, 04/10/2011, 12:00
3467 بینراوە
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کانی داهاتوو لێپرسینهومان له‌گه‌ڵدا نه‌که‌ن، نه‌مانخه‌نه ژێر باری پرسیارێکی قورسه‌وه و بڵێن: ئه‌ڕی باپیره کاتێک ئه‌و هه‌له زێڕینانهتان بۆ ده‌ڕه‌خسا ئێوه له کوێ و خه‌ریکی چی بوون؟ بۆیه له درکاندنی ئه‌م راستییه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ین و ده‌ڵێین: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بزووتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له سلێمانی زیندوو کرده‌وه!
******************
هێنده‌ی ته‌مه‌نی کوردستانپۆست، خۆشمان ڕووبه‌ڕوی چه‌نده‌ها پلان و گێژاوبوینهتهوه. جۆره‌ها ناو و ناتۆره‌ی جیاوازیان لێناویین، لێ ئێمه توند و خۆڕاگربوین له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی کراوه‌ته سه‌رمان، شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م کاکه سۆران و کاکه زه‌رده‌شت و ئاری قه‌ره‌داغییان لێ تیرۆرکردین. نووسه‌ر و په‌یامنێره‌کانمان له دادگای سهربهدهستهڵاتدا زیندانی و سزا دران، چه‌ندین پلانی لێدان و کوشتنیان بۆ داڕشتین، جۆره‌ها ته‌شهیر و تۆمه‌تیان دایه پاڵمان، له‌و لاشه‌وه به پاره و سامانی تاڵانکراوی کورد هه‌وڵی دهستهمۆکردنمان درا، جاسوسیان تیاماندا چاند، له هه‌ر یه‌ک له ده‌زگای زانیاریی و پاراستن، هۆبه‌یه‌کی تایبه‌تیان بۆ چاودێریکردنی ئێمه‌یان پێک هێناوه. به‌هه‌ر هۆ و بیانویه‌ک بێت میدیاکانی سه‌ر به ده‌سته‌ڵات، به‌وانه‌یشه‌وه ناوی خۆیان ناوه میدیای ئه‌هلی سانسۆریان کردووین، ده‌یانه‌وێت له ڕووبه‌ری خوێنه‌ر و چاودێری هه‌واڵی کوردییدا دامانپۆشن و بمانشارنه‌وه، دوور له موڕاڵی کاری رۆژنامه‌گه‌ریی، وتار و قسه و هه‌واڵه‌کانمان ده‌به‌ن و به شێوه‌یه‌کی دیکه دایده‌ڕێژنه‌وه، له کوردستان و له وڵاتانی تورک و عه‌ره‌ب و فارس فلته‌رمان ده‌که‌ن و ناهێڵن ده‌نگمان بگه‌یه‌نینه‌وه به خه‌ڵک، به‌ڵام ئێمه به‌ناو هه‌موو ئه‌م ته‌گه‌رانه‌دا ڕێی خۆمان کردووه و له‌ناو خه‌ڵکداین، قسه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش وه‌ک خۆی ده‌گه‌یه‌نینه‌وه به خه‌ڵکه‌که خۆی. ئه‌وه‌ش نهێنی کار و سه‌رکه‌وتنی کوردستانپۆسته وه‌ک میدیا، وه‌ک ده‌زگایه‌ک هه‌واڵ و قسه و ڕاڤه‌کانی له خه‌ڵکه‌وه‌یه و هه‌ر به‌خۆشیان ئه‌و ده‌زگایه‌ی خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
ئه‌مه تا کاتی کۆنفرانسی یه‌که‌می کوردستانپۆست ڕووبه‌ری کار و ئه‌رکه‌کانمان بووه. کاتێک کۆنفرانسمان به‌ست، ئێمه خۆمان له خۆبهحیزبکردن پاراست، به‌ڵام ئاڕاستهکانمان جگه له ئاستی ڕاگه‌یاندن به چه‌ند ئۆرگانێکی دیکه سپارد، که کوردستانپۆست ده‌بوو له فه‌زای میدیایه‌کی ئاڕاستهکارهوه بهێنینه ده‌ره‌وه و له چه‌ند ئۆرگانێکی ڕێکخراوه‌ییدا له‌سه‌ر زه‌ویش کارا بین. کۆنفرانسه‌که‌مان دوور له میدیا و له دزه‌کردنی هه‌واڵه‌که پاراست، چونکه وه‌ک حیزبه کوردیه‌کان نه‌مان ویستووه میهره‌جان و شایی بگێڕین، ئێمه له پاش راپه‌ڕینه‌کانی 17 شوبات، ویستمان بگه‌ینه ئه‌نجامێک و نشووستی نه‌هێنێت و بچینه ژێر باریه‌وه، له هه‌مان کاتدا ئاگاداریی گۆڕانه جیهانی و هه‌رێمییه‌کانیش بین. ئێمه هه‌یکه‌لی ڕێکخراوه‌یی به پارتبوونمان هه‌ڵنه‌بژارد، به‌ڵام خۆمان دابه‌ش کرد به‌سه‌ر چه‌ندین ئۆرگاندا، که پێکه‌وه هه‌ر یه‌که له جێگه‌ی خۆیه‌وه له ده‌وری پرسه مێژوویی و ستراتیژییه‌کانی دۆزی کورد کۆببینه‌وه، ئه‌نجامی کۆنفراسهکهشمان وه‌ک بنه‌مای کاری ئۆتۆنۆمی هه‌ر یه‌ک له‌و ئۆرگانانه په‌سه‌ندکرا، که به شێواز و ڕووبه‌ره‌که‌ی هه‌ر ئۆرگانه بۆ خۆی کاری تیادا بکات.
له‌پاش کۆنفرانسه‌وه ئێمه چه‌نده خۆمان پاراستووه له قه‌به‌کردن، ئه‌وه‌نده‌ش نهێنی کاری ئۆرگانه‌کانمان ڕاگرتووه، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێداوه، ئه‌وساکه بۆ خۆجیاکردنه‌وه له مانای حیزبایه‌تی کوردستان، که ڕووت و به‌تاڵه له به‌هاکانی سیاسه‌ت، دبلۆماسیه‌ت، ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌کان.
له‌وه به‌دواوه چ له ئاستی حیزبی و چ له ئاستی ڕاگه‌یاندنه‌کان، له لایه‌ن چه‌ندین دۆستمانه‌وه پرسیارگه‌لێکی زۆرمان ڕووبه‌ڕووکراوه‌ته‌وه، زۆری ئه‌و پرسیارانه سۆراخن و ده‌یانه‌وێت بزانن ئێمه ده‌که‌وینه کوێی ئه‌وان و هاوکێشه سیاسییه‌کانی کوردستانه‌وه؟
ئێمه کێین؟
ئێمه کێین و چین؟ چیمان ده‌وێت؟
له کام سه‌رچاوه‌ی فیکرییه‌وه خۆمان موتوربهکردووه؟ ئه‌مانه بۆ خۆی پرسیارگه‌لێکی حیزبی و خێڵهکیانهن، که‌سێک نه له کایه‌یه‌کی زانستیی و نه هوشیاریی و هزری بیرکردنه‌وه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی نه‌بێت ئه‌و پرسیارانه ناکات! چونکه ئێمه دیارین، هه‌ر په‌یڤێکی خه‌ڵک هه‌یه ئێمه بێ پێچ و په‌نا کردوومانه و ده‌یکه‌ین. باره‌گا و بنکه و مه‌ڵبه‌ندمان نییه، تا خه‌ڵک بێن، لامان دانیشن و قسه‌یان بۆ بکه‌ین. له بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بێنه لامان، ئێمه چووینه‌ته لای خه‌ڵک، له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵه بۆیاخچییه پهڕاوێزخراوانهداین، که سه‌رکرده‌کان بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌یکه‌نه که‌ره‌سته‌ی ڕیکلامکردن، که کاریان پێیان نه‌ما، له یادیان ده‌که‌ن. ئێمه قسه‌کانی دڵی ئه‌و منداڵه ده‌که‌ینه گورزی چهکوشهکهمان و به ڕووی دهستهڵاتییدا ده‌ده‌ینه‌وه.
بوونی ئێمه به‌و زۆر و که‌میه نییه، که فه‌رهه‌نگی حیزبایه‌تیی کوردی بۆ به‌ها پێدانی به‌رانبه‌ره‌کانیان به‌و لۆگیکه سیاسه‌ت و خه‌باتیان کردووه. بۆ ئێمه پێوانه‌کان جیاوازن و به لۆگیکی که‌م و زۆری بیرناکه‌ینه‌وه. زۆرن ئه‌و چه‌کدارانه‌ی ده‌سته‌ڵات، که هێنده‌ی دوو ده‌وڵه‌ت هێز و سوپایان له خۆ کۆکردۆته‌وه، سه‌رباری ئه‌و هه‌زاران ئه‌ندامانه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و موچه‌ی حیزبی وه‌رگرتن بوونه‌ته ئه‌ندامی پارتی و یه‌کێتیی، یاخوود ئه‌و هه‌موو رۆژنامه‌نووس، نووسه‌ر و شاعیره مشه‌خۆرانه‌یان له خۆیان کۆکردۆته‌وه، به‌ڵام به‌و سه‌دان ههزارهشهوه ناتوانن به‌رگریی له یه‌ک مه‌تر چوارگۆشه‌ی نیشتمان بکه‌ن! ئێمه وه‌ک چۆن ده‌زانین هه‌موو شتێک چه‌نده به‌هێزیش بێت خاڵێکی لاوازی هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌زانین هه‌موو لاوازییه‌کیش خاڵێکی به هێزی هه‌یه، له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه خۆمان ئاڕاسته ده‌که‌ین، ئێمه نه زۆریی هێز و نه توانای ده‌سته‌ڵات به هه‌ند وه‌رده‌گرین، نه که‌میی ئه‌و چه‌ند سه‌د که‌سه‌ی خۆیان بۆ وه‌رچه‌رخاندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی ئاماده‌کردووه به که‌م ده‌زانین. ئێمه ئه‌م په‌نده‌مان به هه‌ند وه‌رگرتووه، که له زمانی ههمزهتۆڤهوه ده‌ڵێت: هه‌میشه کلیلی بچوکه، که ده‌رگای گه‌وره ده‌کاته‌وه.
ئێمه کێین؟ له دوای کۆنفراسه‌وه کۆمه‌ڵێک ئۆرگانی جیاجیای سه‌ربه‌خۆین که به‌رژه‌وه‌ندیه ستراتیژیی و مێژووییه‌کانی کورد کۆی کردووینه‌ته‌وه. ده‌مانه‌وێت سنورێک بۆ تاڵانی نیشتمانمان دابنێن، بۆیه له‌مه‌وداوا له سه‌ر سنور و سه‌ر ڕێگای ئه‌و لۆریانه ده‌مانبینن، که ناهێڵین چیدی سامانی ئه‌و خه‌ڵکه به تاڵانببرێت. ده‌مانه‌وێت سنورێک بۆ ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌های پارتی و یه‌کێتیی دابنێن، بۆیه ده‌مانبینن له‌مه‌ودوا له‌به‌رده‌می هه‌موو لێپرسراو و سه‌رکرده و چه‌کداره تاوانباره‌کاندا ده‌رده‌په‌ڕین و لێیان ده‌بینه دادگایه‌کی هه‌میشه‌یی و به دوایانه‌وه ده‌بین.
ئێمه هه‌میشه له‌ته‌نیشت ئه‌و کوردهوهین، که له خه‌باتدایه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی، له‌پشت ئه‌و کهسهوهین، که ڕاست و ره‌وان به ڕه‌ش ده‌ڵێت ڕه‌ش و به سپی ده‌ڵێت سپی، بێ پێچ و په‌نا هه‌رچییه‌ک هه‌بێت ده‌یڵێین و چ پێویسته وا ده‌که‌ین.
ئێمه ئه‌و نووسه‌ر و مرۆڤانه‌مان لا نمونه‌یی و به‌رزه، که ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت ده‌یکات، نه‌ک به‌ناوی دبلۆماسییه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسه‌تکردن و زمانی فیکره‌وه، خۆی له قسه‌کانی خۆی بدزێته‌وه، قسهوکردارهکانی دوو دنیای جیاواز بن.
ئێمه ئه‌وه‌ین، که ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌شمان به‌سه بۆ مێژوو، که ئێمه کوردستاپۆستیین.
کوردستانپۆستین !
کوردستانپۆست له شه‌قامه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و به تێز و ئایدییاکانی شه‌قامی کوردی جیهانبینی خۆی داڕشتووه. له خه‌ڵکه‌وه فێربووین چۆن بیربکه‌ینه‌وه و چۆن به‌رگه‌ی کاریگه‌رییه‌کان بگرین و له‌کوێدا ده‌بێت هه‌ڵوێست وه‌رگرین! چهکوشهکهمان خه‌ڵک پێی به‌خشیوین، ته‌نیا خه‌ڵکیش ده‌توانێت لێمان بستێنێته‌وه.
کوردستانپۆست دروشمه‌کانی شه‌قامی هه‌ڵگرتووه، وه‌ک چۆن خه‌ڵک بابه‌تی سیاسیین، له‌م ئۆرگانه‌ی خۆیانه‌وه ده‌شیانه‌وێت ببنه‌وه به بکه‌ری سیاسیی، ئاوا ئێمه‌ش ئه‌و پرۆسه‌یه به پوخته و خودی مێژوو ده‌زانین و به شانازییه‌وه ئه‌و ئه‌رکه‌مان له ئه‌ستۆ گرتووه.
ئه‌مه لای هه‌ندێک له دۆسته‌کانمان شه‌ڕێکی فره ڕه‌هه‌ندیی و فره به‌ره‌ییه، که ده‌یکه‌ین، ئه‌وه‌شه، که کوردستانپۆست ڕووبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه. ئێمه سه‌نگه‌رمان له ماڵ و به‌رانبه‌ری چ که‌س و ده‌سته‌یه‌کدا نه‌گرتووه، که دۆستن به نه‌ته‌وه و نیشتیمانه‌که‌مان، به‌ڵام بێ شاردنه‌وه و شه‌رمکردن گوتومانه و ده‌یڵێنه‌وه: دوژمن به هه‌ر ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه و هێز و فیکرێکین، گه‌ر ڕه‌وایه‌تی به داگیرکردنی نیشتمانمان ده‌دات.
ئێمه دوژمنین به هه‌ر ده‌سته‌ڵات و پارت و که‌سایه‌تییه‌ک، که ده‌ستی ناپاکیی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان، تێکه‌ڵ ده‌کات.
ئێمه دوژمنین به هه‌ر دزێک، که ده‌نکه جۆیه‌کی ئه‌م نیشتمانه به موڵک و سامانی گشتی نازانێت و تاڵانی ده‌کات، ته‌نانه‌ت به‌و که‌سانه‌ش، چاوپۆشی له تاڵان‌کردنی ده‌کات.
ئێمه دوژمنین به هه‌ر که‌س و په‌نجه و په‌له‌پیتکه‌یه‌ک، که کورد ده‌کوژێت، چ کورده‌که خۆی بێت، یان بێگانه.
ئێمه دوژمنین به هه‌ر ده‌زگا، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس، شاعیر و ئه‌دیب و قه‌ڵه‌مێک، که پاکانه بۆ ئه‌و تاوانانه بکات و ڕوویان سپی بکاته‌وه.
ئێمه دوژمنین به هه‌ر سه‌ودا و مامه‌ڵه‌کردن و دانیشتن و کۆبونه‌وه و پرۆتۆکۆلێکین له‌گه‌ڵ ئه‌و دوژمنانه‌دا بکرێت.
زۆر ساده و سانا، بێ پێچ و په‌نا، ئه‌وه ئه‌وانه‌ن له‌و بهرهیهوهن که کوردستانپۆست سه‌نگه‌ری لێ‌گرتوون و بۆ ئێمه هیچ شتێک قوله‌ی قاف نییه، هه‌ر که‌سیش بچێته ئه‌و به‌ره‌وه به جۆرێک و شێوازێک به‌ر چه‌کوشه‌که‌ی کوردستانپۆست ده‌که‌وێت.
ده‌سته‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتیی؟
ئه‌م دوو هێزه سیاسییه چه‌کداره‌ی کوردستان که ئێستا بوونه‌ته دوو باندی بازرگانی و تاڵانکاری نیشتمان، لاپه‌ڕه‌یه‌کی ڕوون و سپی له ته‌مه‌نیاندا نییه، که مرۆڤ بێ بێزلێکردنه‌وه و گومانکردن، لاپه‌ڕه‌ی مێژوویان هه‌ڵ بداته‌وه، به‌ڵگه نه‌ویسته و لامان ئاشکرایه، که چ ته‌گه‌ره‌یه‌ک خراوه‌ته به‌رده‌م به‌ره‌و پێش چوونی دۆزه نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورد، به‌تایبه‌تیی له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا 1958 تا ساڵی 1971، پرسی کوردیان به‌سته‌وه به‌و پرۆتۆکۆله بێ ناونیشان و بێ مانایه و ماوه‌ی 13 ساڵ کێشه‌ی کوردیان دواخست، ڕێگه‌یان بۆ دزه‌کردن و ده‌ست تێکه‌ڵاویی ساواکی شای ئێران و میتی تورک خۆشکرد، که کۆنترۆڵی سه‌رجه‌م گۆڕه‌پانی خه‌باتی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی بکه‌ن. له پاش عه‌بدولکه‌ریم قاسم و هاتنه حوکمی به‌عسییه‌کان، ئیتر 32 ساڵی تریشیان به به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار و پرۆتۆکۆلی نێوان خۆیان و به‌عسییه‌کان سه‌رقاڵ کرد، به‌مه‌ش کوردیان به‌ره‌و دواوه گه‌ڕانه‌وه، هه‌میشه ئۆتۆنۆمییه‌که‌ی به‌عسییه‌کانیان ده‌کرده بنه‌ما بۆ خه‌باتی کورد، نه‌یانهێشت دۆزی کورد هه‌نگاوێک به‌ره‌وپێش بڕوات. ئیستاش نۆ ساڵی تریشیان برده سه‌ر له 2003 ه‌وه تا ئه‌مڕۆ به ماده جیاوازه‌کانی 140 به‌هه‌مان شێوه کوردیان به‌و ماده‌یه گیرۆده کرد، ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانی خۆیاندا بووه و کردویانه‌ته بنه‌ما بۆ خه‌بات و تێکۆشانی گه‌لی کورد، که له کاتی پێویستدا ناوی ده‌هێننه‌وه به‌کاری ده‌هێنن، ئه‌م پرۆتۆکۆلهشیان له‌م نۆ ساڵه‌ی ڕابردووه‌وه دیاره به‌نیازن ده‌یان ساڵی تری پێوه به فیڕۆ بده‌ن.
20 ساڵه نێوه‌ندی رووناکبیری کوردی سه‌رزه‌نشت و ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت، ئۆپۆزسیۆن له شێوه‌که‌ی یه‌کگرتوودا که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به هه‌مان ڕێچکه‌دا ده‌ڕوات، که‌چی تا ئیستا سێ خولی په‌رله‌مانه رۆیشتووه نه‌یانتوانیوه له‌و په‌رله‌مانه‌ی تیایدا ئۆپۆزسیۆنن، بڕیارێکی چاره‌نوسساز ده‌ربکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه پێناسه‌ی ئۆپۆزسیۆن بێت، ئه‌وا راست و گونجاویشه بڵێین، زه‌حمه‌تکێشان و تاقمه‌که‌ی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودیش ئۆپۆزسیۆنن، چونکه وه‌کو ئه‌وانیش ناتوانن ته‌نکه‌رێک له‌و نه‌وته‌ی، که ڕۆژانه له سنوره‌کانی کوردستانه‌وه تاڵانی ده‌که‌ن، ڕابگرن. واته ئه‌و قسانه‌ی به ده‌سته‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتیی ده‌گووترێت، هیچ زیانێکی بۆ ده‌سه‌ڵات و بازرگانیی و بازاڕه‌که‌یان نییه، له نادیاردا وا خه‌ریکه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌بێته به‌شێک له ده‌سه‌ڵات، ئه‌و قسانه‌ش، که پارتیی و یه‌کێتیی له‌ئۆپۆزسیۆنی قبوڵ ده‌کات، نمایشکردنێکه، تا پیشانی میوانه‌کانی هه‌ولێری بده‌ن و بڵێین: ئه‌م ده‌سته‌ڵاته له ئه‌نجامی سیسته‌مێکی سیاسیی دیموکراسیدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
کوردستانپۆست نه‌ک هه‌ر متمانه‌ی به پارتی و یه‌کێتیی نییه، به‌ڵکو وه‌ک به‌شێک له پرۆسه‌ی دوژمنکارانه دژی کوردستان و گه‌لی کورد پێناسیان ده‌کات، هه‌ر شهرعیهتێکیش به‌و دوژمنانه‌ی 31 ی ئاب و 17 ی شوبات بدرێت، مانای بوونه شه‌ریکی ده‌سته‌ڵات و 31 ئاب و 17 ی شوباته.
کوردستانپۆست له‌و نامه واڵایهوه، که ئاڕاسته‌ی نه‌وشیروان مسته‌فای کردووه، هه‌موو قسه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، کردووه، هه‌ڵوێستی خۆی ڕاگه‌یاندووه. به‌لاشمانه‌وه سه‌یر نییه، لێکدانه‌وه‌ی جیاواز له‌سه‌ر په‌یامه‌که‌مان کراوه.
ئێمه له به‌شداریکردنی نه‌وشیروان له پرسه‌ی حهمایلهوه، ئه‌و په‌یامه‌مان به ئۆپۆزسیۆن و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وشیروان داوه. که‌چی گۆڕانخوازه‌کان بۆ چه‌واشه‌کردن به دوو شێوازی جیاواز ده‌یانویست له خه‌ڵکی بگه‌یه‌نن:
یه‌که‌م: به‌وه که بڵێن : به‌ڵێ کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ستراوه‌ته‌وه به کۆمه‌ڵێک عورف و داب و نه‌ریته‌وه، له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه نه‌ده‌کرا به‌شداری له‌و پرسه‌یه نه‌کرێت.
سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی ئه‌و پاساوه‌ی لێبڕین، که به هه‌مان عورف و دابونه‌ریت ده‌بوایه سه‌ردان و کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سوکاری شه‌هیدانی 17 شوبات و قوربانییه‌کانی تر بکردایه، که به ده‌ستی چه‌کداره‌کانی ئه‌وان به‌ر ته‌قه درابوون. بارزانی چه‌نده نه‌خوێنده‌وار و ناحاڵیه له زانست و عورفی سیاسیی، لێ هێنده‌ش وریایه، ده‌زانێت له به‌رانبه‌ر پارته کوردیه‌کانی تردا، چۆن ئه‌و گه‌مه حیزبایهتیانه بکات، تا ئه‌و ئاسته‌ی هێزی دوژمن به‌کاربهێنێت بۆ لێدانی نه‌یاره‌کانی، ئه‌و سه‌ردانه‌ی مه‌سعود بۆ سلێمانیی، گه‌مه‌یه‌ک بوو بۆ لێدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و بۆ خوودی که‌سایه‌تیی نه‌وشیروان.
کاتێک مه‌سعود بارزانی وای کرد تاڵه‌بانی بنێرێته سه‌ر مه‌زاری مه‌لامسته‌فا له بارزان و پهشیماننامهیهکی لێ وه‌ربگرێت! ئه‌و پێشوازییه‌ی، که نه‌وشیروان له مه‌سعودیشی کرد، به هه‌مان ئاڕاسته هه‌رچیی رابردوویه‌کی هه‌بوو له نووسین و به‌ره‌نگاربوونه‌ه‌ی دژی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی هه‌موو ئه‌مانه‌ی خسته ژێرپرسیاره‌وه، ئه‌مانه هیچی که‌متر نه‌بوو له سه‌ردانه‌که‌ی تاله‌بانی بۆ سه‌ر گۆڕی بارزانیی و قسه و پهشیمانبوونهوهکانی تری بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی.
پاساوی دووه‌م: ئه‌وه بوو، که ئۆپۆزسیۆن خه‌باتی سیاسیی ده‌کات و گۆڕان ئه‌و هێزه کاریگهرهییه مه‌سعودی ناچارکرد، بێته سلێمانی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا دابنیشێت و پۆرتی یه‌کێتییشی پێ شکاند!.
ئه‌م پاساوه چه‌ند ناسیاسیی و ناعه‌قڵانییه، ئه‌وه‌نده‌ش ساویلکانه‌یه له ناسینی که‌سایه‌تی مه‌سعود بارزانیی. مه‌سعود بارزانییه‌ک، شه‌رمی له‌وه نه‌بێت بۆ شه‌ڕی کوردکوژیی و له‌ناوبردنی نه‌یاره‌کانی، پێش تانکه‌کانی ئێران، تورکیا و عێراق بکه‌وێت داخۆ چ شه‌رمێک له‌وه بکات بێته لای نه‌وشیروان مسته‌فا و گۆڕان؟ ئێمه به پێچه‌وانه‌وه وای ده‌بینین، ئه‌و سه‌ردانه وه‌ک ئه‌سپه‌که‌ی ته‌رواده‌یه، مه‌سعود له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ سلێمانی و ده‌ڤه‌ری 17 ی شوباتی هێنا، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی که پارتی تیادا بچوک بووبوویه‌وه، له ناو سکی ئه‌و ئه‌سپه‌دا ده‌یان پلان و سه‌دان پاراستن و هه‌زاران زێره‌ڤانی تێدا حه‌شار دابوو. مه‌سعود بارزانی وه‌ک پاڵه‌وانێک گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌ولێر و گۆڵمه‌زێکی تری به خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو حیزبه‌کانی تر کرد، خۆی له هه‌موو تاوانه‌کان په‌ڕانده‌وه، دوای ئه‌م سه‌رکه‌وتنه یه‌کسه‌ر به‌ره‌و ڤیه‌نا که‌وته ڕێ.
ڕۆژانی داهاتوو شایه‌تی له‌سه‌ر قسه‌کانی ئێمه ده‌ده‌ن و له ئه‌زمونی به‌سه‌رهاته‌کانی ئۆپۆزسیۆن خۆیانه‌وه، هه‌موو شتێک ده‌خوێنرێته‌وه که ئه‌نجامه‌کانی چۆن پێشبینی ده‌کرێت. تکایه چاوه‌ڕێ بن، بزانن له پاشه‌ڕۆژدا چی دیکه روو ده‌دات.
رووناک‌بیر و به‌رپرسیارێتی؟
ئێمه به کاری خۆمانی نازانین، که ئه‌رک و لێپرسراوی هیچ که‌س و توێژ و گروپێک دیاری بکه‌ین، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌وانه‌مان به‌لاوه گرنگه تا بزانین ئێمه خۆمان له کوێداین و ئه‌وانی تر له کوێدا خۆیان ده‌بیننه‌وه. کاری ئێمه‌ش دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی ستاندا‌رت نییه بۆ رووناک‌بیر و میدیای ئه‌هلی، یان به‌ناو ئازاد، که گرێداراوی یه‌کن و سه‌روبه‌ریان پێکه‌وه تێک ئاڵاوه، به‌ڵام هێنده‌ی ڕۆڵی خۆیان و مه‌رجه‌کانی به رووناک‌بیر بوون و ئازادبوون گرنگن تا خۆیان ئه‌رکی خۆیان دیاری بکه‌ن. هه‌میشه رووناکبیران چاودێرێکی سیاسیین به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاته‌وه و نهخشهداڕێژیی گه‌شه و گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش به‌شێکه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگا، سه‌رباری ئه‌رکه هونه‌ریی و ئه‌ده‌بیی و فیکرییه‌کان، که له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه.
به مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ شۆڕشێک به‌رپا نه‌بووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی رووناکبیره‌کان کاریگه‌ریان له‌و شۆڕشه‌دا نه‌بوبێت. ئه‌گه‌ر شۆڕش بوونه‌وه‌رێک بێت به‌جه‌سته، ئه‌وا عه‌قڵی رووناکبیرانیش یارمه‌تییده‌ر بووه، بۆیه هه‌میشه شۆڕش به‌ده‌م زه‌بر و ئێش و پاشکۆکانیه‌وه گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له کۆمه‌ڵگاشدا ده‌هێنێته‌دی. مه‌رج نییه ئه‌و رووناکبیرانه‌ی به هه‌ناوی شۆڕشه‌کانه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه هاوسه‌رده‌م و هاوته‌مه‌نی شۆڕشه‌کان بووبێتن. ڤۆلتێر و مۆنتسکۆ و رۆسۆ، که ناویان له شۆڕشی فه‌ره‌نسی جیاناکرێته‌وه به جیاوازی ته‌مه‌نیان، ده‌یان ساڵ به‌ر له شۆڕشه‌که ژیاون. شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر به هه‌ناویه‌وه مارکس و ئینگلزی پێوه به‌ستراوه، که ده‌یان ساڵ به‌ر له شۆڕشه‌که‌ش مردوون. له‌پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه، هزر و بیرکردنه‌وه‌ی رووناکبیری کوردی که‌وتۆته ژێرکاریگه‌ری شۆڕشی مایی 1968 ی خوێندکارانی پاریس و رووناکبیری قوتابخانه‌ی فرانکفۆرته‌وه. بێگومان جگه له کورد شۆڕشی مای، که له ئه‌نجامی پیاچوونه‌وه به چه‌مکی ده‌سته‌ڵات و هێز و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵاتییه‌کانه‌وه به‌رپابووه، به‌شێکیشه له کۆتایی هێنانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م. ئه‌و سه‌رده‌مه شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان ئه‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری جیهانی گرتبووه‌وه، له ڤێتنامه‌وه تا ڕاپه‌ڕینی چیکییه‌کان له پراگ و وڵاتانی ئه‌فریقی و ئه‌مه‌ریکای لاتینی ته‌نی بوو. ته‌نانه‌ت خودی ئه‌مه‌ریکاشی گرتبووه له شێوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی مافی مه‌ده‌نی و شۆڕشه‌که‌ی مارتن لۆسه‌ر کینگدا. ئه‌و ڕووداوانه ته‌کانێکی باشی به عه‌قڵی مرۆڤایه‌تی دا، له گه‌لێک چه‌مک و به‌های ده‌ق گرتوو ده‌ربازی کردن و هاوتا به‌و جوڵانه‌وانه له رووی زانستیی و گه‌شه‌ی داهێنانه‌وه مرۆڤایه‌تی گه‌یشته سه‌رمانگ و ریتمی داهێنانه‌کان خێراتربوون. له‌م پرۆسه‌یه‌دا خوێندکارانی پاریس و رووناکبیرانی سه‌ر به قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت، بیری خۆیان داڕشته‌وه. ئه‌و ڕووداوانه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌گه‌یشتنه‌وه به هه‌موو جیهان.
به‌لای ئێمه‌وه که سه‌ره‌تاکانی جیابونه‌وه له پارتی وه‌ک حیزبێکی ته‌قلیدی و عه‌شایه‌ری و له ناو خودی یه‌کێتییدا چه‌که‌ره‌ی ده‌رکرد، ئا له‌و ڕۆژانه‌وه ده‌ستیان پێکردووه. له به‌ربوونی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت و دابه‌ش بوونی جیهان به‌سه‌ر بلۆکی سووری سوسیالیزم و بلۆکی لیبرالیزمی ئه‌مه‌ریکی دا، که نه‌توانرا له چه‌ند پریشکێک، زیاتر بگاته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات، به‌ڵام له ده‌یه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی ڕابردووه، گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپاش ڕاپه‌ڕین و ئه‌و شۆڕشه‌ی که ده‌بوو له 1968 ه‌وه به‌رپایان کردبایه، ئه‌نجامیان دا، جارێکی دیکه جیهانگیرانه شۆڕشی گه‌لانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات بڵاوبوویه‌وه، ئه‌وانیش منهزیر و پێشه‌نگه‌کانیان که‌سانی رووناکبیری وه‌ک ڤاسیل ڤاسیلاڤی چیکی و ڤالێنسای چیکی بوون، که سیاسیی نه‌بوون، به‌ڵکو رووناکبیربوون و قسه سیاسییه‌کانیان ده‌هێنایه سه‌ر گۆڕه‌پان و له‌ناو خه‌ڵکدا بوون. ئه‌و شۆڕشانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپاش گۆڕانکاریی جیهانی به‌دوای خۆیدا هێنا، له ئه‌فریقاوه ماندیلا وه‌ک نمونه‌ی مرۆڤدۆست و هێمایه‌ک دژ به ئاپارتاید ئازادکرا، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه کوردی باکور گوڕ و تاوێکی تری به بهرداهاتهوه، له‌باشوور هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆی به‌ده‌ست هێنا، که نه‌توانرا بکرێته قه‌واره و ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕه‌کانی تاڵانی گومرگی نێوان پارتی و یه‌کێتیی. له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه وا جارێکی دیکه ناوچه‌که و جیهان به‌هه‌مان گوژم و گۆڕانکارییه‌کانی شۆڕشی به‌هاری عه‌ره‌بییدا تێده‌په‌ڕێت، کاریگه‌ری مێژوویی له سه‌ر نه‌خشه و چاره‌نووسی سه‌رجه‌م گه‌لانی ناوچه‌که جێده‌هێڵێت. ئه‌مجاره‌شیان ڕۆڵ و کاریگه‌ریی رووناک‌بیر وه‌ک رۆڵی له هه‌موو شۆڕشه‌کانی مێژوودا هه‌بووه جێ ده‌ستی دیاره چ به خاوکردنه‌وه و ته‌فره‌دانی شۆڕشه‌که، یان له سه‌رخستنیدا. له‌م ساتانه‌دا گرنگی بڕیاری رووناک‌بیر و هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی رووناکبیریی نیشتمانێک بێت له پێناو باشکردن و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌وا له‌ناو ئه‌و نیشتمانه‌دا سیسته‌می سیاسیی و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک و دیوه عه‌قڵانی و مهعریفهیهکانی تاکه‌کان، که له ژێرکاریگه‌ریی رووناکبیرهکاندان پرۆژه‌ی نیشتمانه‌که‌یه و چاکی و پته‌وی پرۆژه و نه‌خشه‌کانی رووناکبیرهکانه، که ئه‌و نیشتمانه ده‌هێنێته‌دی یان هه‌ر وه‌ک خه‌یاڵ و یۆتۆپیا باس ده‌کرێت. تا ئێره دیاره ئه‌رکێک هه‌یه مێژوویی و ئه‌خلاقی به ئه‌ستۆی هه‌موومانه‌وه، چ وه‌ک میدیا، چ وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی رووناکبیری، که ئه‌و پرۆژه‌ی ده‌یان ساڵه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ین بیهێنینه سه‌ر زه‌وی، چونکه نه‌خشه داڕێژه‌ره‌ی هه‌موو گۆڕانه‌کان، ته‌نها رووناکبیرانن و گه‌ڵاله‌ی ده‌که‌ن و سیسته‌م و کاره‌کانیان دیاری ده‌که‌ن، له‌وه به‌دواوه رووناک‌بیر ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی و ده‌بێته‌وه به چاودێرێکی وریا به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات و چۆنیه‌تی ڕاپه‌ڕاندنی پرۆژه‌که.
ئێمه‌ش وه‌ک کوردستانپۆست له‌و دیده‌وه سه‌یری رووناکبیری کوردییمان کردووه. به لامانه‌وه ئه‌مه‌ی له ناوچه‌که و له هه‌رێمه‌کدا ڕووده‌ده‌ن پرۆسه‌یه‌کی مێژوویییه، هه‌مان درێژکراوه‌ی خوێندکارانی مایی پاریس و لێکهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بلۆکی سوسیالیزمه و ئاڕاستهکردنهکهی له ئه‌ستۆی رووناکبیرهکاندایه.
ئه‌مانه جیاوازیی و به‌ره‌کانی نێوان ئێمه و ئه‌وانن. ئێمه کار له ناو مێژوویه‌کدا ده‌که‌ین له پێناو مێژوویه‌کی پرشنگدار و شکۆمه‌ندانه بۆ نه‌وه‌کانمان و ئه‌وانه‌شی له‌و به‌ره‌وه‌ن کار بۆ ئه‌مڕۆی خۆیان ده‌که‌ن، بێ خه‌من له‌وه‌ی نه‌وه‌کانیان پێیان بڵێن ئه‌ڕی باپیره‌مان کاتێک ئه‌و هه‌له زێڕینانهتان بۆ ده‌ڕه‌خسا ئێوه له کوێ بوون و خه‌ریکی چی بوون؟
ئایا کۆبونه‌وه و کۆڕتان ده‌گرت یان خه‌باتێکی مێژوویتان بۆ ئه‌مڕۆی ئێمه به ئه‌نجام گه‌یاند؟ به‌لای ئێمه‌وه ئه‌و پرسیارانه سه‌ره‌کی تر و گرنگ تره و ده‌مانه‌وێت وه‌ڵامێکمان بۆ نه‌وه‌کانمان هه‌بێت شایسته به ژیانی ئه‌وان، نه‌ک وه‌ڵامی ئه‌مانه بۆ نه‌وه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی به‌جێ بهێڵین!